ئەو جەنگەیە کە لەنێوان هەریەک لە جەزائیر و مەغریبدا هەڵایسا لەساڵى ١٩٦٣، ئەوەش بەهۆى کێشەکانى سنورى نێوانیان، ئەم جەنگە چەند ڕۆژێکى خایاند، دواتر بەنێوەندگیرى هەریەک لە کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی وڕێکخراوى یەکێتى ئەفەریقا کۆتایی پێهات، بەڵام لەئەنجامدا پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵاتى دووچارى ئاستەنگ کردەوە.
سەرەتا:
لەساڵى ١٩٥٠ کێشەى سنورى لەنێوان مەغریب وجەزائیردا سەرى هەڵدا، پاش ئەوەى کە دەسەڵاتى کۆڵۆنیاڵى فەرەنسى هەردوو ناوچەى تەندۆف وبەششارى خستە سەر جەزائیر، ئەو ناوچانەى کەدواتر لەساڵى ١٩٥٦دا، لەدواى سەربەخۆیی جەزائیر، مەغریب داواى کردەوە.
پاریس گوێی بۆ داواکارییەکانى مەغریب ڕانەگرت، لەبرى ئەوە لەساڵى ١٩٥٧دا پێشنیارى شێوازیکى نوێی کرد بۆ بەڕێوەبردنى بیایانەکان، هەروەها داواى لە مەغریب کرد کەدەست بەگفتوگۆکانیان بکەن بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشە سنورییەکانی نێوانیان.
لەبەرامبەردا شا محەمەدى پێنجەم، پێشنیارەکانى ڕەدکردەوە، هەروەها جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کەدواى سەربەخۆیی جەزائیر لە فەرەنسا، چارەسەرى کێشە سنورییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی جەزائیردا دەکەن.
لە ٦ى تەموزى ساڵى ١٩٦١، ریبات لەگەڵ فەرەحات عەباسدا ڕیکەوتنێکى واژۆکرد، کەئەو کات ناوبراو سەرۆکى کاتى کۆمارى جەزائیر بوو، لەو ڕیکەوتنەدا هاتووە کەهەردوولا بڕوایان هیناوە بەبوونى کێشەى سنورى لەنێوانیاندا، هەروەها دواى سەربەخۆیی جەزائیر دەست بەگفتوگۆ دەکەن بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانی سەر سنورى نێوانیان.
پاڵنەرى پێشنیارەکانى فەرەنسا، ڕاگرتنى ئەو یارمەتییانە بوو کە دەسەڵاتى مەغریبى پیشکەشى شۆڕشگێڕە جەزائیرییەکانى دەکرد، لەکاتەدا مەغریب میواندارى بەردەوامى سەرکردەکانى شۆڕشى دەکرد لە هەردوو شارى “مەدینە” وجەددە” کەدەکەونە ڕۆژهەلاتى مەغریبەوە، هەروەها بەردەوام یارمەتى سەربازى شۆڕشگێرەکانى دەدا بەدابین کردنى چەک وپیداویستییەکانى شۆڕش، ئەم هەلوێستەى مەغریب، تەواو فەرەنسییەکانى هەراسان کردبوو.
دواى سەرکەوتنى شۆڕشگێڕەکانى جەزائیر، وەدەرنانى داگیرکەرى فەرەنسی، ئەحمەد بن بلە کەیەکەم سەرۆکى جەزائیر بوو، ڕایگەیاند کە، خاکى جەزائیر بەهیچ جۆرێک پارچەپارچە ناکرێت.
دواتر شا حەسەنى دووەم، کە جێگاى باوکى گرتەوە کەلەساڵى ١٩٦١ کۆچى دوایی کردبوو، لە ١٣ ى ئازارى ساڵى ١٩٦٣، سەردانى جەزائیرى کرد ولەو سەردانەدا هاوتا جەزائیرییەکەى “بن بلە”ى ئاگادارکردەوە لەو ڕێکەوتنەى کەنێوان هەردوولایاندا هەیە سەبارەت بەکێشە سنورییەکانیان، ئەو کێشانەى کە بەمیراتى داگیرکارى بۆیان ماوەتەوە.
سەبارەت بەم بابەتە، ڕاوێژکارى پاشایی، عەبدولهادی بو تالیب، کەیاوەرى شاندى سەردانییەکەى کردبوو، دڵنیامان دەکاتەوە لەوەى کە بن بلە داواى لە شاحەسەنى دووەم کردووە کە گفتوگۆکان لەوبارەیەوە دوا بخات تا ئەو ساتەى کەدامەزراوەکانى دەوڵەت دەکەونە سەرپێی خۆیان.
هەڵکشان.
هەرزوو جەنگێکى ڕاگەیاندن لەنێوان جەزائیر وریبات سەریهەڵدا، تیایدا جەزائیر ریباتى بەوە تاوانبار دەکرد کە نییەتى فراوانخوازى هەیە، لە هەمانکاتدا مەغریب وادەیڕوانییە ئەو تۆمەتانەى کە دەزگاڕاگەیاندنەکانى جەزائیر بڵاویان دەکردەوە و لەلایەن میسرى ناسرییەوە هاندەدران کە، هۆکاریکە بۆ نائارامى ناوچەکەو یەکپارچەیی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.
دواتر ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی گەشەیان سەند، لە٨ىتشرینى یەکەمى ساڵى ١٩٦٣، چەند یەکەیەکى سەربازى جەزائیرى هێرشیانکردە سەر ناوچەى “حاسی بەیزا” ولەئەنجامدا ١٠ سەربازى مەغریبى کوژران لەناو سەربازگاکەى شارۆچکەکەدا.
دواتر مەغریب، چەندین شاندى نارد بۆلاى سەرۆکى جەزائیرى “بن بلە” تاوەکو ناڕەزایەتییەکانى مەغریب بگەیەنێت سەبارەت بەو هێرشە سەربازییانەى کە ئەنجام دەدرێت لەناوچە سنورییەکان، لەنێوانیشیاندا هەردوو ناوچەى سنورى “ئینجوب” و”ئییش”. بەپێى ڕاگەیاندنەکانى مەغریب، جەزائیر ئامادە نەبووە کە وەڵامى ئەو شاندانە بداتەوە.
هەردووى گەیشتنە ڕێگایەکى داخراو، بەوپێیەى کە هیچ بوارێک بۆ کارى دیبلۆماسی و گفتوگۆ نەمایەوە، لە مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى ١٩٦٣ جەنگ لەنێوان مەغریب وجەزائیر هەڵایسا، ئەو جەنگە چەند ڕۆژێکى خایاند، لە ٥ ى تشرینى دووەمى ساڵى ١٩٦٣، جەنگ لەنێوان هەردوولا ڕاگیرا، دواتر بە نیوەندگیرى هەریەک لە کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی ورێکخراوى یەکێتى ئەفەریقیا توانرا ڕیکەوتنى ئاگربەستى کۆتایی لەنێوان هەردوولادا واژۆ بکریت لەبەروارى ٢٠ ى شوباتى ساڵى ١٩٦٤.
ئەنجامەکان.
ئەو جەنگە بوو بەهۆى تێکچونى پەیوەندییەکانى نێوان جەزائیر ومەغریب، ئەو بارودۆخە هەتاوەکو دواى هاتنە سەردەسەڵاتى “هەوارى بۆمیدیەن”ى سەرۆکى جەزائیریش بەردەوام بوو، کەلەڕێگاى کودەتایەکى سەربازییەوە بەسەر سەرۆک “ئەحمەد بن بلە” لەساڵى ١٩٦٤، دەسەڵاتى گرتە دەست.
ئەم بارودۆخە زیاتر ئاڵۆزبوو دواى ئەوەى کە مەغریب لەساڵى ١٩٧٥ دا ڕێپێوانى سەوزى ڕێکخست، لەو ڕێپیوانەى کە نزیکەى ٣٥٠ هەزار کەس تیایدا بەشداربوون وچوونە ناو ناوچە بیابانییەکانەوە، بەوەش کۆتایی بەداگیرکارى ئیسپانى هێنا.
سەرچاوە: