بۆ ماوه‌ی سێ ده‌یه پزیشكی تایبه‌تی سه‌رۆكه‌كانی ئێراق بوو، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ری دوو به‌رپرسی بیانی كردووه كه له كاتی سه‌ردانیاندا بۆ ئێراق نه‌خۆش كه‌وتوون. ئه‌و ده‌ڵێت “من پزیشكمو چاره‌سه‌ری نه‌خۆش ده‌كه‌م، به‌بێ گوێدانه رهنگو ئایینی”. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت”جارێكیان سه‌دام پێی وتم دكتۆر ده ساڵم بده‌رێ تاپێكهاتهی ئه‌م وڵاته بگۆڕم و شیری به‌عس ده‌رخواردی منداڵه‌كانی بده‌م”. پزیشكی ناسراوی ئێراق د.فه‌رحان باقر له بیره‌وه‌رییه‌كاندا به‌ناونیشانی “حكیم الحكام من قاسم الی صدام”، باس له سه‌ربرده‌ی پیشه‌یی خۆی ده‌كات. له‌باسكردنی نه‌خۆشی سهرۆكهكانیشدا زۆر نه‌چۆته ناو ورده‌كاری نهخۆشیهكانیانهوه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و سوێنده‌ی خواردویه‌تی كه نابێت نهێنی نه‌خۆشه‌كانی بدركێنێت.
“بوون به‌پزیشكی سه‌رۆك”
رۆژی (16/10/1959)، هه‌وڵی تیرۆركردنی عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌درێت، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی، وه‌زیری ته‌ندروستی ئه‌وكات ژماره‌یه‌ك پزیشك بۆ نه‌خۆشخانه‌ی “دار السلام” بانگده‌كات، كه یه‌كێكیان د.فه‌رحان ده‌بێت. كاتێك دكتۆر ده‌گاته نه‌خۆشخانه‌كه ده‌بینێت به‌پاسه‌وان ته‌نراوه، ئه‌میش به‌هه‌ر جۆرێك بێت ده‌چێته ژوره‌وه. هه‌وڵه‌كانی د.فه‌رحان ده‌بنه جێگه‌ی سه‌رسامی خانه‌واده‌ی قاسم و داوای لێده‌كه‌ن ببێته پزیشكی تایبه‌تیان، ئه‌وه‌ش ده‌بێته سه‌ره‌تای كاروانی ئه‌م پزیشكه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی ئێراقدا.
“نه‌خۆش كه‌وتنی سه‌ركرده بیانیه‌كان”
له‌سه‌روه‌ختی قاسمدا، سه‌رۆكی حیزبی شیوعی سریلانكی سه‌ردانی ئێراق ده‌كات، به‌ڵام توشی جه‌ڵته‌ی دڵ ده‌بێت و دوای ئه‌وه‌ی ده‌برێته شاری پزیشكی، به‌سه‌رپه‌رشتی د.فه‌رحان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌كرێته‌وه. كه‌چی له‌سه‌ر ئه‌و كاره هه‌ندێك پزیشك سه‌ركۆنه‌ی باقر ده‌كه‌ن، دكتۆریش له‌وه‌ڵامیاندا ده‌ڵێت “من پزیشكم و چاره‌سه‌ری نه‌خۆش ده‌كه‌م، به‌بێ گوێدانه رهنگو ئایینی”. هه‌ر له‌سه‌رده‌می قاسمدا، سه‌رۆكی شاره‌وانی ناكازاكی یابانی سه‌ردانی ئێراق ده‌كات، به‌ڵام توشی نه‌خۆشییه‌كی كتوپڕ ده‌بێت و د.فه‌رحان سه‌رپه‌رشتی چاره‌سه‌ركردنی ده‌كات.
“كه‌سایه‌تی قاسم”
به‌وته‌ی ئه‌م پزیشكه، قاسم كه‌سێكی زیره‌ك بووه و شاره‌زاییه‌كی زۆری له‌باره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێراقی هه‌بووه، ته‌ماحی پاره و پۆستی نه‌بووه، كه‌سه نزیكه‌كانی و خێزانه‌كه‌ی هیچ له پۆسته‌كه‌ی سودمه‌ند نه‌بوون، نه به پاره نه به وه‌زیفه. به‌وپه‌ڕی ساده‌ییه‌وه له‌باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگری ده‌ژیا، شیوعی نه‌بوو، دژی نه‌ته‌وه‌چێتی عه‌ره‌بیش نه‌بوو. دوور بوو لهتایفهگهری، دڵسۆز بوو له‌هاوكاری و یارمه‌تیدانی هه‌ژاران. له‌خانوویه‌كی مامناوه‌ندا ده‌ژیا به‌كرێی مانگانه‌ی پانزه دینار‌و پۆسته‌كه‌ی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله سه‌ربازییه‌كانی به‌كارنه‌هێنا.
د. فه‌رحان باس له‌وه‌ده‌كات، جارێكیان سه‌ردانی باره‌گاكه‌ی قاسمی له‌وه‌زاره‌تی به‌رگری كردووه و له‌سه‌ر داواكاری قاسم بۆ نانی نیوه‌ڕۆ ماوه‌ته‌وه. له‌وكاته‌دا بینویه‌تی له‌ماڵی براكه‌یه‌وه به سه‌فه‌رتاسی خواردنیان بۆ هێناون.
دوای كوده‌تای (8/2/1963)، فه‌رمان ده‌درێت به‌ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ته‌واوی موڵك‌و ماڵی قاسم، به‌ڵام به‌وته‌ی ئه‌م پزیشكه “هه‌موو ئه‌وه‌ی دۆزرایه‌وه ته‌نها دینارێكو (300) فلس بوو، له‌گه‌ڵ به‌دله‌یه‌كی پاكی سه‌ربازی”.
“له‌نێوان قاسم و به‌كردا”
دوای نه‌مانی قاسم له‌پۆسته‌كه‌ی، د.فه‌رحان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كلینكه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی و به‌رده‌وامیش ده‌بێت له‌وانه وتنه‌وه له‌زانكۆ. له‌و ماوه‌یه‌شدا یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی چووه‌ته كلینكه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر بووه، “منیش به‌یاوه‌ری هاوڕێیه‌كم ده‌چوم بۆ ماڵه‌كه‌ی”. د. فه‌رحان، ده‌ڵێت “به‌كر بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ژوری سكرتێره‌كه‌م ده‌مایه‌وه‌و هه‌ندێكجاریش جگه‌ره‌ی به‌دیاری پێده‌دا”. كاتێك عه‌بدولسه‌لام عارف ده‌بێته سه‌رۆك كۆماری ئێراق، ئه‌م پزیشكه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی پیشه‌یی به‌م سه‌رۆكه‌وه نابێت، چونكه “عارف له‌سه‌ر ئامۆژگاری هاوڕێیه‌كی منی دورخسته‌وه، منیش هۆكاره‌كه‌یم فه‌رامۆشكرد”. كه‌چی كاتێك كه‌سێكی د.فه‌رحان ده‌مرێت، عه‌بدولسه‌لام نوێنه‌رێكی تایبه‌تی بۆ پرسه‌كه ده‌نێرێت. دواتریش د.فه‌رحان ده‌چێته نوسینگهكهیو سوپاسی ده‌كات “سه‌رنجمدا كێشی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه، پێیوتم كێشه‌ی خه‌وتنم هه‌یه، منیش به‌كورتی وتم ئه‌وه به‌رپرسیارێتیه”.
“كه‌سێتی عارفی دووه‌م”
هه‌رچه‌نده عه‌بدولسه‌لام، د.فه‌رحان دورده‌خاته‌وه، به‌ڵام عه‌بدولره‌حمانی برای د.فه‌رحان ده‌كاته پزیشكی تایبه‌تی خۆی و خێزانه‌كه‌ی “منیش هه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كی ته‌ندروستی پێویست بوایه، پێشكه‌شم ده‌كرد، هه‌رچه‌نده پێویستی زۆری به‌و خزمه‌تگوزارییانه نه‌بوو”. له‌باره‌ی كه‌سێتی عهبدولرهحمانهوه “ئه‌بو قه‌یس”، ئه‌م پزیشكه ده‌ڵێت “كه‌سێكی هێمن و هاوسه‌نگ‌و ساده بوو، توانا سه‌ربازییه‌كانی فه‌رامۆش كردبوو، هێزی بڕیاردانی پێویستی نه‌بوو. كه‌لێنی هه‌واڵگری مه‌ترسیدار له‌سه‌رده‌میدا هه‌بوو، به‌جۆرێك به‌رپرسی پاسه‌وانه‌كانی یان به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری، یان هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ی نزیكی، ده‌یتوانی پلانی له‌دژ بگێڕێ‌و كودێتای له‌دژ ئه‌نجام بدات”.
“به‌كر ده‌بێته سه‌رۆك”
كاتێك ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر ده‌بێته سه‌رۆك كۆمار، د.فه‌رحان بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی بۆ ده‌نێرێت، پاشان به‌كر به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی پێوه‌ده‌كات و پێی ده‌ڵێت ته‌نها پیرۆزباییه‌كه‌ت به‌س نییه. بۆیه د.فه‌رحان ده‌چێت بۆلای و ئه‌ویش “زۆر به‌گه‌رمی” پێشوازی لێده‌كات و داوایلێدهكات ببێته پزیشكی تایبه‌تی و له‌ناو كۆشكی كۆماری نووسینگه‌یه‌كی بۆ دابین ده‌كات. له‌باره‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه پزیشكی به‌كر بووه، د.فه‌رحان ده‌ڵێت “له‌سه‌ر داوای خۆی چه‌ندینجار ده‌چوم بۆ كۆشك و بۆ ماڵه‌وه‌یان، به‌ڵام بۆ ته‌نها جارێكیش له‌خۆمه‌وه نه‌ڕۆیشتم”. د.فه‌رحان، ئاشكرای ده‌كات، به‌كر نه‌خۆشی شه‌كره‌ی هه‌بووه، دواتریش توشی كه‌م خه‌وی و گرژبونی ده‌مار بووه، ئه‌مه جگه‌له بوونی ئازار و هه‌ستكردن به برسێتی، بۆیه به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی، چه‌ندینجار راوێژیان به پزیشكی ئه‌مه‌ریكی و به‌ریتانی كردووه. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ده‌گێڕێته‌وه “چه‌ند جارێك بۆ خواردن بانگیكردمو له‌ده‌سته چه‌پی داده‌نیشتم، له‌گۆشه‌یه‌كی دووری هۆڵه‌كه‌ش گه‌نجێكی مولازمی ئه‌سمه‌ری ره‌شیق داده‌نیشت، كه دواتر زانیم سه‌دام حسێنه”.
ئه‌وه‌ی ئه‌م پزیشكه‌ی نیگه‌ران كردووه، ئه‌و هه‌موو پشكنین و رێوشوێنه ئه‌منیه بووه كه له كۆشك و ماڵه‌كه‌ی به‌كر په‌یڕه‌وكراوه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی چه‌ندینجار موخابه‌رات راپۆرتیان له‌سه‌ر داوه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌كر داوایلێكردوه ببێته ئه‌ندامی حیزبی به‌عس و پێیده‌وتم “ئه‌بو ئه‌حمه‌د چۆن ده‌بێت ئاوه‌ها بمێنیته‌وه؟ تۆ دێیته ماڵ و فه‌رمانگه‌كه‌مان و چاره‌سه‌ری خۆم و خێزانه‌كه‌م ده‌كه‌یت و ئاگاداری و شتی زۆر ده‌زانی”. منیش ده‌موت “من دكتۆرم و هه‌وڵده‌ده‌م هه‌روا بمێنمه‌وه، پزیشكی هه‌موان بم و خزمهتهكانم پێشكه‌ش به‌هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بكه‌م كه پێویستیانه، جیاوازی له‌نێوان كه‌سیشدا ناكه‌م”.
“كه‌سێتی به‌كر”
له‌باره‌ی كه‌سێتی به‌كره‌وه، د.فه‌رحان ده‌ڵێت “به‌كر بێ راده جگه‌ره‌ی ده‌كێشا، زۆر گوێی له‌قسه ده‌گرت، به‌ڵام هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یبیست زه‌حمه‌ت بوو، زوو هه‌ڵده‌چوو. شاره‌زاییه‌كی قووڵی له‌باره‌ی مێژوی ئیسلام به‌گشتی و خه‌لیفه‌كان به‌تایبه‌تی هه‌بوو. زۆر بایه‌خی به‌بواری ته‌ندروستی ده‌داو رێزی زۆری له پزیشكه‌كان ده‌گرت. منداڵ‌و خزمه‌كانی ئیمتیازانی نائاساییان ده‌ستنه‌كه‌وت، به‌پێچه‌وانه‌ی به‌رپرسه‌كانی دیكه‌وه”.
“سه‌دام و دورخستنه‌وه‌ی د.فه‌رحان”
هه‌ر له‌سه‌روه‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی به‌كره‌وه، د.فه‌رحان ده‌بێته پزیشكی تایبه‌تی سه‌دام حسێن و خانه‌واده‌كه‌ی. ته‌نانه‌ت دووجار سه‌دام خۆی ده‌چێت بۆ كلینكه‌كه‌ی. هه‌روه‌ك ده‌ڵێت “زیاتر له‌جارێك شه‌وێكی ته‌واو له ماڵی سه‌دام ده‌ماینه‌وه بۆ هه‌ندێك حاڵه‌تی پزیشكی كتوپڕ. به‌ئاگاداری و راوێژی من سه‌ردانی ژماره‌یه‌كی زۆر پزیشكی پسپۆڕی ده‌كرد”.
له‌باره‌ی كه‌سێتی سه‌دامه‌وه ده‌ڵێت “هه‌ندێكجار سه‌روتاری رۆژنامه‌ی سه‌وره‌ی ده‌نووسی و ناوی خۆی نه‌ده‌خسته سه‌ر، دوو یان سێ رۆمانی نووسی، زۆر متمانه‌ی به‌خۆی هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هێمن بوو، هه‌ڵچونه‌كانی به‌روخسارییه‌وه دیارنه‌بوو، به‌گرنگییه‌وه گوێی بۆ وته‌كانی به‌رانبه‌ره‌كانی ده‌گرت. جارێكیان پێیوتم دكتۆر، ده ساڵم بده‌رێ تاپێكهاتهی ئه‌م وڵاته بگۆڕم و شیری به‌عس ده‌رخواردی منداڵه‌كانی بده‌م”.
دوای نزیكه‌ی چوار مانگ له‌گرتنه ده‌سه‌ڵاتی له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه، كاروانی ئه‌م پزیشكه كۆتایی دێت، چونكه ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌وكات كه سه‌دام سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، له (11/11/1979) به‌بێ ئاشكراكردنی هۆكاره‌كه‌ی، فه‌رمانده‌كات بهخانهنشینكردنی د.فهرحانو “48” مامۆستای زانكۆ‌و دكتۆری ناسراو، هه‌رچه‌نده هیچ كامیان ته‌مه‌نی خانه‌نشینكردنیان نه‌هاتووه.
سه‌رۆكه‌كانی ئێراق
* عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌كر عوسمان (1914 – 1963)، له (14/7/1958 – 8/2/1963) ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌می ئێراق بووه.
* عه‌بدولسه‌لام محه‌مه‌د عارف له (1921 – 1966)، له (8/2/1963 -13/4/1966) سه‌رۆك كۆماری ئێراق بووه.
* عه‌بدولره‌حمان محه‌مه‌د عارف له (1916 – 2007). له (16/4/1966 -17/7/1968) سه‌رۆك كۆمار بووه.
* ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر، له (1914 – 1982). له (1968 – 1979) سه‌رۆك كۆمار بووه.
* سه‌دام حسێن مه‌جید، له (1937 – 2006). له (1979 – 2003) سه‌رۆك كۆمار بووه.
د. فه‌رحان باقر
* ساڵی (1926) له‌به‌غدا له‌دایكبووه
* ساڵی (1948) كۆلێژی پزیشكی به‌غدای ته‌واوكردووه.
* له (1952) ماسته‌ری له‌زانكۆی جۆرج تاونی ئه‌مریكی به‌ده‌ستهێناوه
* له (1956) بڕوانامه‌ی (FCCP) له‌كۆلێژی پزیشكانی سینگ له‌ئه‌مریكا وه‌رگرتووه.
* له (1974) بڕوانامه‌ی (FACP) له‌كۆلێژی پزیشكی ئه‌مریكا وه‌رگرتووه.
* له (1956 – 1979) له‌به‌شی پزیشكی هه‌ناوی زانكۆی به‌غدا وانه‌ی وتۆته‌وه.
* ساڵی (1981) ئێراقی به‌جێهێشتوه و رویكردۆته ئهمریكاو پاشان له‌ئیمارات جێگیربووه.
* له (19/10/2017) له ئه‌بوزه‌بی كۆچی دوایی كرد، ته‌رمه‌كه‌ی گه‌ڕێنرایه‌وه بۆ ئێراق‌و له گۆڕستانی خێزانه‌كه‌ی له كازمییه به خاك سپێردرا.