بولحەسەن سەعیدی مەغریبی، لە لاپەڕە ۷٨ی بەرگی۱ی کتێبەکەی [الغصون اليانعة في محاسن شعراء المائة] دەڵێت: “خطيب إربل وقاضيها جعفر بن هبة الله الكفر عزي، العالم المتفنن، من كفر عزي: ضيعة من ضياع مدينة إربل حاضرة بلاد الأكراد”. واتە: [گوتاربێژ و قازیی هەولێر (جعفر بن هبة الله الكفر عزي) زانایەکی بەهرەمەندە، خەڵکی گوندی عەزییە. گوندی عەزی لادێیەکە لە دێیەکانی شاری هەولێری شارستانی وەڵاتی کوردان]
شیتەڵ:-
ـ وشەی [كَفَر ـ كەفەر] لە چەند شێوەزارێکی مەغریبی عارەبی [میسر بە نموونە] واتە گوند و لادێ. کفرعزی واتە گوندی عەزێ یان عەزە.
ـ لە پێدەشتی شاری هەولێر و ڕێی بەرەو مەخموور، گوندی عەزە هەیە و تا ئەوڕۆژ خەڵکی لێ دەژی. لەنێوان گوندی عەزە و قونیان شوێنەواری وا دۆزراونەتەوە، کە بەڵگەن لەسەر بوونی شار و شارستانییەکی کۆن لەوێندەر. بەڵام د. زرار سدیق دەڵێت: مەبەست لێی گوندی سۆربەشە، کە ئەویش هەر لەو دەشتە، ڕێی بەرەو قەراج و کەندێناوەیە.
ـ دانەر وشەی [ضیاع]ی لەبۆ گوندی عەزە بەکار هێناوە، کە بە واتای لادێیەکی لاچەپی ئاوەدانیی دێت، بۆ هەولێریش وشەی [حاضرة]ی بەکار هێناوە، کە بە واتای شارڕۆنشی و شارستانی و ئاوەدانی دێت. هەروەتر وشەی حاضرة لە عارەبیی ئەوسا، بە هاوواتای [پێتەخت، شارێکی گەورە، شارێکی بەهەندوەرگیراوی سیاسی] بەکار هاتووە.
ـ نووسەر لە تاریفی هەولێر دەڵێت: “مدينة إربل حاضرة بلاد الأكراد” حاضرة واتە شار و ئاوەدانییەکی بەهەند، بیلادول ئەکرادی/وەڵاتی کوردانیش دەقاودەق هاوواتای کورد-ستانە، واتە کوردەوار، واری کورد.
ـ زۆرێ وا تێ گەییون، کە قەت شتێ بە ناوی کوردستان یانی وەڵاتی کورد نەبووە، کەچی لە هەرەزۆری سەرچاوە دێرینە عارەبییەکان، ناوی وەڵاتی کوردان [کوردستان] وەک وەڵاتێکی سەربەخۆ و دیاریکراو هاتووە و نووسراوە.
ـ نووسەر لە سەتەی حەفتەم ژیاوە، لە ساڵی ٦٨٥کۆ کۆچیدوایی کردووە و گەواهییەکەی بۆ ئەو سەردەم دەگەڕێتەوە. ئەو ئەوسا بە ڕۆنوڕەوانی هەولێر بە شارستان و ئاوەدانیی وەڵاتی کورد/کوردەوار ناو دەبات.
ـ یاقووتی حەمەوی کە ٦۲٦کۆ کۆچیدوایی کردووە، لە لاپەڕە ۱۳٨ی بەرگی یەکی کتێبی [معجم البلدان] لە باسی هەولێر دەڵێت: زۆرینەی خەڵکەکەی کوردن و عارەبێنراون، هەروەتر هەموو جووتیار و وەرزێرەکانی ئەو باژێرەش کوردن.
کەچی لێرەولەوێ بابای عارەب دەڵێت هەولێر شارێکی عارەبییە و لێمان دزراوە، لەولاوە کاکی تورک دەڵێت شاری مەیە و لێمان زەفت کراوە، ئاغای فارس و لەوسەریش ئاغای ئاشووری دەبێژن شاری مەیە و دەستبەسەر کراوە.
کورد کوو توانیویەتی ئەو هەموو گەل و نەتەوەیە دەستبەسەر بکات؟ کە خۆیان دەڵێن هەر کیوی و دەشتەکی و بندەست بووە. بە پانایی دەشتایی هەر چواردەورەی هەولێر، گوند و گۆڕستانی باوان و شوێنەواری زمان و فەرهەنگیی ئەو بەڕێزانە لەکێندەرن؟ چۆن وا ڕوو دەدات، کە لەنێو سەتان گوند و لادێی سەرتاپێ کورد لە دەشتودەری هەولێر، لەنێوەڕاستێڕا نەتەوەیەکی بێگانە قەڵایەک قیت بکاتەوە، چیشیان بێرەدا بووە و چۆن سەودای ڕۆژانەییان کردووە؟ ئەگەر دەشگۆترێت ئەو دەشتودەرە هی ئەو گەلانە بووە، ئەوا ئەو کوردانە چۆن ئەو دەشتودەرە فراوانەی هەولێریان داگیر کرد و دەرەقەتی تورک و عارەب و فارس هاتن؟ لە چ سەرچاوەیەکی متمانەدار ئەو کوشتار و داگیرکاری و کورداندانە تۆمار کراوە؟
ئاسوورییەکانی ئەوسا چ پێوەندییان بەو دەنگۆکارانەی ئێستەوە هەیە؟ ئەوان ئیمپراتۆرییەتیان پێک هێنا و کوردستان و ئەو ناوچەیەیان داگیر کرد، ئەگەرچی دواتر خزمەتیان بە ژیاریی ناوچەکە کرد، بەڵام سەرەتا بە خوێنڕێژی و داگیرکاری و تاڵانی کوردستان و ناوچەکە دەستیان پێ کرد و دواتریش هەر کورد ئاگری بنەوەی ئەو کایە بوون، کە خۆیان و ئیمپراتۆرییەتەکەیانی تا هەتا کوژاندەوە، وەچاخکۆر بوون.
فارسەکان چونکە لە ڕۆژانی ساسانی هەولێر داڵدەی سیاسەتکارەکانی دابوو، ئێژن شاری مەیە. بەڵام هەولێر قەت ڕۆژێک سەر بە هەرێمی پارس نەبووە، لە دوای سۆمێرییەکان کە ماوەیەک لە مێژوویەکی لێڵ هەیە، ئەو شارە هەر واری هۆزە کوردییەکان و لەبەر سێبەری ئیمپراتۆرییەتی میدیا و دواتر ئەیوبییە کوردەکان بووە.
مێژووی هاتنی تورکیش بە دوو قۆناخی سەرەکی تێ پەڕیوە، قۆناخی هاتنی سەلجوقی و زەنگییەکان بۆ ناوچەکە و فەڕمانرەواییان لێرە. دووەمیش قۆناخی وەسمانییەت. ئەوانیش دوای خوێنڕشتن و تاڵانکاری، خزمەتیان بە ئاوەدانی و ژیانی هەرەوەزیی دەڤەرەکە کرد، بەڵام قەت شاری وان نەبووە، بەڵکە لەبۆی هاتوون و لەنێویشی توانەوە. هاوکێشەکە ئاسانە، نموونەی هاتنەکە لەنێوان کورد و تورک پێچەوانە بکەوە، ئەوسا شیتەڵە سەرەکییەکەی هاوکێشەی بەرزەفتکارییەکە دەر دەچێت و جادووەکە دێتە ڤاڵاکردنێ.
مێژووی هاتنی عارەبیش بۆ وەڵاتی میزۆپۆتامیا، لای هەموو خوێنەرێکی مێژوو ڕۆنوڕەوانە، کە لەچاو نەتەوەی کورد لەو ناوچەیە دوێنێە، بگرە هەر بەراورد ناکرێن، چونکە کورد لە هیچ جێیەکی دیکەوە بۆ ئێرە نەهاتووە، بەڵکوو هەر لێرە بووە. هەولێر قەت شارێکی عارەبی نەبووە، سەرباری تەعریبی بەردەوامیش. دەستەخوشکی کەرکووک بووە، کە کەرکووک/ئاراوخا دێرزەمان سەرشاری ئەو هۆزانە بوو، کە نەتەوەی کوردیان سازاند و لە قۆناخی دواییش، پێتەختی هەرێمی شارەزووی کوردەوار بوو. هەردووکیشیان هاوزای ئامەدن و قەڵاتەکانیان سەربەیەکن.