٢١ ى ئادارى هەموو ساڵێک، کوردانى هەرچوار پارچەى کوردستان، یادى جەژنى نەورۆز دەکەنەوە، ئەو جەژنەى لاى کورد وەک بۆنەیەکى نەتەوەیی سەیر دەکریت.
ڕەسەنایەتى جەژنى نەورۆز
چەندین چیرۆک هەیە کە ڕەسەنایەتى جەژن نەورۆز ڕوون دەکەنەوە، لەخوارەوە باس لەو چیرۆکانە دەکەین:
چیرۆکى یەکەم: جەژنى نەورۆز ئەو جەژنەیە کە زەردەشت داى هێناوە، زەردەشت دامەزێنەرى ئایینى زەردەشتییە، ئەو کەسەى کە لە ناوچەکانى ئازەربایجان و کوردستان و تورکیا و ئێراندا ژیانى گوزەراندووە، ڕینماییە ئاینى و ڕێساکانى ئایینى زەردەشتى لەم ناوچەیەدا بە بڵاوى ماوەتەوە.
چیرۆکى دووەم: یەکیکى دیکە لەو چیرۆکانە بریتییە لەوەى کە لەچاخە دێرینەکاندا پاشایەک بە ناوى “زوحاک” فەرمانڕەوایەتى ئەم ناوچەیەى لە دەستدا بووە، ئەم پاشایە دووچارى نەخۆشییەک بووە کە نەتوانراوە لەلایەن پزیشکەکانەوە چارەسەر بکرێت، تەنیا چارەسەر بەکارهێنانى مۆخى مرۆڤ بووە، بەوەش دانیشتوانى ئەو ناوچەیە ڕوویان کردۆتە چیاکان و دواتر لەلایەن “کاوەى ئاسنگەر” ەوە ڕابەرایەتى کراون وزوحاکیان لە ناوبردووە، ئەو ڕۆژە کراوە بە جەژنى نەورۆز.
چیرۆکى سێیەم: ئەم چیرۆکە باس لە “جەمشید” دەکات کە توانیویەتى گرۆى بوونەوەران لە سەختى وەرزى زستان ڕزگار بکات، ئەوەش دواى ئەوەى کە تەختى پاشایەتى ڕازاوە بە ئەڵماس نەخشاند ودواتر لەلایەن جنۆکەکانەوە ئەو تەختى پاشایەتییە بەرزکراوەتەوە بۆ ئاسمان وجەمشید وەکو خۆر لەسەر ئەو تەختە دانیشتووە، بەوەش کۆتایی بە سەختى زستان هێناوە و ئەو ڕۆژە بۆتە ڕۆژى جەژنى نەورۆز.
چیرۆکى چوارهەم: ئەمیان تەواو کارى چیرۆکى دووەمە کە باس لە ڕۆڵى کاوەى ئاسنگەر دەکات لە کوشتنى زوحاک ودواتر وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتن لەسەر لوتکەى چیا و دۆڵەکان ئاگریان کردۆتەوە، ئەم ئاگرکردنەوەیە بە هەمان شیوە لاى ئیسماعیلییەکان و عەلەوییەکانیش باوە، بۆیە لە جەژنى نەورۆزدا بەردەوام کوردان ئاگر دەکەنەوە وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنیان بەسەر ستەم و زۆرداراندا.
بۆچونێکى دیکە سەبارەت بە جەژنى نەورۆز
ئیمبراتۆریەتى ماد لە ساڵى ٥٥٠ ى پێش زایین هەرەسی پێهینرا، هەر لەو ساڵەشدا دواهەمین پاشاکانى ئەو ئیمبراتۆریەتە بەناوە ” ئەستیاگ” لەسەر دەستى کوڕەزاکەى بەناوى “کۆرش” و فەرماندەى سوپاى ماد بەناوى “هارپاگ” ەوە کوژرا، هەندێک لە مێژوو نوسان پێیان وەیە کە “زوحاک” هەر ئەو “ئەستیاک”ەى ئیمبراتۆریەتى ماد بێت کە دواهەمین دەوڵەتى کوردى بووە لە مێژووى کۆندا، هەروەها “کاوەى ئاسنگەر”یش فەرماندەى سوپاى ماد “هارپاگ”بێت کە ڕۆڵى کاریگەر و بەرچاوى هەبووە لە کوژرانى ئیمبراتۆرى ماد و لە ناوبردنى ئەو ئیمبراتۆریەتە کوردییە، لەوانەیە ئەم ڕایە بڕیک لە راستى تێدا بیت چونکە فارسەکان نەیانتوانیوە بە تەنیا وتەنیا ماد داگیر بکەن، بەڵکو دەستیانگرتووە بەسەر تەواوى شارستانیەتى ماددا، هەروەها سەرجەم دۆکیۆمێنت و دامەزراوە و زمان و کلتور وهونەر وپیشەسازى مادیان بە ناوى خۆیانەوە لە مێژوودا تۆمار کردووە، هەر بۆیە دواى هەرەسى ئیمبراتۆریەتى ماد، میدییەکان چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینیان لە دژى فارسە ئەخمینییەکان بەرپاکردووە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
پیدەچێت چیرۆکى زۆردارى و ستەمکارى “زوحاک”لەلایەن فارسە ئەخمینییەکانەوە پلانى بۆ داڕێژرابێت تاوەکو بتوانن سۆزى هاونیشتمانییە مادەکان بۆلاى خۆیان ڕابکێشت و دواتر لەو ڕێگایەوە کۆنتڕۆڵیان بکەن، ئەوش بەوەى کە کەسایەتى ئیمبراتۆرەکەیان لەکەدار بکەن و بەریان پێبگرن لەوەى کە مادەکان جاریکى دیکە لە دژیان شۆڕش بکەن.
لەمەوە دەردەکەوێت کە جەژنى نەورۆز و چیرۆکى زوحاک و کاوەى ئاسنگەر دوو بابەتى لەیەک جودان، چونکە ئەگەر بەڵگەنامە مێژووییەکان ڕاست بکرێنەوە لەوەى کە زوحاک دواهەمین ئیمبراتۆرى ئیمربراتۆریەتى ماد بووە، هەروەها ئیمبراتۆریەتى ماد دواهەمین دەوڵەتى کوردان بووە لە مێژووى کۆندا و لە پێش زایین، ناکریت کە نەتەوەى کورد بە لە ناوبردنى ئیمبراتۆرەکەى و هەرەس هاتنى دەوڵەتەکەى ئاهەنگ بگێڕێت، لێرەدا ئەوە دەردەکەویت کە جەژنى نەورۆز بابەتیکى جودایە لە هەرەسهاتنى دەوڵەتى ماد کە دەوڵەتیکى کوردی بووە، بەڵکو ئەم بابەتە و تێکەڵکردنى لە ناو کلتورى نەتەوەى کوردا بە بەرنامەیەکى پلان بۆ داڕێژراو بووە، بە شێوەیەک کە مێژووى نەتەوەى کورد لەسەر دەستى فارسەکان شیویندراوە.
نمونەیەکى ساددەى هاوچەرخ لەم بوارەدا بریتییە لە بەروارى لە سێدارەدانى “سەددام حوسەین” لە یەکەم ڕۆژى جەژنى قورباندا، کە لەو ڕۆژەدا حاجییان لە حیجازى عەرەبی و موسولمانان لە تەواوى جیهاندا ئاهەنگى خۆشی و شادى دەگێڕن بەهۆى کۆتایهاتنى ڕێوڕەسمى حەج کردنى حاجییانى ماڵى خودا لە مەککەى پیرۆز، کە دەشێت لەداهاتوودا بەشێوەیەک بشێویندرێت کە یەکەم ڕۆژى جەژنى قوربان بکرێتە ئاهەنگ بۆ لەناوبردنى دیکتاتۆرییەت لە ئێراق، لەگەڵ ئەو جیاوازییەى کە لەم سەردەمەدا دەتوانرێت حوکم لەسەر ئەوە بدرێت کە “سەددام حوسەین” خوێن ڕێژى میللەتەکەى خۆى بووە، بەڵام ناتوانریت بسەلمێندریت کە زوحاک خوێن ڕێژى نەتەوەى کورد بووە، بەڵکو قوربانى ناپاکى کەسەنزیکەکان و دارودەستەى چواردەورى بووە کە تاوەکو ئێستا تەواوى میللەتى کورد بەبێ دەوڵەت ماوەتەوە.
نەورۆز لە ئێستادا
جەژنى نەورۆز بەیەکێک لەجەژنە نەتەوەییەکانى کورد دادەنریت، لەو ڕۆژەدا کوردان لە تەواوى هەموو کوردستاندا ئاهەنگ دەگێڕن و بەبۆنەى کۆتایی هاتنى وەرزى زستان و هاوتابوونى کاتەکانى شەو وڕۆژ، لەڕووى مەعنەوییەوە، جەژنى نەورۆز واتاى سەربەخۆیی و ئازادى و بەرخودانە، بۆیە پانتاییەکى فراوانى لە ئەدەب و هونەرى کوردیدا داگیر کردووە.
سەرچاوەکان
(١) الجزیرة
(٢) عین کاوە نێت
(٣) ئۆرینت نیوز نیت