جەنگى کەنداوى دووەم ئەو جەنگە بوو کە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەسەرۆکایەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەدژی ئێراق بەرپاى کرد لە ئاکامى ئەوەى کە ئێراق کوەیتى داگیرکرد، بە بیانوى ئەوەى کە نەوتى ئێراقی دزیوە وپلانى لەدژى ئێراق گێڕاوە، ئەو جەنگە تەنیا چل ڕۆژى خایاند، تیایدا هێزە هاوپەیمانەکان توانیان سەرکەوتن بەسەر ئێراقدا تۆمار بکەن، توانا سەربازى و ئابورییەکانى ئێراق لەناو بەرن، هەروەها ئێراق کەوتە بەر ئابڵوقەیەکى ئابورى سەخت کە چەندین کارەساتى مرۆیی تیادا تۆمارکرا.
هۆکارە ڕاستەوخۆکان
ناوچەى نیمچە دورگەى عەرەبی – لەدواى چوونە دەرەوەى کۆلۆنیاى بەریتانیا لە دواى جەنگى جیهانى دووەم – پێگەیەکى تایبەتى هەبووە لە پلانى ستراتیژى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، داگیرکردنى کوەیت لە لایەن ئێراقەوە “جەنگى کەنداوى دووەم” یەکێکە لەو وێستگانەى کە فۆرمى دەستوەردانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەو ناوچەیەدا ڕوون دەکاتەوە.
لەو کاتەدا ئەمریکا مەترسی هەبوو لەمەڕ سیاسەتەکانى ئێراق لە ناوچەکەدا، بە تایبەتى دواى ئەوەى بەشێوەیەکى نیمچە سەرکەوتوو لە جەنگى ئێراق – ئێران “جەنگى کەنداوى یەکەم ١٩٨٠ – ١٩٨٨”هاتە دەرەوە، هەروەها لە دواى جەنگەکەوە ئێراق بووبوو بە خاوەنى توانایەکى سەربازى و زانستى کە لە داهاتوودا بەرژەوەندییەکانى ئەمریکاى دەخستە مەترسییەوە کە بریتی بوون لە نەوت و ئاسایشی ئیسرائیل.
لەدواى کۆتاى جەنگى ئێراق لەگەل ئێراندا، ناکۆکى نێوان ئێراق لەگەڵ هەندێک لە وڵاتاناى کەنداو بەتایبەتى کوەیت دەرکەوت، ئەوەش بەڕوونى لە کۆبوونەوەى لە ناکاوى سەرانى عەرەب لە ٢٨ ى ئایارى ساڵى ١٩٩٠ بەدەرکەوت کە لە بەغداد گرێدرا، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکى ئێراق “سەددام حوسەین” کوەیتى تۆمەتبارکرد بەدزینى نەوتى کێڵگەى نەوتى “ڕومەیل” کە دەکەوتە سەر سنورى هەردوو وڵات.
هەروەها ئێراق کوەیتى تاوانبارکرد بەوەى کە بەشە نەوتى بەرهەمهێنراوى لەڕێژەى دیاریکراوى خۆى لەلایەن ڕیکخراوى ئۆپیکەوە زیادکردووە، کە ئەوەش زیان بە ئابورى ئێراق دەگەیەنێت، بە تایبەتى کە ئێراق خوازیارى ئەوە بوو کە نرخى بەرمیلێک نەوت بگاتە ٢٥$ دۆلار بەمەبەستى ئاوەدانکردنەوەى ئەو وێرانکارییەى کە لەدواى جەنگەوە بۆى مابویەوە، هەر بۆیە لە ١٦ ى تەموزى ١٩٩٠ ئێراق ئەم داوایانەى خۆى پێشکەشی کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی کرد.
لە ١٧ى تەموزى ١٩٩٠ سەددام حوسەینى سەرۆکى ئەوکاتەى ئێراق بەبۆنەى یادى شۆڕشی ١٧ى تەموزى ١٩٦٨ەوە وتارێکى پێشکەش کرد و هەمان تۆمەتەکانى دووپات کردەوە، هەروەها ڕایگەیاند کەبەشیوەیەکى شیاو وەڵامى هەڵوێستەکانى کوەیت دەدەنەوە، ئەمە لە کاتێکدا کوەیت سەرجەم ئەو تۆمەتانەى رەتکردەوە وهەروەها داواى لە ئێراق کرد کە ئەو ملیارە دۆلارانەى کەبەقەرز دابووى بە ئێراق لە کاتى جەنگى ئێراق – ئێراندا بیداتەوە.
ئەو لێدوانە توندانەى نێوان هەردوولا فەهدى کوڕى عەبدول عەزیزى شاى سعودیەى ناچارکرد کە هەردوولا بانگهێشت بکات بۆ جەددە تاوەکو پێکەوە گفتوگۆ بکەن، شاندەکەى کوەیت لەلایەن شێخ سەعد ئەلعەبدەالله سالم ئەلصوباح کە ئەو کاتە جێنشین بوو، شاندەکەى ئێراق لە لایەن عیزەت ئیبراهیم ئەلدورى کە جێگرى سەرۆکى ئێراق بوو سەرۆکایەتى دەکران، بەڵام هەموو هەوڵە دیبلۆماسییەکان نەیانتوانى پەیوەندییەکانى نێوانیان ئاسایی بکاتەوە.
پێدەچێت کە واشنتۆن ئەو ناکۆکیانەى بەکارهێنا بێت، ئەوەش بە ڕوونى دەردەکەوێت لە وتەى باڵوێزى ئەمریکا “ئەبریل غلاسبی”لە میانە چاوپێکەوتنى بە “سەددام حوسەین”لە رۆژى ٢٥ ى حوزەیرانى ١٩٩٠دا کە پێی وتووە کە “حکومەتى ئەمەریکا دەست وەرناداتە کێشەکانى وڵاتانى عەرەبییەوە” بەوەش ئێراقی فریوداوە بەوەى کە هەڕەشەکانى بەرامبەر بە کوەیت جێبەجێ بکات، بەڵام دواتر سەرۆکایەتى هاوپەیمانێیەتى دەرکردنى ئێراقی لە کوەیت گرتە ئەستۆ.
داگیرکردن وهاوپەیمانى
بەرەبەیانى ٢ ى ئابی ١٩٩٠ ئێراق هەڕەشەکانى خۆى بەجێ هێنا، ٢٠٠٠٠ سەرباز لە چوار قۆڵەوە و بە پاڵپشتى هێزى ئاسمانى سنورى کوەیتیان بەزاند و لە ماوەى چەند کاتژمێرێکدا پایتەختى کوەیتیان داگیرکرد.
سوپاى ئێراق لە ماوەى دوو ڕۆژدا تەواوى کوەیتى کۆنتڕۆڵ کرد، لە ٤ ى ئابدا حکومەتێکى کاتى بە سەرۆکایەتى کۆلۆنێڵێکى کوەیتى بە ناوى عەلاء حوسەین ئەلخەفاجى ڕاگەیاند کە هاوسۆزى حکومەتى ئێراقی بوو، ئەم حکومەتە تەنیا چوار ڕۆژ بەردەوام بوو ” لە ساڵى ١٩٩٣ دا سزاى لە سێدارەدان بەبێ ئامادەبوونى خۆى سەپێنرا بەسەر عەلاء حوسەیندا بە تۆمەتى ناپاکى ودەست تێکەڵکردن لەگەڵ دوژمندا لە کاتى جەنگدا، دواتر سزاکەى سووک کرا بۆ زیندانى هەتا هەتایی لە ساڵى ٢٠٠٠ و لە ساڵى ٢٠٠١ دا جێبەجێکرا”.
هەمان ڕۆژ ئەنجومەنى ئاسایش کۆبوونەوەیەکى لە ناکاوى گرێدا بەمەبەستى تاوتوێ کردنى بارودۆخى داگیرکردنى کوەیت لەلایەن ئێراقەوە، لەهەمانکاتدا بڕیارى (٦٦٠)ى دەرکرد کە تیایدا داوا لە ئێراق دەکات بەبێ هیچ مەرجێک لە کوەیت بێتە دەرەوە، دواتر لە ٦ى ئابی ١٩٩٠ دانیشتنێکى دیکەى سازدا و تیایدا بڕیارى (٦٦١)ى دەرکرد کە بەپێی ئەو بڕیارە سزاى ئابورى بەسەر ئێراقدا سەپاند، دواتر چەندین بڕیار دەرچوون کە سەرجەمیان سزاکانى لەسەر ئێراق توندتر دەکردەوە.
لە ٧ ى ئابی ١٩٩٠ وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەسەر داواى سعودیە هێزى سەربازى نارد بۆ سعودیە بەمەبەستى پاراستنى سنورى سعودیە لەگەل کوەیت و ئێراقدا، چونکە لەو کاتەدا ئێراق سوپایەکى زۆرى لەو سنورە کۆکردبۆوە، بەوەش ئەمەریکا دەستى کرد بە جێبەجیکردنى پلانێکى سەربازى و ناوى نابوو “پڕۆسەى قەڵغانى بیابان”.
لەوەڵامى ئەمانەدا ئێراق لە ٩ ى ئابی ١٩٩٠ ڕایگەیاند کە کوەیت بووە بە پارێزگاى نۆزدەهەمى ئێراق، بەوەش سەرجەم باڵوێزەکانى وڵاتانى لە کوەیت داخست و سەرجەم باڵوێزەکانى ئەو وڵاتەى لە جیهان هەڵوەشاندەوە.
دواتر ئێراق ناوى پایتەختى کوەیتى گۆڕى بە “کاظمة” بە وتەى ئەوەى کە گەڕاوەتەوە بۆ لاى “دایکى” هەروەها بەمەبەستى زیندووکردنەوەى داخوازییەکانى ئێراق سەبارەت بە گەڕانەوەى کوەیت بۆ سەر ئێراق، لەگەڵ ئەوەى کە ئێراق بەشێوەیەکى فەرمى دانى بەسەربەخۆیی کوەیتدا نابوو، هەروەها دانى بە سنورى نێوانیاندا نابوو لە ٤ ى تشرینى یەکەمى ساڵى ١٩٦٣.
لە ١٠ ى ئابی ١٩٩٠ کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی کۆبوونەوەیەکى لەناکاوى لە قاهیرە ئەنجام دا بۆ گفتوگۆکردن لە سەر دوا پێشهاتەکان، لەگەڵ ئەوەدا کە هەمووان هاوڕا بوون لەسەر ناڕەوایەتى داگیرکردنى کوەیت لە لایەن ئێراقەوە و لەڕێگاى بەکار هێنانى هێزەوە، بەڵام بۆچوونیان جیاواز بوو سەبارەت بە بەکارهێنانى هێزى بیانى بەمەبەستى وەدەرنانى ئێراق لە کوەیت.
لەو کۆبوونەوەیەدا ١٢ دەوڵەت لە سەروو هەموویانەوە وڵاتانى کەنداو، میسر و سوریا و مەغریب پاڵپشتى بەکارهێنانى هێزیان کرد، بەڵام کۆمەڵێکى دیکە لەوانە: ئوردون، لیبیا، جەزائیر، سۆدان، یەمەن، مۆریتانیا و ڕێکخراوى ئازادى فەلەستین بە سەرۆکایەتى یاسر عەرەفات لە دژى وەستانەوە، لە ١١ ى ئابی ١٩٩٠ هێزى سەربازى میسر و سوریا گەیشتنە سعودیە بەمەبەستى پارێزگاریکردن لە سعودیە لەهەر ئەگەرێکى داگیرکردنى لەلایەن ئێراقەوە.
لە ١٢ ى ئابی ١٩٩٠ ئێراق پێشنیارێکى پێشکەش کرد کە ناوى نابوو ” چارەسەرێک بۆ هەمووان”بریتی بوو لە کشانەوەى لە کوەیت ولەبەرامبەر جێبەجێکردنى سەرجەم بڕیارەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان وکشانەوەى ئیسرائیل لەو ناوچانەى کە داگیرى کردوون.
لە ٢٥ ى ئابی ١٩٩٠ ئەنجومەنى ئاسایش بڕیارى ژمارە (٦٦٥)ى دەرکرد کە بریتى بوو لە سەپاندنى ئابڵوقەى دەریایی بەسەر ئێراقدا و ڕێگەدان بە هێزى دەریایی نێودەولەتى بە گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە، لە ٢٥ ى ئەیلولى ١٩٩٠ بڕیارى (٦٧٠)ى دەرکرد کە تایبەت بوو بە سەپاندنى ئابڵوقەى ئاسمانى بەسەر ئێراقدا و ڕێگاى دا بە وڵاتانى ئەندام کە ڕێکارى پێویست بگرنەبەر بەمەبەستى جێبەجێکردنى بەشیوەک کە کاریگەرى هەبێت.
لەو کاتانەدا هاوپەیمانییەکى نێودەولەتى دروست بوو لە زیاتر لە ٣٠ دەوڵەت، بە سەرۆکایەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ئەو هاوپەیمانییە لەڕووى نێودەوڵەتییەوە ڕەوایەتى وەرگرت بە دەرکردنى بڕیارى ژمارە (٦٧٨)لە ٢٩ ى تشرینى دووەمى ١٩٩٠، کە ڕێگاى پێدان بە بەکارهێنانى هەر هۆکارێکى پێویست بەمەبەستى وەدەرنانى ئێراق لە کوەیت و لە نێویشیاندا بەکارهێنانى هێزى سەربازى، ئەو بڕیارە ١٥ ى کانونى دووەمى ١٩٩١بەدوا وادەى چوونە دەرەوەى ئێراقى لەکوەیت دەست نیشان کرد.
ئێراق هیچ گرنگى بە بڕیارەکە نەدا و بۆیە لە ٩ ى کانونى دووەمى ١٩٩١ وەزیرى دەرەوەى ئێراق “تارق عەزیز” لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەى “جێمس بێکەر” لە جنێڤ کۆبوونەوە بەهیواى بڕواپێهێنانى ئێراق بە چوونە دەرەوەى لە کوەیت، بەڵام ئەو هەوڵەش سەرى نەگرت و ماوەى پێراگەیاندنەکە وەک ئەوەى کەلە بڕیارەکەدا هاتبوو کۆتایی هات و ئێراق لە کوەیت نەکشایەوە.
ڕووداوەکانى جەنگەکە
وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا توانى هاوپەیمانییەک پێکبهێنێت کە ژمارەى وڵاتانى ئەندام و هاوپەیمانە تەقلیدییەکانى لە هاوپەیمانى باکورى ئەتلەسی تێپەراند، ژمارەى وڵاتانى هاوپەیمان گەیشتە ٣٨ دەوڵەت، بەشدارى ٧٥٠ سەرباز کە ٧٥% یان ئەمریکى بوون، لەگەڵ ٣٦٠٠ تانک، ١٨٠٠ فڕۆکەى جەنگى، هەروەها ١٥٠ پارچە چەکى دەریایی.
دواى تەواوبوونى ئامادەسازییەکان و تەواوبوونى ئەو کاتەى دانرابوو بۆ کشانەوەى ئێراق لەکوەیت، قەیرانەکە گەیشتە قۆناغى کۆتایی ئەویش بەبەکارهینانى هێزى سەربازى بەمەبەستى وەدەرنانى ئێراق لەکوەیت و گرنگترین ڕووداوەکانى لەم خالانەى خوارەوە کۆدەبنەوە:
– بەرەبەیانى ١٧ ى کانونى دووەمى ١٩٩١ هێرشی ئاسمانى دەستى پێکرد بۆ سەر تەواوى خاکى ئێراق، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ناوى نا “گەردەلولى بیابان” و سەرۆکى ئێراق لەڕێگاى ڕادیۆوە ڕایگەیاند کە “دایکى جەنگەکان دەستى پێکرد” بەشێوەیەک کە تێکڕا ڕۆژانە ١٠٠٠ هێڕشى ئاسمانى لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەکرایە سەر ئێراق.
– ١٨ ى کانونى دووەمى ١٩٩١ ئێراق هەشت موشەکى لە جۆرى سکۆد دەگرێتە ئیسرائیل، لەگەل وەشاندنى دەیەها موشەک لە دژى چەند شارێک لە سعودیە وەک ریاز و جەبیل و زەهران و حەفرى باتن و وڵاتى بەحرەین.
–٢٠ ى کانونى دووەمى ١٩٩١ ئێراق سەرجەم ئەو بەڵگەنامانەى کەلەگەڵ سعودیە واژۆى کردبوو لە ١٧ ى تەموزى ١٩٦٨ ەوە هەڵوەشاندەوە بەهۆى بەشدارى لە هاوپەیمانیەتى لەدژى ئێراق.
– ٢٣ ى کانونى دووەمى ١٩٩١ ئێراق ملیۆنێک بەرمیل نەوتى کردە ناو ئاوى دەریاى نیمچە دورگەى عەرەبییەوە.
– ٢٩ ى کانونى دووەمى ١٩٩١ چەند یەکەیەکى هێزى سوپای ئێراق دەست دەگرن بەسەر شارى ئەلخەفەجى کە گرنگییەکى ستراتیژى هەیە و ڕێڕەوى نەوتى سعودیەیە، بەڵام خێرا لەلایەن یەکە سەربازییە سعودییەکان و قەتەرییەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە، ئەم شەڕە بە پڕۆسەى “شەڕى ئەلخەفەجى” ناوى دەرکرد.
– ٣٠ ى کانونى دووەمى ١٩٩١ وەزیرى دەرەوەى یەکێتى سۆڤییەت لە واشنتۆن دوابەدواى کۆتایهاتنى کۆبوونەوەى لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بەیاننامەیەکى هاوبەشیان دەرکرد کە تیایدا هاتبوو کە هێزەکانى هاوپەیمانان دەستبەجێ کردە سەربازییەکانیان ڕادەگرن ئەگەر حکومەتى ئێراقی بەڵێن بدات کە لە کوەیت دەکشێتەوە و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکات.
– ١٣ ى شوباتى ١٩٩١ دوو فڕۆکەى ئەمریکى لە جۆرى (F-117) دوو موشەکى زیرەک دەدەن بە پەناگەى ئەلعامرییە لە بەغداد کە دەبێتە هۆى گیان لەدەست دانى زیاتر لە ٤٠٠ هاوڵاتى کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون.
– ٢٢ ى شوباتى ١٩٩١ سەددام حوسەین پێشنیارێکى یەکێتیی سۆڤییەت قبوڵ دەکات سەبارەت بە کشانەوەى لە کوەیت لە ماوەى سێ هەفتەدا بەمەرجێک ئەنجومەنى ئاسایش سەرپەرشتى کشانەوەکە بکات، بەڵام ئەمریکا پێشنیارەکە ڕەتدەکاتەوە.
– بەیانى ٢٤ ى شوباتى ١٩٩١ هەڵمەتى سەربازى زەمینى دەست پێدەکات لە چەند قۆڵێکەوە و هێزە هاوپەیمانەکان دەست دەکەن بە چوونە ناو خاکى کوەیت و باشورى ئێراق بە تایبەتى لەبەرەى ڕۆژئاواوە کە بەشی زۆرى سوپاى ئێراقی تیایدا جێگیرکرابوو.
– ٢٥ ى شوباتى ١٩٩١ ئێراق سەرجەم مەرجەکانى تایبەت بە کشانەوەى لە کوەیت قبوڵ دەکات.
– ٢٦ ى شوباتى ١٩٩١ ئێراق دەست دەکات بە کشانەوە لە کوەیت بەبێ ئەوەى پلانێکى بۆ داڕێژرابێت، ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى کە قەرەباڵغییەکى زۆر لەسەر سنورى نێوان ئێراق و کوەیت دروست ببێت وبەوەش سەرجەم تانک و زرێپۆش وهۆکارەکانى گواستنەوەى سەربازەکانى ئێراق ئامانجێکى ئاسان بوون بۆ هێزەکانى هاوپەیمانان، لە ئەنجامدا سەدان تانک و زرێپۆش تێکشکان و سەدان سەربازى ئێراقی کوژران.
– ٢٧ ى شوباتى ١٩٩١ جۆرج بۆشی سەرۆکى ئەمریکا پڕۆسەى ڕزگارکردنى کوەیت و ئاگربەستى ڕاگەیاند.
– ١٤ ى ئادارى ١٩٩١ ئەمیرى کوەیت شێخ جابر ئەلئەحمەد ئەلصوباح دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەى پاش ئەوەى بۆ ماوەى چەند مانگێک لە سعودیەوە فەرمانڕەوایەتى کرد.
– ٣ ى نیسانى ١٩٩١ بڕیارى ژمارە (٦٨٧) لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشەوە دەرکرا کە تایبەت بوو بە وەستاندنى شەڕى ڕزگارکردنى کوەیت بە شێوەیەکى فەرمى، تێکشکاندنى چەکى کۆکوژى ئێراق و دامەزراندنى سندوقێکى تایبەت بۆ قەرەبوو کردنەوەى زیانلێکەوتوانى داگیرکردنى کوەیت.
جێکەوتەکانى داگیرکردنەکە
چەند ڕاپۆرتێکى عەرەبی تایبەت بە وڵاتانى عەرەبی لە ساڵى ١٩٩٢ دا ڕایانگەیاند کە زیانەکانى وڵاتانى عەرەبی لە ئاکامى داگیرکردنى کوەیت لە لایەن ئێراقەوە گەیشتۆتە ٦٢٠ ملیار دۆلار، ئەوەش بەبێ لەبەرچاوگرتنى جێکەوتە دوور مەوداکان، هەریەک لە ئێراق و کوەیت لە بەشی پێشەوەى زیان لێکەوتووان بوون لە ئاکامى ئەو داگیرکارییەى کە سەددام حوسەین لە ٧ ى کانونى یەکەمى ٢٠٠٢ نامەیەکى لێبوردنى ئاڕاستەى گەلى کوەیتى کرد.
أ – زیانەکانى کوەیت: داگیرکردنى کوەیت لەلایەن ئێراقەوە زیانى گەورەى لەو وڵاتە دا لە ڕووى ماددى و مرۆییەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ٥٧٠ کوەیتى گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ٦٠٥ کەسی دیکەن چارەنوسیان دیار نییە، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى بوو بە هۆى ئاگر تێبەربوونى ٧٥٢ بیرى نەوتى و کە ئەوەش کارەساتى ژینگەیی بەدواى خۆیدا هێنا و هەروەها بوو بەهۆى ڕاگرتنى هەناردەکردنى نەوت بۆ ماوەیەکى دوور ودرێژ.
هەروەها ” دەستەى گشتى خەمڵاندنى قەرەبووەکان لە کوەیت” لە ساڵى ١٩٩٥ ڕایگەیاند کە زیانەکانى کوەیت گەیشتۆتە ٩٢ ملیار دۆلار، سەرەڕاى داڕوخانى ژێرخانى وڵات و خاپوربوونى دامەزراوە وکارگە حکومییەکان و دەست بەسەرداگرتنى ئەرشیفی نیشتمانى.
ب- زیانەکانى ئێراق: ئێراق لەماوەى ٤٠ ڕۆژى جەنگەکەدا سەدهەزار تەن تەقەمەنى کراوە بەسەردا، ئەمە جگە لە سەدەها تەن لە یۆرانیۆمى پیتێنراو، ئەمەش بووە هۆى کوژرانى حەفتا هەزار بۆ سەد هەزار سەربازى ئێراقی (لەبەرامبەر ٥٠٥ سەربازى هاوپەیمانان کە ٤٧٢ سەربازیان ئەمریکى بوو)، برینداربوونى ٣٠٠ هەزار سەربازى دیکە، هەروەها بەدیل گرتنى ٣٠٠٠٠ سەرباز.
سەرەڕاى ئەمانەش ئێراق بەشێکى زۆرى توانا سەربازییەکانى خۆى لەدەست دا: ٤٠٠٠ تانک، ٣١٠٠ تۆپ، ٢٤٠ فڕۆکە ( لەنێویاندا ١٤٤ فڕۆکە وەک ئەمانەتێک بەر لە بەرپابوونى جەنگ گواسترایەوە بۆ ئێران)، ١٨٥٦ ئوتومبێلى گواستنەوەى سەربازى، هەروەها سەرجەم بەرگرییە ئاسمانییەکان و تۆڕەکانى پەیوەندى وسەکۆى وەشاندنى موشەکەکان و سەنتەرەکانى لێکۆڵینەوە سەربازییەکانى و پاپۆڕە جەنگییەکانى لە کەنداودا لەدەست دا.
هێرشە ئاسمانییەکان تەواوى ژێرخانى ئێراقی لە قوتابخانەکان و پەیمانگاکان و زانکۆکان، سەنتەرەکانى پەیوەندى و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، دامەزراوەکانى پاڵاوتن و دابەشکرنى نەوت وبەندەرەکان، پردەکان و هێڵەکانى شەمەندەفەر هەروەها وێستگەکانى بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا و دابەشکردنى ئاویان خاپور کرد، ژمارەى ئەو دامەزراوە حکومیانەى کە بەشێوەیەکى تەواوەتى خاپور بوون لە ئێراقدا گەیشتە ٨٢٣٠ دامەزراوە، ئەو دامەزراوانەى کەنیمچە خاپور بوون گەیشتە ٢٠٠٠ دامەزراوە، ئەمە سەرەڕاى زیان گەیاندن بە زیاتر لە ٢٠ هەزار باڵەخانەى نیشتەجێبوون و بازرگانى.
ئەنجومەنى ئاسایش سەرجەم هەژمارە بانکییەکانى ئێراقی لە دەرەوەى ئێراق کە دەگەیشتە ٥٢ ملیار دۆلار، بلۆک کرد، ئەوەش بەمەبەستى قەرەبووکردنەوەى زیان لێکەوتووانى داگیرکردنى کوەیت (کە ژمارەیان گەیشتە ١٠٠ دەوڵەت و ڕێکخراوى نێودەوڵەتى ولەپێش هەموویانەوە کوەیت)، هەروەها ٥% داهاتى نەوتى ئێراقی بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانەکان تەرخان کرد، بەڵام کاریگەرترین بەرکەوتەکانى لەو بڕیارانەى ئەنجومەنى ئاسایشدا ڕەنگى دایەوە – بە تایبەتى بڕیارەکانى ٦٦١ و٦٦٥ و ٦٧٠ – کە ئابڵوقەى ئابورى سەر ئێراقی توندتر کردەوە و ماوەى ١٢ ساڵى خایاند.
لە ئەنجامدا کۆى دارایی ئێراق بۆ سێ هێندەى ساڵى ١٩٩١ – ساڵێک بەر لە داگیرکردنى کوەیت لەلایەن ئێراقەوە- دابەزى، هەروەها ژێرخانى ئابورى و پیشەسازى ئێراق بەهۆى هێرشە ئاسمانییەکانى ئەمریکا و بەریتانیاوە تەواو خاپور بوو، کاریگەرییەکانى دواى کۆتایی جەنگەکە مایەوە، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵى ئێراقی خوار تەمەنى پێنج ساڵان بەهۆى خراپی ڕەوشی تەندروستى و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەست دا.
سەرچاوە : الجزیرة