جەنگێکى خوێناوی بوو، لە ئەورووپا دەستى پێکرد ودواتر تەواوى جیهانى گرتەوە، بەتوندوتیژترین ملمڵانێی جیهانى دەناسرێت، زیاتر لە چوار ساڵى خایاند، نزیکەى نۆ ملیۆن مرۆڤ بونە قوربانى، سەرەتاى چەندین گۆڕانکارى گەورەبوو لەسەر ئاستى جیهان، پاڵنەرى چەندین شۆڕش بوو لە چەند وڵاتێکى جیاوازدا.
هۆکارەکانى هەڵگیرسانى جەنگ
هۆکارى سەرەکى جەنگەکە تیرۆرکردنى جێنشینى نەمسا “فرانز فردیناند” وهاوسەرەکەى بوو لەلایەن خوێندکارێکى سربییەوە بەناوى “گافریلۆ پرینسیپ” لە ٢٨ ى حوزەیرانى ١٩١٤، ئەوەش لەکاتى سەردانیکردنیاندا بۆ “سەرایڤۆ”، بەڵام توێژەران چەندین هۆکارى دیکەى ناراستەوخۆ بۆ هەڵگیرساندنى جەنگەکە دیاری دەکەن، لەسەرو هەمویانەوە تێکچونى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەرەتاکانى سەدەى بیستەوە بەهۆى ئەو قەیرانە یەک لەدوایەکانەى بەرۆکى جیهان گرتبوو، وەک :قەیرانى بەڵقان، ململانێی فەرەنسا وئەڵمانیا بەهۆى کێشە سونرییەکانیانەوە، هەروەها سەرهەڵدانى گیانى نەتەوەپەرستى وخوازیارى سەربەخۆی بوونى چەند نەتەوەیەک لەناو ئەورووپا.
زیارت لەوەش، هەڵکشانى کێبڕکێى ئابورى وبازرگانى نێوان وڵاتە ئیمپریالیستییەکان، بەمەبەستى دابەشکردنى دەسەڵاتیان لەجیهاندا، هەروەها دەستگرتن بەسەر بازاڕەکانى جیهاندا، بۆ ساغکردنەوەى زیادەى بەرهەمهێنراوەکانیان وبەدەستهێنانى کاڵا سەرەکییەکانى بەرهەم هینان، لەگەڵ ئەمەشدا، ولاتە ئیمپریالیستییەکان چەندین هاوپەیمانیتى سەربازییان دروست کرد، کەئەمەش بۆ بەهۆى کێبڕکێى نێوانیان لەڕووى سەربازییەوە وزیادبوونى خەرجییەکانیان لەوبوارەدا.
هەڵایسانى جەنگ
لە ٢٨ ى حوزەیرانى ١٩١٤، خوێندکاریکى سربی جێنشینى نەمساو خێزانەکەى لەسەرایڤۆ لەناوچەى بۆسنەو هەرسک تیرۆرکرد، دواى ئەو ڕوداوە بەمانگێک، نەمسا جەنگى لەدژى سربیا ڕاگەیاند، ئەمەش بووە هۆى بەگەڕخستنى پەیوەندییەکانى وڵاتانى ئەورووپا، بەو هۆیەوە ڕوسیا پشتگیرى سربیاى کرد وجەنگى لەدژى نەمسا ڕاگەیاند، دواتر ئەڵمانیا جەنگى لەدژى ڕوسیا ڕاگەیاند. لەسەرتاى ئەو جەنگەدا دوو بەرە بەشدارى شەڕەکە بوون ئەوانیش: ولاتانى هاوپەیمان بەسەرۆکایەتى “شانشینى بەریتانیا”، ولاتانى ناوەند بەسەرۆکایەتى ئەڵمانیا، بەڵام دواتر بازنەى هاوپەیمانیەتییەکان بەرەو فراوان بوون چوو، ئەوەش بەهۆى زیادبوونى ئەو وڵاتانەى دەچونە جەنگەوە بەڕابەرایەتى یەکێک لەو دوو بەرەیە.
جەنگەکە زیاتر لەچوار ساڵى خایاند، لەماوەى ئەو چوار ساڵەدا لە جەنگێکى ئەورووپییەوە بوو بەجەنگێکى جیهانى، قۆناغى جەنگەکە لە ئەورووپا لە ساڵانى (١٩١٤-١٩١٦) دوو شێوازى بەخۆیەوە بینى: یەکەمیان ناوبرا بەجەنگى بزاوت (بەواتاى جوڵەپێکردنى هێزەکان)، ودووەمیان جەنگى خەندەقى، لەم قۆناغەدا جەنگەکە سروشتیکى جیگیرى بەخۆیەوە بینى لەشوێنى شەڕەکاندا، تیایدا سوپاکان خەندەقیان بەرامبەر بەیەکتر لێدەدا، هەروەها چەند جۆرە چەکێکى نوێ بەکارهات وەک: تانک وفڕۆکە.
لەسالى ١٩١٥، ئەڵمانییەکان توانیان چەند سەرکەوتنێک بەسەر ڕوسەکاندا تۆمار بکەن، سەرەتا پۆلەندا وزۆربەى شارەکانى لیتوانیایان داگیر کرد، ئەوەش بەهۆى سەرکەوتنیان بەسەر ڕوسەکاندا لە جەنگى “جورلیس تارناو”.هەروەها لەهەوڵى ئەوەدا بوون کە هێڵەکانى پەیوەندى نێوان سوپاى ڕوسیا وبنکەکانیان بپچڕێنن، بەمەبەستى لەناوبردنى سوپاى ڕوسیا بەتەواوەتى. لەگەڵ ئەوەى دواتر ڕوسەکان چەند سەرکەوتنێکى لاوەکییان بەسەر ئەڵمانیەکاندا تۆمارکرد، بەڵام ئەو سەرکەوتننانە زیانى زۆرى بۆ سوپاى ڕوسیا هینا(نزیکەى ٣٥٠ هەزار دیلیان لێ گیرا)، بۆیە سوپاى ڕوسیا نەیتوانى هێزى خۆى بەدەست بهێنێتەوە، سەرکەوتنەکانى ئەڵمانیا بوو بەهۆى لەدەست دانى بەڵقان، دواتر سوپاى ئەڵمانیا ونەمسا لەڕوبارى دانوب پەڕینەوە بەمەبەستى شەڕکردن لەگەڵ سربەکاندا وزیانێکى زۆریان پێگەیاندن.
لەهەمان ساڵدا، ئەڵمانییەکان توانیان چەندین سەرکەوتنى دیکە لەچەند بەرەیەکى دیکەى جەنگەکەدا تۆمار بکەن، هەروەها بەرەکەیان توانى بەتەواوەتى خۆى ڕابگرێت لەبەردەم هێرشەکانى سوپاى هەریەک لە فەرەنسا وبەریتانیا.
لەساڵى ١٩١٦، جەنگەکە گەرمتر بوو، لەوسالەدا جەنگى “فەردان” ڕووى دا کەحەوت مانگ بەردەوام بوو، هەروەها جەنگى “سوم” کە چوار مانگى خایاند، هەردوو جەنگە لەناو خاکى فەرنسادا ڕوویاندا، لەو جەنگەدا بۆ یەکەم جار تانک بەکارهێنرا، ئەمەش بوو بەهۆى پاشەکشەکردنى سوپاى ئەڵمانیا، هەروەها تەواوى سوپا مەشق پێکراوەکەى لەناوچوو، ئەمەش ناچارى کرد کە پشت ببەستێت بەبەکارهێنانى سەربازە لاوەکان.
بەشداریکردنى ئەمریکا
ساڵى ١٩١٦، بەجەنگى ژێر دەریایی دەناسریتەوە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ هاتنە ناوەوەى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، لەو ساڵەدا، لەدەریاى باکور، شەڕیک لەنوان سوپاى دەریایی ئەڵمانیا وبەریتانیا ڕووى دا، پی ى دەوترێت شەڕى “گارتلاند”. ئەلمانیا دواتر هەوڵى دەدا کەهەر کەشتییەکى بازرگانى ڕوو دەکاتە بەریتانیا نوقمى دەریاى بکات، ئەوەش بەمەبەستى برسیکردنى بەریتانیا وناچارکردنى بە خۆبەدەستەوەدان، لەنیو ئەو کەشتییانەدا، چەند کەشتییەکى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا کرابونە ئامانج، ئەمەش واى کرد کە ئەمریکا لەبەرەى وڵاتانى ویفاق بچیتە جەنگەوە، بەوەش جەنگەکە بوو بەجەنگێکى جیهانى.
پێش جەنگەکە ئەمریکا سیاسەتى “مۆنرۆ” ى پەیڕەو دەکرد، کەبریتى بوو لەبێ لایەنى ئەمریکا لەئاستى سیاسەتى دەرەوەیدا بەرامبەر بەئەورووپا، هەروەها ڕێگەى نەدەدا بەهیچ وڵاتێکى ئەورووپی کەدەست وەربداتە سیاسەتى ناوخۆى ئەمریکاوە، بەڵام دواتر سەرکردەکانى ئەمریکا وایان بەباش زانى کەبەرژەوەندى ئەمریکا لەودایە کە سوود لەجەنگەکە وەربگرێت. لەبەرامبەردا ئەڵمانییەکان سوودیان لەشۆڕشی بەلشەفییەکان لەڕوسیا بینى کەلە ئۆکتۆبەرى ١٩١٧دا ڕووى دا، دواتر بەلشەفییەکان ڕێککەوتننامەى “برست لیتوفسک” ى ئاشتیان واژۆکرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە، ڕوسیا لەجەنگەکە هاتە دەرەوە.
ئەم هاتنە دەرەوەیەى ڕوسیا لەجەنگەکە، هانى ئەڵمانییەکانى دا کە سوپاکەیان بگوێزنەوە بۆ بەرەى فەرەنسییەکان و بەریتانییەکان، لە ٥ ى مارسی ١٩١٨، ئەڵمانیەکان توانیان سوپاى بەریتانیا تێک بشکێنن، دواتر شەرى گەورە لەنێوان هەردوولا بەردەوام بوو، لەئەنجامدا زیانى گیانى وماڵى گەورەى لێکەوتەوە. لەبەرامبەردا، هاوپەیمانەکان سوودیان لە هاتنە ناوەوەى ئەمریکا وەرگرت، بەشیوەیەک کەئابلوقەیەکى سەختیان بەسەر ئەڵمانیادا سەپاند، کەبوو بەهۆى لاوازکردنى، لەگەڵ هاتنى هاوینى ساڵى ١٩١٨، ڕۆژانە دەهەزار سەرباز ڕەوانەى فەرەنسا دەکران. لەگەل ئەمەشدا وڵاتە یەکگرتووەکان کەشتى جەنگى “سکوبافلو” ى نارد بەمەبستى یارمەتیدانى کەشتى تێکشکینەرى بەریتانى “گراند”، لەئەرکى پاراستنى کاروانە بازرگانییەکاندا، هەروەها چەند فەوجیکى دەریاوانى نارد بۆ فەرەنسا.
بەمەبەستى بەرگرتن لەو هەوڵانە، ئەڵمانیا لە بەهارى ١٩١٨، هێرشێکى بەرفراوانى دەستپێکرد بەمەبەستى پەرتکردنى بەرەى بەریتانیا وفەرەنسا، ئەوەش پێش ئەوەى کە هاریکارییە سەربازییەکانى ئەمریکا بگات بەئەورووپا، بەڵام لە ئابی ١٩١٨ هێزەکانى ولاتانى هاوپەیمان هێرشێکى توندیان ئەنجام دا، کەبوو بەهۆى پاشەکشەکردنى ئەڵمانیا، هەروەها ناچارى کرد کەداواى ئاگربەست بکات. دواى ئەو هێرشە یەک لەدوا یەکانە، هێزە سەربازییەکانى وڵاتانى ناوەند شکستیان هێنا، سەرەتا بولگاریا خۆى بەدەستەوەدا، دواتر ئەڵمانیا لە١١ ى تشرینى دووەمى ١٩١٨ ڕێککەوتننامەى ئاگربەستى واژۆکرد، لەکاتژمێر یانزەى هەمان ڕۆژ ڕێککەوتننامەکە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
خەسارەتەکان
جەنگەکە بوو بەهۆى کوژرانى زیانى لە نۆ ملیۆن کەس، ژمارەیەکى زۆر کەمئەندام بوون ودیار نەمان، هەروەها لەڕووى ئابورییەوە، بوو بەهۆى بلاوبوونەوەى هەژارى وبیکارى، ئەو ولاتانەى کەبەشدارى جەنگیان کرد، کەوتنە ژێر بارى قەرزێکى زۆرەوە، بەوەش دەسەڵاتى داراییان لەسەر ئاستى جیهان لاواز بوو، لەبەرامبەردا هەریەک لەوڵاتە یەکگرتووەکان وژاپۆن، لەڕووى داراییەوە دەسەڵاتیان بەرەو هەڵکشان چوو.
بەهۆى جەنگەکەوە، سنورى جوگرافى ئەورووپا گۆرانکارى بەسەردا هات، هەندیک لەخیزاندارە فەرمانرەواکان وئیمبراتۆریەتەکان لەناوچوون، بەمەش ژمارەیەک ولاتانى دیکە دروست بوون، هەروەها لەئەنجامى جەنگى جیهانى یەکەمەوە، شۆڕشی بەلشەفییەکان سەرى هەڵدا، لەئەنجامدا سیستەمى سۆسیالیستى لەچوارچیوەى یەکێتى سۆڤێتدا جێبەجیکرا.
سەرچاوە
الجزیرة