سەرەتا
دەزگای ئاسایشی ئەفغانستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاندووە کە”عەبدوڵا ئۆرکەزی” ناسراو بە “ئیسلام فاروقی” ڕابەری دەوڵەتی ئیسلامی ویلایەتی خوراسان (کە لقێکی ڕێکخراوی داعشە) لەگەڵ 19 کەسی تر لە هاوکارەکانی، لەوانە: (قاری زاهید و سەیفوڵا ناسراو بە ئەبو تەڵحەی پاکستانی) لە ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجدار و ئاڵۆز، دەستگیر کردوون.
هەروەها لە ڕاگەیەنراوەدا هاتووە: دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان، شێوازێکی تازە و گشتی گرتۆتە بەر کە، سەرکردە سەرەکییەکانی تۆڕە تیرۆریستییەکان و نێودەوڵەتییەکان کە دەبنە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان، دەکرێنە ئامانج.
پرۆسەكە ئاڵۆزە
دەستگیرکردنی “ئیسلام فاروقی” شەشەمین ڕابەری ئیسلامی ویلایەتی خوراسان، لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان، هەتاوەکو ئێستا ئاڵۆز و ناڕوون ماوەتەوە.
هێشتا دیار نییە چۆن و لە چەند ماوەدا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام دراوە؟ بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە دەستگیرکردنی، چی گۆڕانکارییەک لەسەر ئاستی ڕابەرایەتی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ویلایەتی خوراسان دروست دەکات.
ئەم بابەتە هەوڵ دەدات، وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە لەدوای “ئیسلام فاروقی” چی گۆڕانکارییەک لەسەر پێکهاتەی ڕابەرایەتی و ڕێکخراوەیی و ستراتیژەکانی ئایندەی دەوڵەتی ئیسلامی ویلایەتی خوراسان دروست دەکات.
بەشێوەیەکی گشتی، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ویلایەتی خوراسان لە ساڵی 2015 لەدوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام گەیشتە ئەوپەڕی هێز و دەسەڵاتی خۆی، بە ڕابەرایەتی “عەبدولڕەئوف خادەم” بەیعەتیان بە “ئەبوبەکر بەغدادی” ڕاگەیاند.
هەوڵەكانی داگیركردنی ناوچەكانی ئەفغانستان
ئەم گروپە، بە داگیرکردنی ناوچەکانی “ئاچین و نازیان و کوت” بەدوای ئەوەوە بوون بۆ ئەوەی بتوانن سەرەتا دەست بگرن بەسەر ویلایەتی نەنگەرهاری ئەفغانستان و پاشان دەسەڵاتی ویلایەتەکەیان لە ناوچەکانی خوراسان کە وڵاتەکانی ئەفغانستان و ئۆزبەکستان و تاجیکستان و ئێران لەخۆ دەگرێت، فراوان بکەن، بەڵام لەهەمان ساڵدا “عەبدولڕەئوف خادەم” لەلایەن هێرشی هێزی ئاسمانیی سوپای ئەفغانستان، کوژرا.
دوا ئەو:(حافز سەعید،عەبدولحەسیب لوگەری، ئەبو سەعید باجوری و ئەبوبەکر خوراسانی) یەک لەدوای یەک، لەدوای عەبدولڕەئوف خادەم، ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە ویلایەتی خوراسانیان کردووە.
لە کۆتاییدا، ئیسلام فاروقی، لەساڵی 2019 دا، بەهۆی بێ توانایی ئەبوبەکر خوراسانی لە بەڕێوەبردنی ئەم ڕێکخراوە، بوو بە ڕابەری لقی خوراسانی دەوڵەتی ئیسلامی.
دوو شێوازی ڕابەرایەتی
لەناو گروپە جیهادییەکانی سەردەمدا، بابەتی پێکهاتەی ڕابەرایەتی، بە دیاردەیەکی زۆر گرنگ هەژمار دەکرێت. لەڕووی پێکهاتەی ڕێکخراوەییەوە، دوو شێوازی جیاواز لەناو گروپە جیهادیی و توندڕەوەکاندا هەیە. یەکەمیان ڕابەری ناوچەیی. ئەوی تریان ستراتیژی ناوچەیی.
لە شێوازی ستراتیژی ناوچەییدا، ڕێکخراوی جیهادیی، جەخت لەسەر ستراتیژێکی دیاریکراو دەکات کە هەرجۆرە گۆڕانکارییەک لە زنجیرەی قۆناغەکانی ڕێکخراودا، گۆڕانکاری لە ستراتیژیەتی گشتی ڕوو نەدات.دەتوانین ئەم شێوازە لە ڕێکخراوی داعشدا ببینین.
لەگەڵ ئەوەی هەریەک لە ڕابەرەکانی داعش کە:(ئەبوحەمزەی موهاجیر، ئەبو عومەر بەغدادی، ئەبوبەکر بەغدادی و ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی) بوون، یەک لە دوای یەک، کوژران وپاشان ڕابەری تر جێگای گرتوونەتەوە، بەڵام ستراتیژ و ئامانجەکانی داعش کە دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی بوو، هەر وەکو خۆی ماوەتەوە و ڕابەرە تازەکان، یەک ستراتیژی دیاریکراویان گرتۆتە بەر.
هەتاوەکو ئێستاش (لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێراقدا)، لەلایەن داعشەوە، هێرش و چالاکییەکانیان بەردەوامە و دەزگاکانی ئاسایشی ئێراق، جارجارە ڕووبەڕوی هەڕەشەکانی داعش دەبنەوە.
ڕابەرایەتی ناوچەیی
لە شێوازی ڕابەری ناوچەییدا، بارودۆخەکە جیاوازە. ڕێکخراوە جیهادییەکان کە جەخت لە ڕابەر دەکەنەوە، تەمەنێکی کورتیان هەیە. لێرەدا، مردنی ڕابەر، بەواتای مەرگی ڕێکخراوەکە دێت. پاڵپشتی سەرەکی لەم جۆرە ڕاکخراوانەدا، لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ڕابەر دەوەستێت.
هەرکاتێ ڕابەر بمرێ یان لەناو بچێ، ئەوا ڕێکخراوەکە تووشی بۆشایی ڕابەر دەبێتەوە و، فەرماندە ناوەندییەکان و شەڕکەرە پلە نزمەکانیش دەکەونە بەر کاریگەریی نەبوونی ڕابەر. ئەو بابەتە، سەبارەت بە دەوڵەتی ئیسلامی ویلایەتی خوراسان، ڕاستە.
مەرگی ڕابەرەكان و چارەنوسی ڕابەرایەتی ناوچەیی
لەگەڵ ئەوەی عەبدولڕەئوف خادەم بەدوای ئەوەوە بوو کە دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچەی خوراسان، بەرفراوان بکات، بەڵام لەپاش مەرگی هەر ڕابەرێک، ئەو ئامانجە بچوکتر بۆتەوە و گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە شێوازی جەنگ و چالاکییەکانیان، دەبینرێت، بەجۆرێک کە، هەموو چالاکییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ویلایەتی خوراسان، سنووردار بووە و چڕ بۆتەوە لە چوارچێوەی هەردوو ناوچەی بچووک لە باشووری نازیان و ئاچین لە ئەفغانستان. وا دەردەکەوێت کە بە نەمانی ئیسلام فاروقی، گروپی داعش لە ویلایەتی خوراسان لە ئەفغانستان، زیاتر لە جاران لاواز ببێت.
چارەنووسی شەڕکەرەکانی پلە نزمەکان لەو گروپانەی کە ڕابەرایەتی ناوچەیی پەیڕەو دەکەن، جیاوازە. زۆربەی ئەو کەسانەی کە پەیوەست بوون بە داعشەکانی لقی خوراسان، بەهۆکاری مادی و ئابووری، بەتەواوی لە گروپەکانی پێشوو (لەشکری تەیبە، تۆڕی حەقانی و بزتنەوەی تاڵیبانی پاکستانی)جیا ببوونەوە.
سێ ئەگەری گرنگ
سێ ئەگەری جیاواز هەیە سەبارەت بە چارەنووسی شەڕکەرە پلە نزمەکان:
ئەگەری یەکەم: گەڕانەوەیە بۆ ژیانی ئاسایی.
ئەگەری دووەم: پەیوەستن بە گروپە تیرۆریستی و شەڕەکەرەکانی تر.
ئەگەری سیهەم: خۆڕادەستکردنە بە هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان.
بەپێی ئەوەی کە لە ڕابردوودا ڕوویان داوە، ئەگەری دووەم و سێهەم، زیاتر بەرچاو کەوتووە. زۆربەی شەڕکەرەکانی داعشی لقی خوراسان، پەیوەندییان بە گروپەکانی تری وەکو تۆڕی حەقانی کردووە، یانش خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان کردووە.
دواجار
بە دەستگیرکردنی ئیسلام فاروقی، شەشەمین ڕابەری داعشی لقی خوراسان، وا پێدەچێ کە تەمەنی ئەم گرووپە، کۆتایی پێهاتبێت. ئەم ڕووداوە لەوانەیە سروشت و گرنگیی ئاشتەوایی و شەڕ لە ئەفغانستان بگۆڕێت.
زۆربەی توێژەرەکان لەو بڕوایەدا بوون کە، بەهۆی ئاشتەوایی لەنێوان تاڵیبان و دەوڵەتی ئەفغانستان، ئەندامە ناڕازییەکانی گروپی تاڵیبان، بچنە نێو ڕێزەکانی داعشی لقی خوراسانەوە و داعشی خوراسان، ببێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدارتر بۆ دەوڵەتی ئەفغانستان. لاوازبوونی ڕێکخراوی داعشی لقی خوراسان لە لایەک و نەمانی ڕابەرەکەیان لەلایەکی ترەوە، ترسی خستۆتە نێو شەڕەکەرەکانی پلە نزمەکان و فەرماندە نێوەندییەکانەوە و سەرلێشێوانێک لەنێوان هێزە ناڕازییەکانی تاڵیبان دەبینرێت و داهاتووی خۆیان بە لاوازی و پێگەی لەق دەبینن.
ئەندامی باڵای سەنتەری توێژینەوەی سیاسی لەكابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، تایبەت بۆ چاوی كورد دەنوسێت