ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام، ئەمیری گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی سونە مەزھەب و گەورە تیرۆریستی جیھانی و یەکەم کەسی داواکراو لەسەرتاسەری جیھان، لەڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە خۆی خزاندەوە ناو باس و خواسە سیاسییەکان و میدیاکانی جیھان.
ئەم ڕووداو و جوڵەیە بۆچی لەم ساتەدا و لەم بارودۆخەی ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا؟
ئایا چ پاڵنەرێک ھەبوو ھەتا لەم ساتەدا دەرکەوێتەوە، ئێران سزا ئابورییەکان لەسەری چڕتر کراوەتەوە، گەورەترین کەشتیگەلی جەنگی ئەمریکا بەتەواوی ھێزەوە ھاتونەتە سنورە دەریاییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، جیاواز لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست (عومەر حەسەن بەشیر)ی دیکتاتۆری سۆدان لەسەر کار لابراوە و بوتەفلیقەی جەزائیر ناچارکراوە کورسی دەسەڵات و خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکەی جێبھێڵێت، ھاوکات تورکیاش لەلایەن لیبییەکانەوە تۆمەتباردەکرێت بەوەی دەستوەردانی ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆی بۆ کاروباری ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و تیرۆریستان ھەناردەی وڵاتەکەیان دەکات، ئەم ھەموو ڕووداوە گەرمە ئایا دەرکەوتنەوەی بەغدادیشی پێویست بوو؟
بۆ ئەوەی تۆزێک باشتر لەئەرکی بەغدادی و ڕێکخراوەکەی تێبگەین، پێویستە لایەنی کەم بۆ ساتی سەرھەڵدانی بەغدادی و رێکخراوەکەیی و دەوڵەتەکەی خەلافەت بڕوانین، سەرھەڵدانی دەوڵەتی خەلافەت لەسوریا و بەتایبەت پارێزگای ڕەققە بۆچی بوو؟ بۆچی لەتەواوی ئێراقدا توانیان موسل و ئەنبار کۆنترۆڵبکەن؟ بەتایبەت بۆچی موسڵ بەو ساناییە کەوتە دەست ھێزێکی چەکدار کەمی نزیک بەسێ ھەزار چەکدار کە تازە کەوتوونەتە مەیدانی سیاسی و سەربازی؟ لەکاتێکدا ژمارەی ھێزە ئێراقییەکەی ناو پارێزگای نەینەواو و شاری موسڵ پێکھاتبوو لەھەردوو فیرقەی دوو و سێی سوپای ئێراق، کە ژمارەیان ٣٠,٠٠٠ سی ھەزار سەرباز بوو، فیرقەیەکی پۆلیسی فیدراڵی کە ١٠,٠٠٠ دەھەزار پۆلیس بوون، ھێزی پۆلیسی ناوخۆی موسل کە لە ٣٠,٠٠٠ سی ھەزار پۆلیسدا خۆی دەبینییەوە، ئەو ھێزە ٧٠,٠٠٠ ھەفتا ھەزار چەکداری مەشق پێکراو و خاوەن جبەخانە و چەکی پێشکەوتوو، کە ژمارەیەک تانکی ئەبرامز و فرۆکەی ھێرشبەر و بەرگری جەنگیشیان لەدەستدابوو، بەرامبەر بەھەندێک چەکی ئۆتۆماتیکی دەستیی نەیانتوانی بەرامبەر ببنەوە؛
کەوتنی موسڵ چی بە داعش و بەغدادی بەخشی؟
ئەو ھێزە کە لەقۆناغی سەرەتای دروستبووندا بوو لەموسڵدا زیاتر لەدوو ھەزار ئەندامی بەندکراوی ناو زیندانەکانی دەستخستەوە، ھاوکات سەرمایە و نەختینەی ناو بانکەکانی موسڵ و پێداویستی و چەکێکی بێشوماری سوپای پاشەکشە پێکراوی مالیکی، یان ڕاستتر و بەڕاشکاوی بڵێین سوپای شیعە، کە بەپلان ئەو کارەیان ئەنجامدا، ئەو ھێزە بێ چەک و تفاقەیان کرد بەخاوەنی ٢٣٠٠ دوو ھەزار و سێ سەد ھەمەری سەربازی و، فرۆکەی ھێرشبەر و بەرگری سەربازی و ھیلیکۆپتەر کە لەفرۆکەخانەکانی ئەو شارەدا جێھێڵدران، ھەر ئەوەندەشیان بەس بوو بۆ ئەوەی لەو پانتاییە بەرفراوانەی خاکی ئێراق و سوریا کەڕووبەرەکەی ھێندەی خاکی وڵاتی ئیتاڵیا دەبوو، دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی سەر بەباڵی تیرۆری سوونە دابمەزرێنن.
ھۆکارەکانی ھاریکاریکردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە لایەن شیعەکانەوە؟
ئایا ھۆکار چی بوو بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە لەلایەن شیعەوە ھاوکاری بکرێت و ئەو ناوچەیە وەک دیاری پێشکەش بکەن بە بەغدادی و دەوڵەتەکەی ئەوانیش لەم چەند خاڵەدا خۆیان دەخەنە ڕوو:
١- ئەوەی تیرۆریستە، شیعەکان نین بەڵکو سونەی ناوچەکەن و بەوەش تاوانبارکردنی ئێران فۆکسی لەسەر کەم دەبێتەوە، ھەر بەو ئامانجەش (قاسم سولەیمانی) کرا بە جەنراڵ و سەرکردەی ھێزی ڕووبەڕووبونەوەی شیعەکان دژ بە بەغدادی لە ھێرشەکانیان بۆ سەر بەغدا و پارێزگاریکردن لێی.
٢- گەیاندنی ھێزی سوپای پاسداران بۆ قوڵایی خاکی سوریا و گەیشتنیان بەسنورەکانی ئیسرائیل کە بەدوژمنی سەرسەختی خۆیان ئەژماری دەکەن و بەوەش دروستکردنی ھێڵێکی بەرگری کە بتوانێت ئێران لەدوورترین خاڵەوە بپارێزێت ئەویش لەبن دەست و سەر سنوری بەناو دوژمنەکەی.
٣- گەیشتنی بەسنورەکانی دەریای ناوەڕاست بەتایبەت لەو جوگرافیایەی ھێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی ھاوپەیمان لەخواری لوبنان دەستەڵاتی بەسەریدا ھەیە.
٤- درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی شیعە کە کۆماری ئیسلامی ئێران رابەرایەتی دەکات و بەھێزتربوونی و بەرفراوانبوونی لەناوچەکەدا.
٥- درێژبوونەوەی دەسەڵاتەکەی لەئێرانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەغدا و دیمەشق و بەیروت گەیشتن بەو خەونەی کە بە کەوانە یان (ھیلالی شیعی) ناسراوە.
ئایا ئەم دەرکەوتنەی ئێستا و لەم دۆخەدا کە ئێرانی پێدا تێدەپەڕێت بۆ ھەمان ئەو ئامانجانەی سەرەوە و بەھێزکردنەوەی ئێران و درێژکردنەوەی تەمەنی شیعەکان نییە لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا؟
لەگرتە ڤیدیۆییەکەی ئەم ڕۆژانەی ڕابردوودا بەغدادی لەڕێگەی نماکانییەوە چی دەڵێت و چی جیاواز بەدی دەکرێت لە یەکەم بینینەوە؟
بەغدادی لەگرتە ڤیدیۆییەکەی پێنج ساڵ پێش ئێستادا بە پلیکانەی مینبەرێکدا سەردەکەوێت بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەی، بەڵام لە ڤیدیۆ نوێکەیدا بێ جوڵە پاڵی بە دیوارێکی سپییەوە داوەتەوە؟! ئایا مەبەستێتی بڵێت من لەسەر تەختی فەرمان ڕەوایی خۆم ماوم و تەواوی دەسەڵاتم ھەیە ھەرچەندە چەند سەرکردەیەکی جیاخوازم بەرامبەرم بوونەوە، پێدەچێت وەھا بێت.
بەڵگەی زۆر گرنگیش ئەوەیە لەڕێگەی نمایشکردنی چەند دۆسییەیەکەوە ژمارەیەکی زۆر وڵاتی کردووە بەویلایەتی دەوڵەتی خەلافە، کە نزکترینیان لەسنوری دەوڵەتە لەدەستچوەکەیەوە (تورکیا)یە و دورترینیشیان (فەرەنسا)یە لەکیشوەری ئەورووپا و (بۆرکینا فاسۆ)یە لەخۆرئاوای کیشوەری ئەفریقیا و قسەکردنی لەبارەی تەقینەوەکانی سریلانکاش ئاماژەن بۆ ئەوەی، ئەگەر خەلافەت لەسەر زەوی و بەشێوەیەکی جوگرافی بوونی نەمابێت ئەوا بەھۆی شانە نھێنییەکانی لەنیوە زیاتری گۆی زەویدا بوونی ھەیە و دەتوانێت ببێتە مەترسی زۆر گەورە بۆ سەر بەرژەوەندی ھەموو لایەک لەم جیھانەدا.
یەکێکیتر لەو ئاماژانەی بەغدادی بەنماکانی پەخشیکردوە، پەیام بەئەندامانی ڕێکخراوەکەی دەدات کە لە تەندروستییەکی باشدایە و تەنانەت شوێنیشی باشە، بۆ چەواشەکردنی نەیارەکانیشی بەو جۆرە لەمشەمای سپی دیوارەکانی داپۆشیوە ھەتا بەو جۆرەی نیشان بدات کە لەژێر زەوی یان ئەشکەوتێکدایە.
ھۆکارێکی دیکەی دەرکەوتنی بەغدادی دوور نییە بەو ئامانجە بێت کە سەرجەم تێڕوانینەکان لەم ساتی شڵەژاوییەی ناوچەکەدا بۆخۆی ببات ھەتا لەجوڵەیەکی پەنھان و گەورەتر دوور بخاتەوە و سەرقاڵ بکات.
بەدووریش نازاندرێت بۆ پەلکێشکردنی زیاتری ئێران بێت بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی ھەڵەو بەوەش پێی بخاتە داوی بەرەی ھاوپەیمانی جیھانی دژی تیرۆر، ھەتا لەو ڕێگەیەوە ئێران و سیستەمە دەسەڵاتدارییەکەی ھاوشێوەی سیستەم و فیگەرە ماوە بەسەر چووەکانی وەک (سەدام، موبارەک و قەزافی … ھتد) کۆتایی پێبھێندرێت.
ئاماژەیەکی تری دەرکەوتنی بەغدادی لەم ساتەدا دوور نییە بۆ ئەوەبێت کە گرەوی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکای پێوە نەبەسترابێتەوە، لەوەشدا دوو ئەگەر ھەیە:
ئەگەر لەماوەی دوو بۆ سێ مانگی تر ھەواڵی کوشتنی بەغدادی، گەرچی وەک ئەوەی (ئوسامە بن لادن)یش تەم و مژاوی بێت بڵاوبکرێتەوە، ئەوا ئیدارەی ئەمریکا مەبەستیەتی کە (دۆناڵد ترامپ) وەک سەرۆک بۆ ماوەیەکی زیاتر بمێنێتەوە، ئەگەر سیناریۆی کوشتنەکەشی کەوتە دوای ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەوا بۆ دەرخستنی سەرۆکی ئایندەی ئەمریکایە وەکو پاڵەوانێکی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان.
دکتۆرە (دینا لیسانەنسکی) توێژەر لەبواری ئیسلامی توندرەو و لەزانکۆی تلەڤیڤ دەرکەوتنی بەغدادی بەو شێوەیە لێکدەداتەوە، کە نیشاندانی گوژم و تەکان و خۆ جۆشدانەوەی ئەبوبەکر بەغدادیە بۆ سەرخستنەوەی داعش لەپێناو پێکھێنانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و گرتنە دەستی ناوچەیەکی جوگرافی بەرفراوانتر و جیاوازتر لەوەی پێشتر لەخاکی عێراق و سوریا ھەیبووە، بەڵام وەک سەرەتا خواستێتی پێناسەی ڕووداوەکانی ماوەی پێشوو بەسەری ھاتووە بەو جۆرە پێناسە بکات کە ھەڵچوون و داچوون و شکست و سەرکەوتن بەسەر ھەموو جوڵانەوەیەکدا دێت و داعشیش بەدەر نییە لەو شکست و سەرکەوتنانە و لەبەردەوام بونیشدا ھەر دەگەنەوە ئامانجە سەرەکییە کە دروستکردنی دەوڵەتی خەلافەتە.
گەمەی دەستگا ھەواڵگرییەکان و ڕێکخراوەکەی بەغدادی گەمەیەکی ئاڵۆزی بەیەکدا چووە و گەیشتن بەشیکارییەکی دروست ئەستەمە ئەوەی دەمێنێتەوە چاوەڕوانییە ھەتا لەوە بەباشی تێبگەین بۆ چی ئەبوبەکر بەغدادی دوای ڕوخانی دەوڵەتەکەی و ڕێکخراوەکەی دەردەکەوێتەوە لەناو ئەو گرتە ڤیدیۆییەدا دان بەشکستدا دەنێت، ھاوکات بەڵێن دەدات کە بە بەردەوامی لەجیھادکردن سەرکەوتن بەدەست بھێنێت.