هاووڵاتیبوون، وەک چەمکێکی سێنتراڵی نێو سیستمی دیموکراسی، بەیەکێک لە ڕەکیزە گرنگەکانی چەسپاندنیی دیموکراسی دادەنرێت. واتە؛ بێ بوونی دیموکراسی قسە و باس لەبارەی هاوڵاتیبوونەوە، هیچ ماناو دەلالەتێکی نییە؛ لەهەر شوێنێک دیموکراسی بوونی نەبێت، هاووڵاتیبوونیش یاساغە.
پێناسەی (هاووڵاتیبوون) وەک ئەوەی لە ئینسکلۆپیدیای بەریتانی پێناسەی دەکات:- بریتییە لە ” پەیوەندی نێوان تاک و دەوڵەت، بەو شێوەیەی یاسای ئەو دەوڵەتە دیاری دەکات. هەروەها ئەو ئەرک و مافە ئاڵوگۆڕانەی کە لە پەیوەندییەکەدا هەیە، لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە”.
(هاووڵاتیبوون)، بەتەنها چەمکێکی سیاسیی ئەبستراکت نییە، بەڵکو ڕەهەندیی سۆسیۆلۆژیی و مۆڕالیشی هەیە. شوێن و بەهای تاک لەنێو کۆمەڵگادا، بەرپرسیارێتییەکی هیومانیی هەموو سیستمێکیی سیاسییە. بەگشتی پرسی هاوڵاتیبوون، پرسێکی پڕ لە باس و خواسە، کێ هاوڵاتییە؟ ئەرک و مافی هاووڵاتی چییە؟ هێشتا زۆرێک لە هاووڵاتیان لە وڵاتانی جیاجیادا، لەسەرەتای ئاشنابوونن بەم چەمکە، هێشتا هەندێک لە هاووڵاتی، بەتایبەت لەوڵاتانی تازە گەشەسەندو، شوناسی مەدەنییانەیان بە هاووڵاتییەکانیان نەداوە. شوناسی مەدەنی: واتە هاووڵاتیانی کۆکن لەسەر بەهاو پرنسیپێکی هاوبەش، بێ جیاوازیی ڕەنگ و ئایین ونەتەوە.
دەتوانین بڵێین هاووڵاتیبوون:- پەیوەندییەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکان و کۆمەڵگای سیاسییە. لە ئێستادا لە کۆمەڵگەی دیموکراتی هاووڵاتیبوون پەیوەست نییە بە شوێنی لەدایکبوون، یاخود دایک و باوک خەڵکی ئەو شوێنە بن، بەڵکو کەسانی تریش دەتوانن ببنە هاووڵاتی ئەو وڵاتە. هاوڵاتیبوون، وەک تێرم دەگەڕێتەوە بۆ 300-500ساڵ پێش زایین. بۆ یەکەمجار بەو مۆدێلەی لای گریک پەیڕەو کراوە. کە جۆرێک بووە لە دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، پێی دەوترێت(کۆماری مەدەنی). واتە؛ لەسەردەمی دەوڵەتە شاری یۆنانی، کولتوور بەستێنی ڕاستەقینە بووە بۆ پێناسەی هاووڵاتی. لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەکان، ئەو هاووڵاتیانەی دەکەونە سنووری ئیمپراتۆریەتەکەوە، بە هاووڵاتی دادەنران. قۆناغی پاش شۆڕشیی فەڕەنسیش کە هاوکاتە لەگەڵ هاتنە ئارای دەوڵەت- نەتەوە، سەرەتایەکی نوێ بوو بۆ هاتنە کایەی کولتوور، وەک بنەمایەک بۆ پێناسەی هاووڵاتی.
لە سەدەی 17، مۆدێلێکیی تری هاووڵاتیبوون هاتە ئاراوە، کە هاوڵاتیبوونی لیبراڵە، واتە مۆدێلیی دیموکراسیی نوێنەرایەتی. ئەم فۆرمەی هاوڵاتیبوون ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆمانەکان. ئەرستۆ ڕای وایە”هاووڵاتی بوونەوەرێکی سیاسییە، هەر دوو ڕۆڵی دەسەڵاتدار و دەسەڵات بەسەرداکەر دەبینێت”.
لیبرالەکان باوەڕیان وایە کە هاووڵاتی ئەرکیشی هەیە، کە بە پێی یاسا دیاریکراوە، وەک باج دان.
لەسەدەی هەژدە ونۆزدەش، بازنەی مافەکان زیادکرا. مافی ئابووری وموڵکداریشی گرتەوە.
لەسەدەکانی تر، تادێت بازنەی مافەکانی هاووڵاتی زیاتر فراوانتر دەبێت. کە پێویستیی کردووە لەسەر وڵاتان کە کولتووری جیاواز لە خۆبگرن، ئازادیی زیاتر فەراهەم بکەن. فرەیی ئایینی و ڕێزگرتن لە ئایدۆلۆجییای جیاواز. بەشداریی لە سەقامگیریی ئاسایشی جیهانی و ئابووری جیهانی. پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانەو دیبلۆماسییانە.
ڕەگەزەکانی هاووڵاتیبوون:
٭ناسنامەی مەدەنی. واتە بوونی شوناسیی مەدەنی بۆ هاووڵاتیان، پێش شوناسی ئایینی و کولتووری و نەتەوەیی.
٭ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی هاووڵاتی.
٭ڕێزگرتن و قبوڵکردنی بەها کۆمەڵایەتییە باڵاکان.
٭مافەکانی هاووڵاتی، کە بریتین لە مافە سیاسیی وئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.
٭بەرپرسیارێتیی هاووڵاتی لە ڕۆڵ بینین لە کاروباری گشتی.
ئەرکەکانی هاووڵاتی بریتین:- لە پێدانی باج، بەرگریی لە کیانەکەی، پەیڕەوی لە یاساکان، بەشداریی کارا. مافەکانی هاووڵاتیش بریتین:- لە یەکسانی لەبەردەم یاسا، بەشداریی سیاسی، کە ئەمەش بەپێی دەستووری وڵاتان دەگۆڕێت.
چەسپاندنی چەمکی(هاووڵاتیبوون)، پێویستی بە سیستمێکی پەروەردەیی دیموکراسییە. بەگشتی لە ئێراقدا، تێنەگەیشتنێکی گەورە هەیە بۆ ئەم چەمکە؛ بەهۆی نەبوونی ناسنامەی مەدەنی هاووڵاتی، بوونی بەربەستە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان وادەکەن تاکەکان بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستن و بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاو نەگرن. بەهۆی بوونی نادادپەروەریی و گەندەڵی و تووندوتیژی وایکردووە کە تاک ئەرک و مافەکانیی خۆی نەناسێت. سەرەڕای کەموکورتییەکان لە کوردستان، تاڕادەیەک دۆخەکە لەبارترە، ئەوەی گرفتە نەبوونی سیستمێکیی پەروەردەییە، کە چەمکی هاووڵاتیبوون بهێنێتە ناسین.
دەوڵەتان ناسنامەیەکیی نەتەوەیی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەڵبەت ئەم ناسنامەیەش لە وڵاتێکی گەشەسەندوو جیاوازە لەوڵاتانی تری وەک جیهانیی سێیەم؛ بەو پێیەی پێناسەی ناسیۆنالیزم لەوڵاتان جیاوازە، بەنمونە، ئەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا پەیڕەودەکرێت، ناسنامەیەکی نەتەوەییە بۆدەوڵەت؛ بەڵام هاوڵاتیان بەشێوەیەکی یەکسان تەماشا دەکرێت و مافەکانییان فەراهەم دەکرێت.
بەڵام ناسنامەی نەتەوەیی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو؛ کولتوور، ئایین یان زمان ی بەشێک لەهاووڵاتیان، زاڵ دەکرێت بەسەر ئەوانی تردا. ئەمەش دەبێتە دەروازەی سەرهەڵدانیی ململانێی شوناسی سەردەست و ژێر دەست. کە دەبێتە گرفت لەهەمبەر چەمکی هاووڵاتیبوون.
دواتر قۆناغی بەجیهانیبوون، دووبارە پێناسەی هاووڵاتیبوون دەباتە قۆناغێکی ترەوە. سیستمیی سەرمایەداریی دووبارە سیستمی جیهانی ڕێکدەخاتەوە. هەر بۆیە هاووڵاتی بریتییە لە تاکێک کە خاوەن ئەرک و بەرپرسیارێتییە. سەرمایەداریی کار بۆ نەهێشتنی سنوورەکان دەکات، لەپێناو دۆزینەوەی بازاڕ، کە بووە هۆی کاڵبوونەوەی مۆدێلیی دەوڵەتە نەتەوە.
لیبراڵەکان، پێیان وایە” بەجیهانیبوون، پرۆسەیەکە بۆ نزیککردنەوەی مرۆڤەکان لەیەکتر، هەر بۆیە هاووڵاتی خۆی نابەستێتەوە بە یەک ناسنامەی نەتەوەییەوە. بەڵکو لە دەرەوەی ئەوەش شوناسی تری دەبێت. ئەو وەرچەرخانە سیاسیی و ئابووری وکولتووری و زانستیی و تەکنیکییانەی کە چەمکی نوێی بەجیهانیبوون هێناویەتە کایەوە، بووە هۆی هاتنە ئارای چەمکی(هاووڵاتی جیهانی)، واتە ئاشتی و پێکەوە هەڵکردن و ڕێزگرتن لە کولتوور و پێکەوە ژیان، هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان تاک و گرووپ و دامەزراوەکان، لەپێناو پاراستنی ئاسایش، خوێندن، کارو تەندروستیی و ژینگە.
مەرج نییە، هەمیشە هاووڵاتیانی دانیشتوووی وڵاتێکیش کە هاووڵاتی ڕەسەنی ئەو وڵاتەن، ئەندامی ڕاستەقینە بن و بواریان بۆ ڕەخسابێت کە بەشدارییەکی فعلییان هەبێت. بەنمونە دەیان هەزار کەس لە کوردانی ژێر دەسەڵاتی سوریا، بەهۆی ڕێگری کردن لە باڵانسی دیمۆگرافی، بێبەشن لە ئەندامێتیی ڕاستەقینە. لەکاتێکد، لە وڵاتانی گەشەسەندوو، هاووڵاتیبوون؛ تاک دەکات بە بکەرێک، کە دەتوانێت فۆرمی دەسەڵات و دەسەڵاتداران دیاری بکات.
هاووڵاتیبوون مانای ئینتیما بوون نییە. چونکە ئینتیما، هەستێکە مرۆڤ لەگەڵیدا گەورە دەبێت. گەندەڵی، جیاکاریی چینایەتی، فەسادی ئیداریی و ئابووری، نادادپەروەری. فاکتەری لاوازبوونی هەستی ئینتیما بوونن. بەپێچەوانەشەوە، دەرفەتی یەکسان و نەهێشتنیی جیاکاریی، جیاکاریی دژی ژنان، پەراوێزنەخستنی هیچ گرووپ و توێژێک، قبوڵکردنی فرەیی. دەبنە داینەمۆی پتەوکردنی ئینتیما. بەڵام (هاووڵاتیبوون) پەیوەندییەکی یاساییە، بەو میکانیزمەی دەوڵەت دیاری دەکات.
سیماکانی هاووڵاتیبوون:-
- بەشداری چالاکانە و ئینتیما بۆ وڵات.
- بەشداریی لە کاریی هەرەوەزیی و خۆبەخشی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان.
- ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی و ماف و ئازادییەکانی ئەوانی تر.
- پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکان.
- ڕێزگرتن و قبوڵکردنی بەهاکانی کۆمەڵگە.
- خزمەتکردن بەنیشتمان، و داکۆکیکردن لێی.
- پارێزگاریکردن لە ئاسایشیی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی.
- بەجێگەیاندنیی ئەرکەکان.
- بەگژداچوونەوەی گەندەڵی.
- بەشداریی سیاسی، لەوانە: بەشداریی لە هەڵبژاردن.
- ڕێزگرتن لە ئایین و باوەڕ و کولتووری جیاواز.
سەرچاوەکان:-
المواطنة والدولة. د. بولس عاصي.
التربیة علی المواطنة. د. ناصیف نصار
المواطنة. د. ابراهیم ناصر.-