قەرەجەکان کێن؟ بۆچی ناوبانگیان خراپ دەرچوە؟!
لەکوردستان بە(قەرەج)و لەقاموسی عەرەبیدا بە(غجر)و لەلای بەشێکی زۆر لەعەرەبە ئیراقیەکان بە(کاولی)و لەئەوروپا بە(Roma)ناودەبرێن.ژمارەیان لەجیھاندا بەنزیکەی(١٣ ملیۆن)دەخەمڵێنرێت کە ئێستا نزیکەی ٣٥٪یان لەڕۆژھەڵاتی ناوەراست دەژین،لەھەشتاکانی سەدەی رابردودا ژمارەیان لەئیراقدا نزیکەی ٢٠٠ھەزار کەس بوون بەڵام ئێستا لە ٦٠ھەزار کەس تێناپەڕن کە نزیکەی٥٠٪یان لەھەرێمی کوردستان دەژین،دەیان توێژینەوە و سەرچاوەی مێژویی تەئکید دەکەنەوە کە ڕەچەڵەکی قەرەجەکان بۆ نزیکەی ١٥٠٠ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە کە لەباکوری ڕۆژئاوای ھندستان ژیاون و چینێکی بێدەنگ و ماندونەناس و بێ زیان بوون،کاری سەرەکیان بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و ھەندێ کاری دەستی بوە،بەڵام بەھۆی شەڕ و کوشتار و ململانێی سەپاندنی دەسەڵات لەلایەن ئیمپراتۆریەت و سوپا داگیرکەر و خۆسەپێنەکانی ئەوکاتەی جیھان ناچار بوون بەرەو وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقیا و رۆژھەڵاتی ئەوروپا کۆچ بکەن.
قەرەجەکان چینێکی کۆچەری بوون و بەھۆی ئەو زوڵم و گوشارە زۆرەی لەسەریان بوە بەناچاری خۆیان لەگەڵ بارودۆخ و یاسا و ژینگە و ئاینی ئەو وڵات و دەسەڵاتدارانە گونجاندوە کەتیایدا ژیاون ،ھەندێکیان لەناوچە جیاوازەکانی جیھاندا بەتایبەتیش(کچ و ئافرەتەکانیان)کراونەتە کۆیلە و وەک مرۆڤ سەیر نەکراون ،لەلای بەشێک لەمەسیحیەکانی ئەوکات بەھۆکاری لەخاچدانی حەزرەتی عیسا لەقەڵەم دراون و لەلای بەشێك لە موسڵمانانیش بەفاڵچی و جادوگەر و لەم ٥٠ساڵەی رابردوشدا لەناوەراست و باشووری ئیراق ھۆکاری بڵاوبونەوەی لەشفرۆشی و (دعارة)ناوبانگیان بڵاوبوەوە لەکاتێدا لەھەشتاکانی سەدەی رابردودا ڕژێمی سەدام پیاوەکانی خستە ڕیزەکانی سوپاوە بۆ شەڕی دژ بەئێران و کچ و ئافرەتەکانیانی لەخزمەتکردنی سەرانی بەعس و یانەکانی شەواندا بۆ سەما و گۆرانیگوتن و شەوەسورەکانیان بەکاردەھێنان و ھەر کەسێکیشیان نارازی بونایە دەستبەجێ لەناودەبران.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە بارودۆخی قەرەجەکان بەتەواوی خراپ بوو دوای ئەوەی گروپە چەکدارە تائیفیەکان بەتۆمەتی لەشفرۆشی و دۆستایەتیان لەگەڵ سەرانی بەعس خانوەکانیان روخان و دەربەدەریان کردن و تەنانەت ئەو تاکە قوتابخانەیەی کە لەگوندی(زھور)لەپارێزگای دیوانیە منداڵەکانیان تیایدا دەیانخوێند، روخاندیان و لەوکاتەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت منداڵی قەرەجەکان لەناوەراست و باشووری ئیراق ناسنامەی (کارتی نیشتمانی)یان بۆ ناکرێت و تۆمار ناکرێن و ھەلی خوێندن و کارکردنیان بۆ نارەخسێت، بوغزاندن و بەناشیرین سەیرکردنی قەرەجەکان لەئیراقدا بۆتە کلتور و ھەروەک چۆن فێرکراوین یان بەھزر راھێنراوین کە (جولەکە)خراپن و ھەمویان خەڵکی خراپ و ترسنۆک و دوژمنن بەھەمان شێوەش قەرەجەکان ناوبانگیان لەھزری خۆمان و منداڵ و نەوە لەدوای نەوەماندا بە سواڵکەر و فاڵچی و جادوگەر و زۆر سیفەتی خراپ جێگیرکراوە کەتەنانەت ھەندێ کەسایەتی و نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری و ئیسلامیش ئەم وێنە لەفکریاندا جێگیربوە و سەرەرای مادەی ٣٨ی دەستوری ئیراقی و سەرەڕای ئەو ھەموو ساڵەی ئازادی ھەرێمی کوردستان بەڵام ھێشتا ئەم وێنە خراپەی قەرەجەکان لەھزری ئیراقیەکان و کوردستانیەکانیشدا ھەر ماوە.
گرنگە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە لەھەرێمی کوردستان ھەنگاوی یاسایی و رۆشنبیری بەرچاو نراوە بۆ قەرەجەکان، لەوانە مۆڵەتپێدان بەیەکەم سەنتەری رۆشنبیری قەرەج و بونی ھەزاران منداڵی قەرەجەکان لەقوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و نیشتەجێبونیان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی لەھەندێ ناوچە و گەرەک و تێکەڵاوبونیان لەژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری ،بەشێکیان ئاسنگەر و دارتاش و بەشێکی تریان دەستڕەنگینن لەھەندێ کەرەستەی دەستکرد و بەشێکیشیان لەشێوەی کۆچەریدا دەژین و ئاژەڵ بەخێودەکەن و ئوتومبیل و کەرەستەی بەرھەمھێنانی شیرەمەنیەکان و کشتوکاڵی پێشکەوتو بەكاردێنن.
قەرەجەکان لەکوردستان و ئیراق خۆیان بەموسڵمان دەزانن بەڵام پارێزگاری لەھەندێ کلتور و دابونەریتی خۆیان کردوە لەوانەش پرۆسەی ھاوسەرگیریان لەناو خۆیاندایە ،بەرپرسی سەنتەری قەرەج لەھەرێمی کوردستان کەلەھەمان کاتیشدا مامۆستای قوتابخانەیە رۆڵێکی چالاک دەبینێ لەکۆڕ و کۆبونەوە رۆشنبیریەکاندا و خوازیارە لەئایندەدا قەرەجەکان نوێنەرێکیان لەپەرلەمانی کوردستان ھەبێت و تەئکیدیش دەکاتەوە کەوا ژمارەیان ئەوەندە دەبێ کەئەم مافەیان پێبدرێ.