دەرکەوتنی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق وشام “داعش” لەم کاتەی ئێستادا، بە تایبەتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کەلەسەر گۆڕەپانی سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ڕوویان داوە یان دیاردەکانی ڕوودانیان دەرکەوتووە، چەندین ئاماژەی گرنگ لە خۆی دەگرێت، بۆ ئەوەی زیاتر چاو ڕوون بین سەبارەت بەوەی کە دەرکەوتنەوەی خەلیفەی دەوڵەتۆکە لاوازەکەی داعش مەبەست لێی وزەدانەوەیە بە داعش یان موژدەی سەرکەوتنە بەسەر داعشدا، بەکورتی لە چەند پەرەگرافی داهاتوودا شرۆڤەیەکی سیاسەت وستراتیژییەتی وڵاتانی ناوچەکە و لایەنەکانی قەیرانەکە دەخەینەڕوو:
یەکەم: لەسەر ئاستی هەرێمایەتی
وڵاتانی ناوچەکە تا ڕادەیەکی زۆر لە بارودۆخێکی ناڕووندا سیاسەت و ستراتیژیەتەکەیان کە بریتییە لە خۆپارێزی و پەلهاویشتن پەیڕەو دەکەن، یەکێک لە نمونە دیارەکانی ئەم بابەتە بریتییە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ئێستادا ئەم کۆمارە شیعە مەزهەبە گیرۆدەی دوو پرسی سەرەکییە کە کاریگەری لەسەر ناوخۆی ئێران و وڵاتانی پەیوەست بە ئێرانەوە لە بواری ئابوری و سیاسی بەجێهێشتووە کە بریتین لە: پرسی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، کۆمارەکەی ئێران لەدوو لاوە گورزی گورچک بڕی بەردەکەوێت کە هەریەکەیان لەوی دیکەیان کاریگەرترە، بە ئەندازەیەک کە هاوسەنگییەکانی ئەم وڵاتەی لەم ناوچەیە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی ئاسیای دوور ” بە تایبەتی هیندستان و چین و پاکستان”و ئەورووپای لیبراڵدا تێکداوە، مامەڵە ئابورییەکانی ئەم سەردەمە هێندە ئاڵۆزە، پەککەوتنی بەشێکی مامەڵەکان مەترسی هەڵکشانی قەیرانەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لەم کاتەی ئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی هەڵکشێنراوی کۆمارەکەی ئێرانە بەرامبەر بە بڕیارەکانی، لەم نێوەندەدا ستراتیژییەتی ئێران بریتییە لە خۆپارێزیکردن لە بەرکەوتەی بڕیارەکانی ئەمریکا وپەلهاویشتن بەمەبەستی گواستنەوەی فۆکسی سەر کۆمارەکەی بۆ دەرەوەی ئێران.
تورکیا نمونەیەکی دیکەی ئەم سیاسەتەیە، لە کاتی ئێستادا تورکیا گیرۆدەی سێ پرسی سەرەکییە کە بریتین لە قەیرانی ئابوری و هەڵکشانی هەڵئاوسان، کێشەی دابەزینی ڕێژەی دەنگەکان و کوردەکانی سوریا، لە تورکیای کۆماری سیستەمی سەرۆکایەتدا گرنگ نییە ڕێژەی جیاوازی دەنگەکان بۆ بەردەوام بوون لە بڕیاردان چەندە، گرنگ ئەوەیە کە خاوەنی دەسەڵات بیت و لە کاتی ئێستادا ئاکپارتی خاوەنی دەسەڵاتە، بالەدوو شاری وەکو ئەستەنبول و ئەنقەرەشدا براوە نەبێت، بردنەوەی شارەوانیەکانی هەردوو شارەکە لەلایەن پارتی گەلی کۆمارییەوە کەبە پارتێکی تورکچێتی ناسراوە، کاریگەری زاڵبوونی ڕەوتی پۆپۆلیستییە لە تورکیادا، ئەو ڕەوتەی کە پێشتر ڕەجەب تەییب ئەردۆگان و چاوش ئۆغلۆ بنەیان بۆ شێلا بەوەی کە یەکپارچەیی خاکی تورکیا و ئاسایشی نەتەوەیی تورک هێڵی سوورە، بە تێبینیکردنی ئەوەی کە لەم هەڵبژاردنەدا ڕەوتە ئومەمییەکان لە تورکیا دەنگەکانیان کەمی کردووە تورکیا دووچاری قەیرانی پەیوەندییەکانی بە جیهانی ئیسلامی بۆتەوە، ئەمەش پێویستی بە پارسەنگ کردنەوە هەیە بەوەی کە فاکتەرەکانی مانەوەی بۆ فەراهەم بکرێت و باشترین دەرفەتیش کۆبوونەوەکانی ئەستانەی نێوان تورکیا و ڕوسیا و ئێران بوو بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتۆتە ئەنجام.
سوریا لە هاوکێشە سیاسییەکەی ناوچەکەدا کاراکتەرێکی لاوازە، بەڵگەی گەورەی ئەوەش داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژییەتی ئەو وڵاتەیە لەلایەن وڵاتانێکەوە و کۆمەڵە ڕێکخراوێکەوە کەلەڕووی تیۆرییەوە لەدەرەوەی سیستەمی سیاسی سوریان بەڵام کاریگەرییان لەسەر ڕەوت و پێشهات و داهاتووی سوریا لە حکومەتی سوریا زۆرترە، ئەگەر داعش لە سوریا کۆتایی هاتبێت وەکو چۆن دۆنالد ترامپ لە کاتی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا ڕایگەیاند ئەوا هیچ پاساوێکی لۆژیکی نامێنێت بۆ مانەوەی هێزەکانی ئێران و ڕوسیا و تورکیا و حیزب الله وفەرەنسا …هتد، لە سوریا، بۆ مانەوەی ئەم هێزانە فاکتەرێکی دەستەمۆکرا و ماندووکراو پێویستە تاوەکو لایەنە بەهێزەکانی قەیرانە هاوسەنگی لەنێوان خۆیاندا بەدی دەکەن، کەواتە سوریا بەهەموو توانایەوە هەوڵی پارێزگاریکردن لەخۆی دەدات و لە کاتێکدا مەترسی داعش، یان کوردەکان بەکاردەهێنێت، هەروەها داینەمۆی قەیرانەکان دەخاتە نێوماڵی هێزەکانی دیکەوە.
قەیرانەکانی ئێراق زۆر قووڵتر و کاریگەرترن، بە ڕوواڵەت وا دەردەکەوێت کە عێراق ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعشی کۆنترۆڵکردبێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا کێشەکە لە کۆنتڕۆڵکردندا نییە، کێشەکە بەردەوابوونی کۆنتڕۆڵەکەیە، کە لاوازی سوپای ئێراق، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان هیچی کەمتر نییە لەو کاتەی کە ئەبو موسعەب زەرقاوی هاتە عێراق و ڕێکخراوێکی سەربەخۆی دامەزراند و ئەمەش پەلی کێشا بۆ داعش و ڕووداوەکانی دواتر، ئێراق لە نێوان بەرداشی ئەمریکا و ئێران و تورکیا و سعودیە تەواو هاڕڕاوە. لەوە دەچێت کە تاکە وڵات بێت کە نەتوانێت خۆپارێزی بکات، ئێستا ئێراق پارێزگایەکی گەورەی کۆمارەکەی ئێرانە.
سعودیە ماندووی سێ پرسی سەرەکییە کە بریتیین لە یەمەن، قەتەر، سوپای هاوپەیمانی عەرەبی، کێبڕکێی نێوان تورکیاو سعودیە، ئێران و سعودیە لە یەمەن و قەتەر بە تەواوەتی دەرکەوتووە، کێشەکە لەوەدایە کە ئەوەی براوەی سەرەکی بێت دەبێتە سەرمەشقی سوونەی عەرەبچێتی و دەمڕاستی تەواوی وڵاتانی عەرەب زمان و ئایین موسوڵمان و مەزهەب سوونەکان، وەرگرتنی یارمەتی لۆجیستی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بواری پێکهێنانی سوپایەکی عەرەبی لە ناوچەکە گەورەترین پۆینتی سیاسەت و ستراتیژییەتی خۆپارێزی و پەلهاویشتنی سعودیەیە لە ناوچەکەدا.
دووەم: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
چوار جەمسەری زۆر گرنگ لەم بوارەدا کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕووداوەکانی ئەم ناوچەیە هەیە کە بریتین لە: وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕوسیا، یەکێتی ئەورووپا، چین، هەریەک لەم جەمسەرانە بەشێوەیەکی گشتی لەهەوڵی تەواوی خۆیاندان بۆ بەهێزکردنی جێپێی خۆیان لە ڕووداوەکانی داهاتوودا، خولی دووەمی زۆرانبازی هێزەکان لەم ناوچەیەدا گۆڕانکاری تەواو بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە نەخشەی سیاسی جوگرافی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە ئەم جەمسەرانە بەرژەوەندییەکانی خۆیانی تیادا بدۆزنەوە، بۆیە زۆر سادەیە ئەگەر ببینرێت کە هێشتا هاوپەیمانییەکانی ئەو جەمسەرانە لەگەڵ هێزەکانی ناوچەکە بە دەوڵەتی و نیمچە دەوڵەتی و ڕێکخراوەییەوە، هاوپەیمانییەکی کراوەیە، هیچ نەبێت نەوەی نوێی جەنگ لە جیهاندا و لەم کاتەدا ئەوە دەخوازێت کە ئەو هاوپەیمانیەتییانە بە ئەندازەیەک کراوە بن کە جێگای هەمووانی تیادا بێتەوە، دەشێت هێزێک لە چەند هاوپەیمانییەکدا بێت، کە یەکێک یان دوانیان دژ بەیەک بن، نمونە تورکیا لە هاوپەیمانی شەڕی دژ بە داعش بوو، بەڵام لەگەڵ گروپەتیرۆریستییەکان چوونە ناو شاری عەفرین، لەگەڵ ڕوسیا و ئێران داهاتووی سوریا ڕەنگ دەکەن، بەڵام ئامادە نییە لەگەڵ سوپای سوریای دیموکرات مامەڵە بکات، ئەمریکا لە سوریا دژ بە داعش جەنگاوە، بەڵام جۆلان لەسەر ئیسرائیل تاپۆدەکات، ڕوسیا و تورکیا پێکەوە لە سوریا کار دەکەن بەڵام فڕۆکەیەکی جەنگی ڕوسیا لەلایەن تورکیاوە دەخرێتە خوارەوە، لە لایەکی دیکەوە سیستەمی موشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕوسیا دەکڕێت، هەردووکیان هەماهەنگییان لەگەڵ ئێراندا هەیە کە سپۆنسەری سەرەکی حیزب الله یە لە لوبنان کە دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیلە، بەڵام پارێزگاری لە ئاسایشی ئیسرائیل دەخەنە ئەستۆی خۆیان…هتد.
لە ناو ئەم بارودۆخە جارێکی دیکە خەلیفەکەی داعش بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ١٨ خولەک و ٣٨ چرکە دەرکەوتەوە، دەرکەوتنەوەی لەم کاتەدا و بە تایبەتی ئەوەی باس دەکرا لەسەر نەمانی داعش گومانی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵکو دەکرێت بوترێت کە هەموو هێزی هاوپەیمانانی دژ بە داعش کردە ئەفسانەیەک، ئەوەتا خۆی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی باڵای ڕێخراوەکەی کۆبوونەوە دەکات و وەکو لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیارە ڕاپۆرتی دەزگاکانی وەردەگرێت، لێرەدا چەند تێبینییەک گرنگە وەربگیرین لە شیکردنەوەی گرتە ڤیدیۆکەوە:
یەکەم: ئەزموونی داعش ئەزموونێکی پێشکەوتووترە لە قاعیدە، پێشتر ئوسامەی کوڕی لادنی ڕابەری بزووتنەوەی قاعیدە و دوای ئەوەی ئەفغانستان لەلایەن سوپای هاوپەیمانانەوە داگیرکرا و حکومەتەکەی تالیبان لەناوبرا چەند جارێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوت، بۆیە ئەم ئەزموونەی داعش پێشکەوتووترە لەوەی قاعیدە لە ڕووی تەکنیکی و کوالێتی دەنگ و ڕەنگ ولۆگۆوە، کەوا دەردەکەوێت کە دەزگایەکی پڕۆفیشناڵ بەرهەمی هێنا بێت کە هێشتا – ئەگەر بە هەناسە بڕکێش بێت – لەسە پێیەکانی خۆی وەستاوە.
دووەم: ناو هێنانی نیمچە دورگەی عەرەبی بە “جزیرة العرب” یان ” أرض الحجاز” یان ” الاراضی المقدسة” ناوببرێت، ئەمە ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە بابەتی شوناس لەناو داعشدا تاوەکو ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، ئەم بابەتە تەواو جیاوازە لە ئەزموونی ڕێکخراوەکانی پێشوو کە فەرامۆشکرابوو.
سێیەم: لەناو وتەکانیدا ناوی چەند کەسایەتییەکی هێنا و نازناوی ” فەرەنسی، چیچانی،…هتد” بەکارهێنراون، کەئەمە مانای فرەیی ڕەگەزە لەناو داعشدا، ئەو ناوهێنانە تەواو سادە و ساکار نییە بەڵکو ئەمە تەواو پێچەوانەی ڕەوتی پۆپۆلیستی ڕۆژئاوا و بڕیار و ڕەفتارەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزە پۆپۆلیستەکانی ئەورووپایە، بەمەش بەرگێکی نێودەوڵەتی دادەدورێت بەسەر هزری داعش کە پێشتر ئەم جوڵەیە بوونی نەبووە.
چوارەم: بە ئاگابوون لەو گۆڕانکارییانەی کەلە ناوچەکەدا دەگوزەرێت و دەربڕینی ڕایەکی فەرمی لە بارەیانەوە بەتایبەتی کاتێک باسی سۆدان و جەزائیر دەکات بەوەی کە گۆڕانکاری کراوە بەڵام ڕووکەش بووە چونکە کەسانێکی دیکە جێگایان گرتۆتەوە کە لەوان خراپترن، بەوەش ختوکەدانی هەستی ڕەوتە ئیسلامییەکانی ناوچەکەیە بەوەی کە تاکە ڕێگا بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان و ڕزگاربوون لەدەسەڵاتی ستەمکاران بریتییە لە ” الجهاد” وەک ئەوەی کە ئەبوبەکر بەغدادی لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بۆ دەکات.
پێنجەم: یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کەباس دەکرێت بریتییە لە چالاکییەکانی کۆمەڵەی تەوحید لە سریلانکا و بۆرکینافاسۆ، چالاکییەکان وەکو تۆڵە کردنەوەیەک لەبەرامبەر هێرشەکانی هاوپەیمانان بۆسەر دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام، جەختکردنەوە لەسەر بەیعەت دانی ئەو گروپانە بە دەوڵەتی ئیسلامی، کە تیایدا ناوی خۆی ناهێنێت، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەتاوەکو ئێستا، بەهۆی جیهانبینی داعشەوە، توانای بەرەنگاریکردنی هەیە.
شەشەم: خاڵێکی گرنگی دیکە کە ئاماژەی پێدەدات بریتییە لە بەردەوام بوون ئەوەش لە کاتێکدا کە دەڵێت “أمرنا بالجهاد ولم نؤمر بالنصر” واتە فەرمانمان پێکراوە بە جیهاد کردن بەڵام فەرمانمان پێنەکراوە کە سەربکەوین، دڵدانەوەی داعشەکان و مانای بەردەوام بوون دەگرێتەوە.
حەوتەم: داوای کۆچکردن بۆ شام و ئێراق، لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا، سروودێکی تیادایە کە خۆی بریتییە لە داواکارییەکی هەنووکەیی لەلایەن داعشەوە کاتێک دەڵێت “شدوا الرحال الى أرض الشام و الفرات” واتە خۆتان کۆبکەنەوە و کۆچ بکەن بۆ خاکی شام و فورات – کەمەبەستی ئێراقه – ، بێگومان هیچ وشەیەک لەو وشانە و هیچ ئاماژەیک لەناو ڤیدیۆکەدا بێ مانا و مەبەست نییە، ئەم خاڵەش ئەوە دەگەیەنێت کە داعش لە کاتی ئێستادا داوادەکات کە هەوادارانی کۆچ بکەن بۆ ئەم دوو وڵاتە.
پاڵپشت بەو خوێندنەوانە دەردەکەوێت کە لە کاتی ئێستادا نە داعش کۆتایی هاتووە، نە ئەرکەکەی تەواو بووە، ئەوەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە تاوەکو ئێستا هێزەکان لەم ناوچەیەدا نەگەیشتوونەتە سازانێکی سیاسی بە شێوەیەک کە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش یان هەر ڕێکخراوێکی دیکە دوور بخاتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە تەواو خۆی ساز بکات بۆ هەر ئەگەرێک کەلە داهاتوودا، لە داهاتوویەکی نزیک لەم ناوچەیە ڕوو بدات، ئەرکی سەرەکی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بریتییە لە زوو پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، یەکخستنی هێز و توانا سەربازی و هەواڵگیرییەکان بەمەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر لەژێر هەر ناوێکدا بێت، خۆ ئامادەکردن بۆ خولی دووەمی ململانێکان، بە شێوەیەک کە دوور نییە هێزە هەرێمایەتییەکان و نێودەوڵەتییەکان بە ئەندازەیەک کێبڕکێکان سەخت بکەنەوە ناوچە ئارامەکانیش بکەونە بەر شاڵاو هەڕەشەی مەترسیدار.