گووتەیەکی باو لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم ئەوە بوو؛ کە تازە چیتر شتێک بەناوی شەڕی جیهانی دووپاتە نابێتەوە، بەڵام ئەگەر ڕووبداتەوە ئەوە لەسەر ئاو دەبێت. ئەم ووتەیە سەلمێنەری دەوری گرینی سەرچاوە ئاوییەکانە لە ململانێ ، هاوکاری و بەریەککەوتنی نێوان وڵاتاندا. بە پێی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەتا ساڵی ٢٠٢٥ ، لە نێوان هەر سێ کەس لە حەشیمەتی جیهاندا، دوو کەسیان لە هەلوومەرجێکی قەیراناوی بۆ بەدەستخستنی ئاوی خواردنەوەدا دەژین. ئەم بەرئاوردە لەسەر بنەمای ئەم پێشفەرزەیە کە ساڵانە ٨٠ ملیۆن کەس بە ڕێژەی حەشیمەتی جیهانەوە زیاد دەبێت و لە بەرامبەردا هەموو ساڵێ ، دانیشتووانی گۆی زەوی پێویستیان بە ٦٤ ملیارد مەتری چوار گۆشە ئاوی زیاتر هەیە. ئیمڕۆکە ئاو بووە بە ڕێگەیەک بۆ بەدەستخستنی هێز و ناچارکردنی وڵاتان بە دانی ئیمتیازی سیاسی، ئابووری و …. بەیەکتری. لەم نێوەدا، ئەم ووڵاتانەی کە چاوگەی سەرهەڵدانی ئاوی چۆم و ڕووبارە گەورەکانن و لەوانەوە ئاوی ڕووبارەکان دەڕژێتە وڵاتانیتر، کار لەسەر ئەوە دەکەن لە ڕێگەی ئیدارەی ئەم سەرچاوە ئاوییانەوە، ویست و داخوازییەکانی خۆیان بەسەر وڵاتانی دووهەم و سێهەمدا بسەپێن و بەم شێوە باڵادەستی و هەژمۆنی خۆیانیان بەسەردا زاڵ بکەن.
پڕۆژەی گاپ لە “تورکیا” یەکێک لەو نموونە سیاسەتە ئاویانەیە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەوڵیان داوە وەک کارتێکی بەهێز لە بەرامبەر دەوڵەتانی دراوسێ و ئەم ڕەوتانەی کە لە دەرەوەی بازنەی دەوڵەتبوون سیاسەت دەکەن، بەکاری بێنێت. بەر لەوەی ڕۆبچینە نێو ناساندنی پڕۆژەی گاپ لە تورکیا و لێکەوتەکانی پێویستە پێناسەی هەندێک لەو چەمکانە بکەین کە لە دووتوێی بابەتەکەدا و بە مەبەستی درووستکردنی تێگەیشتنێکی ئاسانتر لە پڕۆژەی ناوبراو دەکاریان دەکەم.
چوارچێوەی چەمکەکان:-
1. هایدرۆپۆلتیک:- ئەم دەستەواژەیە پێکدێت لە دوو تێرمی ئاو و سیاسەت و ئەمڕۆکانە بەشێوەیەکی بەرچاو لە زمانی سیاسییەکان و لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا کاری پێدەکرێت. پێشووتر ئاو وەک پرسێکی ناوچەیی سەیری دەکرا، لێ لە سەدەی بیستویەکەمدا وبە زیادبوونی حەشیمەتی جیهان و چوونە سەری ڕێژەی بەکارهێنانی، ئیتر بووە بە پرسێکی نێودەوڵەتی.
ژیۆپۆلتیکی “ئاو” دەکۆڵێتەوە لەوەی دەوری ئاو لە پێوەندی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەتەکاندا چییە. بە واتایەکیتر بە سرنجدان بە نەگۆڕبوونی ڕێژەی ئاوی شیرین لە تێکڕای ئاستە هەرێمی، ناوچەیی و جیهانییەکان و بەکارهێنانی ڕوو لە زیادەی ئەم دیاردە حەیاتییە، هایدرۆپۆلتیک وەکوو زانستێک کار دەکات بۆ ناسین و خوێندنەوەی سیاسەتی ئاوی وڵاتان و کاریگەری ولێکەوتەکانی. “میسنیر” لە پێناسەی هایدرۆپۆلتیکدا دەڵێت:- هایدرۆپۆلتیک خوێندنەوەی سیستماتیکی پێوەندی نێوان دەوڵەتان و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانە سەبارەت بە پاوانکردن و بەکارهێنانی ئاوە نەتەوەیی و ناودەوڵەتییەکان. دەکۆڵێتەوە لە پەڤچوون، هاوکاری و دەورگێرانی دەوڵەتان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان.
بە پێی ڕاپۆڕتی بەرنامەی ئەمنیەت و گۆڕانکاری ناوچەیی لە “ناوەندی توێژینەوەی ویلسۆن”،وڵاتی تورکیا بەشێوەیەکی فەرمی لە ساڵی ١٩٧٥ ڕا و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک لە ژێر ناوی “گاپ” و بە گلدانەوەی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات لە باکوری کوردستان دەستیکرد بە درووستکردنی ٢٢ بەنداو، ١٩ووزەخانەی کارەبا و ١٣ گەڵاڵەی گەورەی ئاودێری. ئەم پڕۆژەیە جیا لەوەی تورکیا ی بەرەو پێگەیەکی هایدرۆهەژمۆن برد، هەروەها توانایی دابینکردنی ٤ ملیۆن هەلی کاری هەبوو.گاپ سەرەتای سەرهەڵدانی وەرزێکی نوێ لە قەیرانی ژینگەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو و چەقی ئەم قەیرانە ژینگەییانەش بەرۆکی هەر یەک لە وڵاتانی سوریا، ئێران و ئێراقی گرتەوە. بەم پێیە و بەهۆی دابەشکرانی کوردستان بەسەر ئەو سێ وڵاتەدا بەشێکی بەرچاوی جوغرافیای کوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و بەشی زۆرتری بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، کەوتە ژێر کاریگەری ئاسەوارە وێرانکەرەکانی ئەم پڕۆژەیە. ساڵی ١٩٧٥ تورکیا بەنداوی “کبان”ی بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر ڕووباری فوڕات درووستکرد. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی یەک لەسەر چواری ئەو ئاوەی کە لە ڕێگەی ڕووباری فوڕاتەوە دەڕژایە ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریە و دواتریش ئێراق کەم ببێتەوە.
لە درێژەی پڕۆژە خەیاڵییەکەی حکومەتی تورکیادا و لە ساڵی ١٩٧٧دا تورکیە دەستی بە لێدانی ٢٢ بەنداوی دیکە لەسەر هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات کرد و بەمەش ئانکارا هەوڵی ئەوەیدا دەست بەسەر هەموو ئەو سەرچاوە ئاویانەدا بگرێت کە دەبوونە هۆی خۆگرتنەوەی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات. پلانی تورکیە لەو پڕۆژەیە لە قۆناغی یەکەمدا ئەوە بوو کە بە گلدانەوەی ٣٠ ملیارد مەتری چوارگۆشە ئاو لە بەنداوەکانیدا، بەشە ئاوی پێویست بۆ ١.٧ ملیۆن دۆنم زەوی وەرزێری بەتایبەت لە ناوچەکانی باکوری کوردستان دابین بکات و لە لایەکی دیکە بە درووستکردنی دەیان ناوەندی بەرهەمهێنانی کارەبا، ووزەی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیە و پەرەپێدان بە کەرتی گەشتیاریەکەی دابین بکات.
تورکیا بە درووستکردنی ئەو ڕێژە لە بەنداوانەش نەوێستا و بە دەستکردن بە درووستکردنی بەنداوی ئاتاتۆرک کە بە تەنیا توانای گلدانەوەی ٣٠ هەزار ملیارد مەتری چوارگۆشە ئاوی هەبوو، لایەنی مەترسیدارتری پڕۆژەکەی ئاشکرا کرد. بۆ ئەوەی دیمەنێک لە ڕێژەی ئاوی گلدراوی بەنداوی ئاتاتۆرک لە زەینی خوێنەردا دروست بێت، ئەوەندە بەسە بگووترێ کە ئەو ڕێژە ئاوە بەرامبەرە دگەڵ تەواوی ئەو ئاوەی لە تێکڕای بەنداوەکانی وڵاتی ئێراندا بوونی هەیە. هەروەها لە ڕووی گەورەیی لە ئاستی جیهاندا بەنداوی ئاتاتورک لە پلەی نۆیەم گەورەترین بەنداوەکانی جیهان دێتە ئەژمار.
“گاپ، هەولێک بۆ کۆچاندن و تواندنەوەی کورد لە سیستەمی ئابووری تورکیا”
یەکێک لە مەترسیدارترین ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژەی گاپ، تواندنەوەی کوردەکانی باکووری کوردستانە لە سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەدا، کۆچپێکردنی کوردەکان لە گووندەکان و هەروەها چێکردنی بەربەستی سرووشتی بۆ چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان و چەتوونکردنی هاتووچۆی گریلاکانی ئەم پارتەیە. هەر بۆیەشە لە تێکڕای دانووستانەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا، پەکەکە داوای ڕاگرتنی پڕۆسەی بەنداو درووستکردنی لە شارەکانی باکووری کوردستان کردووە و چەندین جاریش ئەو کوردانەی لەو پڕۆژانەدا کاریان کردووە کەوتوونە بەر دەسرێژی هێزەکانی سەر بە بەم پارتە. هەروەها درووستکردنی بەنداوی ئیلسۆ لە سەر ڕووبەڕی شاری ١٢ هەزار ساڵەی حەسەن کێف لە باکووری کوردستان، بوو بەهۆی لەناوچوونی یەکجاری ئەو ئاسەوارە دیرۆکییە و سەدان بنەماڵەی کورد ناچاربوون شوێنی ژیانی خۆیان جێبهێڵن.
تورکیا وەک پڕئاوترین وڵات لە ناوچەی کم ئاوی ڕۆژئاوای ئاسیا دەناسرێتەوە و تەنیا وڵاتێکە کە سەرچاوەی ئاوی زیاد لە پێویستی خۆی هەیە و هاوکات توانایی سیاسی بۆ وەخزمەتگرتنی ئەم سەرچاوە ئاویانە هەیە. ئەم وڵاتە چەندین جار داوای درووستکردنی پڕۆژەیەکی گوازتنەوەی ئاو بەناوی “بۆڕی ئاشتی”، بۆ دابین کردنی ئاوی وڵاتانی عەرەبی کەنداو، ئیسرائیل، سوریا و فەلەستین کردووە بەڵام، تێکڕای جارەکان ئەم پڕۆژەی تورکیا لە لایەن وڵاتانی ناوبراو، ڕەتکراوەتەوە. ئەم وڵاتانە پڕۆژەی بۆڕی ئاشتی تورکیا بە “ئەسپی ترۆوا” ناوزەد دەکەن، کە مەبەست لێی، سەپاندنی هەژمۆنی ئاوی ئانکارایە بەسەریاندا. لە پڕۆژەی گاپ دا ٤٠٠ کیلۆمەتر ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات و لق وپۆپەکانیان دەکەونە سەرەوەی بەنداوی ئیلسو. بە گووتەی پسپۆڕانی ناوەندی بەناوبانگی تەکنۆلۆژیای فیدراڵی سوئیس ناسراو بە ETH ئەو ئاوەی کە لەو بەنداوەڕا بەردەدرێتەوە لە بەشی هەرە قووڵی کۆگاکانی ئەو بەنداوە هەناردە دەکرێت وپلەی ساردی ئاوەکە ، ١٠ پلە لە ساردی ئاسایی ئاوەکە لە هەردوو وەرزی بەهار و هاوین زیاترە.
لە درێژەی سەررێژبوونیدا لە لایەک تێکەڵ بە کوودی بەکارهاتوو لە لایەن وەرزێرانەوە دەبێت و لە لایەکی تێکەڵ بەو مادە کیمیاییانە دەبێت کە بۆ لەناوبردنی ئافەتی پڕۆژە کشتووکاڵییەکان دەکار هێندراون. جگە لەمانە، ڕێژەیەکی کەمی ئۆکسیجین لەناو ئاوەکەدا هەیە وتێکڕای ئەمانە دەبنە هۆی بەرکەوتنی خەساری ئیکۆلۆژیکی بە بەستێنەکانی خوارەوەی ئەم ڕووبارانە کە دەکەونە هەریەک لە وڵاتانی ئێراق و سوریا و بەشی خووزستانی سەر بە وڵاتانی ئێران. سەبارەت بە کارتێکەرییە نەرێنییەکانی ئەو پڕۆژەیە لەسەر وڵاتی دەوروبەر، ساڵی ٢٠١٢، بەڕێوەبەری ئیدارەی ژینگەی ئێراق دکتۆر “ئەعزەم ئەلواش” لە چاوپێکەوتن دەگەڵ ناوەندی هەواڵدەری development now ڕایەگەیاندبوو بەنداوی ئیلسۆ دەبێتە هۆی ویشک بوونی زەوییە کشتووکاڵییەکانی ئەم وڵاتە و لەناوچوونی شارستانییەتی ٥٠٠٠ ساڵەی نێوان دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات.
پڕۆتۆکڵی نێودەوڵەتی ئاو و کۆنواسیۆنی ١٩٩٧ی نەتەوە یەکگرتووەکان چوارچێوەی مافی وڵاتانی لەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکان ڕوون کردووەتەوە و تێیدا داوا لە وڵاتان کراوە کە سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن و دووری بگرن لەوەی خەسار بە یەکتری بگەیێنن. بەڵام دەوڵەتی تورکیە بە پاساوی ئەوەی ئەو کۆنواسیۆنە بە قازانجی وڵاتانی خوارووی سەرچاوە ئاوییەکانە، نەچووەتە ژێر باری ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیە و واژۆی نەکردووە. گۆڕانی کەشوو هەوا و کەمبوونەوەی ڕێژەی باران بارین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوو وڵاتی ئێراق و سوریەی هێندەی دیکە، حەوجێ بە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات کردووەتەوە و ئەمە لەپاڵ پڕۆژە ئاوییەکانی تورکیا بووە بەهۆی ئەوەی بەشی زۆری ئەو تاڵاوانەی کە کەوتوونە بازنەی جوغرافیای ئێراق و ئێران ووشک ببن و ئەمەش دیاردەی خۆڵبارینی لەو وڵاتانە کردووە بە بابەتێکی ڕۆژانە.
ئەگەرچی لە ڕووی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە درووستکردنەوەی ئیمپڕاتوورییەکان پتر وەکوو خەیاڵ دەچێت هەتا پڕۆژەیەکی ڕاسیۆنالسیتانە، بەڵام ئاواتی درووستکردنەوەی ئیمپڕاتوری عوسمانی بە بەردەوامی کەڵکەڵەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا بووە. ئیمپڕاتوری عوسمانی بۆ ماوەی نیزیک بە ٥٠٠ ساڵ و تا پێش شەڕی جیهانی یەکەم دەسەڵاتداری ناوچەکانی نێوان دوو ئاوو وشامات بووە. لە ڕووی هێزی سیاسی وبەتایبەت بە سەرنجدان بە جیۆپۆلتیکی گرینگی دیجڵە و فوڕات، هایدرۆ هەژمۆنی تورکیا بە هەنگاوێکی گرینگ بە مەبەستی وەدیهاتنی ئەم ئامانجە لێک دەدرێتەوە.
“ئەنجام”