کردەوەی نەوەی نوێی تێرۆریستە تەکفیرییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکی هەڵوارتە لە چوارچێوەی توندوتیژییە تایبەتەکانەوە و بە دەستی “داعش” جێبەجێ دەکرێ و لەگەڵ شەپۆلەکانی دیکەی تێرۆریسم بۆ بەراوەرد نابێ. بەردی بناغەی ئەو تووند و تیژییانە لەسەر بابەتی هێرشی “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا” لە ساڵی 2003 بۆ ئێڕاق دامەزراوە. دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە وڵامی هێرشەکانی یازدەی سێپتامبردا، شەڕی بە دژی تێرۆریسم و بە مەبەستی تێکشکاندنی تیرۆریسم لە هەموو دونیا راگەیاند. بەو بۆچوونەشەوە کە «سەددام حوسێن» خاوەنی چەکی کۆکوژە و پشتگیری گرووپە تووندئاژۆکانی وەک «ئەلقائیدە» دەکا، ئێراق کەوتە بەر هێرش و داگیرکرا. دوابەدوای ئەو رووداوە لە لایەن «پۆل بریمێر» (Paul Bremer) حاکمی سیڤیلی ئێڕاقەوە، دەستووری ڕاماڵینی بەعسییەکان درا وئەوەش بوو بە بنەمای خۆگرتن و چەشنێکی تایبەت لە تێرۆریسم. چوون بە پێێ ئەو دەستوورە، هەزاران کەس لە ئەندامانی مام ناوەندی ڕیزەکانی حیزبی بەعس، وەک؛ دکتۆر و ئەندازیار و مامۆستا و هێزەئەمنییەکانی مووچەخۆری رێژیمی بەعس، لەسەر کارەکانی خۆیان وەلانران و سووکایەتییان پێکرا و زۆیەک لە هۆزە سوننەکان خرانە پەراوێزەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، بڵاڤۆکی ئامریکایی «فارێن ئافێرز» لە بابەتێکدا پەرژاوەتە سەر باسی چۆنەتی خۆگرتنی چەشنێکی نوێ لە تێرۆریسم و نووسیویە؛ «ئەگەرچی ناتوانین رۆڵی سەدام حوسێن و و رێژیمە دیکتاتۆرییەکەی لە پڕۆسەی تێرۆریسم لە ئێراقدا لەبەرچاو نەگرین، بەڵام رۆڵی کاریگەر و راستەوخۆتر لە پێگەیشتنی میلیشیاکان؛ دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی 2003 و هێرشی هێزەکانی هاوپەیمان بە رێبەرایەتی ئامریکا بۆ ئێراق». ئەوان پێیان وایە ئەو هێرشە پاش ئەوەی پێکهاتەی سیاسی عێڕاقی تێکڕووخاند، بە هۆی ئەوەی پلانێکی تەکووز و رێکوپێکیان بۆ پاش تێکڕووخاندنی نەبووو، بوو بە هۆکاریی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ. لە راستیدا سەرهەڵدانی حکومەتە تایفییەکان ئاکامی سیاسەتی زاڵمانەی رێژیمی بەعس و سیاسەتی بەرژەوەندی خوازانە و هەڵەی ئامریکا لە ئێراق بوو. بەو شێوەیە؛ ماوەیەکی کورت دوای ئازادکردنی ئێراق، گرووپی تێرۆریستی نوێ لە ئێراق سەریان هەڵدا. «زەرقاوی» وەک رێبەری سەرەکی «ئەلقاعیدەی ئێراق»، بناژۆخوازێکی جیهادیی ئۆردۆنی بوو. سەرەتا کاری خۆی لەگەڵ گرووپی تێرۆریستی «ئەنسارولئیسلام» لە باکووری ئێراق دەست پێکرد و پاش ئازادکرانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2003 دا، لە گرووپی ئەنسارولئیسلام جودا بۆوە و رێکخراوەیەکی تایبەت بە خۆی بە ناوی «تەوحید و جیهاد»ـی دامەزراند. تیرۆری «ئایەتوڵڵا موحەمەد باقری سەدر» رێبەری رووحی «شۆرای بەرزی ئیسلامی لە ئێراق»، هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئۆردۆن و باڵوێزخانەی وڵاتانی رۆژئاوایی لە گرینگترین کردەوە تێرۆریستییەکانی سەرەتایی ئەو گرووپەن. “زەرقاوی” بەو بانگەشەیەوە کە هێزەکانی ئامریکا بە یارمەتی ئێران و هێزە شیعەکان دەیانهەوێ سوننەکان لە ئێراق وەدەرنێن و رایان ماڵن، توانی زۆریەک لە سوننە میانڕەوەکان بۆ وێنە هێزەکانی سووپای بەعس و کەسانی بەتوانای وەدەرنراو لە پێکهاتەی حکوومەتی بۆ لای خۆی رابکێشێت و هەرچی زیاتر خۆی بە هێز بکا.
لە مابەین ساڵانی 2004 تا 2006 گرووپی جەماعەتی تەوحید و جیهاد، چالاکییە تیرۆریستییەکانی خۆیان بە رێبەرایەتی زەرقای پەرە پێدا و کۆمەڵێکی زۆر هێرشی خۆکوژییان بەڕێوە برد. زەرقاوی؛ سەرەتا گرووپێکی سەربەخۆ لە ئەلقاعیدەی لە ئێراق پێکهێنابوو، بەڵام پاش هەشت مانگ دانوستان لە سێپتامبری 2004 دا، سەری بۆ «بێن لادەن» دانەواند و چووە ژێر ئاڵای ئەوەوە و ناوی سازمانەکەی خۆی لە جەماعەتی تەوحید و جەهادەوە بۆ «ئەلقاعیدەی ئێراق» گۆڕی. پاش ماوەیەکی کورت بێن لادەن؛ زەرقاوی کردە بەرپرسی هێرشەکانی ئەلقاعیدە لە ئێراق و ئەو یەکگرتنەی بە هەنگاوێکی گرینگ بۆ گەیشتن بە دەوڵەتێکی راستەقینە لەقەڵەمدا. ناوبانگی ئەلقاعیدە لە ئێراق بووە هۆی ئەوەی گرووپە ئاژاوەگێڕەکانی دیکەش بکەونە پاڵی. لە پازدەی ژانوییەی 2006 دا، پێنج گرووپی دیکە بە ناوەکانی «جەیشو لتایەفە»، «ئەلمەنسوور»، «سەرایا ئەنسار ئەلتەوحید»، «سەرایا ئیجتیهاد ئەلیسلامی» و «سەرایا ئەلغورەبا»، رایانگەیاند؛ کە لەگەڵ ریزەکانی ئەلقاعیدە تێکەڵ بوون. ئەو یەکگرتنە بە مەبەستی یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی زیاتر بۆ شۆڕشی جیهادی و لە ژێر ناوی «مەجلیسی شووڕای موجاهیدین» پێکهات. لە ژوئەنی 2006 ، پاش کووژرانی زەرقاوی بە دەست هێزەکانی ئامریکایی لە عێراق، «ئەبوو حەمزەی موهاجیر» وەك بەرپرسی ئەو گرووپە دەستنیشان كرا. مانگێك دواتر موهاجیر له راگەیاندراوێكدا گوتی؛ مەجلیسی شووڕای موجاهیدین هەڵوەشاو و گرووپێكی دیكه به ناوی «دەوڵەتی ئیسلامی ئێراق» به سەرۆكایەتی «ئەبوو عومەری بەغدادی» پێكهاتووه.
ئەو گرووپە تێرۆریستییە لە ئاخروئۆخری ساڵی 2006 دا، توانی بە زیادكردنی دارایی خۆی تا ئاستی 720 میلیۆن دۆڵار له ساڵدا و به پشت ئەستوور بوون بە سەربەخۆیی ماڵی، ببێتە یەكێك لە گرینگترین یاریكەرانی سیاسی و چەكداری لە ئێراق و چالاكی و هێرشەكانی بەربڵاوتر كردەوه. سەرەڕای دژایەتی هۆزە ناوچەییەکانی سەحوە (راپەڕین) لە ناوچە سووننە نشینەکان کە بە پشتگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و هێزە ناوچەییەکان دەستیان کرد بە بەربەرەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی، ئەو گرووپە بە خێراییەوە دەستیکرد بە چاکسازی لە پێکهاتەی خۆیدا و لەیەکەم هەنگاودا نووسینگەی سەرەکی خۆی بۆ ئاژاوە نانەوە و کەڵک وەرگرتن لە کێشەی نێوان (کورد و عەرەب) بۆ مووسڵ راگوێزت کە ئەو جووڵانە بەرەو مووسڵ، ناوەندێتی سەرلەنوێی رێبەرایەتی بە دواوە بوو. ئەوە لە حاڵێک دابوو کە ئەوان بە رەخنەگرتن لە پێکهاتەی بۆڕۆکڕاتیکی ئێراق، لە بانگەشە و پڕۆپاگەندەی گشتیدا، توانییان هێزێکی زیاتر بە دەوری خۆیانەوە کۆ بکەنەوە.
دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا، دابڕانی نێوان رێبەرانی ئەلقاعیدەی هەراوتر کرد. بە تایبەت بەغدادی بە جەخت لەسەر ئەو بابەتە؛ کە ئێمە گوێ نادەینە سنوورەکان، فەرمانی «ئەیمەن ئەلزەواهیری» خستە پشت گوێ و سنوورەکانی ئەو رەوتەی لەگەڵ ئەلقاعیدە زیاتر زەق کردەوە. (Joscelyn,2013) دواتر ئەو گرووپە بە چوونە ناو پانتای چالاکییەکانی سووریاوە و هەروەها داگیرکردنی زۆر ناوچە لەو وڵاتە و پێکەوە لکاندنی ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی خۆی لە سووریا و ئێراق، لە ئاکامدا توانی لە رێکەوتی 29 ی ژووئەنی 2014 دا، خەلافەتی ئیسلامی لە ژێر ناوی «دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام» ناسراو بە داعیش رابگەیەنێت و «ئەبووکر ئەلبەغدادی» وەک خەڵیفە بە خەڵک بناسێنێ. بەو شێوەیە دەبینین داعیش توانی بە سازکردنی پێوەندی و هاوئاهەنگی لە نێوان گرووپە جیاوازە تێرۆریستییەکان دا، کە لە ئاراستەی تیوریکدا سەر بە شەپۆلەکانی سێ و چواری تیرۆریسم بوون، شەپۆلێکی نوێ ساز بکا و بە پێکگرتن و هەڵسەنگاندنی پێوەندی ئەو شەپۆلە لەگەڵ شەپۆلەکانی دیکە و بە تایبەت شەپۆلی چوارەم، دەتوانین گریمانەی سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێ بکەین.
“پێکگرتنی داعش لەگەڵ شەپۆلی چوارەمی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی”
تاوتوێ کردنی جیاوازی داعش لەگەڵ دەرکەوتەکانی راستینی شەپۆلەکانی پێشووی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی و بە تایبەت جیاوازی لەگەڵ گرووپی ئەلقاعیدە و باقی گرووپە تیرۆریستییە مەزهەبییەکان، کە «دەیوید راپۆپۆرت» بە دەرکەوتەی ڕاستینی شەپۆلی چوارەم یان تێرۆریسمی مەزهەبی دەزانێت، زۆر دەسکەوتی گرینگی تیۆری تێدایە کە دەتوانین لەو رێیەوە جۆری شەپۆلەکانی تیرۆریسم بناسین. لەو روانگەیەوە تێگەیشتن لە حوکمڕانی داعش لە دوو بواری «ئیدئۆلۆژیک» و «رێکخراوە» ـوە شیاوی لێ وەربوونەوەی جیددی تیۆرییە.
“ئایۆلۆژیای سەرلەنوێ زیندوو کراوە”
بە پێی ئەوەی لە چوارچێوەی تیۆری تووتالیتاریسمدا (Totalitarianism) گوترا، ئایدۆلۆژیا لەو یەکەم ماکانەیە کە دەبێ وەک بابەتی هاوبەشی بیرۆکەی تووتالیتاریسم و شێوەی بەروەپێش چوونی ئامانجەکان، لە شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریسمی نێودەوڵەتیدا سەرنجی بدرێتێ. لەو روانگەیەوە بزووتنەوە تووتالیتێرەکان بە جەخت لەسەر ئەوەی ئایدۆلۆژیای ئەوان قسەی پوخت و پاراوی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگای ئاڕمانی پێیە، تەکووزی (نەزم) ئێستا بە تووندی دەداتە بەر تیری رەخنە و هێرشی دەکاتە سەر، ئایدۆلۆژیای داعشیش لە دوو ئاستی «بناژۆخوازی ئیسلامی» و «بەعسی» بۆ باس و تێگەیشتن دەبێ و دەکرێ لەسەری هەلوەستە بکرێت. ئەوە لە حاڵێک دایە کە تەنیا ئاستی یەکەم لە چوارچێوەی شەپۆلی چوارەم یان مەزهەبی هۆکاری رووداوە تیرۆریستییەکان لە تیۆری راپۆپۆرتدا ناسراوە. بە زمانیکی روونتر؛ ئەگەرچی بیری زاڵ، داعشی وەک ئایدۆلۆژیای جیهادی پێکدێنا، کە رەگ و ریشەی دەگەڕاوە بۆ بیر و بڕوای «ئیبنی تەیمییە» و «موحەمەدی ئیبی عەبدولوەهاب» ، کە بە ناوی سەلەفی خوازی نوێ باسی دەکرا، بەڵام ئەوان بە راڤەیەک کە لە ئیسلام و ئایین بە دەستیانەوە دەدا، کۆمەڵگایەکی ئاڕمانییان بۆ لایەنگرانی خۆیان دەنەخشاند کە «وەلانان» و «لێبووردە نەبوون» لە بەرانبەر هەموو ئاراستە و ئایدۆلۆژیاکان، ئاکام و بەر و بوومی ئەو روانگەیەیە.
سهرچاوه؛ وهرزنامهی زانستی ئهمنییهتی نهتهوهیی زانكۆی تاران.
وهرگێڕانی/ سیامهند موهتهدی