کازاکەکان شتێک هاوشێوەی بزووتنەوەیەکی نەتەوەگەرایانەی سەرەتایی بوون. کێشەکە لەوەدا بوو کە شەڕ و خەباتیان دژ بە هێزێکی کۆلۆنیالی ڕێگەی بۆ دەسەڵاتێکی دیکە کردەوە. ساڵی 1721، وڵاتی ڕووسیای تێزاری ناوی گۆڕا بۆ ئیمپراتووریای ڕووسیا کە ئاماژە بوو بۆ ڕۆسەکانی پێشوو. وڵاتی پۆڵۆنیا – لیتوانیا هەرگیز پاش (لافاوی مەزن) بە تەواویی نەژیایەوە و ساڵانی نێوان 1772 بۆ 1795 دابەش و پارچە بوو و لەنێو چوو. بەم چەشنە، ڕووسیا باقیی ئۆکراینیشی داگیر کرد، هەڵبەت جگە لە ناوچەیەکی ڕۆژئاوایی بە ناوی گالیشیا کە هابسبۆرگ دەستی بە سەردا گرت. هەر لەم قۆناغەدا واتا ساڵی 1775 کازاکەکان پێگەی خۆیان لە دەستدا. ئەوان ئەو مافە سیاسییانەی دەیانویست، بەدەستیان نەهێنا و ئەو جووتیارانەی پشتیوانییان لێ کردبوون، خاوەندارێتیی خاکی بەپیتیان لەدەست دابوو. موڵکدار و خاوەن زەوییە پۆڵۆنییەکان لە ئۆکراین مانەوە و دەسەڵاتی سیاسیش بوو بە پشکی ڕووسیا.
لە حاڵێکدا کە چیرۆکی پووتین سەبارەت بە ئۆکراین باس لە دەستی چارەنووس دەکات، بیرەوەریی ئۆکراینییەکان لە کازاکەکان داستانی ئاواتە بە با چووەکانە. سروودی نەتەوەیی ئەم وڵاتە کە ساڵی 1862 نووسرا، باس لە نەتەوەیەکی گەنج دەکات کە هێشتا چارەنووس باشی بۆ نەنووسیون. بەڵام ڕۆژێک لە داهاتوودا شایستەیی خۆیان دەسەلمێنن تاوەکوو ببن بە (نەتەوەی کازاک).
سەدەی نۆزدەهەم سەردەمی ژیانەوەی نەتەوەکان بوو. کاتێک کە بزووتنەوەی ئۆکراینییەکان لە خارکووف کە سەر بە ئیمپراتووریای ڕووسیا بوو، دەستی پێکرد (ئەو شوێنەی ئەمڕۆکە بە ناوی خارکیف دەناسرێت و زۆربەی وێران بووە) فوکسی ئەم بزووتنەوە لە سەر میراتی کازاکەکان بوو. هەنگاوی دوایی ئەوە بوو کە لە نێو ئەم خەڵکەدا بۆ مێژوویەکی هاوبەش بە شێوەی ڕەوایەتێک لە کولتوورێکی بەسەقام بگەڕێن. سەرەتا پێنەدەچوو ئەم هەوڵانە هەڕەشە بێت بۆ سەر حوکمڕانیی ئیمپراتووریا. بەڵام لە دوای شکستی ڕووسەکان لە جەنگی کریمە لە ساڵی 1856، و سووکایەتیی بە شۆڕشی پۆڵۆنییەکان کە سالانی 1863 و 1864 ڕووسەکان ڕایانگەیاند کە کولتووری ئۆکراینی هەر لە بنەڕەتدا بوونی نییە، بە زۆریی بە دەستکردی نوخبە پۆڵۆنییەکان لە قەڵەم دەدرا (ئایدیایەک کە پووتین لە وتارەکەی خۆیدا بە ناوی “یەکگرتوویی مێژوویی” پشتڕاستی دەکاتەوە). بیرمەندە پێشەنگە ئۆکراینییەکان کۆچیان کرد بۆ گالیشیا، جێگەیەک کە دەیانتوانی ئازادانە بئاخفن.
جەنگی یەکەمی جیهانیی تەوەری حوکمڕانیی نەتەوەیی لەگەڵ خۆی هێنا کە مزگێنیی ڕزگاربوون لە دەسەڵاتداریی ئیمپراتوورییەکانی دەدا. بەڵام بە کردەوە زۆربەی کات لەم پڕەنسیپە بە مەبەستی ڕزگارکردنی ئیمپراتووریا کۆنەکان یاخود ڕۆنانی ئیمپراتووریای نوێ کەڵکیان وەرگرت. ساڵی 1917 لەگەڵ داڕووخانی ئیمپراتووریای ڕووسیا بە هۆی شۆڕشەوە، کۆماری نەتەوەیی ئۆکراین دامەزرا. ساڵی 1918 ئۆستریا و ئەڵمانیا بەرامبەر بە بەڵێنی وەرگرتنی بەرهەمە خۆراکییەکان، ئەم وڵاتەیان بە فەرمی ناساند. ڤوودروو ویڵسۆن قارەمانی سەرەکیی حوکمڕانیی نەتەوەیی(self- determination)بوو. بەڵام یەکیەتیی سەرکەوتووی ئەو ئۆکراینی لە بەرچاو نەگرت و لە بەرامبەردا بانگەوازەکانی پۆڵۆنیای پەسەند کرد. وێلادیمیر لێنین وەکیتر جەختی لە سەر ئەم بابەتە دەکردەوە. گەرچی تەنها ئەو تەوەرەی لا مەبەست بوو کە بەکارهێنانی خواستە نەتەوەییەکان دەتوانێ شۆڕشی چینایەتیی پێش بخات. ئەوەندەی نەخایاند کە ئۆکراین کەوتە جەرگەی شەڕی ناوخۆی ڕووسیا. شەڕێک کە تێیدا ئەرتەشی سوور بە ڕیبەریی بۆلشۆڤیکەکان و ئەرتەشی سپیی لایەنگری ئیمپراتووریای پەککەوتوو، هەر دووکیان حاشایان لە مافی ئۆکراینییەکان بۆ سەربەخۆیی دەکرد. لەم شەڕە ترسێنەرەدا کە چوار ساڵی خایاند، بە ملوێنان مرۆڤ، لەوانە دەیان هەزار جوو کوژران.
گەرچی ئەرتەشێ سوور لە کۆتاییدا سەرکەوت، ڕێبەرانی بۆلشۆڤیکەکان دەیانزانی مەسەلەی ئۆکراین و داخوزییەکانی دەبێ دیاریکراو بێت. پووتین بانگەشەی ئەوە دەکات کە بۆلشۆڤیکەکان ئۆکراینیان بەدی هێناوە، بەڵام ڕاستیی ڕێک پێچەوانەی ئەمەیە. بۆلشۆڤیکەکان کۆماری ئۆکراینیان لە ناو برد. ئەوان کە دەیانزانی شوناسی ئۆکراینی ڕاستەقینە و پەڕگیرە، وڵاتی تازەی خۆیان بە شێویەک دیزاین کرد کە گشتێتییەکەی بگرێتەوە. ئەوەی کە یەکیەتیی سۆڤییەت لە شێوە و فۆڕمی کۆتایی خۆیدا وەک فێدراسیۆنێک لەو یەکانەی ناوی نەتەوەییان بوو، دەرکەوت، بە ڕادەیەکی زۆر پێویستی بە سپاس و ستایشی ئۆکراین بوو.
شکستی ئۆکراین لە بەدەستهێنانی مافی حوکمڕانیی نەتەوەیی خۆی بە هیچ شێوەیەک ناوازە و تەنها تایبەت بە ئەوان نەبوو. کەم تا زۆر هەموو ئەو وڵاتانەی دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی دامەزران، لە ماوەی دوو دەهەی دواییدا لە لایەن ئەڵمانیا، یان سۆڤییەت و یاخود هەردووکیانەوە لە ناو بران. لە وێنا سیاسییەکانی هەر دووی ئەم ڕژیمانەدا، ئۆکراین وڵاتێک بوو کە سامانەکەی ڕێگەی پێدەدان خواست و فرمانەکانی دوای جەنگ بشکێنن و جیهان بەو شێوەی خۆیان دەیانهەوێ بیچم بدەن. هاوشێوەی سەدەی شازدەهەم، گوایە هەموو هێزەکانی مێژووی جیهان لە سەر وڵاتێکی یەکەدا چڕ ببوونەوە.
ستالین باسی لە جۆرێک لە کۆلۆنیالیزەیشنی ناوخۆیی دەکرد كە تێیدا جووتیارەکان دەچەوسێنرانەوە بۆ ئەوەی کە یەکیەتیی سۆڤییەت بتوانێ بە سەرمایەداریی بگات و دواتر شکستی بدات. سیاسەتی کشتوکاڵی بەکۆمەڵی ئەو کە زەویی لە جووتیارەکان دەسەندرایەوە، بە تایبەت لای خەڵکی ئۆکراین پێشوازیی لێ نەدەکرا چون شۆڕش ئەوانی لە دەستی موڵكدار و خاوەن زەوییەکان (کە هێشتاکەش زۆربەیان پۆڵۆنیی بوون) ڕزگار کردبوو. بەم حاڵەشەوە خاکی بەپیتی ئۆکراین دەورێکی ناوەندیی لە پلانەکانی ستالیندا هەبوو و ئەو ویستی بەسەریدا سەر بکەوێت و داگیری بکات. ساڵانی 1932 و 1933 کۆمەڵێک سیاسەتی بەڕێوە برد کە بوو بە هۆی مەرگی نزیکی چوار ملوێن کەس بە هۆی برسێتی یان نەخۆشینە پێوەندیدارەکانەوە. پڕۆپاگاندای سۆڤییەت ئۆکراینییەکانی لەم بەسەرهاتەدا بە تاوانبار لە قەڵەم داد و بانگەشەی دەکرد کە ئەوان بۆ بێئیعتیبار کردنی حکوومەتی سۆڤییەت خەریکن خەڵکەکەی خۆیان دەکوژن، تاکتیکیک کە ئەمڕۆکە پووتینیش دووبارەی دەکاتەوە. ئەو ئەوروپییانەی هەوڵیان دەدا بۆ نەجاتی خەڵک لە برسێتی و قات و قڕی خواردنیان بۆ دابین بکەن، بە بیانوی ئەوەی کە نازیین، یارمەتییەکانیان ڕەت کرایەوە.
نازییە واقیعییەکان برسێتی و قات و قڕیی ستالینیان بە نیشانەی ئەوە دەدیت کە دەتوانێ کشتوکاڵی ئۆکراین بۆ پڕۆژە و بەرنامەیەکی ئەمپریالیستیی دیکە بەکار بێنێت بەرنامەی خۆیان. هیتلەر دەیویست دەسەڵاتی سۆڤییەت سەروژێر بکات و شارەکانی سۆڤییەت لە حەشیمەت چۆڵ بکات و دەست بە سەر سەرجەم بەشی ڕۆژئاوایی وڵاتەکەدا بگرێت. ڕوانگەی ئەو بەرامبەر بە ئۆکراینییەکان زۆر بە توندی و بە خەستی کۆلۆنیالیستییانە بوو ئەو لای وابوو دەتوانێ بە ملوێنان کەسیان بە برسێتی ڕابگرێت و دەریان بکات و ئەوانەشی دەمێننەوە ناچاری کاری زۆرەملی بکات. هیتلەر حەزی لێبوو خاکی ئۆکراین داگیر بکات کە ملوێنان جووی لە چنگی ئەڵمانیادا گرفتار کرد. بەو مانا کە لۆژیکی کۆلۆنیالیی سەبارەت بە ئۆکراین پێشمەرجێکی زەروور بۆ سەرهەڵدانی هۆلۆکاست بوو.
ساڵانی نێوان 1933 بۆ 1945، کۆلۆنیالیزمی نازی و سۆڤییەت، ئۆکراینی کردبووە مەترسیدارترین شوێنی جیهان. ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ئۆکراین بە هۆی کار و کردەوەی شەروورانەوە(atrocity)دەکوژران، لە هەر شوێنێكی دیکەی جیهان زیاتر بوو. لەم بژاردنەدا(reckoning) سەربازە کوژراوەکانی لێ بەدەرە، ژمارەی ئەو ئۆکراینییانەی لە شەڕ لەگەڵ ئەڵمانییەکان لە جەنگی دووهەمی جیهانیدا کوژراون، زیاتر بوو لە کۆی سەربازە فەڕەنسی، ئەمریکی و بریتانیاییەکان.
سەرەکیترین پێکدادان لە ماوەی جەنگی دووهەمی جیهانیدا، شەڕی ئەڵمانیا و سۆڤییەت لە سەر ئۆکراین بوو کە ساڵانی نێوان 1941 بۆ 1945 ڕوویدا. بەڵام ساڵی 1939 کاتێک کە شەڕەکە دەستی پێکرد، یەکیەتیی سۆڤییەت و ئەڵمانیا بەکردەوە یەکگرتوو و لە یەک بەرەدا بوون و پێکەوە هێرشیان کردە سەر پۆلۆنیا. لەو سەردەمەدا ئەوەی هەنووکە بە ناوی ئۆکراینی ڕۆژئاوایییەوە دەناسرێت، بە باشووری ڕۆژئاوای پۆڵۆنیا لە قەڵەم دەدرا. گرووپێکی بچووک لە ناسیۆنالیستە ئۆکراینییەکان لەوێدا چوونە ڕیزی ئەڵمانییەکانەوە چونکە لایان وابوو ئەوان بە دوای لەناوبردنی یەکیەتیی سۆڤییەتەوەن. کاتێک کە دەرکەوت ئەڵمانییەکان لە شەڕەکەدا شکست دێنن، ئەم ناسیۆنالیستانە ئەرتەشی ئەڵمانیان بەجێ هێشت و و ساڵانی 1943 و 1944 دەستیان دایە کۆمەڵکوژیی ئەتنیی پۆڵۆنییەکان و دواتر بەرامبەر بە سۆڤییەت خۆڕاگریان کرد. لە نووسینەکانی پووتیندا، ئەوان وەک دێو و درنجێک وێنا دەکرێن کە بە گشتیی بوونەتە هۆی دابڕانی ئۆکراینییەکان. ئەمە لە حاڵێکدایە کە سەرهەڵدان و بوونی ئەوان بەرهەمی هاوکاریی بەربڵاوی ستالین لەگەڵ هیتلەر بوو. هێزەکانی سۆڤییەت لە شەڕ و سەرکوتێکی خوێناویدا تێکیان شکاندن و ئەمڕۆکە ڕاستگەرا توندڕەوەکان لە ئۆکراین تەنها یەک بۆ دوو دەرسەد لایەنگریان هەیە. هەر لەم کات و ساتەدا، ئەو پۆڵۆنییانەی باو باپیرانیان ببوونە قوربانیی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی ئۆکراینی، نزیکی سێ ملوێن پەنابەری ئۆکراینییان وەرگرتووە و بەم کارەیان ئەوەمان بیر دێننەوە کە تاقە ڕێگا بۆ بەرەوڕو بوونەوە لەگەڵ مێژوو، گێڕانەوەی چیرۆکی قوربانیبوونی هەمیشەیی نییە.
لە دوای جەنگ، ئۆکراینی ڕۆژئاوا بە ئۆکراینی سۆڤییەتەوە پەیوەست بوو. بە گومانەوە سەیری ئەم کۆمارییە دەکرا ڕێک لە بەر ئەوەی کە پێشتر لە لایەن ئەڵمانیاوە داگیر کرابوو. کۆمەڵێک ئاستەنگیی نوێ خراوەتە سەر کولتوری ئۆکراین و بۆ پاساودانیشی بە شێوەی چێکردی و درۆیین خودی ئۆکراین بە تاوانبار لە قەڵەم دەدرێت. لۆژیکی بازنەیی (ئێمە سزاتان دەدەین کەواتە بە حەتمی ئێوە تاوانبارن) ئەمڕۆکەش پروپاگاندای کرێملین بیچم دەدات. وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگێئی لاورۆڤ، بەڵگاندنی کردووە کە ڕووسیا ناچار بوو هێرش بکاتە سەر ئۆکراین چون لەوانە بوو ئۆکراین شەڕەکە دەست پێبکات. پوتینیش کە ڕێک ئەم قسەی دووبارە کردۆتەوە، بە ئاشکرا لەففازییەکانی ستالین بەکار دێنێتەوە. بە پێی ئەم وتانە، دەبێ قبووڵی بکەین کە سەرکەوتنی سۆڤییەت لە جەنگی دووهەمی جیهانی، ڕووسیای تاهەتایە پاک و ئۆکراینییەکانی بۆ هەمیشە گوناحکار و تاوانبار کردووە. لە ڕێوڕەسمی ناشتنی سەربازە ڕووسییەکاندا، بە دایک و باوکە جەرگ سووتاوەکان دەگوترێ منداڵەکانتان لەگەڵ نازییەکان شەڕیان کردووە.
مێژووی کۆلۆنیاکیزەیشنی ئۆکراین، هاوشێوەی مێژووی هەر بابەتێکی پڕناکۆکی و دووبەرەکیی سازکەری دیکە، دەتوانی یارمەتیمان بدات لە ئەفسانەکان ڕزگارمان بێت. سەردەمانی پێشوو، چەندین شێوازی ئاخاوتنی کۆلیالیستییانەی خستۆتە بەردەستی پووتین، و ئەویش تێکەڵ بە یەکدی و خەست و تۆختریان دەکاتەوە. ئەم ئاخاوتنە ئێمەش تووشی زمانێکی هەڵاوادنئامێز دەکاتەوە. هەر کاتێک وشەی( The Ukraine )بە پێی سەردەمانی سۆڤییەت بەکار دێنین، هەر کاتێک ناوی پایتەختی ئەم وڵاتە وەک ڕووسییەکان ئەدا دەکەین، و بە جۆرێک ڕەفتار دەکەین کە گوایە ئەمریکییەکان دەتوانن بە ئۆکراینییەکان بڵێن کەی و چۆن بگەن بە ئاشتی، لە ڕاستیدا بە بەکارهێنانی شێوازی ئاخاوتنی ئەمپریالیستی، بەردەوامیی بەم ئاخاوتنە دەدەین.
ئاخاوتنی ناسیۆنالیستیی ئۆکراین یەکگرتووییەکی کەمتری لە چاو زمانی ئەمپریالیستیی پوتین هەیە و هەر بۆیە واقیعیتر و مرۆڤانەترە. کاتێک کە سۆڤییەت لە ساڵی 1991 داڕما، ئۆکراین سەربەخۆیی وەرگرت. لەو کاتەوە، سیاسەتی ئەم وڵاتە تووشی گەندەڵی و نایەکسانیی بووە بەڵام ڕۆحی دیمۆکراتیکیش لە پاڵ وشیاریی نەتەوەیی لە گەشەکردندا بووە. ساڵی 2004، بزووتنەوەیەکی گشتی، هەواڵدان بۆ دەستبردنە نێو ئەنجامی هەڵبژاردنی، بەزاند و شکستی پێهێنا. ساڵی 2014 بە ملوێنان ئۆکراینی دژ بە سەرۆککۆمارێک کە لە یەکیەتیی ئەورووپا کشابووەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی. ژمارەیەکی زۆر لە پرۆتستۆکاران کوژران، سەرۆککۆمار هەڵهات و ڕووسیا بۆ یەکەم جار هەڵێکوتایە سەر ئۆکراین. ئۆکراینییەکان بۆ چەندین و چەند جار ئەو سەرۆککۆمارانەیان هەڵبژاردووە کە خوازیاری پێکهاتنەوە( reconciliation)لەگەڵ ڕووسیا بوون و بۆ چەندین و چەند جاریش ئەم کارە شکستی هێناوە. زلێنسکی نموونەیەکی تایبەتە ئەو بە پلاتفۆڕمێک سەبارەت بە ئاشتیی لەگەڵ ڕووسیا دەسەڵاتی بەدەست هێنا و بەرەو ڕووی هێرشی ڕووسیا بۆوە.
ئۆکراین وڵاتێکی پاش کۆلۆنیالییە کە خۆی نەک بە پێی دژایەتیکردنی چەوساندنەوە و کۆلۆنیالیزەیشن، بەڵکوو بە قایل بوون و هەندێجار بە بەرز نرخاندنی ئاڵۆزییەکانی ئەنجامی ڕزگاربوون لێی پێناسە دەکات. خەڵکەکەی بە دوو زمان دەئاخفن و سەربازەکانی هەم بە زمانی خۆیان و هەم بە زمانی هێرشکارانی سەر خاک و وڵاتەکەیان قسە دەکەن. جەنگ بە شێوەیەکی ناناوەندیی ( decentralized ) لە بواردایە و پشتی بە یەکگرتوویی جڤاتە لۆکاڵییەکان بەستووە. ئەم جڤاتانە فرەچەشنن بەڵام هەموویان لە وێنایەک سەبارەت بە ئۆکراین بەرگریی دەکەن کە وەک نەتەوەیەکی لە ڕووی سیاسییەوە سەربەخۆ، دەیناسێنێت. مۆدێلی نەتەوە وەک ئیمپراتووریایەکی بچووک ئیدی کۆن بووە. مۆدێلێک کە بە پێی ئەو نایەکسانییەکانی ئیمپراتووریا دووبارە لە قەبارەیەکی بچووکتردا زاڵ دەبێتەوە و ئامانجی ڕەخساندنی چەشنێک لە یەکدەستییە کە لەگەڵ شوناسدا بە هەڵە دەگیریەت.
بەریەککەوتنی نێوان ئیمپراتووریایەکی کۆن و فۆڕمێکی نوێ لە نەتەوە، لە خودی زلێنسکیدا ڕەنگی داوەتەوە. کەسێک کە بوونی، خۆی لە خۆیدا ئایدۆلۆژیای کرێملین بێ واتا دەکات. ئەو کە ساڵی 1978 لە دایک بووە، ڕۆڵەی یەکیەتیی سۆڤییەتە و بە زمانی ڕووسی لەگەڵ خیزانەکەی خۆیدا قسە دەکات. ئەو جووە و بیرمان دێنێتەوە کە دیمۆکراسیی دەتوانی فرەکولتوور بێت. ئەو نایهەوێ وەڵامێکی توند بە ئەمپریالیزمی ڕووسیا بداتەوە و بانگەوازی شێوازێکی سیاسیی حەکیمانەتری لا نییە، بەڵکوو دەیهەوێ لە تەنیشتی ڕووسیا، بوونی خۆی بپارێزێت. پێویست ناکات لاسایی پووتین بکاتەوە، تەنها بوون و ئامادەییەکەی تەواوە. ئەو هەموو ڕۆژێک بە قسە و کارەکانی شایەتیی لە سەر بوونی نەتەوەی خۆی دەدات.
ئۆکراینییەکان بوونی نەتەوەکەی خۆیان بە هەندێ کاری سادە کە بە هۆی یەکگرتووییانەوە ئەنجامی دەدەن، دەسەلمێنن. هۆکاری خۆڕاگرییان بەرامبەر بە ڕووسیا نەبوونی بابەتێک یان بوونی هەندێ لە جیاوازییەکان نییە بەڵکوو ئەوان نە ڕووسن ونە دژی ڕووسەکان. ئەوان بە هۆی تەوەرێکی بنەڕەتیترەوە بەرخۆدان دەکەن مەترسیی تیاچوونی نەتەوەیی کە کۆلۆنیالیزمی ڕووسیا نوێنەرایەتیی دەکات، شەڕێکی وێرانکەر کە بە ئاشکرا بۆ چارەسەر کردنی “پرسی ئۆکراین” نەخشە کێشراوە. ئۆکراینییەکان دەزانن کە پرسی بەرەو ڕوو بوونەوە لەگەڵ کێشەیەک نییە بەڵکوو ئەوەی هەیە ژیانێکە کە دەبێ بکرێت و گەر پێویست بوو، بخرێتە مەترسییەوە. ئەوان خۆڕاگریی دەکەن چونکە لە بوونی خۆیان ئاگادارن. کاتێک کە پڕوپاگاندای ڕووسیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە زێلێنسکی لە کییەف هەڵهاتووە، ئەو لە یەک لە یەکەم ویدیۆکانی کە لە دوای هێرشی ڕووسیا بڵاوی کردەوە، کامێراکەی ڕوو کرد لە خۆی و گوتی: “سەرۆكکۆمار لێرەیە.” هەر ئەوەندە. ئۆکراین لێرەیە.
سەرچاوە:
Timothy Synder, The war in Ukraine Is a Colonial War, The New Yorker, 28 April 2022.
نووسین: تیمووتی سنایدەر
وەرگێڕان: چنوور فەتحی