“ژیانی جەمال عەبدوڵڵا عیرفان”
ئەفسەرێك، پایەبەرز، ڕووناكبیر، سیاسەتمەدار و نووسەر بووە، كوری “مەلا عەبدولڵای عیرفان، كوڕی مەلا ڕەسوڵی كاژاوییە.” دایكی ناوی ئامینە و بە بنەچە خەڵكی ڕەواندوز بووە. جەمال عیرفان چوار برای بە ناوەكانی:- محەمەد جەمیل، محەمەد جەمال، محەمەد كەمال، عەلی عیرفان، چوار خوشك بەناوەكانی:- نائیلە، حەپسە، كامیلە و حەبیبە هەبووە، خۆی برا گەورەیان بووە. سەرەتا لای باوكی و پاشان لای خواجە ئەفەندی خوێندوویەتی. قوتابخانەی ڕوشدییەی موڵكی و روشدییەی عەسكەری تەواوكردووە. لە بەغداد لە ئامادەیی عەسكەری خوێندوویەتی و بووەتە ئەفسەر. دوایی لە ئەستەمبۆڵ لە كۆلێژی سەربازی درێژەی بە خوێندن داوە.
“قۆناغی سەربازی جەمال عیرفان”
ساڵی 1906 لە سووپای عوسمانیدا ئەفسەری سوارە بووە. ساڵانی دواتر چەند خولێكی ئەفسەری بینیوە و پۆست و پلەی چۆتە سەرەوە. ساڵی 1910 لە موسڵ خێزانی پێكەوە ناوە. هاوسەرەكەی ناوی خەدیجەیە، دایكی كورد و باوكی چەركەس بووە. كچێك و كوڕێكیان بەناوی جەمیلە و عادل بووە.
ساڵی 1914 یەكێك بووە لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەی كە سنوری (ئێران-دەوڵەتی عوسمانی) یان دیاریكردووە. بەو بۆنەیەوە زۆر ناوچەی كوردستان گەڕاوە و لە نزیكەوە ئاگاداری باری ژیانی كوردەكانی ژێر سایەی ئەو دەوڵەتە بووە. ساڵی 1918 لە موسڵ لە فەیلەقی شەشی دەوڵەتی عوسمانیدا (ڕەئیس ئەركانی حەربییە) بووە. كە دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی یەكەمی جیهاندا تێكشكا و پاشماوەی هێزەكانی لە ئێراق كشاندەوە، “جەمال عیرفان” پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئەو سووپایە پچڕاند و لەگەڵ خێزانەكەی لە سلێمانی نیشتەجێبوو. كاتێك دەوڵەتی بەریتانیا بە تەواوی دەستیگرت بەسەر ئێراقدا، كاروباری ئیداری و سەربازیی سەرلە نوێ ڕێكخستنەوە و سوپای لیڤیی دروستكرد. “جەمال عیرفان” بە پلەی ئەفسەریی (مێجەر)، كرا بە فەرماندەی هێزی سوارەی لیڤی.
“بوون بە بەرێوەبەری ناحیەی مەرگە و سەرچنار”
پاش چەند مانگ لە كاروباری عەسكەری دووركەوتەوە و كرا بە بەڕێوەبەری ناحیەی مەرگە، كاتێك كە بەڕێوەبەری ناحیەی مەرگە بوو، لەو كارەیدا خزمەتێكی زۆری جوتیارانی ئەو ناوچانەی ئەكرد و بە ئاشكرا لایەنگری جووتیاران و زوڵملێكراوەكانی ئەگرت، كە بەوەش ئاغا و خاوەن موڵكەكان توانیان لەسەر ئەو كارە لایببەن، پاشان بوو بە بەڕێوەبەری ناحیەی سەرچنار.
“جەمال عیرفان لە بواری ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانیدا”
ساڵانی1920/1922 پاش ئەوەی كە “مێجەرسۆن” حاكمی سیاسی سلێمانی لە شاری سلێمانی چاپخانەیەكی دامەزراند و ڕۆژنامەیەكی بە ناوی (پێشكەوتن) دەردەكرد، زۆربەی شاعیران و نووسەران لە دەركردنی ئەو رۆژنامەیە بەشداریان كرد، لەوانە “جەمال عیرفان” كە ڕۆڵێكی باشی هەبوو تیایدا، چەندین وتاری نووسی، بەتایبەتی لەسەر تووتن و كشتوكاڵ لە كوردستاندا، كە بەو نووسینانەی بازرگانەكانی تووتن نیگەران بوون و دەنگی ناڕەزاییان دژی ئەو بەرزكردەوە، جگە لەوەش “جەمال عیرفان” كە هەڵگری بیروباوەڕی سۆشیالستی بوو لەو كاتەدا كە شۆڕشی ئۆكتۆبەر لەوڵاتی رووسیا بەرپابوو، “جەمال عیرفان” لایەنگری ئەو شۆڕشەی دەكردو دژ بە ئینگلیز و توركخوازەكان خەڵكی هان ئەدا. هاوكات بە نهێنی سەرپەرشتی چەند كۆمەڵەیەكی لاوان و دەستە ڕۆشنبیرەكانی سلێمانی كردووە و بەردەوام رێنوێنیی كردوون و ڕێكیخستوون و، شێوازەكانی خەباتی فێركردوون. هاوكات وەك كەسێكی ڕووناكبیر و ئازادیخواز و پێشكەوتنخواز ناوبانگی دەركردووە و سەرسەختانە دژی دەستەو تاقمە كۆنەپەرستەكان وەستاوە، ساڵی 1921 ئەنجومەنێك بۆ ڕێكخستنی كاروبارەكانی سلێمانی و دەوروبەری بەناوی (مەجلیسی ئیدارەی سلێمانی) دامەزرێنراوە و “جەمال عیرفان” یەكێك لە ئەندامەكانی بووە.
“جەمال عیرفان وەك ئابووریناسێكی ئەو سەردەمە”
جەمال عیرفان زنجیرە وتارێكی ئابووری لەسەر تووتن بڵاوكردۆتەوە و زۆر بە جوانی مێژووی دۆزینەوە و بڵاوبوونەوەی بە ئەورووپا و ئاسیا و هەموو دنیادا دەربڕیوە، پێشنیارە ڕاست و تەواوەكانی خۆی لە بارەی پێشخستنی پیشەسازی و تووتن و جگەرە لە ڕۆژنامەی پێشكەوتن و ژمارەكانی (64_65_68_70_81_ 86_88)دا بە جوانی نووسیوە، وەك ئابووری زانێكی هوشیاری ئەم سەردەمە مان نەخشەی پڕۆژەی كارگەی خۆش كردن و پوختەكردنی تووتن و جگەرە دروستكردنی كێشاوەتەوە.
كاتێك بە وردی سەرنج دەدەینە ئەو وتارە بە پێزانەی “جەمال عیرفان”ی رۆشنبیری هۆشیار، هەست دەكەین سەركەوتنێكی باشی لە هونەری وتارنووسی كوردیدا بە دەستهێناوە و هەموو هەلومەرجی وتاری باشیان لێ دێتەدی.
لە خوێندنەوەی ئەم زنجیرە وتارە، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێ كە نووسەرەكەی رۆشنبیر و تێگەیشتوو بووە، خاوەنی پڕۆژەیەكی گرنگی ئابووری بووە لە كوردستان و، وەك بینیمان لەسەرەتای بیستەكانەوە نەخشەی بۆ كارگەی جگەرە و خۆشكردنی تووتن كێشاوە، تاكو لە دواییدا حكومەت كردی بە كارگەی جگەرە لە سلێمانی و لە هەولێریش كارگەیەكی گەورەی بۆ جگەرە دامەزراند. گەلێك لە نووسەران و شاعیران و لاوانی ئەو سەردەمە دڵبەندی بیر و بۆچوونەكانی بوون. جەمال عیرفانی نووسەر، شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار گەلێ پلەو پایەی فەرمانبەری بینیوە. لەهەموویاندا سەركەوتوو بووە. لە بووژانەوەی هەستی نەتەوایەتیدا وەك مانگی چواردە بەكردەوە خەرمانەی داوە. كەسێك بێ سڵەمینەوە خاوەنی ئەم هەموو خزمەت و دڵسۆزی و رابەرایەتییە بێت بێگومان دوژمنانی گەل و مرۆڤایەتی دەستنیشانی دەكەن.
دەرفەتێكی بۆ دەرەخسێنن تا لەناوی بەرن و شەبەقێك بخەنە جەستەی گەلی ستەم دیدەی كوردەوە. مامۆستا سیامەند لە ژمارەی (30) گۆڤاری “ڕێبازی خوێندكاران” دا نووسینێكی بەبڕشتی لەسەر نووسیوە تا رادەیەك هەقی خۆی پێداوە. لەمەڕ گەورەیی ئەو ئەستێرە ئاوابووەوە دەڵێت: “كۆمەڵێك لاوی رووناكبیر و دڵسۆزی لەدەوری یەك خڕببوونەوە و بەردەوام بیروباوەڕی ئازادیخوازی و پێشكەوتخوازییان بڵاودەكردەوە و گیانی نیشتمانپەروەری نەتەوەییان لەبیروهۆشی خەڵك دا زیندوو دەكردەوە، “جەمال عیرفان” لە نێو ئەو كۆمەڵە روناكبیرەدا لە هەموویان چالاك ترو بەئەزمون تربوو” شكۆداری مرۆڤ لەوەدایە رێگای سەروەری بۆ خۆی هەڵبژێرێت.
“دەستنووسەكانی جەمال عیرفان”
لەبارەی دەستنووسەكانیەوە؛ خەدیجە خانی هاوسەری دەڵێت: ” گەلێك دەستنووسی لەپاش بەجێما، هەندێ لەو دەستنووسانە لەم ساڵانەی دواییەدا كەوتە دەست مامۆستایان جەمال بابان و شێخ محەمەدی خاڵ. تا ئێستا سەروو سۆراخیان دیار نییە.
“جەمال عیرفان وەك ڕاوێژكار”
ساڵی 1922 حكومەتێكی ناوچەیی لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا لە سلێمانی و دەوروبەری دامەزرێنراوە، شێخ مەحمودی حەفید رابەریی كردووە. لەو دەمانەدا “جەمال عیرفان” یەكێك لە ڕاوێژكەرانی ئەو حكومەتە بووە.
“كوژرانی جەمال عیرفان”
ئێوارەی 12/12/1922 لە ماڵی خۆی لە سلێمانی، لەلایەن چەند كەسێكەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و بەسەختی برینداركراوە، پاش سێ سەعات كۆچی دواییكردووە. لە بارەی كوژرانەكەی “جەمال عیرفان”ـەوە خەدیجە خانی هاوسەری بەمجۆرە ڕووداوەكە دەگێڕیتەوە، دەڵێت: ” ئێوارە بوو، هێشتا بەتەواوی لەنان خواردن دەستمان نەگرتبووەوە، جەمیلەی كچمان بە خاولیەكەوە لای باوكی وەستابوو بۆئەوەی دەستی بشواو خاولییەكەی بداتێ، ڕێكەوت وابوو شوێنی دەست شتنەكە لای دەرگای دەرەوە بوو، خەریك بوو دەستی ئەشت كە یەكێك لەدەرەوە بانگی كرد ووتی جەمال بەگ لەماڵە…؟
هەر خۆی وەڵامی دایەوە ووتی: فەرموو لەماڵە، هەر ئەوەندەمان زانی دەستڕێژێكی لێكراو كەوت، چووینەسەر لاشەكەی هاوارمان لێكرد كێ كووشتتی، ووتی: دوژمنی خۆم ئەناسم ئەگەر نەمردم و ژیام چاریان ئەكەم، سەیرمان كرد گوللەیەك بەرباتووی كەوتووە، هەمووی كاتژمێرێك نەژیا مرد.” ڕۆژی13 /12/1922 بە ئامادەیی خەڵكێكی زۆر لە گۆرستانی گردی جۆگە بەخاكسپێردراوە.
سەرچاوە:
كتێب، جەمال عیرفان، ڕووناكبیرێكی گومناو، كۆكردنەوە و ئامادەكردنی مۆفەق میراودەلی،چاپی یەكەم 2019، دەزگای جەمال عیرفان.