ڕۆژی 31ـی مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وڵاتانی G20 لە شاری ڕۆما، هەریەکە لە “جۆ بایدن” سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و “ڕەجەب تەییب ئەردۆغان” سەرۆککۆماری تورکیا کۆ بوونەوە. بە کۆبوونەوەکەیان، کۆتاییان بەو گومانانە هێنا کە چەند هەفتەیەک بوو درێژەیان هەبوو لەبارەی کۆبوونەوەیەکی لووتکەی لەم چەشنە. پێشووتر و لە سەرەتای هەمان مانگ، قەیرانێکی دیبلۆماسیی کورتخایەن نیشانی دابوو کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە ئاستێکی خراپدان. هەریەك لە “دێڤد ساتەرفیڵد” باڵیۆزی (ئەمریکا لە تورکیا) و نۆ باڵیۆزی دیکەی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەڕەشەی دەرکردنیان لە وڵاتی تورکیا لێکرا، ئەوەیش کاتێك ئەو باڵیۆزانە داوای ئازادکردنی “عوسمان کاڤاڵا”، بزنسمانی تورکیی زیندانیکراویان کرد، کە حکومەتی تورکیا لەلایەن خۆیەوە ئەم داوایەی بە دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەی لێك دایەوە.
کۆبوونەوەکەی نێوان بایدن و ئەردۆغان، کە دووەمین کۆبوونەوەیان بوو لەمساڵدا، ئاماژەیە بەوەی هێڵەکانی پەیوەندی هێشتا کراوەن. بەڵام نکۆڵی لەوەش ناکرێت کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە ئاستێکی زۆر خراپدان.
لە لایەنی تورکییەوە، لە ماوەی پێنج تا شەش ساڵی ڕابردوودا، ئەو بڕوایەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوپەیمانێکی جێی متمانە نییە و بگرە مەبەستی زیانگەیاندنە بە ئەنقەرە تەشەنەی سەندووە و هەستی دژە ئەمریکای دروست کردووە. بڕیاری واشنتۆن لە ساڵی 2015ـدا بۆ پڕچەککردنی هێزە کوردییەکانی سووریا، کە دەگوترێت لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـن، کە بەلای ئەنقەرە و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بە ڕێکخراوێکی “تیرۆریستی” لە قەڵەم دەدرێت و، دەنگۆکانی بەشداریی ئەمریکا لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016ـی دژی حکومەتەکەی ئەردۆغان بە تێکڕا ئەو بڕوایەیان پتەو کردووە. لە تێڕوانینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بڕیاری تورکیا لە دروستکردنی پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ ڕووسیا بۆتە مایەی نیگەرانی. کڕینی سیستەمی بەرگریی S-400ـی دەستکردی ڕووسی لەلایەن ئەنقەرەوە لە ساڵی 2017ـدا بووە جێی شۆکی سەرتاپای واشنتۆن، کە هەستیار بوو لە بەهێزبوونەوەی ڕووسیا.
ناردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئەنقەرە لە ساڵی 2019ـدا بووە هۆی ئەوەی دوای ساڵێك سزا بەسەر بەرپرسانی تورکیا بسەپێنرێت بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا لەڕێی سزاوە. جگە لەوەیش، بووە هۆی کردنەدەرەوەی تورکیا لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی پەرەپێدانی نەوەیەکی نوێی فڕۆکە جەنگییەکان، F-35. لێدوانەکانی ئەم دواییانەی ئەردۆغانیش کە ڕایگەیاندبوو حکومەتی تورکیا نیازی هەیە کاروانێکی دیکەی سیستەمە مووشەکییەکانی S-400 بکڕێت، واشنتۆنی زیاتر تووڕە کردووە.
کەواتە سەرەڕای سەرجەم ئەو گرژییانەی نێوانیان، ئایا (تورکیا و ئەمریکا* لەسەر لێواری جیابوونەوەن؟ لەوانەیە نەخێر، نە بایدن و بۆ ئەردۆغانیش کار بۆ دابڕانێکی تەواوەتی و یەکجارەکی ناکەن. لەڕاستیدا، حکومەتی تورکیا بەنیازە بە مەبەستی نوێکردنەوە و پێشخستنی کەرەستە سەربازییە کۆنەکانی، بە مەبەستی کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگیی F-16 و 80 کەرەستەی هاوچەرخ، ڕێککەوتنێك لەگەڵ ئیدارەی بایدن واژۆ بکات. تورکیا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هێزە ئاسمانییەکانی نوێ بکاتەوە و فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 ببنە بەشی سەرەکیی ئەو هێزەی. هاوکات سووریشە لەسەر وەرگرتنەوەی 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کە بۆ پڕۆژەی فڕۆکەی F-35 پێشوەختە داویەتی.
لە کاتێکدا کە سەرجەم دراوسێکانی هەر لە یۆنانەوە تا دەگاتە ڕووسیا و ئێران توانا سەربازییەکانیان پەرە پێدەدەن، تورکیا بەرگەی ئەوە ناگرێت بەجێ بمێنێت. بەهۆی سەرجەم خواستەکانی لە جەختکردنەوە لەسەر ئۆتۆنۆمییە ستراتیژییەکەی، ئەنقەرە هێشتا پشت بە تەکنەلۆژیای سەربازیی ڕۆژئاوا دەبەستێت. هاوکات ئەنقەرە هێشتا پەیوەستە بە ناتۆوە، کە لە سەردەمێکی نادڵنیایی و لەکاتێکدا ڕووسیا لە کەنارەکەی دیکەی دەریای ڕەشەوە هێزی سەربازیی خۆی بەهێز دەکات، وەك بەشێکی گرنگ دەمێنێتەوە لە ئاسایشی نەتەوەیی. بەدڵنیاییەوە زۆرینەی هاوڵاتییانی تورکیاش بەردەوام دەبن پشتگیریکردنی ئەندامێتیی وڵاتەکەیان لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئابووریی نێوخۆیی لاوازی “تورکیا” و داڕمانی خێرای بەهای لیرەی ئەو وڵاتە، کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا 80%ـی بەهاکەی لەدەست داوە، ئاماژەیەکی دیکەی پشتبەستنی تورکیان بە بازاڕە داراییە نێودەوڵەتییەکان. سیناریۆی جیابوونەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیشانەیەکی باش نابێت بۆ سەقامگیریی ئابووریی تورکیا. بە داخستنی باڵیۆزخانەکان و دروستبوونی کێشەیەکی قووڵ و گشتگیر لەگەڵ ڕۆژئاوا، وەبەرهێنەرانی بیانی بە کۆمەڵ دەست لە سەرمایە و وەبەرهێنان بە لیرە هەڵدەگرن، بەوەیش بەهای دراوەکە بە تەواوەتی هەرەس دەهێنێت. ئەمریکاش لەلایەن خۆیەوە لەسەر زاری “ئەنتۆنی بلینکنی” وەزیری دەرەوەی ڕایگەیاندووە کە هێشتا پێویستی بە “هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی” هەیە. سوپای تورکیا وەك بەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانی ناتۆ لە بەرەی ڕۆژهەڵات دەمێنێتەوە کە تێیدا ڕووسیا ئاستەنگێکی گەورەیە. فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بایراکتاری TB2 بە وڵاتی ئۆکرانیا و بەکارهێنانی لە ئێستادا لە گۆڕەپانی جەنگی دۆنباس دژی جوداخوازە پاڵپشتیکراوەکانی ڕووسیا، بەهای ستراتیژیی تورکیا دەردەخات.
هەروەها ئەنقەرە پشتیوانیی سەرجەم ئەو دەستپێشخەرییانەی ناتۆی کردووە کە مەبەست لێیان دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانان بووە لە دەریای ڕەش، لەوانە مەشق و ڕاهێنانی ناوە ناوە و خوولانەوەی کەشتییە دەریاییەکانی ئەمریکا وڵاتانی دیکەی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە. هەروەها ڕۆڵی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەتایبەتی لە لیبیا، کە لەو وڵاتە تورکیا ململانێی ڕووسیا دەکات و هەروەها سووریاش، هۆکارێکی دیکەیە وا دەکات واشنتۆن دەستبەرداری ئەنقەرە نەبێت. هەمان شت بۆ ئەفغانستانیش ڕاستە کە ئەنقەرە دەستبەرداری پلانەکانی نەبووە بۆ ڕۆڵگێڕان لە سەقامگیرکردنی فڕۆکەخانەی کابول.
ئەمریکا و تورکیا پەرچەکرداری ناوە ناوەیان بەرانبەر بە یەکدی هەیە. هاوپەیمانییەکەیان لە دۆخێکی مەترسیدار و ترسناکدایە، بەڵام هێشتا زۆر زووە جاڕی لەناوچوون و هەرەسهێنانی بدرێت. شێوازی مامەڵەیی سیستەمی ئەمڕۆیە و ئەگەری هەیە هەردوولا لەسەر بنەمایەکی پرس تا پرسێکی دیکە کار بکەن. بۆیە “بایدن و ئەردۆغان” دەتوانن بە چەند ڕێگەیەکی سنووردار و لە چوارچێوەی ناتۆدا هاوئاهەنگی بکەن. هاوکات ئەگەرێکی دوورە ڕێککەوتن لەسەر فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-16 بکرێت، ئەمە جگە لە دژایەتیی کۆنگرێسیش بۆ ئەم پرسە. هاوکات ئۆپەراسیۆنێکی نوێی تورکیا لە سووریا نابێتە هۆی نیگەرانیی ئەمریکا ئەگەر یاساکانی خۆپاراستن لە پێکدادان لەسەر ئەرزی واقیع لەنێوان دوو سوپاکە بچەسپێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا بەردەوام بە نیگەرانییەوە چاودێریی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا و چین دەکات. هەروەها بەپێچەوانەی ترەمپ، بایدن ڕاشکاوتر دەبێت لەبارەی سیاسەتی نێوخۆیی تورکیا، بۆیە ڕوودانی بەریەککەوتن و ناکۆکیی زیاتر لە داهاتوودا شتێکی حەتمییە.
نووسەر: دیمیتار بێشێف (Dimitar Bechev)
وەرگێڕان: موحەممەد ڕەحمان