قەزای ماوەت یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی، کە ناحییەی ماوەت ناوەندی قەزاکەیە و لە ٧٣ گوند پێکھاتووە، قەزای ماوەت لە ڕووی ئیدارییەوە قەزایەکی نوێیە، ژمارەی گشتی دانیشتوانی تا نزیکەی ٧٠,٠٠٠ کەس ھەڵکشاوە، بەڵام بە ھۆی پلانی حکومەتی بەعسی عێراقی داگیرکەر و سیاسەتی ڕاگواستن و جەنگی نێوان عێراق و ئێران ژمارەی دانیشتوانی کەمی کردووە.
بە پێی سەرچاوە مێژوییە نوسراوەکانی (کاوس قەفتان، حسین نازم، احمد ساڵح) پێش ھێرشی داگیرکەرانەی عەرەب بۆ ناوچەکانی باکور و ناوچە کوردستانییەکان بە بیانوی فتوحاتی ئیسلامی، ماوەت بەشێک بووە لە بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کە کەسێک بە ناوی (قەھقۆن) حاکمی بانە بوو لەو سەردەمەدا، و دەسەڵاتی پشتاوپشت بۆ نەوەکانی دەستاودەستی کردووە تا (ئەسکەندەر). وە لە ھەمان کاتدا (فەقێ احمدی دارەشمانە) حاکمی میری بابان بووەو کۆچی دوایی کردووە، لە جێگەی ئەو (خان داغ)ی کوڕی جێگەی گرتوەتەوە. بۆیە بەھۆی نزیکی ماوەت لە سنوری ئیمارەتی بابان، عەشیرەتەکانی (ئاکۆ، بلباس، ئالان و ماوەت) بەھۆی زۆرداری حاکم ئەسکەندەری بانە، بەیعەتیان بە خان داغ حاکمی بابان داوە، بەم جۆرە ماوەت چوەتە سەر ئیماراتی بابان لە باشوری کوردستان.
ھەڵکەوتەی جوگرافی:
قەزای ماوەت دەکەوێتە سنوری باکوری قەزای شارباژێر، و ڕۆژھەڵاتی قەزای دوکان، وە ھەروەھا درێژدەبێتەوە تا سەر سنوری دەوڵەتی ئێرانی داگیرکەر. واتە ھەتا سنوری ڕۆئاوای بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. واتە قەزای ماوەت دەکەوێتە باکوری ڕۆژھەڵاتی پاریزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان.
ئاو و ھەوا:
ئاو و ھەوای قەزای ماوەت بە ھۆی ھەڵکەوتە جوگرافیەکەیەوە زستانی سارد و ھاویتی مامناوەند و فێنکە.
ڕووبەر:
ڕووبەری قەزای ماوەت ٧ کم چوارگۆشەیە، وە بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی ٣٠٣ مەترە.
ژمارەی دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوانی قەزای ماوەت بە پێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ سالی ٢٠١٨ لە ٩,٤٨٣ کەس پێک دێت.
ئا/ ئەنەس محەمەد ئیبراهیم