پێشەکی
پەیوەندییە گشتییەكان كۆششێكە دەیەوێ كاریگەری بخاتە سەر جەماوەر لەرێگای هۆكارە جۆراوجۆرەكانی میدیاوە، تا بیرۆكەیەكی تەندرووستی دامەزراوەكەی هەبێ و ببێتە پاڵپشتی لەچارەسەركردنی قەیران و لەگەڵ ئامانجەكانیدا هانیانبدات لەچالاكیەكانیاندا.
پەیوەندییە گشتییەكان كار دەكات بۆ دروستكردنی متمانەی جەماوەری دەزگایەك، هەروەها كار بۆ لابردنی راوەستانی چالاكیەكانی دەزگاكە و ئەو بەدحاڵی بوونە دەكات كە جاروبار رووبەڕووی دەزگاكە دەبێتەوە، بێگومان گەر بمانەوێت نەوەیەکی هۆشیار بخولقێنین، ئەوا لەم پێناوەدا هەموومان پیویستمان بە هونەرەکانی ئەتەکێتە تا دەربڕینەکانمان دروست و ئامانجدار بن و لە ئەزموونەکانمانەوە فێر ببین، لەم سەردەمەدا نابێت مامەڵە کردنمان لەگەڵ کەسانی دی هەڕەمەکییانە بێت، چونکە ئەم مامەڵەیە جۆرە هونەرێکە و کۆمەڵیک بنەما و پێوەری هەیە کە پێی دەوترێت هونەری ئەتەکێت، ڕەفتارکردنیش بە پێچەوانەیانەوە وا دەکات کەسەکە وەک نەزان و بێ سەلیقە دەربکەوێت و خەڵکی بە پێویستی نەزانن سەرسامی زەوق و ڕەفتاری ببن. بۆ نمونە: کاتێک دەست بە کارێکی ئیجابی دەکەین، پیویستە بە شێوازێکی نەرم و نیان بێ بریندارکردنی کەس، بنەما ژیرانە و قەشەنگەکانی ئەتەکێت پەیڕەو بکەین.
ئەتەکێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و لە ناویشیاندا مێدیا، هونەری ڕەفتاری جوان و هەڵسووکەوتی شارستانیانەیە، لە هەر سەردەم و قۆناغێکدا، هونەرەکە بە جۆرێکە کە پێویستە لە ناوەند و دەزگاکاندا و لەکاتی دانوستان و گفتگۆکردن و خوان و سەردانییەکاندا بە پێی بنەماکانی ئەتەکێت و دیبلۆماسییەت هەڵسوکەوت بکرێت.
دەتوانین بڵێن، ئەتەکێت هونەری چەندایەتی و چۆنایەتی هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانمان لەگەل خودی خۆمان و ئەوانی دیکەیە لە ژیانی ڕۆژانەیە.
ئامانج لەم باسە خستنەڕووی زانیاریی جیاوازە لە سەر بابەتی پەیوەندی گشتی و ئەتەکێت و مامەڵەکردن لە گەڵ خەڵک بەگشتیی ئەویش بە پشتبەستن بەو سەرچاوە زانستییانەی کە هەیە.
هونەری ئەتەکێت و پرۆتۆکۆل:
ئەتەکێت: ئەتەکێت چەمکیکی فەڕەنسیە، مەبەست لێی ئەوەیە مرۆڤ پێش ئەوەی ڕەفتارێک یان هەڵسوکەوتێک بکات یان وشەیەک دەرببڕێت بە باشی بیر بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاست و دروست بگرێتە بەر، بەڵام بۆ گەیشتن بە ڕێگای ڕاست و دروستی ڕەفتار و هەڵسووکەوتکردن و قسەکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە ، پێویستە سەرەتا ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین : چی بکەم و چی بڵێم؟ چۆن بڵێم؟ ئایا بڵێم یان نەیڵێم؟
خەڵک بە گشتی لە ژیانی ڕۆژانەیان و لە ناوەندەکانی کارکردن و ناوەندە پەروەردەیی و زانستی و بوارەکانی دیکە پێویستی بەم هونەرەیە هەر بۆ لەمڕۆدا لەلایەن شارەزایانی بواری ئەتەکێت و دیبلۆماسییەت گۆڕانکاری زۆری تێدا کراوەبۆ ئەوەی ژیانی خەڵک ڕێکبخەن، بۆ نمونە: شێوازی قسەکردن و پێشوازی و سڵاوکردن و میوانداری و جل پۆشین و ئاهەنگگێڕان و هاوسەرگیری و ستایلی قژبڕین و ڕەنگی قژ و مکیاژ و دانیشتن و نانخواردن و یارکردن و خۆشەویستی و پێکەنین و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە و چوونە زانکۆ و …هتد، بە ڕێگا و شێوازێک بێت کە لەلاین هەمووانەوە ویستراو پەسەند بێت.
پرۆتۆکۆل: پرۆتۆکۆل چەمکێکی یۆنانییە، لە بنەماوە ناویی جۆرە درەختێکە، ڕۆژێک لە سەردەمانی رابردوو ڕێکەوتنێکی گرنگ لەسەر گەڵای ئەم درەختە نووسرابوو و دۆزرایەوە، هەوروەها چۆنێتی جێبەجێ کردنی هەندێک لە بەندەکانی ڕێکەوتنەکە لە سەری نووسرابوو لەدوای دۆزینەوەی ئەو ڕێکەوتنە لەسەر گەڵای درەختی پرۆتۆکل بە بەندەکانی رێکەوتن وتراوە پرۆتۆکۆل، لەو ڕۆژەوەوە بەهەموو ڕوونکردنەوە چۆنێتی هەڵسووکەوتکردن سەبارەت بە جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتنەکان دەوترێت پرۆتۆکۆل.
بە جۆرێکی دیکە دەتوانین بڵێین پرۆتۆکۆل، بریتیە لە لێکتێگەیشتنی بەڵگەنامەیی پەسەندکراو، جێبەجێکردنی بەند و تەوەرەکانی ئەو لێکتێگەیشتنە، کە ئەرک و ماف و پێگەی لایەنەکانی گرێبەستەکە یان بەڵگە نامە دەپارێزرێت.
پرۆتۆکۆلی دەکرێن بەچەند بەشێکەوە:
1.پرۆتۆکۆلی پەیمان
2.پرۆتۆکۆلی سیاسی
3.پرۆتۆکۆلی دبلۆماسی
4.پرۆتۆکۆلی تۆڕەکانی پەیوەندی
5.پرۆتۆکۆلی کۆمپیوتەر
ڕۆڵی هونەری ئەتەکێت لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا
چەمکی ئەتەکێت ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک ڕەفتار و ئاداب و سیستەم و بنەمای هونەری دیاریکراو، بە پێی سەردەمەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت، ئەو بنەمایانە بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری لە پەرەپێدان دروستکردنی جۆرێک لە سیستەمی ڕەفتاری پەسەند و ویستکراو دەکەن، کە هەڵسووکەوت و ڕەفتار و هەڵوێستەکانی تاک و کۆمەڵ لە ناوخۆ و دەرەوە ڕێکدەخەن، بۆ نمونە ڕەفتارە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان. ئەگەرچی مرۆڤ لەڕووی یاسایی لەسەر پابەندنەبوون بەبنەماکانی ئەتەکێت لەلایەن تاک و کۆمەڵ ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە و ڕەخنە و سەرزەنشتکردن دەبێتەوە.
گرنگترین بنەما ڕەفتارییەکانی، پێویستە مرۆڤ لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەندا پەیڕەویان بکات:
•پێویستە لە ژینگەیەکی تەندروست و دوور لە ژاوە ژاو ژیانی رۆژانەمان بەسەر بەرین.
•نابێت هەموو خواردن و خواردنەوەیەک بخۆین، بەڵکوو پێویستە ئەو خواردن و خواردنەوانە بخۆین کە لەگەڵ تەمەن و باری ئابووریمان گونجاوە.
•پێویستە لە کاتی دروستبوونی کێشەیەک هاوکاریی خەڵکی بکەین.
•پێوسیتە لە ڕەفتارەکانماندا ئارام بین، نابێت کەسیش بێزار بکەین.
•نابێت لە پرۆسەی پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەمان گیانی خۆمان یان کەسانی دیکە بخەینە مەترسیەوە.
•پێویستە تەندروستی خۆمان لەڕووی جەستەیی و دەروونیەوە بپارێزین.
•ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە بنەمای ژیان بێت.
•بە سۆز و خۆشەویستییەوە هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەوانی دیکە بکەین بە بێ هیچ بەرژەوەندییەک.
•ئەبێ خۆمان خۆش بوێت، ئەو مرۆڤەی خۆی خۆش ویست خراپە لەگەڵ کەس ناکات.
•دەبێت لێبوردە بین، بەتایبەت کاتێک کەسێک هەڵەیەک بەرامبەرمان دەکات.
•پێویستە بەردەوام هەوڵی خۆپەروردە کردنی خۆمان بدەین، لەبەر ئەوەی ژیان بەردەوام لە گۆڕانکارییدایە.
•پێویستە ڕوخسار و جەستە و پۆشاکەکانمان پاک و خاوێن و گونجاو بێت.
– ئەتەکێتی ڕۆشتن
– ئەتەکێتی سڵاوکردن
– ئەتەکێتی دانیشتن
– ئەتەکێتی وەڵامدانەوەی پەیوەندی تەلەفۆنی
– ئەتەکێتی وەڵامدانەوەی پرسیاری بێزارکەر
– ئەتەکێتی قسەکردن لەگەڵ کەسانی دیکە
– ئەتەکێتی زمانی جەستە
– ئەتەکێتی دەربڕینی دید و بۆچوونەکان
– ئەتەکێتی هەڵسووکەوت لەگەڵ حاڵەتی هەڵچوون
– ئەتەکێتی لێبوردن
– ئەتەکێتی سەردانیکردن
– ئەتەکێتی پۆشاک و پۆشینی جل و بەرگ
– ئەتەکێتی پێکەنی ، چوونە بازاڕ ، چوونە ناو زانکۆ، خۆشەویستی
– ئەتەکێتی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان
– ئەتەکێتی هەڵسووکەوتکردن لەگەڵ منداڵ ، باوک و دایک، هاوسەر و کەسانی دیکە، بە جۆرێک هەریەک لەمانەی سەرەوە هەموو ژیانی تاکەکان لە کۆمەڵگا داگیر دەکات و هەموو جووڵەیەکی مرۆڤ پێویستی بە ئەتەکێتە.
هونەری ئەتەکێت و دیپلۆماسیەت لە ناوەندە و دەزگا فەرمییەکاندا:
بوارەکانی ئەتەکێت و بوارەکانی جێبەجێ کردنیان:
دەزگا و ناوەندەکان بە هەموو پێکهاتەکانیان بەشێکی گرنگن لە سیستەمی پەیوەندییەکان، هەروەها بەبنەمایەکی گرنگی پەیوەندییە گشتیەکان دادەنرێن، بە ئاستێک دەزگا و ناوەندەکان لە پەیوەندییە گشتییەکاندا زۆربەی کاتەکانیان بە چالاکی پەیوەندی ئامانجدار بەسەردەبەن، بۆ پاڵپشتیکردنی پەیوەندی دەزگا و ناوەندەکان بە ئەندامەکانیان، لە کاتی پەیوەندییەکان کەسە ئازادەکان گرنگی بە چالاکی پەیوەندییەکانیان دەدەن، لەسەر ئەو بنەمایە کەسانی دیبلۆماسین لەپەلەی یەکەم.
بنەماکانی ئەتەکێت و بوارەکانی جێبەجێکردنی:
1.ئەتەکێتی دیالۆگکردن
2.دەستخۆشی و پیرۆزبایی کردن
3.پرسە و ڕووداوە ناخۆشەکان
4.داوای لێبوردن کردن
5.گۆڕینەوەی دیارییەکان
6.سەردانیکردنی شوێنە گرنگەکان
7.هاوکاری و پێشکەشکردنی یارمەتی
8.ئەتەکێتی نامە گۆڕینەوە لە نێوان دەزگاکان هەتا کۆتایی…هتد، کە هەموو چوارچێوەیەکی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە لە هەر قۆناغ و پێگەیەکی کۆمەڵایەتیدا بێت هەتا ئەو ڕۆژەی زیندووە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین پرۆتۆکۆل بەشێکە لە هونەری ئەتەکێت و گرنگی بەو بنەمایانە دەدات کە ڕەفتارەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی دیبلۆماسییانە ئاراستە دەکەن و ڕیکدەخەن، هونەری ئەتەکێت ڕەوتی ژیانی مرۆڤ بە شێوەیەکی دیبلۆماسییانە ئاراستە دەکەن و رێدەخەن، هونەری ئەتەکێت ڕەوتی ژیانی مرۆڤ بە جیاوازی دید و بۆچوونەکان لە چوارچێوەی بنەما ڕەفتارییە پەسەند و ویستراوەکان رێکدەخات، لەسەر بنەمای ئەم ڕوونکردنەوەیە هونەری ئەتەکێت نوێنەرایەتی جوانی ڕەفتارەکانت لەبەرانبەر خودی خۆت و ئەوانی دیکە دەکات، بەڵام پرۆتۆکۆل نوێنەرایەتی جوانی ڕەفتارەکانت لەبەردەم کەسانە دەرەوەی نەتەوەکەی خۆت دەکات.
” زۆر کەس بە هەقیقی جوانن، بەڵام درکی جوانی خۆیان ناکەن، کەواتە تەنها ئەوانە جوانن، لە ناخی خۆیان جوانی دەدۆزنەوە”.
سەرچاوەکان:
١- بیولا، کورنلیو؛ هلمز، مارکوس.دیپلماسی دیجیتال: نڤریه و عمل. ترجمه كاڤمی مهرێبادی، رعنا. (1395). تهران: نشرکتاب پارسه
٢- بزرگمهری، مجید؛ نعمتی، فاگمه. (1390). تاپیر دیپلماسی رسانه ای بر سیاست خارجی : تبیین راهکارها. فصلنامه تخصصی علوم سیاسی، 7 (17)، صص 158-139
٣- هونەری ئەتەکێت ، زەینەب سوبحی، وەرگێڕ: کارزان دوکانی، داڕشتنەوە: بەهرە محەمەد، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردن (١٠٨٨)ی ساڵی ٢٠١٦ ی پێ دراوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئارا چاپی کردووە.
٤- هونەری ئەتەکێت دیبلۆماسییەت، ڕەمەزان حەمەئەمین قادر، بابەت: رێنمایی و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی، هەڵەچینی: سامی قادر، ئاراس عەبدوالخالق، چاپخانە: تاران، چاپی یەکەم ٢٠١٨، لە بەڕیوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارە سپاردنی (١٨٢٩)ی ساڵی (٢٠١٨) پێدراوە.
https://ckb.wikipedia.org/wiki/پەیوەندییە_گشتییەکان
https://web.archive.org/web/20160306005856/http://komak.nu/Kurdi/Kteebkhane/KteebiKOMAK_PDF/Peywendsazi_PR_Westanders_2009_2010515.pdf
https://ckb.wikipedia.org/wiki/پەیوەندییە_گشتییەکان
https://web.archive.org/web/20160306005856/http://komak.nu/Kurdi/Kteebkhane/KteebiKOMAK_PDF/Peywendsazi_PR_Westanders_2009_2010515.pdf