کفری شارێکی دێرینی کوردستانە دەکەوێنە نێو ئیدرای گەرمیانەوە، دانیشتوانی ئەم شارە کوردن و ھەندیک لە عەرەب و تورکمانیش تێیدا دەژین، قەزای کفری لە پێنج ناحیە پێکدێت (کفری، ئاوە سپی، سەرقەڵا، نەوجۆل، کۆکس ) کە ناوەندی کفری ناوەندی قەزاکەیە، عەشیرەتە سەرەکییەکانی ئەم قەزایە لە (دەلۆ، زەنگەنە، داودی، جاف ، ھەمەوەند و گێژەن) پێکدێن. لە ڕووی ئاینەوە، موسڵمان و کاکەیی تێدادەژین. کفری پێگەیەکی گرنگ و پڕبایەخی ھەیە لە مێژووی گەرمیاندا، مەڵبەندێکی دێرینی ڕۆشنبیری و ئەدەبی بووە، بەتەواوی مێژووی بنیاتنانی کفری ڕوون نیە، بەڵام چەندان سەدەیە کفری بنیات نراوە. چەندین شوێنەواری گرنگ و مێژوویی تێدایە کە لە چاخ و سەردەمە جیاوازەکاندا دروستکراون، لەوانە: ئاسکی کفری، ئاشتۆکان، تلیشان، دوانزە ئیمام، سەرقەڵا، گردەگۆزینە و …ھیتر.
ناوی کفری:
تاکو ئێستا بە تەواوی نەزانراوە ناوی کفری لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام چەندین ڕاوبۆچون ھەیە و لەسەردەمە جیاوازەکانیشدا بە ناوی جیاواز ناوھێنراون، لەوانە: کفری لە (کفر)ی عەرەبییەوە ھاتووە، کە بە کوردی واتای دار (گەز) دەبەخشێت. وەک دەگوتری ئەم جۆرە دارە لەو ناوچەیە زۆر بووە. ھەروەھا کفر بە واتای (قیر یاخود بەردی غەڵوز)یش دێت لە زمانی کوردیدا کە لە دێر زەمانەوەی کانزاکانیان لە دەوروبەری کفری دۆزیوەتەوە. ھەروەھا ڕایەکیتر ھەیە کە کفری لە (قار – قیر – کار)ی سۆمەرییەوە وەرگیراوەو بە تێپەڕبوونی کات لەسەردەمە جیاوازەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە.
لە دەقە بزمارییە ئەکەدییەکان و دواتر بابلیەکان و ئاشوریەکان بە کفری وتراوە (کبرو). پاشان ئارامییەکان بە (کبرا)و دواتر عیبرییەکان بە (کوبیر) ناوی کفری ھێنراوە.
ھەڵکەوتەی جوگرافی:
کفری دەکەوێتە باشوری ڕۆژھەڵاتی کەرکوک و ڕۆئاوای کەلار، لە باشوریشەوە چیای حەمرین جیای دەکاتەوە لە پارێزگای دیالە، لە باکوریشەوەی دەکەوێتە باشوری قەزای چەمچەماڵ. واتە کفری دەکەوێتە نێو ئیدارەی گەرمیان لە باشوری پارێزگای سلێمانی، لە بەشی باشوری باشوری ھەرێمی کوردستان.
ڕووبەر:
ڕوبەری قەزای کفری ٥,٢٧٥ کم چورگۆشەیە, کە دەکەوێتە نێوان ھێلی پانی ٣٤ – ٥٥ پلە و ھێڵی درێژی ٤٥ پلەی گۆی زەوی. بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریا ٢٢٨ مەترە.
کەش و ھەوا:
بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافیەکەیەوە کەش و ھەوای لە زستاندا مامناوەندەو زۆر سارد نییە، بەڵام لە وەرزی ھاویندا گەرمە.
دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوانی قەزای کفری بەپێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ سالی ٢٠١٨ لە ٥٥,٣٣٢ کەس پێک دێت.
ئا/ ئەنەس محەمەد ئیبراهیم