ڕانیە، شارۆچکەیەکە لە پارێزگای سلێمانی کە دەکەوێتە باشوری کوردستان, قەزای ڕانیە لە پێنج ناحیە پێک دێت (ڕانیە، چوارقوڕنە، حاجی ئاوا، بێتواتە، سەرکەپکان)، وە ناوەندی ناحیەی ڕانییە ناوەندی قەزاکەیە. ڕانیە بە دەروازەی ڕاپەڕین بە ناوبانگە کە لە ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕین لەو ناوچەیەوە سەری ھەڵدا دژ بە ڕژێمی بەعسی حکومەتی دەوڵەتی عێراقی داگیرکەر.
لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە ڕانیە سەر بە ئەمارەتی بابان بووە. ڕانییە لە ساڵی ١٨٩٧ەوە سنجاقێکی سلێمانی سەر بە ئەیالەتی شارەزوور بووە کە ناوەندەکەی کەرکوک بووە. لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق ڕانییە قەزایەکی سەر بە پارێزگای ھەولێر بووە. وە ساڵی ١٩٥٧ خراوەتە سەر پارێزگای سلێمانی. لە ڕووی شارستانیەتەوە، مێژووی کۆنی ڕانییە خاوەنی شارستانیەتێکی دێرینە لە زۆر ڕوەوە و دەکەوێتە ناوچە شوێنەوارییەکانی باشوری کوردستان لە بواری مێژوییەوە.
ناو:
لە سەر ناوی ڕانیە چەندین بۆچونی جیاواز ھەیە، بۆ نمونە: لە قسەی پێشینانی شارەکەوە دەگێڕنەوە کە ناوی ڕانیە لە (ڕانک) و (چۆخە) وە ھاتوە! ڕانک و چۆخە جلوبەرگێکی ڕەسەنی کوردیە، گوایە شوانێک لە بەرزایەکی قەندیلەوە ڕانکەکەی لێ بە ئاودا چووە، پاشان لە سەرچاوەی ئاوی (قولە) کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری ڕانیە دۆزراوەتەوە، بەمەش ناوی ڕانیە لەو ڕانکەوە ھاتووە. کەسانیتر پێیان وایە لە ناوی پاشایەکی کۆنەوە ھاتووە بە ناوی (ڕەھەنشاە). یاخود لە (ڕوندیات) یاخود (ڕاە +نیاە) ھاتووە بە واتای ڕێنیشاندەر. ھەروەھا بۆچونێکی تر خراوەتە ڕوو کە ناوی ڕانیە لە (ئۆرانیە)وە ھاتووە کە گوایە لە وشەیەکی یۆنانی لە ئۆرانس یان ئۆرانیەوە ھاتووە کە بە واتای ئاسمان دێت.
ھەڵکەوتەی جوگرافی:
قەزای ڕانییە دەکەوێتە باکوری ڕۆژھەڵاتی کوردستانی باشور و باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای سلێمانی, بەشی باکوری شاری ڕانییە بە چیایەک دەورە دراوە کە پێی دەوترێت ( کێوە ڕەش) کە ١,٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
کەش وھەوا:
بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافیەکەیەوە کەش و ھەوایەکی مامناوەندی ھەیە.
ڕووبەر:
ڕوبەری ناوەندی قەزای ڕانییە ٨ کم چوار کۆشە کە دەکاتە ٣٢٠٠ دۆنی. وە پانتایی قەزاکە ٨٨٤ کم چوارگۆشەیە. وە بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریا نزیکەی ٦٠٧ مەترە.
ژمارەی دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوانی قەزای ڕانیە بە پێی نەخشەی دانیشتوانی پێبینیکراوی دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی سەر بە وەزارەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ سالی ٢٠١٨ لە ٢٣٧,٥٦٤ کەس پێک دێت.
ئا/ ئەنەس محەمەد ئیبراهیم