قەزای چەمچەماڵ یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان، ئەم قەزایە لە حەوت ناحیە پێک دێت ( چەمچەماڵ، سەنگاو، شۆڕش، تەکیە، ئاغجەلەر، قادر کەرەم، تەکیەی جەباری ) شارۆچکەی چەمچەماڵ ناوەندی قەزاکەیە، کە بە یەکێک لە شارۆچکە دێرینەکانی باشوری کوردستان دەژمێردرێت. نزیکەی ١٠ کم لە گوندی (چەرمۆ)وە دوورە. گوندی چەرمۆ بە یەکەمین ناوچە دادەنرێت کە مرۆڤ کشتوکاڵی تێداکردووە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر دێرینی شارۆچکەی چەمچەماڵ کە ھەر لە دێر زەمانەوە مرۆڤی تێدا نیشتەجێبووە.
بوونی قەڵایەک لە نێوەڕاستی شارۆچکەکە بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر دێرینی شارۆچکەکە بە تایبەت دوای دۆزینەوەی چەند پارچە ئاسەوارێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان.
چەمچەماڵ لە کاتی فەرمانڕەوایی میرنشینی باباندا بەشێک بووە لە سلێمانی تا ساڵی ١٨٥٢، پاشان دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر سلێمانی داگیر کردووە. وە لە کاتی داگیرکردنی عێراق لە لایەن بەریتانییەکان ئەم شارۆچکەیە خراوەتە سەر پارێزگای کەرکوک. وە لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٥ دووبارە ئەم شارۆچکەیە خراوەتەوە سەر پارێزگای سلێمانی.
لە ھۆزە سەرەکییەکانی قەزای چەمچەماڵ (شوان، جەباری، ھەمەوەندی، مەنمی، شێخ بزێنی، کاکەیی، جاف، شێخ سمایلی، شێخان، کافرۆش، تاڵەبانی، دەلۆ، گێژ، لەک، سارت، زەنگە).
ناو:
ھەروەک ناوچەکانی دیکە ڕاوبۆچونی جیاواز ھەیە لەسەر ناوی چەمچەماڵ، بەڵام ڕای زۆرینە وایە وەک ئەوەی باس دەکرێت لە سەردەمانێکی زوو ئەو ناوچەیە ڕەز و باخی زۆری تێدا بووە، ھەر ماڵێک لەسەر ڕەز و باخی خۆیان بوون و ژیاون، بەڵام بە ھۆی لافاوێکی گەورەوە ھەموو ڕەز و باخەکان ڕاماڵراون و خاپور بوون، بۆیە بە ناوچەی ڕاماڵراو بوەتە ناونیشان ناوچەکە، بە مروری زەمەن ئەو ناونیشانەی بەسەردا بڕاوە و بوەتە چەمچەماڵ. وە ھەروەھا ڕای جیاوازی دیکەش ھەن، وەک دەڵێن لە چەمچەماڵ کەسێک ھەبووە بە ناوی (جەمال)، باخێکی ھەبووە بە ھۆی لافوەوە ڕاماڵراوە و ئیدی بە چەمی جەماڵ ناسراوە دواتر بە پێی زەمەن بووە بە چەمچەماڵ.
ھەڵکەوتەی جوگرافی:
شارۆچکەی چەمچەماڵ لە باکورەوە زنجیرە چیای دەربەندی بازیان، و لە ڕۆژھەڵاتیش ڕوباری باسەڕە، لە ڕۆژئاوا زێ خواروی، و گردەکانی بانی مەقانیش باشوری سنوری جوگرافی چەمچەماڵ دیاری دەکەن.
کەش و ھەوا:
کەش و ھەوای چەمچەماڵ زستانی سارد و ھاوینی گەرمە.
ڕووبەر:
ڕوبەری قەزای چەمچەماڵ ٣٧٣٣ کم چوارگۆشەیە، و بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریا ١١٠ مەترە.
ژمارەی دانیشتوانی:
ژمارەی دانیشتوانی قەزای چەمچەماڵ بە پێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ سالی ٢٠١٨ لە ١٧٠٩٦١ کەس پێک دێت.
ئا/ ئەنەس محەمەد ئیبراهیم