قەزای پێنجوێن یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان، لە ھەرسێ ناحیەی ( پێنجوێن، گەرمک، ناڵپارێز) پێکدێت، کە ناحیەی پێنجوێن ناوەندی قەزاکەیە.
مێژووی دروستبوونی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی شانزەھەم، واتە چوار سەد ساڵە پێنجوێن ئاوەدانەو خەڵکی تێدا ژیاوە. بنەچەی دروستبونەکەی سەرەتا گوندێک بووە سەربە ناوچەی (قزڵجە) بووە، کە ئەوکاتە سەر بە قەزای (گوڵعەنبەر) بووە، کە دەکاتە خورماڵی ئێستا. ئەم ڕاستییەش لە بەڵگەی نوسراودا لای ھەندێک لە خەڵکی پێنجوێن پارێزراوە، کە تایبەتە بە موڵکیەتی زەوی و
زارەکانیانەوە.
زارەکانیانەوە.
ئەو سەردەمەی کە قەڵاکانی قزلجە (کچێ ، وێنە)ی تێدا دروستکراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ھەزارەی یەکەم و دووەمی پ.ز، کە لەژێر حوکم و قەڵەمڕەوی (لۆلۆ)یەکاندا بووە.
دوای دروستبوونی حکومەتی عێراق، بەھۆی ھڵکەوتویی پێنجوێن و پێشکەوتوییی خەڵکەکەی لە زۆر بواردا، پێنجوێن کراوەتە ناحییە و سەربە ھەڵەبجە بووە، تاکو ساڵی ١٩٥٩. پاشان بەھۆی زۆربونی دانیشتوانی ناوچەکەو فراوان بوونی، پێنجوێن کرایە قەزایەکی سەربەخۆ.
ناو:
سەبارەت بە ناوی پێنجوێن بیر و بۆچونی جیاواز ھەیە، لەوانە دەگوترێت ھەر لە سەرەتای ڕۆژھەڵاتن تا ڕۆژئاوابونی خۆر، لە پێنجوێن، پێنج وێنەی تێدا بەدی دەکرێت. ھەروەھا دەگوترێت کە پێنجوێن لە بنەڕەتدا پێنج گوند بووە، کە ئاسەوارو شوێنەواری ھەر پێنج گوندەکە ماون، چەند کەسایەتییەکی بەتەمەنی شارەکە زۆر دڵنیان لەوەی بۆچوونی دوھەم زۆر لە ڕاستییەوە نزیکە. ڕایەکی دیکەش ھەیە دەڵێن، ناوی پێنجوێن لە پێنج (جوو)ەوە ھاتووە، بەو واتایەی پێنج جولەکە ئاوەدانیان کروەتەوە، چونکە بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل و دەرکردنیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، جولەکە لەو ناوچەیە ژیاون و لەگەڵ موسڵمان کارو کاسبیشیان پێکەوە بووە.
ڕایەکی دیکەش ھەیە دەوترێت کاتێک ئەسکەندەری مەقدۆنی پاش سەرکەوتنی لە جەنگی (کۆگەمێل) لە ساڵی ٣٣١ پ.ز لە نزیک ھەولێر بەسەر سوپای (دارای سێیەمی ئەخمینی) مەفرەزەیەکی پێنج کەسی لە شاری (ئەرابخا) واتە کەرکوکی ئێستا، ناردە بەرەی ڕۆژھەڵات بۆ ناوچەی (میدیا) واتە موکریانی ئێستا، بۆ چاودێری و پاکسازی تا داگیری بکات. واتە وشەی پێنجوێن لە (پانج)ی یۆنانیەوە ھاتووە. بە مانای پێنج یۆنانی، مەبەست لەو مەفرەزە پێنج کەسی یۆنانییە کە بەرەو ئەکباتانا ڕۆیشتن.
ھەڵکەوتەی جوگرافی:
قەزای پێنجوێن دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان، لە ڕۆژھەلات و باکور و باشوری ڕۆژھەڵاتیەوە ١٥٠ کم ھاوسنورە لەگەڵ ئێران، واتە ھاوسنورە لەگەڵ (بانە و مەریوان) لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانی داگیرکراو. ھەروەھا لە باشوری ڕۆژئاوایەوە لەگەل قەزای سیدسادق و لە باکوری ڕۆژئاوایەوە لەگەڵ قەزای شارباژێڕ ھاوسنورە.
ئاو و ھەوا:
قەزای پێنجوێن بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافیەکەیەوە زستانی سارد و بەفراوییە و ھاوینی فێنکە.
ڕووبەر:
ڕووبەری قەزای پێنجوێن ١,١٢٩ کم چوارگۆشەیە، و بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە ١٣١٧ مەترە.
ڕووبەری ناحیەی پێنجوێن ٢٠٣ کم چوارگۆشەیە. ڕووبەری ناحیەی ناڵپارێز ٢٨٢ کم چوارگۆشەیە. ڕووبەری ناحیەی گەرمک ٦٤٢ کم چوارگۆشەیە.
ژمارەی دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوانی قەزای پێنجوێن بەپێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ سالی ٢٠١٨ لە ٤٦,٣٣٧ کەس پێک دێت.