سەید سادق یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان، لە ھەریەک لە ناحیەکانی (سەید سادق، سرۆچک) پێکھاتووە و ناحیەی سەید سادق ناوەندی قەزاکەیە، سەید سادق سەرەتا وەک گوندێکی بچوک لە سالی ١٩٤٦دا دروستکراوەو سەر بە ناحیەی خورماڵ بووە. لە ٢٢ی ١٠ی ١٩٥٥ کراوە بە ناوەندی ناحیەی شارەزوور، پاشان لە ٢٩ی ١٢ی ١٩٥٥ شارەوانی سەید سادق کراوەتەوە، لە ساڵی ١٩٥٦ بڕیای بە شارەدێ بوونی دراوە.
سەید سادق و ناوچەکانی دەوروبەرەکەی شۆڕشگێڕ بوون پێگەیەکی گرنگ بووە بۆ خەباتگێڕانی گەلی کوردی باشوری کوردستان دژ بە داگیرکەر، ھەر لە شۆڕشەکەی شێخ مەحمودی حەفید تا شۆڕی ئەیلول و شۆڕشی نوێ و گوڵان سەید سادق قوربانیی زۆری داوە، لە ٩ی حوزەیران لە ١٩٦٣ ڕژێمی داگیرکەری ئێراق ڕەشەکوژییەکی لە شارەکەدا ئەنجامدا، چەندین کەسیان شەھید کردو چەندانی دیکەش بریندارکران و ژمارەیەکی زۆری دیکە بردران بۆ حامیەی سلێمانی بۆ زیندان و ئەشکەنجە دران.
لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ستەمکاردا خەڵکی سەید سادق دوو جار ڕاپەڕینی جەماوەرییان بەرپاکرد، یەکەمیان لە ٣ی ٥ ی ١٩٨٢, دووەمیش لە ١٣ی ٥ی ١٩٨٧ کە لە ھەردوو ڕاپەڕینەکەدا شەھیدو بریندار ھەبوون.
لە کۆتایی مانگی ئاداری ١٩٨٨دا ڕژێمی بەعس شاری سەید صادقی بە تەواوی خاپور کرد و دار و پەردوی خانووە خاپورکراوەکانیشی گواستەوە بۆ بەرامبەر کانی سپیکەی پەرخ، کە تا ئێستایش شوێنەوارەکەی ھەر دیارە.
پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ خەڵکی شارەکە لەسەر ئەرکی خۆیان شارەکەیان ئاوەدان کردەوە سەرلەنوێ بونیادیان نایەوە، بەھۆی خێرایی لە ئاوەدانکردنەوە پاش ٩ ساڵ بو بە ناوەندی ناحیە، لە پاش ٦١ ساڵ لە ٢١ی ٢ی ٢٠٠٧ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەید صادق کرا بە ناوەندی قەزا.
ناوی سەید سادق:
سەید صادق بە ناوی پیاوچاکێک بە ناوی (سەید محمد سادق کوڕی شێخ عیسای بەرزنجە کوڕی بابا عەلی ھەمەدانی)ەوە ناونراوە. کە گۆڕەکەی بەسەر شاخی سەید سادقەوەیە. سید سادق برای شێخ عەباس بووە کە گەڕەکی شێخ عەباسی سلێمانی بەناوی ئەوەوە ناونراوە. ھەروەھا برای سوڵتان ئیسحاقە کە کاکەییەکان بە ڕێبەرێکی گەورەی خۆیانی دەزانن.
ھەڵکەوتەی جوگرافی:
لەڕووی ڕۆژھەڵاتی قەزاکەوە زنجیرە چای سورێن جیای دەکاتەوەی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە باکوری ڕۆژھەڵاتیەوەی قەزای پێنجوینە، باشوری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ھەڵەبجەی شەھیدە، لە باشوری ڕۆژئاوایەوە قەزای شارەزوورە، لە باکوریشیەوەی قەزای شارباژێر ھەڵکەوتووە. قەزای سەید سادق دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانی و ڕۆژھەڵاتی باشوری کوردستان.
ئاو و ھەوا:
زستانی سارد و باراناوییە و ھاوینی گەرم و وشکە.
ڕووبەر:
ڕووبەری قەزای سەید سادق ٩٢٧ کم چوارگۆشەیە، بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە ٥١٩ مەترە.
ژمارەی دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوانی قەزای سەید سادق بە پێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ سالی ٢٠١٨ لە ٨٨,٠٥٦ کەس پێک دێت.
ئا/ ئەنەس محەمەد ئیبراهیم