قەزای دوکان یەکێکە لە قەزای پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان، لە شەش ناحیە پێکدێت (دوکان، خدران، خەلەکان، بنگرد، سورداش، پیرەمەگرون) کە ناحیەی دووکان ناوەندی قەزاکەیە.
شارۆچکەی دوکان سەرەتا گوندێک بووە سەربە ناحیەی سورداش لەسەر زێی بچووک، گرنگی و ناوبانگی دوکان دەگەڕێتەوەی بۆ ساڵی ١٩٥٦ کاتێک بڕیار درا بە دروستکردنی بەنداوی دووکان. ئێستا شارۆچکەیەکی گەورەیەو ناوەندی قەزای دوکانەو گرنگی تایبەتی ھەیە لە ڕوی گەشت و گوزارەوە بەھۆی دەریاچە یاخود بەنداوی دوکان و ھەڵکەوتە جوگرافی و کەش و ھەوایەکەوە.
ناوی دوکان:
چەند بۆچونێک ھەیە لەسەر ناوی دوکان کە لە چییەوە هاتووە. لەوانە دەگوترێت ناوی دوکان لە (دوو+ کان)ەوە ھاتبێت کە مەبەست لێی کانی بەرد بووە. ڕایەکی دیکە ھەیە دەڵێن لە (دوو + کانی)ەوە ھاتبێت، کە مەبەست لێی کانی ئاوە.
ھەڵکەوتەی جوگرافی:
قەزای دوکان دەکەوێتە بەشی باکوری پارێزگای سلێمانی، لە باشوری کوردستان. قەزای دوکان لە باکوری ڕۆژهەڵات ھاوسنورە لەگەڵ قەزای پشتدەر، لە باکوری ھاوسنورە لەگەڵ قەزای ڕانییە. لە ڕۆژهەڵات ھاوسنورە لەگەڵ قەزای ماوەت و قەزای شارباژێڕ، لە باشور لەگەڵ ناحیەی سلێمانی و لە باشوری ڕۆژئاوا لەگەل چەمچەماڵ، لە ڕۆژئاوا لەگەڵ قەزای کۆیە.
کەش و ھەوا:
کەش و ھەوای قەزای دووکان زستانی سارد و بەفراوییە، ھاوینی مامناوەندە.
ڕووبەر:
ڕووبەری قەزای دووکان ١٠کم چوارگۆشەیە، بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریا زیاتر لە ٧٨٠ مەترە.
ژمارەی دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوانی قەزای دوکان بەپێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ سالی ٢٠١٨ لە ٥٠,٧٠٥ کەس پێک دێت.
ئا/ ئەنەس محەمەد ئیبراهیم