قه‌زای شه‌قڵاوە یه‌كێكه له قه‌زاكانی پارێزگای هه‌ولێر، به دووری 50 كم ده‌كه‌وێته به‌شی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر، له شه‌ش ناحیه‌ی (هه‌ریر، باسرمه، شه‌قڵاوە، بالیسان، سه‌لاحه‌دین، هیران)و 217 گوند پێكدێت. شه‌قڵاوە له ساڵی 1952 كراوه به قه‌زا. زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له هۆزی خۆشناون، پێكهاته‌ی خه‌ڵكی شه‌قڵاوه موسڵمان و مه‌سیحن، جاران جولهكهشی لێبووه و دواتر به‌ره‌و ئیسرائیل كۆچیان كردووه. ئه‌م شارۆچكه‌یه به هۆی سروشته جوان و ڕهنگینهكهیهوه بۆته گه‌وره‌ترین هاوینه هه‌واری باشووری كووردستان كه ساڵانه سه‌دان هه‌زار كه‌س ڕووی تێده‌كه‌ن.
ناوی شه‌قڵاوه:
سه‌رچاوه‌ی ناوی شه‌قڵاوه تا ئێستا یه‌كلانه‌بۆته‌وه، له ساڵی 1228ز یان 626ی كۆچی به (شهقڵاباز) ناوی هێنراوه، ههندێكیتر پێیان وایه له شه‌قبونی ئه‌و دۆڵه‌وه هاتووه كه شه‌قڵاوه‌ی تێدا دروست بووه كه له نێوان چیای سه‌فین و به‌رزای سۆرك دروست بووه، گوتراویشه كه گوایه له یه‌كگرتنی هه‌ردوو وشه‌ی (شه‌قڵ) (ئاوا)وه هاتووه به مانای ئاوه‌دان به دار، به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه به ڕاستتر وه‌رده‌گیرێت چونكه خه‌ڵكی ناوچه‌كه به داریان گوتووه (شه‌قرا) و (ئاوا) ئێستاش خه‌ڵكی ناوچه‌كه به شه‌قڵاوه ده‌ڵێن (شه‌قراوه).
مێژووی شه‌قڵاوه:
شه‌قڵاوه مێژووی دروستبوونی دیار نیه، به‌ڵام شوێن ده‌ستی مرۆڤ و دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌وارو كه‌لوپه‌لی كۆن به‌ڵگه‌ی ئاوه‌دانیه‌كی كۆن و به‌رده‌وامی ژیانی مرۆڤن له‌م ناوچه‌یه، هه‌روه‌ك له گردو دۆڵه‌كانی چیای سه‌فین ده‌یان نمونه‌ی دیار‌و زیندوو هه‌ن، دێرینترینیان ئه‌شكه‌وتی شێخ سوڕهحمان (مار ڕه‌به‌ن بویا)و ئه‌شكه‌وتی كۆتران و كونه پیسك و به‌ردی كونتی و دهنگارهن، به‌ڵام تا ئێستا له ڕووی شوێنه‌وار ناسییه‌وه بایه‌خیان پێنه‌دراوه.
له ڕووی جوگرافیاوه:
ناوه‌ندی قه‌زای شه‌قڵاوه شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه‌یه، كه‌وتۆته به‌شی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر، لای باكووریه‌وه شاری باسرمه، لای باشووریه‌وه كه‌وتۆته نێوان باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی هیران و باشوور‌و باشووری ڕۆژئاوا‌و ڕۆژئاوای سه‌ڵاحه‌دینه‌وه.
له ڕووی ئاو و هه‌واوه:
زستانی سارده، به‌فرو بارانێكی زۆری لێ ده‌بارێت، هاوینی فێنك و مامناوه‌نده،به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیاكه‌ی و سروشته سه‌ر سه‌وزه‌كه‌ی كه به دارستانێكی چڕ‌و پڕ داپۆشراوه.
ڕووبه‌ر:
ڕووبه‌ری قه‌زای شه‌قڵاوە 8.5 كم چوارگۆشه‌یه/ به‌رزی له ئاستی ڕووی ده‌ریاوه نزیكه‌ی زیاتر له 455 مه‌تره.
دانیشتوان:
ژماره‌ی دانیشتوانی قه‌زای شه‌قڵاوه به پێی نه‌خشه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی پێشبینیكراوی ده‌سته‌ی ئاماری سه‌ر به وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كودستان بۆ سالی 2018 له 158,418 كه‌س پێك دێت.
ئا/ سندوس محمد ابراهیم