لە کتێبی یادەوەرییەکان، خەونەکان، ڕامانەکان، دەرونناسی سویسری کارل گوستاف یونگ ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش دەنوسێت: هەموو جۆرەکانی ئالودەبوون خراپە، ئایا نارکۆتیک، کحول، مۆرفین یان ئایدیالیزم بێت. ئەم دەربڕینە چەند ئاستێکی جیاوازی تێگەیشتنی هەیە: یەکەم، مرۆڤ دەکرێت ئالودەبێت بە ئایدیالیزم، وەک چۆن ئالودە دەبێت بە تلیاک و شەراب. دووەم، ئالودەبون بە ئایدیالیزم، هاوشێوەی ئالودەبوەکانی تر خراپە، چونکە هەم وەک مرۆڤێک لاوازت دەکات و هەروەها لە هەمانکاتدا لە واقیعت دادەبڕێت.
ئەم دەربڕینە سەرنجی ڕاکێشام چونکە هەست دەکەم ئایدیالیزم، زاڵترین جۆری دونیابینییە کە بە سەر دونیای ئێمەدا زاڵە. ئایدیالیزم لە سادەترین مانایدا، لە مانای زمانی ڕۆژانەیدا، بە مانای خۆشباوەڕیی و سادەیی و نەبونی توانای بینینی ڕەخنەییانە دێت. بەڵام لە ناواخنە یونگییەکەیدا هەروەها بە مانای جۆرێک لە خۆ بەلاڕێدابردن یان خۆگێلکردن دێت لە واقیع. وەک چۆن تلیاک خۆشییەکی ساختەت پێدەبەخشێت بە لە دەستدانی توانای هەستکردن بە واقیع، بە هەمانشێوە، بیرکردنەوەی ئایدیالیزم، خۆشییەکی هەمانشێوە دەبەخشێت، کە بە گشتی ناواقیعییە. بە گشتی کە دێتە سەر ئایدیالیزمی سیاسی، دەکرێت چەند خەسڵەتێک دیاری بکەین:
یەکەم، کەسی ئایدیالیست هەمیشە باس لە ئەخلاق و مۆڕاڵی سیاسی دەکات. بەلای کەسی ئایدیالیستەوە دەبێت سیاسەت بنەمای لە سەر ئەخلاق بونیادنرابێت.
دووەم، کەسی ئایدیال بڕوای بە وێنایەک یان خەیاڵێکی کۆمەڵگایی و سیاسی هەیە، کە بە گشتی کامڵە یان پێرفێکتە. ئەم وێنایە دەبێتە بنەمای ئەخلاقی بۆی، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا چەندێک واقیعییە.
سێیەم، مرۆڤی ئایدیالیست هەمیشە بڕوای وەهایە کە لە ساتەوەختێکدا مێژو کۆتایی دێت، بە تایبەتی کاتێک کە دەگاتە ساتەوەختی بەرجەستەبونی ئایدیالەکەی ئەو. تەواوبونی مێژو، یانی تەواوبونی ناکۆکی و جودایی و ململانێ، هەروەها چارەسەربونی هەموو پرسەکانی مرۆڤ. چوارهەم، زۆربەی ئایدیالیستەکان لە واقیعدا ئایدیالیست نین، بەڵکو بڕوادارن بە دۆخێکی خەیاڵی و بە ئاگایی و بێئاگایی هەموو واقیع و کەموکوڕیی و مەحاڵێتیی دۆخەکە دەخەنە لاوە.
بە گشتی مرۆڤی ئایدیالیست توانای گونجانی نیە لە گەڵ واقیعدا. بە زۆری خوازیاری توندوتیژین و هەمیشە بەهانەی ئەخلاقی و گەورەیان هەیە بۆ بەکاربردنی توندوتیژییەکەیان. گەرچی هەواداری ئەخلاقن و زۆر باسی ئەخلاق دەکەن، بەڵام کێشەیان لە گەڵ مەرگ و نکوڵی و سڕینەوە و ئازاردانی ئەوانیتردا نیە. بۆ ڕونکردنەوەی زیاتری مەبەستەکەم، دوو نمونە بەکاردەبەم، یەکێکیان دەربارەی چەپی ئێرانی و ئەویتریان دەرباری پشیلەی بێڕەنگ لە مێژوی نوێی چیندا. نمونەی یەکەم لە واڵی ڕۆژنامەنوسی کاک شوان حەمە وەردەگرم لە شاری ئۆسلۆ، لە نەرویج. نمونەکە بەمجۆرەیە:
یەکێک لە ڕۆژەکانی کۆتایی هەفتە، لە شاری ئۆسلۆ گردبونەوەیەک بۆ شۆرشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت. گردبونەوەکە لە سەر بانگهێشتی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوە و بەشێکی بەرچاوی ئامادەبوان، لایەنگرانی کۆمەڵە و پەژاک بوون. کۆی بەشداربوان نزیکەی سەد کەس دەبوون، زۆرینەی ڕەهای بەشداربوان کورد بوون. بەڵام بەرنامەی گردبوونەوەکە بە زمانی فارسی ڕێکخرابوو. لە گردبوونەوەکەدا، دوو کورد بە زمانی فارسی، کەسێک بە زمانی ئینگلیزی و کەسێکیش بە زمانی نەرویجی، پەیامیان دا. ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکان (کە کوردن) دروشمیان بە زمانی فارسی دەدا و بەشداربوانیش کە زۆرینەی ڕەهایان کوردبون، بە فارسی دروشمەکانیان دەوتەوە! بە پێی نوسینەکەی ئەو بەڕێزە: نیوەی دووەمی گردبوونەوەکە، یەک فارسیش ئامادە نەبوو، کوردان خۆیان لەگەڵ خۆیاندا، بە زمانی فارسی لەگەڵ یەکتر دەدوان! لێرەدا لە ڕوانگەی ئایدیالیزمەوە هەوڵدەدەین ئەم پرسە بخوێنینەوە. سەرەتا دەبێت ئاماژە بە دووفاقییەک بکەین، مارکسیزم یان چەپ، دژە ئایدیالیزمە، چونکە دیدی فەلسەفی لە سەر بنەمای مەتریالیزم بونیادنراوە، بەڵام چەپی سیاسی، لە هەموو قوتابخانەیەکی تر، سیاسیەکی ئایدیالیزمە، بەو مانایە بڕوای وەهایە کە دەکرێت لە ساتەوەختی بەرجەستەبونی ئایدیایەک سروشتی مرۆڤ و مێژو و بونیادی کۆمەڵایەتی بگۆڕین و سەرتاپا ناکۆکی و ململانێ و جەنگەکان کۆتاییان پێبێت.
پرسی ئێمە لێرەدا ئەم دوفاقییە سیاسی و فیکرییە نیە. بەڵکو ئەو دۆخە مەترسیدارەیە کە لە ئەنجامی بەرجەستەبونی ئایدیالیزمدا دێتە ئاراوە. بە گشتی ئایدیالیزمی چەپ بەمجۆرەیە. کورد وەک کەلتورێک زمانێک یان شوناسێک، دەبێت لە ناو بچێت چونکە ڕێگرە لە مۆدێرنە. کورد لەم ڕوانگەیەوە، دوا کەوتوە، ئیتنییە، فیوداڵە، بۆیە لە ڕەوتی گەشەی مێژوییدا دەبێت لاببرێت یان بسڕێتەوە. ئەم سڕینەوەیە لە پێناو دروستکردن یان گەیشتنە بە دۆخێکی باشتر و باڵاتر و مرۆڤانە تر. یەکەم کردەی توندوتیژی ڕوبەڕوی دەبینەوە، خۆی لە کردەی پۆلێنکاریدا دەبینێتەوە. هەموو پۆلێنکارییەک کردەیەکی توندوتیژییە، کاتێک زمانێک، کەلتورێک، تامێک، وەک بۆردیو پێمان دەڵێت، باشتر یان کەمتر دەکرێت لە ئەویتر ئەوا ڕاستەوخۆ کردەی توندوتیژیمان بەرامبەری ئەنجامداوە. ئەم کردەی توندوتیژییە، سەرەتا لە سیمبولیکەوە دەست پێدەکات و هەتا پاشان بە ئاسانی دەچێتە خانەی جەستەیی و مادییەوە. بەمانایەکی تر گەر خەڵکانێک کێشەیان نەبێت لە پێناو بەرجەستەبونی ئایدیایەکدا، یادەوەریی و کەلتور و مێژوو و تایبەتمەندی و هاوبەشی خەڵکانێک بسڕێتەوە، ئەوا سبەینێ زۆر خوێنساردانە بەشدار دەبێت لە سڕینەوەی خۆشیاندا.
پرسیارێک لێرەدا جێگای وروژانە. بۆچی زمانێک باڵاترە لە زمانێکی تر؟ بە دیدی جیل دۆلۆز، شتێک نیە ناوی زمانی دایک بێت، ئەوەی هەیە ناوی زمانی دەوڵەتە. زمان یەکێکە لە ئامرازە هەرە کاریگەرەکانی پیادەکردنی دەسەڵات و دەوڵەت. کەواتە زمانێکی باڵا، هەمیشە زمانی دەوڵەتە، بەڵام زمانی نادەوڵەت هەمیشە زمانی دواکەتوو و شایستە بە سڕینەوەیە. لەم ڕوانگە ئایدیالیزمەوە، بۆ ئەوەی دەوڵەت باش بەڕێوەبچێت، ئەوا دەبێت ئێمە ببینە مرۆڤێکی تر، بە زمانێکی تر و تام و چێژێکی ترەوە لە دونیادا ئامادەبین.
لە ڕاستیدا ئەمە هیچ پەیوەندی نیە بە چەپەوە، هێندە نازییانەیە. فەلسەفەی نازییەت دەگەڕێتەوە بۆ سپارتا. بە دیدی ئەوان دەبێت کۆمەڵگا لە نەخوازراوەکان پاک بکرێتەوە، هەتا باشەکان باشتر گەشە بکەن. ڕێک وەک چۆن جوتیارێک بژاری کێڵگەکەی دەکات، بە دیدی ئەوان دەبێت، کۆمەڵگاش بە هەمانشێوە دەبێت بژار بکرێت. دیدی ئەوەی کە ئەوەی دەوڵەت نایخوازێت دەبێت بسڕێتەوە، بۆ ئەوەی دەوڵەت باشتر بەڕێوەبچێت، زیاتر دیدێکی نازییە. جا دوفاقییەکی تر لێرەدا ئەوەیە کە چەپ بە گشتی دەوڵەت بە دۆخێکی ڕاگوزەر دەبینێت، نەک کۆتایی، بەڵام لە مێژودا خزمەتکاری هەرە گەورەی دەوڵەتی بەهێزبوون، هەردووو مۆدێلی چینی و سۆڤیەتی و ئەوانیتریش گەواهن. مرۆڤی ئایدیالیست وەک کەسێکی ئالود، ئەستەمە لە بەندیخانەی ئایدیالیزمەکەی بێتە دەرەوە. بەڵام هەندێکجار تراژیدیای ئایدیالیزم، ناچار بە واقیعیت دەکات. ڕەنگە گەورەترین دەستەبرداری ئایدیالیزم بۆ واقیع، وەرچەرخانی چین بیت. لە ساڵی ١٩٦١ دێنگ ژیاوپینگ دەڵێت: گرنگ نیە بەلامەوە پشیلە ڕەشە یان سپی، ئەوەی گرنگە کە ڕاوی مشک بکات. ئەوەی بە زمانی سیاسی و کەلتوری چینی ئاشنابێت، ئەوەی لە لاڕونە کە زمانی دەربڕینی چینی هەمیشە شاعیریی و سیمبولی و هەڵگری مانای ناکۆتایە. دەربڕینەکەی دینگ مەبەستی ئەوەبوو کە بە لایەوە گرنگ نیە کە سیستەمەکە چ ڕەنگێک یان ستراکتۆرێکی هەیە، بەڵکو ئەوەی بەلایەوە گرنگە، کە کار بکات یان ئامانج بپێکێت. ئەمە لە هەمانکاتدا دانپیانانە، کە رەنگە ڕەنگی ئەو پشیلەیەی کە توانای ڕاوی هەیە بە دڵمان نەبێت، مەبەست سەرمایەدارییە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئامانج دەپێکێت. لە هەمانکاتدا توانجە لە پشیلە ئایدیالیزمەکە یان پشیلە ڕەنگە گونجاوەکە، کە مشک ڕاوناکات، یان دەرئەنجامی خراپی هەیە. بۆیە واقیعێکی بەرهەمدار، باشترە لە ئایدیالێکی بێ بەرهەم. ئەم وەرچەرخانە دینگ ژیاوپینگییە بۆ هەموو کوردێک پێویستە.
Nu pierde această șansă încântătoare de a descoperi un cazinou românesc https://balgarskiezik.org/ incredibil care te recompensează cu un bonus generos! Joacă-ți sloturile preferate gratuit, datorită opțiunii demo disponibile.