كتێبی دەسەڵاتی دوو ژن، لەنوسینی بۆدوان بۆلایرو مارك رۆشە، شێرزاد هەینی لە عەرەبییەوە كردویەتی بەكوردی، ئەم كتێبە تایبەتە بە باسكردنی وردەكاری ژیانی هەریەكە لە مێركڵو شاژنی بەریتانیا.
مێركڵ نەبووە دایك
ئەنگێلا مێركڵ لە ساڵی (1954) لەدایكبووە، باوكی قەشەیە و بە رەگەز پۆڵۆنییە، دایكی مامۆستا بووە و لە ئەڵمانیا رێگەیان پێنەداوە وانە بڵێتەوە. باوكی ناوی “هۆرست كاسنەرە و دایكیشی ناوی هێرلینە”. برایەكی لەخۆی گەورەتری هەیە بەناوی ماركۆسو خوشكێكی بەناوی ئایرین هەیە.
نوسەر دەڵێت: مێركڵ ژیانێكی ئاسایی ژیاوە و لە منداڵییەوە كەسێكی ئارام و لەسەرخۆ بووە. مێركڵ لەبارەی دایكیەوە دەڵێت: لە دایكم ڕاهاتم و فێربوم چۆن ڕووبەڕوی رۆژانەی ژیانم ببمەوە.
مێركڵ قۆناغەكانی خوێندنی بەسەركەوتویی بڕیوە، تاوەكو لەساڵی (1986) دكتۆرای لە فیزیا بەدەستهێناوە. جگەلە ئەڵمانی، زمانەكانی روسی و ئینگلیزی دەزانێت. لەباری كۆمەڵایەتییەوە، ناوبراو دووجار شویكردوە، وەلێ نەبووەتە خاوەنی منداڵ.
بۆ یەكەمجار لەساڵی (1977) لە تەمەنی (23) ساڵیدا لە شاری “لایپزیك” لەگەڵ خوێندكارێكی فیزیا بەناوی یبولریخ مێركڵ یەكەم هاوسەرگیری دەكات، بەڵام ئەم هاوسەرگیرییە بە “هەڵەی هەرزەكاری” ناودەنێت و لە ساڵی (1982) لەیەكتر جیادەبنەوە، كەچی تائێستا نازناوی ئەو هاوسەرەی هێشتۆتەوە.
هاوسەری دووەمی ناوی (جواشم سویرە) و كیمیاناسە و چوار ساڵ لە مێركڵ گەورەترە. جواشم لە كاركردن و، شەیدایی زانیاری و، ئۆپێرا و، سەیران و، سەركەوتنی شاخدا، هاوشان و هاوبیری ژنەكەی بووە. لە ساڵی (1998) بەشێوەیەكی مەدەنی پەیمانی هاوسەرییان مۆركرد و رێوڕەسمە ئاینیەكەیان هەڵوەشاندەوەو نەیانكرد.
جواشیم لە ترسی پڕوپاگەندەو ناو و ناتۆر، لە چاوی میدیا زۆر دوور خۆی ڕادەگرێتو دورە پەرێزە. زۆرتر خەریكی كاری زانستی و ناو زانكۆیە. ئەوەندە دوورەپەرێزە تەنانەت لە رێوڕەسمی دانانی ژنەكەی وەكو ڕاوێژكار بەشداری نەكرد. هەروەها زۆر بەكەمی لە سەردانەكاندا یاوەری هاوژینەكەی دەكات.
ئەنگێلا لە رەوشی بێ منداڵی خۆی ڕاهاتوەو بەقەدەری زانیوە، هەرچەندە زۆرجار ژنی پیاوەكەی یەكەمی توانجی لێداوە و توڕەی كردوە، بەڵام ئەو هەرگیز باسی ئەو مەسەلەیە ناكات.
مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە سیاسییەكاندا
مێركڵ لە ساڵی (1972) لە قۆناغی دواناوەندی ڕووبەڕوی مامۆستایانی بووەتەوە، لەساڵی (1978) ڕازی نەبووە هاوكاری پۆلیسی نهێنی ئەڵمانیا بكات. پاشان بووەتە ئەندامی بژاڤی گەنجانی شیوعییەكان. بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی لە تەمەنی (35) ساڵیدا تێكەڵاو بە سیاسەت بووە، بەو ئامانجەی ببێتە ئەندامی پارلەمان.
نووسەر دەڵێت: ئەگەر دیواری بەرلین كە ئەڵمانیای خۆرهەڵات و خۆرئاوای لەیەك جیادەكردەوە نەڕووخایە، ئەوا مێركڵ لەسەر توێژینەوەی فیزیایی بەردەوام دەبوو، نەدەهاتە ناو سیاسەتەوە.
لە ساڵی (1990) مێركڵ بەبێ ئەوەی خۆی داوای كردبێت و كاری بۆ كردبێت، دەكرێتە وتەبێژی فەرمی حیزبی رێنساسی دیموكراتی. لە دیسەمبەری (1991) بە جێگری سەرۆكی حیزبی كریستیانی دیموكراتی هەڵبژێردرا. پاش شانزە مانگ لە ڕووخاندنی دیواری بەرلین، بووە یەكەم ژنە وەزیر لە حكومەتی ئەڵمانیای یەكگرتوو، پۆستی وەزارەتی ژنان و گەنجانی وەرگرت. پاشان لە ساڵی (1996) پۆستی وەزارەتی ژینگەو پاراستنی سروشتی وەرگرت.
سەبارەت بەئەزمونی كاركردنی وەكو وەزیر، مێركڵ دەڵێت: وەزارەت هیچی بۆ نەكردم، بەڵام فێریكردم چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرپرسان بكەم. چۆن لەگەڵ “ئاژەڵە سیاسییەكان” كە هیچ پێوانەیەكیان نەبوو مامەڵە بكەم.
ژن لە حكومڕانی ئەڵمانیادا
(87) ساڵ دوای ئەوەی ژنانی ئەڵمانیا مافی دەنگدانیان وەرگرت، پەنجا ساڵ پاش ئەوەی لە دەستووری ئەڵمانیدا یەكسانی ژن و پیاو بەرقەرار بوو، پاش شەست ساڵ لە دامەزراندنی یەكەم وەزیری ژن، پاش سی ساڵ لە بوونی ژنێك بە سەرۆكی پارلەمان، مێركڵ بووە یەكەم ژن پۆستی راوێژكار “سەرۆكی حكومەت” وەربگرێتو لە (22/11/2005) لە تەمەنی (51) ساڵیدا بووە راوێژكاری ئەڵمانیا.
میدیاكار و سیاسەتوانانی ئەڵمانیا، چەندین نازناویان بۆ مێركڵ داتاشیوە، بەجۆرێك “هێڵمەت كۆڵی” ڕاوێژكاری پێشوتری ئەڵمانیا پێی دەوت “كیژۆڵە”. هەروەها لە میدیاكاندا پێیان وتوە “مشكە خاكییەكە”. لەبەرئەوەی لەبواری زانست و زانیاریدا زۆر شارەزایە پێیان وتوە “قودی رەشە”. دوانازناویش بۆیان داتاشیوە “ترومارفرۆ”یە، واتە ماڵین و پاك كردنەوەی شوێنەواری شەڕی دووەمی جیهان.
لە حیزبەوە بۆ حكومەت
ساڵی (2000) لەكاتێكدا تەنها دە ساڵ بوو لە ڕیزی ئەو حیزبەدا بوو، مێركڵ بە سەرۆكی حیزبی كریستیانی دیموكراتی هەڵبژێردرا، بووە یەكەم ژن پۆستی سەرۆكایەتی ئەو حیزبەی وەرگرتبێت. لەساڵی (2004) جارێكی تر بە سەرۆكی حیزب هەڵبژێردرایەوە.
دوای وەرگرتنی سەرۆكایەتی حیزب، لە وتارێكدا لە ڕۆژنامەی فرانكفۆرت زیتونگ نوسی: دەبێ حیزبەكەمان هەڵسێتەوە سەرپێ، دەبێ ئێمە بەهەموو هێزێكەوە شەڕی نەیارەكانمان بكەین، ئەو شەڕەش بە كەسی تازە دەكرێت و سوارە كۆنەكان ئەو شەڕەیان پێناكرێت.
نووسەر دەڵێت: چەند مانگ دوای سەرۆكایەتییەكەی، هەرگیز وەكو وتاربێژێكی باش و مەزن دەرنەكەوت، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو فێربوو لەگەڵ هاوڵاتیاندا ڕووبەڕوو ببێتەوە و قسەیان بۆ بكات. هەرچەندە ژنێكی جیهانی ناسراو نەبوو، بەڵام خۆی وەك ژنێكی بەجوڵە نیشاندەدا. ئەوەی لەباریدا هەبوو بۆ گوێگرتن و ریَِكخستنی خۆی بەكاریدەهێنا.
لە ستایشی مێركڵدا
مێركڵ زۆر حەز لە تۆپی پێ دەكات و هاندەری یانەی بایرن میونشنی وڵاتەكەیەتی، لەبواری سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا پشتیوانی لە سیاسەتی ئەمریكا لە ئێراق كردوە، هەروەها بە پاساوی پێشێلكردنی مافی كەمینەكان و یاسای ژنان و سیستمی خوێندن و كێشەی قوبرسەكان، دژی هاتنە ناوەوەی توركیایە بۆ ناو یەكێتی ئەوروپا.
یەكێك لەو كەسانەی زۆر بە ئەنگێلا سەرسامە هینری كیسنجەرە. هەروەها “نوار لۆرانواریو” خانمە وەزیرێكی فەرەنسییە.
لەبارەی مێركڵەوە دەڵێت: ژنێكی بەباوەڕ و سادەیە، سیاسەتمەدارێكی دیماگۆكی نییە، بەوەفاو ناسكە، زۆر بایەخ بە مەسەلە ئابورییەكان دەدات.
پارلەمانتارێكی فەڕەنسی دەڵێت: كەسایەتی دانوستان كارێكی تایبەتی بەرزو سیاسەتمەدارێكی بەرز لەو ژنە دەبینم، توانای بێ سنوری لە بەربەرەكانیدا هەیە، سازش نازانێت، ئەوەی زۆر جێی سەرنجە دەتوانێ بەخۆیدا بچێتەوە و چاودێری كەسایەتی خۆی بكات.
جاكلین بویسن رۆژنامەنوسی ئەڵمانی و نووسەری یەكەم ژیاننامەی ئەنگێلا، دەڵێت: ئەو خانوەی تێیدا دەژێت موڵكی خۆی نییە، پانزە ساڵ بەبێ بوونی پەیوەندی رەسمی لەگەڵ مێردەكەی ژیاوە و پاشان مارەكراوە. زۆر بەگومانە لە هەموو شتێك، سی ساڵا لە ژێر حوكمی شیوعیەكاندا ژیاوە.
كۆتایی مێركڵ
ئەنگێلا مێركڵ، تا ئێستا حەڤدە دكتۆرای فەخری وەرگرتووە. لەكۆتایی (2018)دا ڕایگەیاند جارێكی دیكە خۆی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت بەربژێر ناكاتەوە و واز لە سەرۆكایەتی حزبەكەشی دەهێنێت. بڕیاروایە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا پارتی (CDU) كۆنگرەی خۆی ببەستێت و سەرۆكێكی نوێ بۆ شوێنگرتنەوەی مێركڵ هەڵبژێرێت. بڕیارە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵیشدا هەڵبژاردنی پارلەمان لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی داهاتووی خۆی پاش تەواوبوونی ویلایەتی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، مێركڵ وتی: واز لە سیاسەت دەهێنم، نە لە ئەڵمانیا و نە لە ئەوروپا و دەرەوەی ئەوروپاش هیچ پۆستێك وەرناگرم.