بەرزاییەکانی جۆلان، بە عەرەبی “ھظبة الجولان”، وە بە عیبری (רמת הגולן بە “رامات ھاگولان” دەخوێندریتەوە) ناودەبرێت، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای ( قنیطرة) یە لە باشوری سنوری سوریا.
بەرزاییەکانی جۆلان بە یەکێک لە ناوچە ھەستیارەکانی ڕۆژھەڵای ناوەڕاست دادەنرێت لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، تەنھا ٧٠کم لە (دیمەشق)ی پایتەختی سوریا دوورە.
لە ١٥ / ٥ / ١٩٦٧ کێشەی سیاسی لە نێوان میسر و ئیسرائیل دروست بوو، بە خیرایی تەشنەی کرد، بوو بە کێشەیەکی ھەرێمی، لە ٥ / ٦ / ١٩٦٧ گرژی لە نێوان ئیسرائیل لەگەڵ ھەر سێ دەوڵەتی عەرەبی میسر و سوریا و ئوردون دروست بوو، دوای چوار ڕۆژ لە گرژی، بە بێ ھیرشی سەربازی و بە تەقەکردن لەیەکتر لە سەر سنور، جەنگی نێوان سوریا و ئیسرائیل دروست بوو، دواتر ھێزی زەمینی سوریا بە تانکەوە توانیان سنوری ئیسرائیل ببەزێن و بچنە نێو (کیبوتس دان)، پاش ئاگربەستی میسر و ئوردون لە ٩ / ٦ / ١٩٦٧ دا لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل لە ھێرشی دوژمنکارانەی نەیارانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل لە جەنگێکی شەش ڕۆژەدا ھەستا بە ئازادکردنەوەی کیبوتس دان لە ژێردەستی سوریا و داگیرکردنی ١٢٦٠ کم چوارگۆشە لە بەرزاییەکانی جۆلان لە باشوری سوریا.
بە ھۆی ناکۆکی و دوژمنایەتی درێژخایەنی نیوان سوریا و ئیسرائیل، و بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی ناوچەکە لە ساڵی ١٩٧٤ ھێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانی (UNDOF) لە بەرزاییەکانی جۆلان جێگیرکران بە پێی بڕیارنامەی ژمارە ٣٥٠ ئەنجومەنی ئاسایی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەستی نێوان سوریا و ئیسرائیل.
لە ساڵی ١٩٨٢ دا ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلانی بە بەشێک لە خاکی ئیسرائیل ناوبرد، ئەم ڕاگەیاندنە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانەنرا.
ھەڵکەوتەی جوگرافی
لە ڕۆژئاواوە درێژ ئەبێتەوە بۆسەر ڕووباری تەبریە و بورجی حولی لە جلیل، ڕۆژھەڵاتەوە دەبەسترێتەوە بە دۆڵی رەقاد، لە باکوریەوە نزیکە لە گوندی تەرنجە لە پاریزگای قنیطرە، بە ئاڕاستەی باشوریەوە ھەتا کۆتایی ڕووباری یەرموک درێژ دەبێتەوە.
کەش وھەوا
زستانی سارد و باراناوییە، ھاوینی فینک و مامناوەندە.
ڕووبەر
بە شێوەیەکی گشتی ڕووبەری جۆلان وا مەزەندە دەکرێت کە ١٨٦٠کم چوارگۆشەیە، و بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریا ١٢٢٦ مەترە.
ژمارەی دانیشتوانی
لە ٢٠٠٥ ژمارەی دانیشتوانی جۆلان بە ١١٧,٩٠٠ کەس مەزەندە کراوە.
سەرچاوە: ویکیپیدیاى عەرەبی و فارسی
ئامادەکردنى: ئەنەس شێخ محمد