یەکێک بووە لە سەرکردەکانى ڕێکخراوى قاعیدە، لە ئوردون سزاى لەسیدارەدانى بۆ دەرچوو، لە چەند شوێنێکدا دژ بە سوپاى ئەمریکا جەنگاوە، بە تایبەتى لە عێراق، لە ئاکامى هێرشێکى ئاسمانى لە عێراق لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە کوژرا.
لە دایکبوون
ئەحمەد فەزیل ئەلخەلایلە – ناسراو بە ئەبو موصعب ئەلزەرقاوى – لە ٣٠ ى تشرینى دووەمى ١٩٦٦ لە لە شارى زەرقا لە ئوردون لە خێزانێکى هەژار لەدایکبووە، خاوەنى چوار برا و حەوت خوشک بووە، ڕەچەڵەکى دەگەڕێتەوە بۆ هۆزى بەنى حەسەن کە بەگەورەترین هۆزى ئوردون هەژماردەکرێت، سێ ژنى هێناوە ” ئوردونییەک، و فەلەستینییەک و عێراقییەک” و خاوەنى چوار کوڕبووە.
ئاڕاستەى فیکرى
هەندێک وا دەگێڕنەوە کە زەرقاوى لە پڕێکدا لە کەسێکى لادەرەوە بووە بە بەکەسێکى توندڕەو، ئەوەش لەژێرکاریگەرى یەکێکە لە شێخە سەلەفییەکانى ئوردون کە لە زینداندا هاوڕێیەتى کردووە، تا ئەندازەیەک کە بووە بە یەکێک لەو کەسایەتییانەى کە لەلایەن ئیدارەى ئەمریکاوە ٢٥ ملیۆن دۆلار وەکو خەڵات دانراوە بۆ ئەو کەسەى کە شۆێنى زەرقاویان پیشان دەدات.
ئەزموونى سیاسی
چەند کەسایەتییەک پێیان وابووە کە زەرقاوى ئەڵقەى پەیوەندى نێوان عێراق و ڕێکخراوى قاعیدە بووە، ئەو ڕێکخراوەى کە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا تۆمەتبارى دەکات بە ئەنجامدانى بەشێکى زۆر لە کردە توندوتیژییەکان، هەروەها بەرپرسیاریان دەکات لەبەرامبەر بە ئامانجگرتنى هێزەکانیان و هێزى وڵاتانى هاوپەیمانان لە عێراق.
لە نەودەکانى سەدەى بیستدا زەرقاوى چوو بۆ ئەفغانستان و لەگەڵ سوپاى ڕوسیادا لەهەرێمى خۆستى ئەو وڵاتەدا شەڕى کرد، نازناوى ئەبو موصعەب زەرقاوى کاتێک پێدرا کە بووە ئەندام لە گروپی تەوحید و هیجرەى سەلەفی کە لە لایەن ئەبو موحەمەد ئەلمەقدسییەوە ڕابەرایەتى دەکران.
ساڵى ١٩٩٤ لە ئوردون سزاى ١٥ ساڵ زیندانى بەسەردا سەپینرا بەڵام بە لێبوردنیک لە ساڵى ١٩٩٩ ئازادکرا.
ساڵى ١٩٩٩ تاوانبارکرا بە پلاندانان بۆ ئەنجامدانى تەقینەوەیەک لە ئوتێلی ڕادیسۆن ساس لەعەممانى پایتەختى ئوردون، بەڵام کردە تیرۆریستییەکە پێش ئەنجام دانى ئاشکرابوو، زەرقاوى بەرلەوەى دەستگیر بکرێت ئوردونى بەجێ هێشت.
جارێکى دیکە زەرقاوى گەیشتەوە ئەفغانستان و سەرپەرشتى سەربازگەیەکى مەشقپیکردنى تیرۆریستەکانى قاعیدەى دەکرد، ناوبراو شارەزایی وەرگرتبوو لە چەکە کیمیاوى و بایۆلۆجییەکاندا.
ساڵى ٢٠٠١ لە ئوردون بە بێ ئامادەبوونى سزاى ١٥ ساڵ زیندانى بەسەردا سەپینرا بە تۆمەتى تێوەگلانى لە کارە تیرۆریستییەکانى ئوردوندا.
لە تشرینى یەکەمى هەمان ساڵدا زەرقاوى هەڵهات بۆ ئێران لە ئەفغانستانەوە، پاش ئەوەى کە تالیبان دەسەڵاتى بەسەر ئەفغانستاندا نەما، ئەوەش پێش ئەوەى لە ئایارى ٢٠٠٢ دا بگاتە عێراق، کە لەوێ لە کردەیەکدا یەکێک لە لاقەکانى لەدەستدا.
هەمان ساڵ چووە لوبنان و لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک لە سەرکردەکانى حیزبوڵا کۆبوونەوەى ئەنجام دا و لە سەرەتاکانى ساڵى ٢٠٠٣ گەڕایەوە بۆ لاى چەکدارەکانى ئەنسارول ئیسلام لە (باکورى عێراق) هەرێمى کوردستان.
لە ٥ ى شوباتى ٢٠٠٣ کۆڵن پاولی وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەبەردەم ئەنجومەنى ئاسایشدا کۆمەڵە زانیارییەکى ئاشکراکرد کە بەڵگە بوون لەسەر پەیوەندى نێوان عێراق و ڕێکخراوى قاعیدە.
بەتۆمەتى پلاندانان بۆ تیرۆرکردنى دیبلۆماسییەکى ئەمریکى لە عەممانى پایتەختى ئوردون بە ناوى “لۆرەنس فولى”، دادگایەکى ئوردون سزاى لەسێدارەدانى سەپاند بەسەر زەرقاوى ئەوەش لە نیسانى ساڵى ٢٠٠٥ دا.
مردن
لەشەوى ٨ ى حوزەیرانى ٢٠٠٦ لە ئاکامى هێرشێکى ئاسمانى سوپاى ئەمریکا بۆ سەر شارى بەعقوبە لە عێراق، زەرقاوى لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە کوژرا.
سەرچاوە: الجزیرة