ئێراقییە و دامەزرێنەرى ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامییە، ئەو دەوڵەتەى کە لە ساڵى ٢٠١٤دا ناوچەیەکى فراوانى لە هەردوو وڵاتى ئێراق و سوریا داگیرکرد، ڕێکخراوەکە وەکو خەلیفەى موسوڵمانان ناوى برد و داواى لەسەرجەم موسولمانان کرد لە تەواوى جیهانەوە بەیعەتى پێبدەن، ئارەزووى لە یارى تۆپێنە، لەژێر فەرماندارى ئەبو موصعەب زەرقاویدا لەگەڵ سوپاى ئەمریکادا شەڕى کردووە، بۆیە لە ساڵى ٢٠٠٥ دا دەستگیر دەکرێت و چوار ساڵ لە گرتووخانەى بوکا لە شارى بەسرە زیندانى دەکرێت.
لەدایک بوون
ئیبراهیم عەوواد ئیبراهیم ئەلسامەڕائی ئەلبەدرى – ناسراو بە ئەبو بەکرى بەغدادى – لە ساڵى ١٩٧١ لە شارى سامەرڕا لە ئێراق لە خێزانێکى ئایین پەروەرى سەر بەهۆزى ئەلبەدرى لەدایک بووە.
خوێندن و پێگەیشتن
ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەى تەلگراف بڵاوى کردۆتەوە کە بەغدادى لە تەمەنى ١٨ ساڵیدا لە گەڕەکى ئەلتەبەجى لە شارى بەغداد نیشتەجێ دەبێت، لەوێ بڕوانامەى بەکالۆریۆس و ماستەر لە زانکۆى زانستە ئیسلامییەکان بەدەست دەهینێت، پاشان ساڵى ٢٠٠٠ بڕوانامەى دکتۆرا لە یاسای ئیسلامییدا لە هەمان زانکۆ بەدەست دەهینێت.
تاوەکو ساڵى ٢٠٠٤ بەغدادى لەهەمان گەڕەکدا نیشتەجێ دەبێت، لە خانویەکدا ژیاوە کە بەشێک بووە لەو مزگەوتەى کە تیایدا بۆ ماوەى ١٤ ساڵ وتاربێژ و پێش نوێژى تیادا کردووە، دواتر بەهۆى ناکۆکى لەگەڵ ئەو کەسەى کە مزگەوتەکەى دروست کردووە و لەگەڵ دانیشتووى گەرەکەکە ئەو شوێنە جێ دەهێڵێت.
ڕۆژنامەکە لەسەر زارى یەکێک لە نوێژخوێنانى مزگەوتەکەوە دەڵێت کە بەغدادى باشترین یاریزانى تۆپێ پێی تیمى مزگەوتەکە بووە، ئەو وەرزشەش تەنیا وەرزش بووە کە بەغدادى ئارەزووى لێی هەبووە.
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان لەسەر زارى یەکێک لە مامۆستاکانیەوە دەگێڕنەوە کە ناوبراو سەلەفی نەبووە، هەروەها پسپۆڕى لە تەجوید و خویندنەوەى قورئاندا هەبووە، ئەمە لە کاتێکدا بەشێک لە پێگە ئەلەکترۆنییە جیهادییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو دکتۆراى لە دیراساتى ئیسلامیدا هێناوە.
ئاڕاستەى فیکرى
ئەندام بووە و پەیوەندى کردووە بە گروپی تەوحید و جیهادەوە کە لە لایەن ئەبو موصعەب زەرقاوییەوە دامەزرا و لە ڕێکخراوى قاعیدەوە بنەما فیکرییەکانى خۆیان هەڵدەهێنجا، ئەم ڕێکخراوە لە شارى ئەنبار شەڕى دەکرد لەدژى سوپاى ئەمریکا، دواتر ناوبراو لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانانەوە دەستگیرکرا و بۆ ماوەى چوارساڵ لە زیندانى بوکا لەبەسرە زیندانى کرا، لەوێ ئاشنایەتى لەگەڵ ژمارەیەک لە چەکدارانى قاعیدە پەیداکرد کەلە هەمان زیندانى دەستگیرکرابوون.
ئەزموونى سیاسی
تاوەکو ساڵى ٢٠٠٦ و کوژرانى زەرقاوى لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە لە ئاکامى گورزیکى ئاسمانیدا، ناوبراو لەژێر فەرمانڕەوایەتى زەرقاوى لە ئێراقدا لەگەڵ سوپاى ئەمریکادا جەنگاوە، دواتر لەژێر فەرمانڕەوایەتى ئەبوعومەر ئەلبەغدادیدا درێژەى بە شەڕکردن داوە تاوەکو ناوبراو – ئەبو عومەر ئەلبەغدادی- لە ساڵى ٢٠١٠دا لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە کوژرا، لەو ساڵەدا بەغدادى سەرۆکایەتى ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى گرتە دەست.
بە سوود وەرگرتن لە شۆڕشی سوریا لە ساڵى ٢٠١١، بەغدادى یاریدەرەکەى بە ناوى ئەبو موحەمەد ئەلجۆلانى نارد بۆ سوریا تاوەکو شوین پێیەک بۆ ڕێکخراوەکەى لە سوریا دروست بکات، لەوێ ” بەرەى نوصرەى” دامەزراند کە چەند تەقینەوەیەکى گەورەى لەدژى ڕژێمى سوریا ئەنجام دا و بەوەش بوو بەژمارەیەکى قورس لە چوارچێوەى هێزە نەیارەکانى سوریادا.
لە نیسانى ٢٠١١ لە تۆمارێکى دەنگیدا بەغدادى دووپاتى کردەوە کە ” بەرەى نوصرە” لە سوریا درێژکراوەى دەوڵەتى ئیسلامییە لە ئێراق، لەو تۆمارەدا هەردوو ناوى ” بەرەى نوصرە” و ” دەوڵەتى ئیسلامى لە ئێراق” پێکەوە بەستەوە وناوى نا ” دەوڵەتى ئیسلامى لە ئێراق و شام”.
لەگەڵ بەهێزبوونى هەژموونى ئەلجۆلانى هاوڕێی و ڕەتکردنەوەى پێکەوە گرێدانى هەردوو ڕێکخراوەکە، هێرشێکى قورس لەلایەن بەغدادییەوە کرایە سەر بەرەى نوصرە و بەوەش لە ڕێکخراوى قاعیدە جیابوویەوە.
بەغدادى داواکارییەکانى ئەیمەن زەواهیرى سەرۆکى ڕێکخراوى قاعیدەى پشت گوێ خست کە تیایادا داواى لە بەغدادى دەکرد کە سوریا بۆ بەرەى نوصرە بەجێ بهێڵێت، بەڵکو چالاکییەکانى خۆى لە باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا لە ماوەى ساڵانى ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٣ فراوانتر کرد، لەگەڵ یەکەکانى سوپاى سوریادا کەوتە شەڕەوە، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى تەواوى تواناى خۆى خستبووە گەر بەمەبەستى بەڕەنگاریبوونەوەى یەکە سەربازییەکانى هێزەنەیارەکانى ڕژیمى سوریا.
ڕۆیتەرز لەسەر زارى یەکێک لە تیرۆریستەکانى داعشەوە دەگێڕێتەوە کە بەغدادى تاکە کەس بووە کە بەیعەتى بە ئەیمەن زەواهیرى نەداوە پاش کوژرانى ئوسامەى بن لادن کە داواى لێکردووە کە دەوڵەتى ئیسلامى لە ئێراق و شام دابمەزرێنێت.
لە ٢٩ ى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٤ دا ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى ” خەلافەتى ئیسلامى” ڕاگەیاند و هەروەها بەغدادى وەکو خەلیفە و ئیمامى موسڵمانانى ناونا، لە هەمانکاتدا داواى لە سەرجەم گروپە جیهادییەکانى جیهان کرد کە بەیعەت بە بەغدادى بدەن و ملکەچى فەرمانەکانى بن.
لەو کاتەدا ئەبو موحەمەد ئەلعەدنانى وتەبێژى فەرمى ڕێکخراوەکە لە تۆمارێکى دەنگیدا ڕایگەیاند کە ناوى ڕێکخراوى ” دەوڵەتى ئیسلامى لە ئێراق و شام” کورتکراوەتەوە بۆ ” دەوڵەتى ئیسلامى” بەپێی وتەکانى ناوبراو، بڕیارەکە پاش ئەوە هاتووە کە ڕاوێژ بە ئەندامانى ئەهلى حەل و عەقد و سەرکردە سەربازییەکان و ئەمیرەکان و ئەنجومەنى شورا کراوە.
بۆ یەکەم جار بەغدادى لە تۆماریکى ڤیدیۆییدا لە ٤ ى تەموزى ٢٠١٤ وەکو وتاربێژێک لە مزگەوتى گەورەى شارى موصڵ دەرکەوت، لە ٢٩ ى نیسانى ٢٠١٩ دا جارێکى دیکە لە تۆمارێکى ڤیدیۆییدا دەرکەوتەوە.
سەرچاوە: الجزیرة