ئایەتوڵلا عەلی خامنەیی، لەدایکبووی 15ـی تەمموزی ساڵی 1939ـی شاری مەشهەدی ئێران، زانایەکی ئاینیی ئێرانە کە لەماوەی ساڵانی 1981- 1989 بۆ دوو خول سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی “ئێران” بوو، لە ساڵی 1989ـشدا دەبێتە ڕابەری ئێران. خامنەیی زیاتر کەسایەتییەکی ئاینی هەیە. وەك ناوێکی فەخری، بە ئایەتوڵڵا ناودەبرێت.
وەك شۆڕشگێڕ و ئەرکی سەرۆکایەتی، ڕۆڵی خامنەیی لە خوێندنە ئاینییەکانی لە شاری “قوم” دەستی پێکرد، ئەوەیش لەژێر سەرپەرشتیی دیارترین زانا شیعییەکانی ئەو سەردەمە، وەك ڕوحوڵڵا خومەینی. لەدوای ساڵی 1963ـوە، خامنەیی چالاکانە چووە نێو ناڕەزایەتییەکانی دژی ڕژێمی پاشایەتی، بەوهۆیەشەوە چەندان جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە زیندانی دەکرێت. لەوکاتەدا خامنەیی پەیوەندی نزیکی لەگەڵ “خومەینی” سەرکردەی دوورخراوەی ئەوکاتە هەبووە.
دوای ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی و سەرکەوتنی شۆڕشی “ئیسلامیی ئێران” و گەڕانەوەی بۆ وڵات، خامنەیی دەچێتە نێو ئەنجومەنی شۆڕشەوە. دوای هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی شۆڕش، خامنەیی دەبێتە جێگری وەزیری بەرگری و نێردەی تایبەتی “ئیمام خومەینی” لە ئەنجومەنی باڵای بەرگری. بۆ ماوەیەکی کەمیش وەك فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران خزمەتی کردووە. هەروەها کارەکتەرێکی دیاری سیاسەتی دەرەوە بووە و یەکێك لە دیارترین دانوستانکارەکانی ئێران بووە لە سەروبەندی پرسی بارمتەکاندا.
“خامنەیی” هەر لە سەرەتاوە وەك سیاسەتمەداری نوێی سیاسەتی کۆمارییەکان خۆی نمایش کرد. بە وتارە ئاگرینەکانی پشتیوانیی “خومەینی” دەکرد و بانگەوازکارێکی سەرسەختی چەمکی ویلایەتی فیقهـ (فەرمانڕەواییی ڕابەری ئاینی) بوو. خامنەیی یەکێك لە ئەندامانی دامەزرێنەری پارتی کۆماری ئیسلامییە. لە ساڵی 1981ـدا، بەهۆی زنجیرەیەك تەقینەوەی تیرۆریستییەوە بریندار دەبێت. پاش مردنی “عەلی ڕەجایی” سەرۆك و سکرتێری گشتیی پارتی کۆماری ئیسلامی لە تەقینەوەیەکی دیکە لە کاتێکی دواتری ئەو ساڵەدا، خامنەیی وەك سکرتێری گشتیی پارتەکە دەستبەکار دەبێت. دوای چەند هەفتەیەکیش دەبێتە بەربژێری پارتی کۆماری ئیسلامی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی.
دوای تێکچوونی باری تەندروستیی “خومەینی” و بەر لە مردنی لە ساڵی 1989ـدا، خامنەیی وەك ڕابەری داهاتووی “ئێران” دەستنیشان کرد. لێ خامنەیی سەرجەم خاسیەتەکانی بوون بە ڕابەری تێدا نەبوو و هێشتا نەببوو بە زانایەکی ئاینیی باڵا. بەڵام دواتر دواتر گۆڕانکاری دەستوور لە مانگی تەمموزی ساڵی 1981ـدا لە ڕیفراندۆمێکدا خرایە دەنگدانەوە و پەسەند کرا و ئاستی تایبەتمەندی و شیانەکانی کەمکردەوە و دەسەڵاتەکانی لە سەرۆکوەزیرانەوە بۆ سەرۆکایەتی گواستەوە و دەسەڵاتێکی باڵاشی بە ڕابەر بەخشی لە سەرپەرشتیکردن و دەستتێوەردان لە پرسە سیاسییەکان.
لە سەردەمی سەرۆکایەتیی حەسەن ڕووحانیدا، ئێران ئاڕاستەی سیاسیەتی دەرەوەی گۆڕێ و بەخێرایی هەنگاوی ڕووە و کەمکردنەوەی ناکۆکی لەگەڵ ڕۆژئاوا دا. دوای چەند مانگێك لە هەڵبژاردنی “ڕووحانی” لە ساڵی 2013ـدا،دانوستانە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی ڕێککەوتنێك بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی “ئێران” لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکان کەوتنە گەڕ. بەدرێژایی ماوەی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان، “خامنەیی” بەردەوام بەئاشکرا گومانی هەبوو، ناڕەزایەتی دەردەبڕی لەبارەی لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتنە و بە بەزاندنی سەروەریی “ئێران” لێی دەڕوانی. لەگەڵ ئەوەشدا، بە ڕەزامەندی خامنەیی ڕێککەوتننامەیەکی کۆتایی لە ساڵی 2015ـدا مۆر کرا بە ناوی پلانی کاری گشتگیر و هاوبەش.
بەرهەمەکانی هەڵگرتنی سزاکان زۆری نەخایاند و یەکلاییکردنەوە و چارەسەری پرسی چەکی ئەتۆمیی ماوەیەکی کەم بەردەوام بوو. بە دژواربوونی گوزەرانی هاووڵاتیانی ئێران، ناڕەزایەتی لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 2017ـدا سەریهەڵدا. جگە لە ڕووحانی، ناڕەزایەتییەکان ئایەتوڵلاشیان بەئامانج گرت. لە مایسی ساڵی 2018ـشدا دۆخەکە خراپتر بوو کاتێك دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە و سەپاندنەوەی سزاکانی ڕاگەیاند. لە مانگی ئابی 2018ـدا، کاتێك یەکەمین گەڕی سزاکان چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، خامنەیی ڕەخنەی ئەوەی لە ڕووحانی گرت کە ڕێککەوتننامەکەدا سازشی زۆری کردووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ڕەتیکردەوە پشتیوانیی لادانی ڕووحانی بکات. لێرە بەدواوە، سیاسەتی سازشی ڕووحانی کۆتایی پێ هات و ئێران گەڕایەوە سەر گرتنەبەری ڕێڕەوی پەرەپێدانی سەربازی کە خامنەیی لەمێژ بوو بانگەوازی بۆ دەکرد.
لە ساڵی 2019ـدا، کاتێك سزاکان بەردەوام بوون لە گوشینی ئابووریی ئێران، خامنەیی پشتیوانیی حکومەتێکی دەکرد کە پتەوتر و توند هەڵوێستتر بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان. هەروەها بەتەواوی دژی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بوو لەگەڵ ئەمەریکا لەبارەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و، پشتگیریی پێشێلکردنێکی قۆناخبەندیی ڕێککەوتننامەکەی دەکرد. بەڵام بە کوشتنی “قاسم سلێمانی” لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2020ـدا، گرژی و ناکۆکییە جیهانی و هەرێمییەکان پێیان نایە نێو قۆناخێکی نوێوە.