ڕێبەرێکی مەزنی نەتەوەیی و کاریزمایی مێژوویی گەلی کوردستان، سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ناو مێژووی نه‌ته‌وه‌یی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه گێڕانه‌وه‌ی جیاواز ده‌رباره‌ی ده‌وترێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی به‌شداریكردن و، پاڵپشتیكردنی بزوتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان.
له‌مێژووی قۆناغه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، كه‌م قۆناغ هه‌یه به ناوهێنانی له‌ناو مێژووه‌كه‌یدا نه‌بێت، بارزانی نه‌ك ته‌نها له‌م ناوچه‌یه به‌ڵكو له جیهان؛ لای كه‌سایه‌تی و، سیاسی و، ڕۆژنامه‌نووسان و، فۆتۆگرافه‌ره ناودار و دیاره‌كان، ئارشیفێكه، پاش 42 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دواییدا هێشتا وێنه‌ی كه‌م بینراوی بڵاو ده‌كرێته‌وه، بارزانی له‌ناو شۆڕش و خه‌باتی گه‌له‌كه‌یدا له‌دایك بوو ئه‌و كاتێك دێته دونیاوه دوو مانگ به‌سه‌ر كۆچی دوایی باوكی‌دا تێپه‌ڕیووه.
بارزانی گه‌لێك گێڕانه‌وه ده‌رباره‌ی ژیان و كه‌سایه‌تی هه‌یه، چ وه‌ك شۆڕشگێڕ و خه‌باتكارێكی كورد و، چ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و دانه‌بڕاو له خه‌باتی گه‌له‌كه‌یدا، چ وه‌ك ژیانی كه‌سی و تایبه‌تی و، چ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی ناو داستان و به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه له‌گه‌ڵ داگیركه‌راندا.
فۆتۆگرافه‌ری فه‌ڕه‌نسی “فرانسوا گزافیێ لۆڤات” دەڵێت: “له كانوونی دووه‌می ساڵی 1963 له كانی ماران، یه‌كه‌م جار مه‌لا مسته‌فام بینی، به چاوێكی وه‌ك بازه‌وه سه‌یری كردم و كوڕێكی زۆر گه‌نجیش كه له‌گه‌ڵماندا بوو، به زمانی كوردی به مه‌لا مسته‌فای گوت؛ هاتووه وێنه‌مان بگرێت و راپۆرتی ته‌له‌فزیۆنیمان له‌سه‌ر بكا، كه یه‌كه‌م جاره ئه‌و راپۆرته ته‌له‌ڤزیۆنییه له‌سه‌ر پێشمه‌رگه ده‌كرێت، مه‌لا مسته‌فا منی خۆش‌ویست و بۆ ماوه‌ی چوار مانگ توانیم ئه‌وه‌ی ده‌مویست وێنه‌ی بگرم”.
فۆتۆگرافەرە فەرەنسییەکە چه‌ندین نهێنی و ورده‌كاری خه‌باتی مستەفا بارزانی ده‌گێڕێته‌وه و، ئاماژه‌ی به‌وه داوه “له پاش رووخانی كۆماری كوردستان له مه‌هاباد، مه‌لا مسته‌فا له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 530 كه‌س له پێشمه‌رگه‌كانی، بڕیاریان دا به شه‌ڕكردن رێگای خۆیان به‌ناو توركیا و ئێران‌دا بكه‌نه‌وه و داوای په‌نابه‌ری له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت بكه‌ن، رێڕهوهكهش له 24/5/1947 له گوندی ئه‌رگووشی نزیك بارزان ده‌ستی پێكرد”.
پاشان (شه‌وكه‌ت مه‌لا ئیسماعیل حه‌سه‌ن) كه له‌ماوه‌ی ساڵانی 1961 تا 1975 عه‌ده‌د جیهاز و بێته‌ل بووه له‌شۆڕشی ئه‌یلول و كه‌سی نزیك بووه له مه‌لا مسته‌فا) چه‌ند لایه‌نێكی گرنگی ژیانی مه‌لامسته‌فا باسدهكات و ده‌ڵێت؛
ساڵی (1966) ئه‌و پرسیاره‌م له بارزانی نەمر كرد، بۆچی تۆیش وه‌ك باوك و براكانت نازناوی شێخت نه‌بووه؟ ئه‌ویش له وه‌ڵامدا پێی وتم؛ پێش له‌دایكبوونم مه‌لایه‌كی زۆر به‌ئاین و له‌خواترس و پیاوچاك له بارزان بووه، خه‌ڵكه‌كه زۆر ڕێزیان لێگرتووه‌و خۆشه‌ویست بووه له‌لایان، كه من له‌دایكبووم له‌سه‌ر ناوی ئه‌و پیاوچاكهوه ناویان ناوم “مه‌لا مسته‌فا”.
گرنگترین قۆناغه‌كانی ژیانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی
ناوی ته‌واوی مسته‌فا محه‌مه‌د بارزانی كوڕی شێخ محه‌مه‌دی بارزانه و له 14-3-1903 له بارزان له دایكبووه.
له ساڵی 1906 كاتێك ته‌مه‌نی سێ ساڵ بووه، له‌گه‌ڵ دایكی له موسڵ زیندانی كراون.
له نێوان ساڵانی 1917 بۆ 1919 شێخ ئه‌حمه‌دی برا گه‌وه‌ری، مه‌لا مسته‌فا له‌گه‌ڵ شێخ عه‌بدولڕه‌حمان شهرناخیدا بۆ كاروباری شۆڕش ده‌ینێرێته باكووری كوردستان، له‌وێ له ده‌ڤه‌ری مووش چاوی به شێخ عه‌بدولقه‌هاری نه‌هری و شێخ سه‌عیدی پیران ده‌كه‌وێت.
له‌ساڵی 1919 به‌شداریكردووه له جوڵانه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه‌ی “شێخ مه‌حمودی حه‌فید” له سلێمانی و سه‌رپه‌رشتی تیپێكی چه‌كداری كردووه كه ژماره‌یان 300 چه‌كدار بووه.ده‌چێت به هانای شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود به‌شێك له هێزه‌كه‌ی له دۆڵی بیاو-ه‌وه و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش له ناوچه‌ی باڵه‌ك-ه‌وه ده‌ڕۆن، لهڕێگهیاندا تووشی شه‌ڕی عه‌شیره‌ته دۆسته‌كانی ئینگلیز ده‌بن و چه‌ندین پێشمه‌رگه‌یان لێ شه‌هید ده‌بێت، ئه‌م شه‌ڕه بووه هۆی ئه‌وه‌ی هێزه‌كه دره‌نگ بگه‌نه فریای “شێخ مه‌حمود” و كاتێك ده‌گه‌ن شه‌ڕ كۆتایی هاتووه و شێخ مه‌حمود-یش له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه به‌دیل گیراون.
له‌نێوان ساڵانی 1920 بۆ 1921 به‌هێزێكه‌وه به هانای ئه‌رمه‌نه‌كانه‌وه چووه و پاشا (ئهندارێك) پاشا ی ئه‌رمه‌نه‌كانی ڕزگاركردووه.
له ڕۆژی 12-27-1943 مسته‌فا بارزانی، به‌یارمه‌تی حیزبی هیوا و، چه‌ند كه‌سانێكی نیشتیمان په‌روه‌ر له سلێمانی ده‌رباز ده‌بێت و، ده‌گاته ناوچه‌ی (شنۆ) له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
له 22ی كانوونی دووه‌م-یه‌نایری 1946 بارزانی له مه‌راسیمی راگه‌یاندنی (كۆماری كوردستان) له مهاباد به‌شداریكرد و، له لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری كوردستانه‌وه (قازی محه‌مه‌د)، بارزانی كرایه فه‌رمانده‌ی سوپای كۆماری كوردستان و پله‌ی جه‌نه‌راڵی سه‌ربازی پێ به‌خشرا.
له 16ی ئاب-ئۆگستی 1946دا بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراقی دامه‌زراند و وه‌ك سه‌رۆكی پارته‌كه هه‌ڵبژێردرا و له سه‌رجه‌م كۆنگره‌كانی حیزب‌دا، كه هه‌ندێكیان ئاماده‌نه‌بوو، وه‌ك سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرایه‌وه.
له 11ی ئه‌یلوولی 1961 تا 1975 بارزانی رابه‌رایه‌تی گه‌وره‌ترین شۆرشی چه‌كداری له دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا كرد و، شۆڕشه‌كه‌ی 15 ساڵی خایاند و تێیدا چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ستهێنا.
له 11ی ئازاری 1970 بارزانی و حكومه‌تی ئێراق له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككه‌وتن و، ئه‌وه یه‌كه‌مجار بوو له مێژووی كوردستاندا شۆڕشێكی كوردیی به 9 ساڵ خه‌بات بتوانێت ئه‌و ده‌ستكه‌وته بۆ كورد به‌ده‌ستبهێنێت.
له 1ی ئازار-مارسی 1979 مسته‌فا بارزانی، له ئه‌مریكا به هۆی نه‌خۆشییه‌وه كۆچی دواییكرد. له 5/3/1979 له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له شاری ( شنۆ ) ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌سه‌ر سنووری باشووری کوردستان و، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەسپاردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.
دوای راپه‌ڕینی ئازاری 1991، ته‌رمی مسته‌فا بارزانی و ئیدریس بارزانی كوڕی، له ئارامگه‌ی خۆیان له شنۆ-وه گواسترایه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و له شوێنی له‌دایكبوونی و له ناوچه‌ی بارزان به‌خاك سپێردرا.