فیدڕاڵیەت، لەسەر بنەمای لامەرکەزیی سیاسی پێک دێت، واتە بوونی چەندین قەوارەی دەستوری لەناو دەوڵەتێکدا.
فیدڕاڵیەت، لەسەر بنەمای لامەرکەزیی سیاسی پێک دێت، واتە بوونی چەندین قەوارەی دەستوری لەناو دەوڵەتێکدا. هەر یەک لەم قەوارانە مافی ئەوەیان هەیە بنەمای یاسایی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بەمەش لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا چەندین دەسەڵاتی سیاسی بوونی دەبێت. واتە دەوڵەتی فیدراڵیی دەوڵەتێکی ئاوێتەیە. بەڵام دەوڵەتە ئەندامەکان کەسایەتیی دەوڵەتییان نییە.
کۆنفیدڕاڵیی، بریتیی یە لە پێکەوەبوونی چەند دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواو، کەلەنێوان خۆیانداهاوپەیمانییەک دەبەستن بۆ دیاریکردنیی دەستەیەکی هەمیشەیی، بەمەبەستی ڕێکخستنی هەندێک کێشەی هاوبەش، کە پێی دەوترێت کۆمەڵە، یان کۆنگرە، یان کۆنگرێس، هەندێک دەسەڵاتی دەخرێتە ئەستۆ جا بەهاوبەشی بێت یان بەتەنیا. هەریەک لەم دەوڵەتانە سەربەخۆیی سیاسی، مافی پەیمانبەستن لەگەڵ دەوڵەتانی بیانیی هەیە، هەروەها دەسەڵاتێکی سنووردار بەپێی ئەوەی لە پەیماننامەی یەکگرتنەکەدا لەسەری ڕێککەوتوون دەدرێتە دەستەکە، ئەو تایبەتمەندییانەش بە ڕەزامەندی تەواوی دەوڵەتانی یەکێتییەکە دەبێت. هەندێک جار دەستورێکیش لەنێوان خۆیان دەنووسن، ئەم سیستمە زۆربەی کات بۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ بابەتە هەستیارەکانی وەک بەرگریی، کاروباری دەرەوە، یان دراوی هاوبەش، نموونەی کۆنفیدراڵی سەردەم، وەک؛ (یەکێتیی ئەوروپا، ئۆپیک، ناتۆ).
دەتوانرێت سیستمی فیدراڵی بگۆڕدرێت بۆ کۆنفیدراڵیی، نمونەی ئەوەش: بەر لەهەڵوەشانەوەیی یۆگۆسلاڤیا، (سلۆڤینا و کرواتیا)، لەساڵی 1989-1990، (سربیا ومۆنتینیگرۆ) لەساڵی 2000 سیستمەکەیان گۆڕی بۆ کۆنفیدراڵی. هەروەها کۆماری عەرەبی یەکگرتوو(میسرو سوریا)، لەساڵی 1958-1961 کۆنفیدراڵیی بوو.
,,جیاوازیی نێوان فیدڕاڵیی و کۆنفیدڕاڵیی,,
1- کۆنفیدراڵی، بەسیستمێکی نێودەوڵەتی دادەنرێت و دەکەوێتە نێو چوارچێوەی، گشتی نێودەوڵەتییەوە، بەڵام فیدڕالی بەپێی دەستور پێکدێت، واتە سیستمێکی نێوخۆییە، دەکەوێتە ناو چوارچێوەی یاسای گشتی نێوخۆوە.
2- لەکۆنفیدراڵیدا، دەوڵەتە بەشدارەکان سەروەریی ناوخۆیی ودەرەکییان هەیە، بەڵام لە فیدراڵیەتدا، دەوڵەتانی ئەندام لەسەر ئاستی دەرەوە بۆ دەوڵەتە نوێیەکە کە دەوڵەتی فیدڕالە تەنازول دەکات، بەڵام لە کۆنفیدرالدا دەوڵەتێک نییە لەسەرووی دەوڵەتە ئەندامەکانەوە، بەمەش خاوەن سەروەری نابێ.
3- لەکۆنفیدراڵیدا ئەو دەستەیەی پێکدەهێنرێت ئیرادەی لەسەروو ئیرادەی دەوڵەتە ئەندامەکان نییە، بەڵام لەفیدراڵیەتدا دەوڵەتی ناوەندی ئیرادەو دەسەڵاتی لە سەرووی دەوڵەتە ئەندامەکانەوەیە.
4- لە کۆنفیدراڵیدا، وڵاتانی ئەندام یەکێتییەک پێکدەهێنن، بەڵام لەفیدراڵیدا وڵاتێکی یەکگرتوو پێکدێت.
5- هەموو بڕیارەکان لەسیستمیی کۆنفیدراڵی دەبێت بەڕەزامەندیی هەموو دەوڵەتە ئەندامەکان بێت، لەفیدراڵیەتدا مەرج نییە، تەنها ڕەزامەندی سێ لەسەر چواری ئەندامانی بەسە.
6- ئەو دەستانەی پێکدەهێنرێت لە یەکێتیی کۆنفیدراڵیدا، دەسەڵاتی بەسەر وڵاتانی ئەندام نییە، هەر وڵاتەو سەروەریی خۆی پارێزراوە، بەڵام دەوڵەتی فیدراڵ دەسەڵاتی بەسەر وڵاتانی ئەندام وهاوڵاتییەکانیشیدا هەیە.
7- یاساناسانیی قوتابخانەی کلاسیکی پێیان وایە، دەوڵەتی فیدراڵی کەسێتیی مەعنەوی یاسایی هەیە، ئەم کەسێتییە بۆ دەوڵەتە فیدراڵەکەیە، بەڵام لە کۆنفیدراڵیدا لەبەرئەوەی تەنها یەکێتییەکە و نەبۆتە دەوڵەتێکی یەکگرتوو، کەسێتی یاسایی نییە.
8- لە کۆنفیدراڵیدا، دادگایی باڵا بوونی نییە بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێواندە دەوڵەتانی ئەندام، تەنها لەڕێی دەستەکان وبەپێی ئەو پەیماننامەیەی دەیبەستن هەوڵی چارەسەری ناکۆکیەکان دەدەن. بەڵام لە فیدراڵیەتدا دادگایی باڵای دەستوری هەیە.
9- لەکۆنفیدڕاڵیدا جیابوونەوە مافێکیی یاساییە بۆدەوڵەتانی ئەندام، بەڵام لە فیدراڵیدا جیابوونەوە ڕێگەپێدراو نییە.
10- لە کۆنفیدراڵیدا، وڵاتان ڕەگەزنامەی خۆیان هەیە بۆ هاوڵاتییەکانیان، هاوڵاتی وڵاتێکی تر بە بیانیی دادەنرێت. بەڵام لە فیدراڵیەتدا هەموو وڵات و هەرێمەکان یەک ڕەگەزنامەیان هەیە.
11- لە کۆنفیدراڵیدا، شەڕو ناکۆکیی نێوان ئەندامان بە شەڕێکی نێودەوڵەتیی دادەنرێت، چونکە هەموو وڵاتان سەروەریی خۆیان هەیە، بەڵام لە فیدراڵیەتدا بە شەڕی ناوخۆ دادەنرێت.
12- یەکێتیی کۆنفیدراڵیی چەند وڵاتێکن یەکێتییەک پێکدەهێنن، بەڵام فیدراڵیەت چەند وڵات و هەرێمێک وڵاتێکیی یەکگرتوو پێکدەهێنن.
13- حکومەتی فیدراڵی ڕێگە بەهەرێمەکان نادات هێز دژی هیچ وڵاتێک بجوڵێنن. بەڵام لە کۆنفیدراڵیدا ئەم مافە بوونی هەیە.
14- هەرێمی فیدراڵ ناتوانێت ببێت بە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنفیدراڵ دەتوانێت.
15- وڵاتانی کۆنفیدراڵ دەستوری تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام لە فیدراڵیدا یەک دەستور بوونی هەیە.
16- کۆنفیدراڵیەت بەپێی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی دروست دەبێت، بەڵام فیدراڵیەت بەپێی دەستور.