ئافرهت… مێژوویهکی فهرامۆشکراو (خاتوو دوباری وهک نموونه)
گرنگیدان بە مێژووی ئافرەت لە بنەڕەتدا بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمەڵێک توێژەر و مێژوونووسی فەڕەنسی جەختیان لەوە کردەوە کە مێژووی ئافرەت مێژوویەکی پیاوانەیە، واتە پیاوان هەستاون بە نووسینەوەی مێژووی ئافرەتان و باسیان لێوەکردوە، جا باسکردنەکە لایەنی سیاسی بووبێت یان کۆمەڵایەتی یاخود لایەنی ئابووری بووبێت. لێرەدا دەردەکەوێت کە بوونی ئافرەت لهمێژوودا بوونێکی پەراوێزخراوە بووه، واته ئەگەر سەیر بکەین مێژوو زیاتر گرنگی بە کەسانی وەکو (هیتلەر لە ئەڵمانیا-مۆسۆلۆنی لە ئیتاڵیا-ماوتسی تۆنگ لە چین) داوه، کە لە ڕاستیدا نکۆڵی لە ڕۆڵی ئەم کەسایەتییانە لە مێژوودا ناکرێت، چونکە توانیویانە کاریگەری بەرچاو لەسەر ڕووداوە مێژووییەکان دابنێن و مێژوو سەرلەنوێ بنووسنەوە ئاڕاستەی مێژوو بکەن، ئەمەش زیاتر بەهۆی دەسەڵات و ئەو هێزەی کە هەیانبووە بەشێوەیەکی دیار و ڕاستەوخۆ، بەڵام لە زۆرینەی کاتەکاندا ڕۆڵی ژن فەرامۆشکراوبووە، ئهمه لهکاتێکدا ههندێجار ڕۆڵی گهورهیان له مێژوودا گێڕاوه و زۆرجاریش بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ کاریگەری هەبووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە دەبێت ئافرەت پەراوێزبخرێت.
ههرچهنده مێژووی باو به پلهی نایاب مێژوویهکی پیاوانهیه، بهڵام پیاوان سەڕەڕای کاریگەرێتییەکەیان گوزارشت لە تەواوی مێژوو ناکەن، بەڵکو دەتوانین بڵێین (فەرامۆشکراوەکانی مێژوو) ڕۆڵی گەورە لە دروستکردنی مێژوو و ئاڕاستەکردنی بزوتنەوەکەیدا دەگێڕن، کە مێژووی ئافرەتیش دەچێتە چوارچێوەی مێژووی فەرامۆشکراوەکانەوە، چونکە بووونی ئافرەت لە دیدی پیاوانەوە زیاتر ئەرکی خستنەوەی مناڵ و دایکایەتی و ماڵ دروستکردن… تادوایی، هەربۆیە ئافرەت لە مێژوودا زیاتر پەراوێزخراو بووه و قەدەریان بە ویست و خواستەکانی پیاوانەوە گرێدراوه. لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت؛ ئایا ئافرەت ڕۆڵی بنەڕەتی لە مێژوودا نەبینیووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش دووبارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەنگ و نووسینی پیاوان، چونکە بە ڕاستەوخۆیی وەڵامێکمان لە ئافرەتانەوە دەست ناکەوێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئافرەتان خاوەن ئامڕازی گوزارشتکردن لە خۆنەبووون بە تایبەتیش نووسین چونکە پیاوان پێشەنگ بووون و ههر ئهوانیش بڕیاریان لەسەر فێرکردن و خوێندی ئافرەتان داوە، لێرەدا پێویستە دووبارە خوێندنەوە بۆ مێژووی ئافرەت بکرێت، چونکە گەر کاریگەری و بووونی ئافرەت بەهەند وەرنەگرین ئەوا شتێک نابێت بەناوی مێژووی ئافرەتەوە، دەبێت ئەو ڕاستییهش لەبیرنەکەین که ئافرەت و پیاو پێکەوە کار لە ڕووداو و گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان دەکەن و مێژوو دروست دەکەن. ڕهنگه یهکێک له گرنگترین نموونهکانی ئهمجۆره مێژووه مێژووی فهڕهنسای سهردهمی (ژان بیکو Jeanne Bécu, countess of Barry 1743-1793)ناسراو بە “خاتوو دووباری” واته (دۆستهکهی لویسی پانزهههم)ه، خاتوو دوباری پاڵهوانی (کۆشک) و (پاشا) و (دهوڵهت) و (کۆمهڵگه)ی فهڕهنسای ناوهڕاستی سهدهی ههژدهههم. ئافرهتێک مێژوو دروست دهکات و تهنانهت پیاوانیش ئاڕاسته دهکا.
ئەم ئافرەتە یەکێکە لە ئافرەتە هەرە جوانەکانی فەڕەنسای سەدەی ههژدهههم، ئهو وەک ئافرەتێکی بێخانەوادە ناسرابوو و کەس نەیدەزانی باوکی کێیە، دەیان وت؛ کە باوکی قەشە بوووە و پەیوەندییەکی ڕێگەپێنەدراوی لەگەڵ دایکیکدا هەبووە، “دووباری” بە یارمەتی ئەو خێزانەی کە تێیدا دەژیا و ناسناوی دوباریان هەبووو توانی بچێتە کۆشکەوە و لە یەکەم بینینەوە دڵی لویسی پانزە بە دەست بهێنێت و وەک خانمی کۆشک بناسێنرێت، لەو کاتەدا ئەمە ڕوداوێکی سەیر و نەخوازراو بوو، چونکە “دووباری” پێشینەیەکی باشی نەبووو، بۆیە چوونە ناو کۆشکی پاشایەتی ڕووداوێک بووو که لەلایەن زۆرێک لەوانەی لەکۆشکدا بووونك بە تایبەت بنەماڵەی پاشایەتی دژایەتی دەکرا. ئهوان ئەمەیان بە سوکایەتی بۆ سەر خۆیان دەزانی، جیا لە بنەماڵەی پاشایەتی خانەدانەکان و شاعیر و نووسەرەکانیش دژایەتیان دەکرد، بەڵام بە تێپەڕبووونی کات لە ناو خانەدانەکاندا توانی لایەنگری پەیدا بکات، تهنانهت بەشێک لە وەزیرەکان هاتنەپاڵی، بەمەش تا دەهات دەسەڵاتی زیادی دەکرد، کە دەتوانین بڵێین جوانی ئەم ئافرەتە وای کرد لویسی پانزە گوێ بۆ قسەی هیچ کەسێک نەگرێت و ئەم ئافرەتە بهێنێتە ناو کۆشکەوە، لێرەوە ڕەوتی ڕوداوەکان لە فەڕەنسا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکارییان بەسەردا هات، لەبەرئەوەی بە هاتنی دوباری لەلایەک خەرجیەکانی سەر شانی پاشا زیادی کرد، چونکە لەسهر حسابی خەزێنەی دەوڵەت هەموو کەرەستەیەکی دڵخۆشی بۆ ئامادە دەکرا و کۆشکی تایبەتی پێ بهخشرا و چەندین خەرجی تر کە باری سەرشانی پاشای قورستر کردبووو، لەلایەکیترەوە (دووباری) کەوتە دژایەتی کردنی سەرۆک وەزیرانــ(شوازوول)، و بەگشتی پەرلەمانی فەڕەنسا بەسەر دوو بەرهدا دابەشبوو، کە پێکهاتبووون لە لایەنگرانی خاتوو “دووباری” و دژەکانی، دواتر ئەم دژایەتیەی نێوان دوباری و (شوازوول) کاریگەری خستە سەر چارەنووسی وڵات و خەڵک، چونکە لەژێر کاریگەری دوباری، سەرۆکوەزیران لە پۆستهکەی دورخرایەوە، هاوکات شوازوول بێجگە لەوەی پلەی سەرۆک وەزیرانی هەبوو، وەزیری کاروباری دەرەوە و وەزیری پۆستیش بووو، بەڵام بە هاتنی دوباری بۆ کۆشک دەسەڵاتی بەتەواوی ڕووی لە کەمی کرد، دواتر سەرۆک وەزیرانێکی تر هات کە ئەمە بووە هۆی گۆڕانکاری گەورە لە فەڕەنسا، چونکە “شوازوول” سیاسەتەکەی بریتیبوو لە پارێزگاری کردن لە مانەوەی دەسەڵاتی پاشا، بەڵام بەهۆی ئهو تۆمەتانهی که بۆی دروستکرا دورخرایەوە، ئەگەر ئەمانەش ڕووی نەدایە دەکرا شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا ڕووینەدایە یاخود ڕوودانهکهی دواکەوتایە.
بەم جۆرە دەسەڵاتی “دووباری” لە گەشەکردندا بوو تا لە ساڵی 1774 ی زاینی “پاشا” توشی نەخۆشی ئاوڵە بوو، بەم نەخۆشییە کۆچی دوای کرد، دوای مردنی (لویسی پازدە)، ناحەزهکانی زیاتر بوون، هەرچەند یارمەتی زۆری خەڵکی دهدا بەڵام بێ سوود بوو، لەهەمان کاتدا دوباری بەهۆی ئەو جوانیەی کە هەیبووو توانی دووبارە بچێتەوە ناو دنیای سیاسەت، بەتایبەت دوای ئەوەی فەرماندەی گاردی سویسری پاشای فەڕەنسا (دووک دوو کووسە بریساک) شەیدای دەبێت، جیا لەم کەسایەتیە لۆردی بەریتانی (سیمۆر)، لە یەکەم بینینەوە ئاشقی “دووباری” دەبێت، بەڵام دووباری، بریساک هەڵدەبژێرێت، جوانی ئەم ئافرەتە وا دەکا کە ئیمپراتۆری ئەڵمانیاش ئاشقی ببێت، کە ئەویش (ژووزێفی دووەم )، برای (ماری ئانتوانیت) بوو، ئهو ناوێکی ساختەی بۆ خۆی دروست کردبوو تا کەس ناسنامە ڕاستەقینەی نەزانێت، بەڵام دواتر لەژێر کاریگەری قسەی خوشکەکەی دەستبەرداری دوباری بوو، چونکە ماری ئانتوانت یەکێکبووو لەوانەی لە کۆشکدا دژایەتی دوباری دەکرد.
دوای دەستپێکردنی شۆڕشی فەڕەنسیش “دووباری” لایەنگری لە دەسەڵاتی پاشا دەکرد و بۆ هاوکاری کردنی کۆچبەرە فەڕەنسیەکان چووە بەریتانیا، بۆیە کە گەڕایەوە بۆ فەڕەنسا دادگایی کرا و چارەنووسی هەمان چارەنووسی (لویسی شازدە و ماری) ئەنتوانێت و لایەنگرانی تری پاشا بوو، لەساڵی 1793 دەدرێتە بەر مەقسەلە و سەری لێدەکرێتەوە و ئەمەش کۆتای ژیانی بوو…
لهکۆتاییدا دهتوانین بڵێین؛ کاریگهری ئافرەت له کایهی سیاسهتدا که به پلهی نایاب و بهدرێژایی مێژوو چالاکییهکی پیاوانه بوووه، ههندێجار تهنانهت پیاو و پاشا و دهوڵهتیشی ئاڕاسته کردوه، هەروەها پێمان دەڵێت دهشێت(سۆز) نهک (عهقڵ)، (خۆشهویستی) نهک (ڕق) مێژوو ئاڕاسته بکات. دەکرێ بڕیارێکی سیاسی لە ژێر کاریگەری لایەنی سۆزداری پاشاوە دەربکرێت و چیرۆکی دوباری پیشاندانی ئەو باردۆخەیە کە چۆن و تاچ ڕادەیەک پاشا کەوتۆتە ژێر کاریگەری هەستەکانیهوه و بڕیارە سیاسیەکانی وڵاتی لەو گۆشهنیگایهوه داوە.
سهرچاوهکان؛
1) ول دیورانت: روسو والثورة، https://al-maktaba.org/book/31914/14573
2) مدام دوباري،(https://www.marefa.org مدام_دو_باري /)
3) معجم أعلام النساء، دوباری، https://books.google.iq/books?id=LBRICwAAQBAJ&pg=PT83&lpg=PT83&dq=)