تەقینەوە بەناوبانگەكانى (بالى) لە ساڵى ٢٠٠٢ خاڵى وەرچەرخان بوو لە سیاسەتى ئەمنى ئەندونوسیا، ئەم تەقینەوانە بوو بەهۆى ئەوەى کەتیرۆر بابەتى گرنگى ناو دامەزراوە ئاسایشەکانى ئەو وڵاتە بێت، هەروەها بوو بەهۆى دەرچواندنى یەکەم یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە ئەندونوسیا وپێکهێنانى یەکەى (٨٨) بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر.
دواى تێپەڕبوونى نزیکەى پانزە ساڵ بەسەر تەقینەوەکانى (بالى) ودواتر تەقینەوەکانى (سورابایا) وڕووداوەکانى دواتر بوو بەهۆى هەموارکردنى یاساى ژمارە (١٥) ى ساڵى ٢٠٠٣، کەئەو هەموارکردنە بووە هۆى بەرفراوانبوونى کاریگەرییەکانى ئەو یاسایەو هەروەها ئەو سزایانەى لەخۆى گرتبوو، تا هەنووکە پەرچەکردارى دامەزراوە مەدەنى وڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامە بەو ئاڕاستەیەى کەپرسی چۆنیەتى پەسەندکردنى ئەو یاسایە لەلایەن پەرلەمانتارانى ئەندونوسییەکانەوە بابەتى پرسیارە، بەتایبەتى دواى ئەو وتووێژ و ناکۆکیانەى کەماوەى دووساڵى خایاند لەنێوان پەرلەمانتاران و دەزگاکانى حکومەتدا.
یەکەم بەرەوپێشچوونە دیارەکانى ئەو یاسایە لە پێناسەى تیرۆردا ڕەنگى داوەتەوە کە دەڵێت” کردارێکە کە تیایدا پەنا بۆ توندوتیژى دەبرێت، یان مەترسی بەکارهێنانى توندوتیژى تیادا دەکرێت، دەبێتە هۆى بەرپابوونى کەشێکى مەترسیدار لەفراوانترین بواریدا، لەهەمانکاتدا قوربانییەکى زۆرى لێدەکەوێتەوە، یان کاولکارییەکى زۆر لە دامەزراوە وئەو شوێنانەى کە گرنگییەکى ستراتیجی هەیە، ئەمانەش هەمووى بە پاڵپشتى ئایدۆلۆجى وسیاسی”.
فراوانبوونى چوارچێوەى سزاکان:
یاساکە چوارچێوەى سزاکان وتاوانەکانى فراوان کردووە، سزاکان لە سێ ساڵەوە تا زیندانى هەتاهەتایی و هەندێک جار تا سزاى لەسێدارەدان دەگرێتە خۆى.
لەو تاوانانەى کە یاساکە زیادى کردووە یان لێى دواوە.
* هەرمامەڵە کردنێک بە کۆمەڵە مەوادێکى کیمیاوى یان جەرسومى یان ناوکى بە هەناردەکردنى یان هاوردەکردنى بەشێوەیەکى ناشەرعی یان لەگەنجینەى بکات.
* هەرکەسێک پلان دابنێت یان کۆمەڵە كەسێک ڕێکبخات بەمەبەستى ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى لەناوخۆ ودەرەوەى وڵات، هەروەها تاوانەى ئەو کەسانە دەکات کە دەبێتە ئەندام لە ڕێکخراوێکدا کە بە گروپی تیرۆریستى ناسراون لەدەرەوەى وڵات، یان بەشداریکردن لە مەشقی سەربازى یان هەر مەشقێک کە بەشێوەیەک لە شێوەکان سەربازى بێت، یان ئەو مەشقانە ڕێکبخات، پلانى بۆدابنێت، کەسانێک کۆبکاتەوە بەو مەبەستانە کە ئامانج لێوەى ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى بێت.
* هەرکەسێک کەسانێک هانبدات وکۆیانبکاتەوە وهەناردەیانبکات بۆ بەشداریکردن لەمەشقێکى سەربازى بۆ ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى، یان هاندان بۆ کردەوەى تیرۆریستى “بەووتاردان” بەهەرشێوەیەک بێت بەتاک یان کۆ، هەروەها یاساکە سزاى ئەو کەسانەى زیادکردووە کەناکامەکان بەکاردەهێنێت لەکردووە تیرۆریستییەکاندا، ئەمەش بەرەوپێشچوونێکى دیکەیە لەیاساکەدا.
یەکێک لەخاڵانەى کەجێگاى مشتومڕی نێوان یاسادانەر ودامەزراوە مەدەنییەکان بووە لە ئەندۆنوسیا ماوەى زیندانیکردنى گومانلێکراوان وئەوکەسانەبووە کە لەکردەوە تیرۆریستییەکاندا تێوەگلاون، ئەو کەسەى کە گومانی لێ دەکرێت کەلەکردەوەیەکى تیرۆریستییەوە گلابێت بەبڕیارى پۆلیس دەکرێت تاماوەى سێ هەفتە دەستبەسەر بکرێت، لەهەمانکاتدا دەکرێت تاماوەى حەوت مانگ دەستبەسەرکردنەکەى درێژبکرێتەوە ئەگەر تۆمەت ئاڕاستەى گومان لێکراوەکە کرا.
لەئەنجامى ئەوەى کەدەکرێت مافەکانى مرۆڤ لەماوەى دەستبەسەرکردن وگرتن وزیندانیدا ڕووبدات زۆر بەکورتى لەیاساکەدا هاتووە کەهەموو ئەو ڕێکارانەى دەگیرێنەبەر پێویستە پەیڕەوى پاراستنى مافەکانى مرۆڤ لەخۆى بگرێت.
هەروەها یاساکە ڕێگادەدات بە چاودێریکردنى پەیوەندییەکانى ئەو کەسانەى کەگومانیان لێدەکرێت بەوەى کەپڵان بۆ کردەیەکى تیرۆریستى دادەنێن وئامادەسازى بۆ دەکەن، ئەمەش بۆ ماوەى سێ ڕۆژى یەکەم بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى دادوەرى ودەشێت بۆ ماوەى دوو ساڵ ئەو چاودێرى کردنە درێژ بکرێتەوە.
ئەم یاسایە چەند ماددەیەک دەگرێتە خۆى کە دەشێت وەک بەربەستێک یان ڕێکارێکارێکى پێشوەخت پۆلێنبکرێن بەمەبەستى بەرگرتن لە کردە تیرۆریستییەکان لەڕێگاى سێ تەوەرى سەرەکییەوە کەبریتیین لە: ئامادەسازى دەوڵەت لەڕووى ئەمنییەوە، بەرنامەیەکى تایبەت بەو توندڕەوانەى کە پێشتر تۆمەتیان ئاڕاستەکراوە، ڕووبەڕ وبونەوەى توندڕەوى وڕادیکالییەت، ئەمەش لەکۆتاییدا کۆمەڵە پرسیارێکى لەلایەن کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانەوە وروژاند سەبارەت بەچۆنیەتى پۆلێنکردنى توێژەکانى کۆمەڵگا وپەیڕەوکردنى بەرنامەیەکى تایبەت بەوانە بەمەبەستى ئاشناکردنیان بەمەترسییەکانى توندوتیژى.
بۆ بینینى تەواوى بابەتەکە بەزمانى عەرەبی بگەڕێرەوە بۆ ماڵپەڕی:
نووسینى: سوهیب جاسم