نوخبە نوێیەکان؛ ئەو نوخبانەن کەلەگەڵ ژیانی شارستانی و پیشەیی و بایەخە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای پیشەسازیدا دەگونجێن وەک(خوێندکاری زانکۆ ،توێژەر،سەندیکاکان، دامەزراوەسەربەخۆکان).
هەموو کۆمەڵگەیەک، بەتێپەڕبوونی کات ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی دەبێتەوە، هیچ کۆمەڵگەیەک بۆ هەمیشە لە دۆخێکیی دۆگمایی و نەگۆڕدا نامێنێتەوە، بەشێک لە ڕەهەندەکانی گۆڕانکارییش لەهەر کۆمەڵگەیەک لەئەستۆی نوخبەدایە، لەپرۆسەی گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان و بوونیادنانیی کۆمەڵگەیی شارستانیی، نوخبە ئەرک وبەرپرسیارێتیی جدییان لەسەرشانە، نوخبە وەک وشەیەکی فەلسەفی و سیاسی وکۆمەڵناسی، هەتا ئێستا زانیاری زۆر نییە لەبارەیەوە، بەتایبەت نوخبەی کوردی، زۆرینە هیچ زانیارییەکیان نییە لەبارەیەوە، نوخبە کێن؟ ڕۆڵیان چییە؟ گرنگییان چییە؟. نوخبە یان دەستەبژێر، گرووپێکن لەتاکەکانی ناوکۆمەڵگا، بە ئامانجی گۆڕانکاریی جا پۆزەتیف بێت یان نێگەتیڤ. مرۆڤەکان چ لەبواری جەستەیی یان فکری و ئەخلاقی بەرامبەرنین و جیاوازییان هەیە، لەهەموو کۆمەڵگاکاندا گرووپێک هەن کە لەکەسانی تر لێهاتووتر و زرنگتر و شیاوترن. “رایت میلز” کۆمەڵناسیی ئەمریکی دەڵێت “نوخبەی دەسەڵات لەئەمریکا پێکهاتوون لە ڕێبەرانی حکومەت، سەربازە پایە بەرزەکان، شەریکە گەورەکان، پێی وایە؛ ئەم گرووپانە بەهەماهەنگی یەکتر کاردەکەن”.
کەواتە؛ نوخبە بەکەسانێک دەوترێت کە توانای ئەوەیان هەیە هەلومەرج و بارودۆخ لەبەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە، شووناسێکی باشیان هەیە، دەبنەهۆی گۆڕانکاریی لەسەرخان و ژێرخانیی کۆمەڵگا، نوخبەکان بەشێوەی تاک و بەشێوەی گرووپ دەتوانن گۆڕانکاریی بخوڵقێنن. لە ئێستادا وڵاتان بەگرنگی زۆرەوە لەم بابەتە دەڕوانن، کەسانی نوخبە بەرهەمهێنانیان تێدا دەکرێت، ڕێگەیان پێنادرێت وڵات بەجێبهێڵن، ڕاکردنی نوخبە بۆ دەرەوەی وڵات بەقەیران سەیردەکرێت، بڕیار و پرۆژە و پرۆگرام دادەنرێت بۆ مانەوەیان لەوڵاتدا.
لە چوارچێوه گشتییەکەیدا نوخبە دوو جۆرن؛ نوخبە سوونییەکان، نوخبە نوێیەکان.
نوخبە کۆنەکان؛ بەو نوخبانە دەوترێت کەلەسەر سیستم و شێۆازی کۆن دەڕۆن، وەک، (سەرۆک هۆزەکان، سەرۆک خێزان،قەشەکان…).
نوخبە نوێیەکان؛ ئەو نوخبانەن کەلەگەڵ ژیانی شارستانی و پیشەیی و بایەخە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای پیشەسازیدا دەگونجێن وەک (خوێندکاری زانکۆ ،توێژەر،سەندیکاکان، دامەزراوەسەربەخۆکان ).
بەردەوام ململانێ و ئاڵۆزی لەنێوان نوخبەی کۆن و نوێ ڕوودەدات، بەتایبەت لەوڵاتانی جیهانی سێیەم نوخبەکان زیاتر لەڕواڵەتدا نوێن، ئایدیا و فکریان خێڵەکیی و کۆنەپارێزییە، نوخبەی کوردیش بەهەمان شێوە هەڵگری ئەندێشەیەکن کە ڕیشەی لەڕابردوودا بەجێماوە، نوخبە نوێیەکان هەڵگری سیفەتێکی تەکنۆکراتین، لەهەڕەمی دەسەڵاتەوە دوورن، زیاتر نوخبەی ئەندێشەیی و هزرین. نوخبەکان دابەشی سێ قۆناغ دەکرێن:-
قۆناغی یەکەم؛ قۆناغی بەرلەپیشەسازی بوو. کە ڕەوتی گۆڕانکاری زۆر سسست و هێواش بوو. قۆناغی دووەم؛ قۆناغی سەرهەڵدانی پیشەسازی و بازرگانی بوو. ئێستاش کە شەپۆلی سێیەمی نوخبەکانە، دۆخەکە دەگاتە تەقینەوە وچیتر نوخبەی کۆن توانای بەرەنگارییان نامێنێت وناتوانن شانبەشانی گەشەکردنەکان بڕۆن، هەتا نوخبەی کۆن ڕیشەیان لەکۆمەڵگە قووڵتر بێت ململانێکە بەرچاوتر دەبێت. “ویلفێردۆ پاریتۆ” پێی وایە؛ سۆسیالیزم ڕێگەیەکی شیاوە بۆ سەرهەڵدانی نوخبەی نوێ لەناو چینی کرێکار. وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا نوخبەی نوێ لەچ بارودۆخێکدا سەرهەڵدەدات؟ ئەوەیە کە پانتایی بوونیادی تایبەت هەبێت کە نوخبە پەروەردەو چالاکە، واتا هەر سیستمێک نەتوانێت وەڵامی پێداویستییەکانی ئەندامانی کۆمەڵگا بداتەوە، ئەوا نوخبەی نوێ سەرهەڵدەدات بەئایدیا و ئەندێشەی نوێ، بەڵام گرنگە حەزی نوێخوازیی تەنها لەڕواڵەتدا نەمێنێتەوە، بەڵکو لەپراکتیکدا ڕەنگ بداتەوە و بتوانن بەرەنگاری نوخبەی کۆن بکەن و ڕووبەڕووی بەرهەڵستیەکان ببنەوە؛ وڵاتانی جیهانی سێیەم، نوخبەی نوێ، توانای ئەم بەرهەڵستییانەیان نییە و ڕادەکەن لێی، بۆیە ناتوانن گۆڕانکاریی گەورە بهێننە بوون.
گروپە جیاوازەکانی نوخبە :-
ــ نوخبە ئایینییەکان
ــ نوخبە تەکنۆکراتیەکان
ــ نوخبەی موڵکایەتیی
ــ نوخبەی کاریزمایی
ــ نوخبە ئایدۆلۆژییەکان
ــ نوخبە سمبولییەکان
ــ نوخبە سیاسییەکان
نوخبە ئایینیەکان؛ ئەم جۆرە لەنوخبەکان، لەو حاکمییەت و دەستڕۆشتوییە بەهرەمەندن کەسەرچاوەکەی لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان وئایدیا و بیروباوەڕە نەریتییەکان دایە، ڕیشەیەکی مێژووییان هەیە. “ماکس ڤیبەر” لەکتێبی “ئابووری و کۆمەڵگە” باس لەدەسەڵاتدارێتی تەقلیدی دەکات و پێی وایە ” دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیروباوەڕە باوانەی سەر بە پیرۆزی ئەونەریت و گەلەن، کە لەکۆنەوە بایەخیان هەبووە، دەکرێت بڵێین؛ نوخبەی تەقلیدی لەوکۆمەڵگایانەدا بەرچاون کە داخراون وئاستی ڕۆشنبیرییان نزمە.
نوخبە تەکنۆکراتەکان؛ ئەم جۆرە نوخبانە پەیوەندییان هەیە بە پێکهاتەی ئیداری و فهرمییهوه، پسپۆری و لێهاتووییان هەیە، هەندێکجار خەڵک ئەم نوخبانە دەستنیشان دەکات، زیاتر چینی بەڕێوەبەر و پلە باڵان لەناو دامەزراوە جۆراوجۆرەکاندا، ئەم کەسانە لەو جۆرەن کە ماکس ڤیبەر ناوی لێناوە (ئەقڵانی ــ یاسایی).
“وێبلێن” پێی وایە وەرچەرخانی تەکنەلۆجی بەیەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، پێی وابوو؛ چینی پسپۆڕان بۆ ڕزگارکردنی پیشەسازی لەکۆتوبەندەکانی سەرمایەداری شتێکی پێویستە، کە ئەمەش گرنگی نوخبەی تەکنۆکرات نیشاندەدات، بەگشتی لەکوردستان نوخبەی تەکنۆکرات بوونێکی لاوازیان هەیە، گرنگی بەلێهاتووی وئەزموونی ئەم کەسانە نادرێت.
نوخبەی موڵکایەتی؛ ئەم جۆرە بەهۆی ئەو موڵک و سەروەت و سامانەی گەڵاڵەیان کردووە لەوجۆرە دەسەڵاتەی هەیانە کەڵک وەردەگرن، دەتوانن بەهۆی ئەو سامانەی هەیانە گووشار بخەنە سەر نوخبە تەکنۆکرات وتەقلیدییەکان، ئەم گرووپە بەهۆی ئەو دەسەڵاتەی هەیانە دەتوانن دووهەڵوێستیان هەبێت؛ یەکەمیان، دەتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی لەپێکهاتەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە بکەن. دووەم؛ دەتوانن ڕێگر بن لەهەموو چەشنە گۆڕانکارییەک.
نوخبە کاریزماییەکان؛ ئەم دەستەواژەیە لەلایەن “ماکس ڤیبەر”ەوە بەکارهات، بۆ ئەو نوخبانەی خاوەنی موعجیزەو کاری سەرسوڕهێنەرن. واتە ئەو ئۆتۆریت و دەستڕۆشتووییەی ئەم کەسانە پەیوەندی هەیە بە کەسایەتییانەوە، نەک بە پلە و پایە و سامانەوە، هێزی کاریزمایی، سەرەتا ژیانی ڕۆحی دەگۆڕێت دواتر لەدامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا وەرچەرخان دروست دەکات. لەدیدی ڤیبەر-ەوە کاریزما واتە تایبهتمهندێتی نائاسایی، کەسی کاریزما، کەسێکە بەهۆی سیفات و ڕەفتاری خۆیەوە شیاوی ڕێزلێگرتنن.
نوخبە ئایدۆلۆژییەکان؛ ئەم جۆرەی نوخبە پێکدێن لەوکەسانەی لەدەوری ئایدۆلۆژیایەکی نوێ کۆبوونەتەوە، یان لە دروست کردن وڕێکخستنیدا بەشدارن. “رایت میلز” پێی وایە؛ ئەم نوخبانەش وەک نوخبە کاریزماییەکان بەشێک نین لەنوخبەکانی دەسەڵات، دەستڕۆشتووییان هەیە، بەڵام حاکمیەتی ناکەن.
نوخبە سیمبولییەکان؛ ئەو تاکانەن خاوەنی ڕەفتار، کردار، ئەندێشە و تایبەتمەندیی ڕەسەنن، وەک هونەرمەندان و شاعیر و وەرزشوانان، کە لای گەنجان پەسەندن، وەک سیمبولن و هەڵگری سیفاتیی ڕێچکەشکێنی و لێهاتووی و کارامەیین، میدیا ڕۆڵی هەیە لەدروستکردنی ئەم سەرنجڕاکێشیی و لایەنگیرییە. واتە نوخبە سیمبولییەکان دەتوانن گۆڕانی کۆمەڵایەتیی لەڕێگەی دروستبوونی مەعریفەیەکی جیهانیی بێنە ناو پرۆسەی بەجیهانیبوون، ئەم جۆرە نوخبەیە سنووری کات وشوێن تێدەپەڕێنن.
نوخبەی سیاسی؛ ئەزمونە مێژووییەکان ئەوەیان دەرخستووە، سەرهەڵدان و پێشکەوتن یان ڕووخان و داڕمانی هەر وڵاتێک بەنوخبە سیاسیەکانەوە پەیوەستە، لەکۆمەڵگای پیشەسازیی ڕۆژئاوا نوخبەی سیاسی وەک گرووپێکی ڕەسمی کە بەشێوازێکی یاسایی هەڵبژێردراون پێناسە و شرۆڤە دەکرێن، لەکاتێکدا لەوڵاتانی جیهانی سێیەم، چەمکی نوخبەی سیاسی لەگەڵ پێناسەکانی زانایان (موسکا و پاریتۆ) هێنراوەتە ناو زانستی کۆمەڵایەتییەوە ،موسکا و پاریتۆ پێیان وایە؛ نوخبەی سیاسی کەکەمینەیەکی ڕێکخراون، دەسەڵاتیان بەسەر زۆرینەی ناڕێکخراودا هەیە، ئەم دەسەڵاتەیان لەلێهاتووییەوە سەرچاوەی گرتووە.
پێشینەی چەمکی نوخبە دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆکەکانی “ماکیاڤیللی”، پێی وایە؛ نوخبە واتای گرووپی حاکمە، موسکا و پاریتۆش لەژێر کاریگەری ماکیاڤیللیدا بوون. “موسکا ” یەکێکە لەوکۆمەڵناسە ئیتاڵییانەی بۆچوون وتێڕوانینی خۆی سەبارەت بەنوخبە دەخاتە ڕوو، نوخبە لای موسکا، گرووپێکی هەڵبژێردراو لەکەمینەی ئەو خەڵکانەن کەلەکۆمەڵگادا دەسەڵات بۆ خۆیان دەقۆزنەوە. ئەوەی دەسەڵات بەم کەمینەیە دەبەخشێت بەئۆرگانیزەبوون و پێکهاتەکەیەتیی، نوخبەی کەمینە بەهۆی دەسەڵاتی ئابووری و ئەو یەکێتییەی کەهەیانە بوونە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی وکولتووریی. پێچەوانەی مارکسە، لەسەر شێوازی گۆڕانی کۆمەڵایەتیی، باوەڕیی بە جەماوەریی کەمینەی نوخبە هەیە کەلەسەر خزمایەتی و غەریزە دامەزراوە، پێچەوانەی مارکس کە پێداگیری لەسەر لایەنی ڕوناکبیری وئەقڵانی بوونی کۆمەڵگا دەکاتەوە.
موسکا لەکتێبه بەناوبانگهكهی خۆی بەناوی “چینی حاکم ” دەنووسێت “چینی حاکم و دەسەڵاتدار کەمینەیەکی ڕێکخراون، کە دەسەڵاتی حکوومەتیان بۆخۆیان قۆستۆتەوە، لەسەرجەم دەستکەوتەکان بەهرەمەندن. لەکاتێکدا چینی پلیشاوە، کە جەماوەرێکیی ناڕێکخراون لەژێر ڕابەرایەتیی چینی یەکەمن و پەیڕەوییان لێدەکەن. ئەم دەسەڵاتە هەندێک جار یاساییە وهەندێک جاریش تووندوتیژیی پەیڕەودەکات، پێی وایە کە نوخبەی حاکم دەبێت تایبەتمەندی ماددی، کردار و ڕەفتاری ڕوناکبیرانە، توانا و لێهاتووی دەروونی هەبێت. موسکا وەک پاریتۆ پێی وایە “لەگەڵ گەشەسەندنیی شارستانییەت داهاتی موڵکداریی بەرز دەبێتەوە و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی ڕوودەدات. چینی میلیتاریزم دەست بەپاوانخوازی دەکات”. هەروەها پێی وایە؛ لەنێوان هێزە کۆمەڵایەتییەکان، سووپا بەر لەهەر هێزێکی تر توانا و توانستە پێویستییەکانی هەیە بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات و سەپاندنی هێزی یەک لایەنە، لەپێنا و نەهێشتنی مەیلی میلیتاریزم و دیکتاتۆرییەت باشترین بژاردە دامەزراندنی سووپایەکی جێگیرە کەبەئەندام بوون ببێت بە پیشە. باشترینەکان لای “موسکا” ئەو کەسانەن کە لەبارودۆخێکی شیاودان و دەتوانن بەباشترین شێوە بەسەر هاوچەشنەکانی خۆیدا دەسەڵاتداری بکات، کاتێک چینێک دەسەڵاتداری دەکەن، واتای ئەوەی ئەمان شیاوترین توخمن لەم کاتەدا، بەبڕوای “موسکا” بۆدەسەڵاتدارێتی گرنگە دەروونناسی تاکەکان بزانیت، هەروەها باوەڕبەخۆبوون و سەربەخۆیی ڕادەربڕین زۆرگرنگترە لەبیرکردنەوە و جێبەجێکردنی وشەگەلی وەک، دادپەروەری، ئازادی.
پەرلەمان لای “موسکا” وەک ئەفسانەیەکە، دەڵێت ” وێناکردنێکی وەها کە نوێنەرایەتی زۆرینە دەکەوێتە دەست هەڵبژێردراوەکان لەسەر بەڵگەمەندییەکی پووچ و بێ ناوەڕۆک وەستاوە، هیچ شتێک لەمە نادروستتر نییە، چونکە کەهەڵبژاردن کۆتای هات دەسەڵاتی دەنگدەران بەسەر هەڵبژێردراوەکان کۆتای دێت، نوێنەر خۆی بە دادوەر و ناوبژیوانی بەرژەوەندییەکانی دۆخەکە دەزانێت، بەڵام تاک گەلێکیش هەن کە دەتوانن دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن بەسەر نوێنەرەکاندا. “موسکا” بەشێکی ژیانی تەرخان دەکات بۆ شرۆڤەیی داڕمانی سیستمی دیموکراتی نوێنەرایەتی و پێشی وایە؛ سەرەڕای کەموکوڕییەکان یەکێکە لەباشترین سیستمەکان. موسکا دامەزراوە نوێنەرایەتییەکانی ناوسیستمیی سیاسیی دیموکراتی، نەک تەنیا ئامڕازێکە بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و سنووردارکردنی گرووپی نوخبە، بەڵکو ئامڕازێکیشە تا هێزە دەرکەوتووەکانیش دەرفەتی بەشدارییان لەحکومەت هەبێت، هاوسەنگی سیاسی و حکومەتی زۆرینە تا ئەوکاتە پیرۆزە کە دەسەڵات لە نوخبە حاکمەکان نەسەنێتەوە. گرنگترین تایبەتمەندی لای “موسکا” ڕێکخراوبوون و بەئۆرگانیزەبوونە.
“پاریتۆ” نوخبەکان دەکات بەدووبەشەوە؛ بەشی یەکەم نوخبە حکوومییەکانن، ئەو نوخبانەن کەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەحکوومەتدا ڕۆڵیان هەیە و دەسەڵاتیان هەیە، بەشی دووەم، ناحکومییەکانن کەئەوانەی دەرەوەی حکومەت لەخۆدەگرێت، بەڵام زیاتر قسەی لەسەر یەکەمیان کردووە، کە دەڵێت؛ شیاوترینی کەسەکان دێنە سەرەوەی پێگە کۆمەڵایەتییەکان. واتە ئەوانەی کەپەیوەندی کۆمەڵایەتیی و سەروەت و سامان و خزمایەتی دەبنەهۆی ئەوەی کەکەسانێک بگەنە ئەو ئاستانەی شیاوی نین و شارەزاییان لەوبوارەدا چڕوپڕ نییە، بەڵام هەرخۆشی لەپێناسەی نوخبەدا باس لەوە دەکات؛ ئەوکەسانەی دەگەنە دەسەڵات کەسانی شیاون. “پاریتۆ” دامەزرێنەری قوتابخانەی نوخبەگەرایی، دەسەڵات بەجەوهەریی سیاسەت دەزانێت، وە بەپێی تیۆرییەکەی “پاریتۆ” تایبەتمەندی دەروونی و بایۆلۆجی وەک پێوەرن بۆ دیاریکردنی نووخبە. لە ژێر کاریگەری ئەندێشە کۆنەکانی ئیتاڵیا بەتایبەت ماکیاڤیللی، باوەڕی وایە مرۆڤەکان لەبنەڕەتەوە نابەرامبەر خوڵقاون لەبواری جەستەیی وڕۆحییەوە جیاوازییان هەیە. پاریتۆ پێی وایە “دوو جۆر تاک هەن بەدرێژای مێژوو (شێر وڕێوییەکان) ئەوانەی یەکەم بەهێزن و بێ عاتیفەن، دووەم “ڕێوی “زیرەک و بلیمەتن، ئەم دوو گروپە بەردەوام لەبارودۆخی تایبەتدا جێی یەکتری پڕ دەکەنەوە، ئەم پرۆسەیە ناودەبات بە “خولانەوەی بازنەیی نوخبەکان” واتە؛ هەرکاتێک نوخبەی حکوومی بەرەو لاوازی چوو، گرووپی خوارەوە جێی دەگرێتەوە، ئەگەر ئەم خولانەوەیە بوەستێت ناهاوسەنگیی کۆمەڵایەتی ڕوودەدات.