“دەستپێك”
هاوشێوەی ئەوڕۆ، لە ڕابردوویشدا؛ هیچ كۆمەڵگایەك تەواوی پێداویستێكانی پێ دابینەكراوە، ناچار پەنای بردۆتە بەر ئاڵووگۆڕی (Swap) زێدە بەرهەمەكانی، دەكرێت لە مێژوودا ئەم هەنگاوە بە سەرەتای بازاڕكاری ناوببرێت، پاشان مرۆڤ بە مەبەستی دوورخستنەوەی مەترسێكان، دروستكردنی هاوپەیمانی و هاوڕێیەتی و وەڵامدانەوەی بارودۆخی تازە، پارەی دروستكردووە و سكەی لێداوە، دواتر وەك نێوەندی ئاڵووگۆڕ بەكاریهێناوە، بە تێپەڕبوونی كات پارە گۆڕانكاری بە سەرداهاتووە، شێوەی جیاوازی وەرگرتووە، بۆ نموونە؛ خوری، گەنم، پێستە، مس، زیو و زێر و …هتد، وەك پارە مامەڵەیان پێوە كراوە و كراون بە ناوەندی ئاڵووگۆڕ، سەرەتای بەكارهێنانی پارە لە پێشكەشكردنی دیاری و دانەوەی قەردەكانەوە سەریهەڵداوە.
“مێژووی پارە”
شەشسەد ساڵ بەر لە زاین شا “لیدیا إلیاتس” یەكەم سكەی فەرمی لێدا و لە قەڵەم ڕەوی فەرمانڕەواییەكەیدا بلاویكردووە كە ئاوێتیەك بوو لە زێڕ و زیو و بە ئەلكترۆم شۆرەتی ڕۆیشتبوو، لە مێژوودا بەهای ئەم پارەیە جیاوازە، هەندێك دەڵێن؛ بە حەوت سەر مەڕ قەبلێنرابوو، ساڵی هەزارو دووسەدی زاین چینێكان جۆرەها سكە و پارەیان بڵاو كردەوە و لە سەر تەختی سكەكەیان نوسیبوو هەركەسێك لە بەریبگرێتەوە سەری دەپەڕێندرێت. بیرۆكەی چاپكردنی پارەی كاغەزیش كاتێك سەریهەڵدا بازرگانەكان پارەكانیان لە بانكەكاندا دادەنا، لە جیانی سكەی زێڕ و زیو پارەی كاغەزیان وەردەگرت، چونكی هەڵگرتن و بەكارهێنانی ئاسانتر و خۆشتربوو، سەبر، سەبر مامەڵە و چاپكردنی پارە گۆڕانكاری بەسەردا هات تا بەوشێوەی ئێستا دەبینرێت و هەستی پێدەكرێت.
“پێناسەی پارە”
هەر شتێكە وەك نێوەندی ئاڵووگۆر و پێوەری بەها گشت كەس پەسەندی بكات، چونكی لە مێژوودا زۆر شت وەك نێوەندی ئاڵوگۆڕ بەكارهاتوون بەنموونەی مس، پێستە، خوری و …هتد. لێرەوە دەردەكەوێت “دراو” لە تەك پارەدا جیاوازە، بۆ نموونە دراوی كاغەز تەنها ئەو دەوڵەتەی چاپی كردووە پابەندی قانوونی پارەكە و بەهاكەیەتی، بەڵام زێرو زیوو كە دراون لە گشت جێگایەك بەهایان هەیەو لە هەموو شوێنكیش مامەڵەیان پێوە دەكرێت، واتە هەموو دراوێك پارەیەو گشت پارەیەكیش دراو نییە.
“مرۆڤ بۆچی پێویستی بە پارەیە؟”
“پارە” ڕۆڵێكی ئێجگار گرنگی لە بواری ئابووریدا هەیە، ئەو كارەش لە ئەركی پارەدا ڕەنگڕێژ دەبێت، چونكی ناوەندی ئاڵشتكردنە، پارە هێزێكە بە شێوەیەكی ئاسایی لە نێوان كۆمەڵگاكان و لە مەعبێن خۆیاندا پشتگیری ئاڵووگۆڕی زانیاری، شمەك و خزمەتگوزاری دەكات، هۆكارێكی راحەتی دەروونی مرۆڤەكانە، چونكی مرۆ كاتێك پارەی لە بەردەستدا بێت دڵنیایەو دەتوانێت لە ڕێگای پارەوە پەرە بە تواناكانی بدات. تیۆرگەلێك باس لە بنەماكانی پارە دەكەن و پێ یانوایە پارە كۆمەڵە ئەركێكی لە سەرە بە نموونە هۆكارێكی دەسەڵاتە و پێوانەیەكە بۆ ئاڵووگۆڕی بەها، لە میانەی پێشكەشكردنی دیاری و مامەڵەی هاوشێوەوە كۆمەڵگاكان كۆدەكاتەوە و بەردەوامی بە پەیكەربەندی كۆمەڵگكان دەدات “مەبەست لەو خوارو ژووری نێوان چین وتاكەكانی كۆمەڵگایە” و زمانی هاوبەشی نێوان كۆمەڵگا جیاوازەكانیشە.
“دراوی ئیلكترۆنی چییە؟”
پارەی ئیلكترۆنی ” digital cash یان e-money” ئاماژەیە بۆ ئەو پارەیەیی یان ئەو ماڵەی كە لە ڕێگای ئیلكترۆنییەوە ئاڵشتدەكرێت، كارەكە لە ڕێگای كۆمپیوتەر، ئینتەرنێت و ئەو بەرنامەیەوە دەكرێت كە لە سەر كۆمپیوتەرەكە یاددشتكراوە، ئاڵوگۆڕەكە پارەی ئیلكترۆنی و ناردنی دراوی ئیلكترۆنی دەگرێتەوە و ڕادەستكردنەكەش بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەبێت.
“پێناسەی دراوی ئیلكترۆنی”
زیاد لە ناو و ناساندێكی هەیە، كەسانێك زۆر بە كورتی گوزارشتیان لێ كردووە، هەندێكیش بە شێوەیەك؛ دەستەواژەكەیان فراوانكردووە كە لە ڕێگای ئامرازەكانی تەكنەلۆجیاوە هەموو مامەڵەیەكی دارای بگرێتە وە.
1- بە هایەكی نەختینەیە بە شێوازێكی ئیلكترۆنی و لە سەر ئامێرێكی ئیلكترۆنی لە ڕێگای كارت یان میمۆریەوە “خهزن” كراوە یاخود هەڵگیراوە.
2- بە هایەكی نەختینەیە لە شێوەی ئیتمانی لە سەر ئامرازێكی ئیلكترۆنی هەڵدەگیرێت، بە كاربەر خاوەنێتی و لە كاتی زیاد و كەمكردن و هەڵگرتنی دراوەكەدا بە كاربەر نرخی بە هاكەی دەدات.
“مێژووی دراوی ئیلكترۆنی”
Bitcoin یەكەم پارەی ئیلكترۆنییە و بۆ یەكەمجار ساڵی 2008 لە لایەن كەسێك یان گرووپێكەوە بە ناوی خوازراوی “ساتوشی داكاموتوا” بڵاوكرایەوە، ساڵی 2016 گەورە بازرگانێكی ئۆسترالیایی بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ئەو دروستكەری بتكوینە، ساڵی 2009 بتكوین بۆ یەكەمجار مامەڵەی پێوەكرا، چاودێرانی بتكوین دەڵێن؛ ئامانجی گۆڕینی ئابووری جیهانە چۆن ئینتەرنێت شێوازی بڵاوكردنەوەی گۆڕی، لە ئێستاد پێنج ملێون هەشسەد هەزار كەس مامەڵە بە بتكوینەوە دەكات.
“جیاوازی بتكۆین و پارەی ئاسایی”
1.بتكۆین دراوێكی گریمانەییە و تەنها لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت و بوونێكی بەر جەستە ” فیزیكی” نییە.
2.كۆگایەكی مەركەزی و بەڕێوەبەرێكی نییە، لە كاتێكدا دراوی ئاسایی دەستەیەكی ڕێكخراوی مەركەزی بەڕێوەی دەبات.
3.بتكوین ” غگاو العملە” ی نییە، واتە هیچ مایەیەك لە زێڕو چەكی بیانی نییە و حكوومەت پشتگیری ناكات.
4.گشت دراوێك بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندی ئاڵوگۆڕ، پیویستە یەكەی ئەژمار و كۆگای بەهای هەبێت، تا بتوانێت ڕۆڵی لە جێگیركردنی ئابووری و ڕامیاریدا هەبێت، ئەو حكوومەتەی سكەكەی لێ داوە پشتگیری بكات، بتكوین لەم خەسڵەتانە بێبەریە.
لە ئێستادا چەندین جۆری دراوی ئیلكترۆنی هەن؛ وەك لایتكوین، ڕیپڵ، نۆڤاكوین، پیركوین، زی كەش و ئیسریۆم، بەڵام بتكوین لە هەموویان ناسراو ترە.
“چۆنێتی كاركردنی بتكوین”
تۆڕێكی ئینتەرنێتە و بە گشت ناوچەكانی جیهانەوە بەستراوەتەوە، كۆمەڵێك شارەزا نەخشەسازی بەرنامەكەیان كردووە، لە ڕێگای پرۆتۆكۆڵی مامەڵە كردن بە بتكوینەوە بەڕێوەی دەبەن، لە ڕێگای دابەزاندنی بەرنامەی تایبەت بەو بوارەوە هەموو كەس دەتوانێت بچێتە ناو ئەو تۆڕەوە، بەڵام مامەڵەكردن بەو پارەیە بەدەر نییە قازانج و مەترسی. سوود و كەڵكی بۆ بەكاربەر و بازرگان هەیە، سوودی بۆ بەركابەر؛ بریتییە لە بەكارهێنانی ئاسانە، رزگار بوون لە كۆت و بەندی یاسایی، ئازادی مامەڵەكردن و كەمی تێچوونێتی. سوودی بۆ بازرگانیش بریتییە لە زیاد كرینی كڕیارەكانی تا زیاتر قازانج بكات، ڕزگاربوونێتی لە باج تا بتوانێت بڕەو بە كارەكانی بدات و زیاتر قازانج بكات و …هتد. هۆكاری بەكارهێنای دراوی گریمانەیی نەبوونی كەسی سێیەمە لە ئاڵشتكردنی دراوەكەدا، خێرا مامەڵەكردن و نەبوونی ڕێگری، بێ ئاگای گشت كەس لایەنێك كاتێك پارەكە ڕا دەستی كەسێك یان لایەنی مەبەستدار دەكرێت.
تەنانەت هەبوونی مۆبایلێك و تۆرێكی ئینتەرنێت بەسە بۆ تەواوكردنی مامەڵەكە بێ ئەوەی هیچ باجێك بە هیچ كەسێك بدات. هەروەسا ئەم دراوە بە هیچ دەوڵەتێكەوە پەیوەست نییە و لە سنووری جوگرافیای هیچ وڵات و كیشوەرێكدا قەتیس نابێت. هاوكات سنوورداری ژمارەی سكەكانی بتكوین هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكەی تەنانەت لە ئایاری ساڵی 2021 بەرزترین نرخی تۆمار كرد كە شەست و سێ هەزار دۆلاری تێپەڕاند.
“كاریگەرییە ئابوورێكانی دراوی گریمانەیی بتكۆین”
1- بە هۆی سرووشت و تایبەتمەندی بتكۆینەوە كاریگەری لە سەر توانای بانكی ناوەندی وڵاتان لە سەر بەرهەمهێنانی پارە دەبێت، چونكی بتكۆین ناچێتە ژێر كاریگەرێكانی بانكی ناودەوڵەتی، بە هۆی ئالشتكردنی بازرگانی لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە بەردەوام خواست لە سەر پارە كەم دەبێتەوە.
2- بە هۆی نهێنی مامەڵەی دراوی گریمانەیی، و خۆدزینەوە لە باج دیاردەی ئابووری شاراوە قووڵتر و زیاتر دەبێت.
“تایبەتمەندی بتكۆین”
1. میرانە “ڕسووم”ـی بتكۆین زۆر نزمە، چونكە كەس و لایەنی سێیەم لە ئاڵوگۆڕ و مامەڵەكردندا بەشدارنین.
2. نهێنی ئاڵشتكردنی چونكی هیچ بانك و دامەزراوەیەكی دارایی ناتوانن چاودێری بكەن، چۆنێتی گواستنەوەی زۆر بەنهێنی ڕایدەكرێت.
3. دراوێكی جیهانییە، بتكۆین و هاوشێوەكانی هیچ سنوور و پێگەیەكی جوگرافیایان نییە.
4. مەترسی هەڵئاوسانی لە سەر كەمە، چونكی تا نها، تەنها بیستویەك ملیۆن یەكەی لێ بەرهەمهێنراوە.
5. هەڵگرتنی ئاسانە، دەتوانرێت بایی یەك ملیار دۆلاری لە فلاش میمۆرییەكدا هەڵبگیرێت.
“ئایندەی دراوی بتكۆین”
بڕیار لە سەر چارەنووس و ئایندەی “بتكۆین” كارێكی ئەستەمە، چونكی زۆربەی وڵاتانی دنیا بەكارهێنانی ئەم دراوەیان بە قانوون قەدەغەكردووە، وەك؛ وڵاتە یەكگرتۆكان، بەریتانیا، سویسرا، عەرەبستانی سعودی و … هتد، هەروەسا حكوومەتی هەرێم لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ مامەڵەكردنی بە دراوی “بتكۆین” و هاوشێوەكانی قەدەغە كردووە، بەڵام ئەڵمانیا تەنها دەوڵە ئەم دراوەی بە قانوون ناساندوە، بەمشێوە دەتوانێت باج بەسەر قازانجی مامەڵەو ئاڵوگۆڕی ئەو دراوەدا بسەپێنێت. هاوكات ئەم دراوە كاریگەری لە سەر مامەڵە پێوەكردن لە سەر ئاستی جیهان داناوە.
پرسیارە گرنگە كە لێرەدا ئەوەیە؛ چی ڕوودەدات؟ ئەگەر گشت ئەو بیستویەك ملیۆن یەكەی بتكۆین كەوتە بەردەست؟ بتكۆین؛ تەنها ئەو ژمارەیەیی لێ بەرهەمهێنراوە، هاوكات بە كانزا كردنیشی زۆر گرانە، چونكی ساڵانە سەدو دە/ تێراوات كارەبا بەكار دەبات. كە هاوتای كارەبای وڵاتانی سووید و مالیزیایە.