ئیخوان موسلمین
ناودارترین و بەربڵاوترین ڕێکخراوە ئیسلامییەکانە لە سەردەمی نوێدا وە زۆرترین ئەندام و ھەواداری ھەیە لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامی جیھاندا، وە گەورەترین ڕەوتی ئۆپۆزسیۆنە لە وڵاتی میسر.
دامەزراندن
لە مانگی ٣/١٩٢٨ لە شاری ئیسماعیلیە پاش ٤ ساڵ لە ڕوخانی خەلافەتی عوسمانی لەسەر دەستی حەسەن بەنا دامەزرا و بە خێرایی لە لە قاھیرە و ھەمو میسر و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا گەشەی سەند.
ئاڕاستە و بیروبۆچون
وەک بانگەشەی بۆ دەکەن کار بۆ چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری دەکات لە ژێر یاساکانی ئیسلامدا، وە ھەوڵدەدەن بۆ بنیاتنانی تاک و خێزان و کۆمەڵگای ئیسلامی و دواتریش بۆ حکومەتی ئیسلامی، پەیامەکەشیان “ئەڵا مەبەستمانە، پەیامبەر پێشڕەومانە، قورئان دەستورمانە، و جیھاد ڕێگامانە و مردن لە ڕێگای خوادا بەرزترین ئاواتمانە”.
ڕابەری ئیخوان
لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە تائێستا ھەشت ڕابەریان ھەبوە ئەوانیش: حەسەن بەننا،دامەزرێنەریان بوە لە ١٩٢٨ تاوەکو ١٩٤٩، حەسەن ھوزەیبی لە ١٩٥١ – ١٩٧٣، عومەر تەلیسمانی لە ١٩٧٤ – ١٩٨٦، محەمەد حامد ئەبو نەسر لە ١٩٨٦ – ١٩٩٦، مستەفا مەشھور لە ١٩٩٦ – ٢٠٠٢، مەئمون ئەلھوزەیبی لە ٢٠٠٢ – ٢٠٠٤، محەمەد مەھدی عاکف لە ٢٠٠٤ – ٢٠١٠ و محەمەد بەدیع لە ٢٠١٠ تاوەکو دەستبەسەرکردنی لە ٢٠١٣ و دواتر کاری “جەماعە” کەوتە لای محەمەد عیزەتی جێگریی.
کەسە دیارەکانیان
١-حەسەن بەننا، وە نازناوی ئیمامی شەھیدی پێدەڵێن لە ناو ھاوڕێکانیدا و خاوەنی بیری دامەزرێنەری ئیخوانە.
٢-زانای دەستوری و مامۆستای زانکۆ قازی عەبدولقادر عۆدە، لەسەردەمی جەمال عەبدولناسردا لە سێدارە درا.
٣-سەید قوتب، زانا و بیرمەندی ئیسلامی ھاوچەرخ و خاوەنی تەفسیری بەناوبانگی “فی زیلال ئەلقورئان و تەسویر ئەلفەنی فی ئەلقورئان و دادگەری کۆمەڵایەتی لە ئیسلام” دا یە و لە سەردەمی جەمال عەبدولناسردا لە سێدارە دراوە.
٤-سەید سابق، یەک لە زانا گەورەکانی زانکۆی ئەزھەرە و خاوەنی کتێبی بەناوبانگ “فیقھی سوننە” یە کە سەرچاوەیەکی پشتپێبەستراوە لە سەردەمی ئێستادا.
٥-یوسوف قەرزاوی، یەک لە زانا دیارەکانی ئیسلامە لە ئێستادا و سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامە و کتێب و چاپکراوی زۆری ھەیە و بەرنامەیەکی رھەفتانەی ھەیە لە کەناڵی ئەلجەزیرە.
ئەزمونی سیاسی
•لە مێژووی دامەزراندنیانەوە بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیون ھەتاوەکو لە ساڵی ١٩٤٩ دا حەسەن بەنای ڕابەریان کوژراوە، لە ساڵی ١٩٤٨ دا چەند کەتیبەیەکی چەکدارییان دروستکرد بۆ بەرەنگاری و شەڕ لە دژی ئیسرائیل.
•لە ٨/١٢/١٩٤٨ مەحمود فەھمی نەقراشی سەرۆک وەزیرانی میسر بڕیاری دا بە ھەڵوەشاندنەوە و قەدەغەکردنی ئەم کۆمەڵە و ژمارەیەک لە کەسە دیارەکان و سەرچاوەی داھاتی گرتن، لەو سەردەمەدا چەندین کردەوەی توندوتیژی و تەقینەوە لە میسردا ڕویدا و لە ٢٨ ی ھەمان ساڵدا سەرەک وەزیران کوژرا.
•لە ١٢/٢/١٩٤٩ دا ڕابەری ئیخوان حەسەن بەننا کوژرا و ڕابەری نوێیان دەستنیشان نەکرد تاوەکو ساڵی ١٩٥١.
•لە ساڵی ١٩٥٤ دا بۆجاری دوەم بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئیخوان لەلایەن حکومەتی میسرەوە درا پاش ئەوەی ھەوڵی تیرۆرکردنی جەمال عەبدولناسرەوە درا و بڕیاری گرتنی حەسەن ھوزەیبی و سەید قوتب درا و ١٠ ساڵ لە زینداندا مایەوە و دواتر ئازادکرا و دیسان لە ساڵی ١٩٦٥ حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو.
•پەیوەندی ئیخوان بە ڕژێمی حوسنی موبارەکەوە زۆر خراپ بوە بەڵام بەشێوەی ئاشکرا ھەر ماونەتەوە.
•بۆیەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٤ بەشداری ھەڵبژاردنیان کرد و ساڵی ١٩٨٧ یش دوبارە بەشداربون لە ھەڵبژاردنی پەرلەماندا.
•لەناوەڕاستی نەوەدەکان حوسنی موبارەک دەرگای زیندانەکانی لێکردنەوە و ژمارەیەکی زۆری لێ زیندانیکردن.
•گرتن و ڕاوەدونانیان کۆتایی نەھات ھەتاوەکو لە ھەڵبژاردنی ٢٠٠٥ دا توانیان ٨٨ کورسی پەرلەمان بەدەستبھێنن واتە ٢٠% ی کورسییەکان.
•بەڵام لە ھەڵبژاردنی ٢٠١١ دا نەیانتوانی کورسی بەدەستبھێنن بە ھۆکاری ئەو تەزوراتەی لە پرۆسەکەدا کرا.
•لە شۆڕشی ٢٥ ی یەنایەردا بەشدارییەکی بەرچاویان کرد و پاش ڕوخانی ڕژێمی موبارەک پارتێکی سیاسییان دروستکرد بەناوی “حزبی حوڕییە و عەدالە” موحەمەد کەتاتنی وەکیلیان بو و موحەمەد مورسی سەرۆکیان بو.
•لەیەکەم ھەڵبژاردنی دوای موبارەکدا ئیخوان توانیان ٤٠% ی کورسیەکان بەدەست بھێنن و توانیان زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بھێنن.
•سەعید کەتاتنی وەک سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان کرا بەڵام دادگای دەستوری باڵا بڕیاری دا بە نایاسایی ناساندنی ھەڵبژاردنەکان.
•لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا توانیان ٦٠% ی کورسییەکان بەدەست بھێنن و ئەحمەد فەھمی یان کرد بەسەرۆکی مەجلیس.
•موحەمەد مورسی سەرۆکی پارتی حوڕییە و عەدالە توانی ببێت بە سەرۆک وەزیران لە نێوان ١٢ کاندیدی تردا.
•لە ٣٠/٧/٢٠١٢ مورسی وەک یەکەمین سەرەک وەزیری مەدەنی ھەڵبژێردراو دەستبەکاربو.
•بەر لە تێپەڕبونی تەنھا ساڵێک بەسەر سەرۆکایەتییەکەیدا خۆپیشاندانی گەورە بەرپاکرا و داوای وازھێنان لەدەسەڵاتی مورسی دەکرا.
•دوابەدوای خۆپیشاندانەکان وەزیری بەرگری عەبدولفەتاح سیسی کودەتای سەربازی کرد و مورسی لە دەیەڵات دورخستەوە و کارکردن بە دەستوری ڕاگرت.
•ڕابەری گشتی و جێگرەکەی و سەرۆکی حیزب سەعد کەتاتنی و عسام عریان و ھەزاران کادریان دەستبەسەرکرا.
•ھەزارانیان لێکوشتن بەتایبەت لە کوشتارگەی فز و ڕابیحەی عەدەوی و نەھزەدا.
•لە کۆتاییدا لە ٢٥/١٢/٢٠١٢ دا ئەنجومەنی وەزیرانی میسر بڕیاری دەرکرد کە ئیخوان موسلیمین “کۆمەڵێکی تیرۆریستن” پاش ئەوەی ماڵ و سامانیان دەستی بەسەردا گیرا لە پاش کودەتا سەربازییەکە.