لەدوای هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئۆکتۆبەری ساڵی پار، بردنەوەی ڕەوتی سەدر و سووربوونی سەدر لەسەر پێکهێنانی کابینەی زۆرینەی نیشتمانی، پاشان کشانەوەی ڕەوتی سەدر لەئەنجومەنی نوێنەران و دەست لەكار کێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی سەدر، لەپاش هەوڵەکانی چواچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی کابینە و بەربژێکردنی سودانی بۆ سەرۆک وەزیران. خۆپیشاندانی جەماوەری ڕەوتی سەدر و نوێژی بەکۆمەڵی لایەنگرانی سەدر، چوونەناوەوەیان بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەران، ڕەوشی سیاسی و ئەمنی ئێراق بەگشتی و بەغدای پایتەخت بەتایبەتی ئاڵۆزو مەترسیدارە.
هۆکارەکانی پشت پێکنەهێنانی کابینەی نوێ لەئێراقدا، زۆرن، هۆکاری سیاسی وئابوری و فشاری وڵاتانی ئیقلیمی بەگشتی و کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی. لێرەدا، باس لەهۆکارە ئابورییەکان و قەیرانە بێ کۆتاکانی گەلانی ئێراق دەکەین، لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە.
بێکاری: وەک دەردێکی کۆمەڵایەتی و ئابوری لەدوای پڕۆسەی ئازادی ئێراقەوە ساڵ لەدوای ساڵ قەبارەکەی گەورەتر و زیاتر دەبێت، بەپێ ی ئامارەکان، ڕێژەی بێکاری لەئێستادا نزیک دەبێتەوە (%30 بۆ 40%) لەهەندێ پارێزگای باشور، ڕێژەی (50%) بێکارن، هەرێمیش بێ بەش نی یە لەم دیاردەیە، قەبارەی بێکاری ساڵانە بەرزتر دەبێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی نزیکەی نۆ ساڵە، یاسای بودجەی هەرێممان نیە.
بێکاری لەئێراقدا، زیاتر لەچینی گەنجاندایە، ساڵانە 180 هەزار گەنج لەکوڕان و کچان، لەزانکۆو پەیمانگاکان لەسەرتاسەری ئێراق دەبنەخاوەن بڕوانامە و ئامادەن بۆ کارکردن، بەڵام نەکەرتی گشتی و نەکەرتی تایبەت توانای وەڵامدانەوەی ئەم قەبارەگەورەییەی دەستی کاری نی یە، هەربۆیە ئەم ژمارەیەش دەچێتە سەر قەبارەی بێکاری لەئێراقدا.
هەژاری: لەڕاستیدا هەژاری، وەک دیاردەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی لەئێراقدا بەردەوامە و ساڵ و لەدوای ساڵ، قەبارەی هەژاری زیاترو زیاتر دەبێت، ئامارەکانی ئەم دیاردەیە ترسناک و جێگای هەڵوێستەکردنە.
لەزانستی ئابوریدا، هەژاری پێناسە دەکرێت بەوەی کە تاکی کۆمەڵگە، دەستیان بەدەرامەتی دارایی و پێداویستییە سەرەکییەکان، بۆنزمترین ئاستی ژیان نەگات. لەلایەکی ترەوە هەژاری بەواتای ئەوە دێت کەئاستی داهاتی رۆژانەی تاک بە پێی ستانداردەکانی یونیسێف نزمە، بەشێوەیەک ناتوانێت پێداویستییەبنەڕەتیەکانی پڕبکاتەوە. لەڕاستیدا، کەسان وخێزانەکان، لەهەژاریدا دەژین، بەبێ یەکەی نیشتەجێ بوونی گونجاو و ئاوی پاک و خۆراکی تەندروست و چاودیری پزیشکی، بێگومان بۆ هەر کۆمەڵگایەک پێوەری تایبەت هەیە بۆ دیاری کردنی ڕێژەی هەژاران لەدانیشتوانیان، لەئێستادا ژمارەیەکی زۆری مرۆڤ هەوڵی بەدەستهێنانی خەرجییەکانیان دەدەن.
بەپێی بانکی نێودەوڵەتی، نزیکەی 711 ملیۆن کەس لەهەژاری قورسدا دەژین، ژیان بەسەر دەبەن بەکەمتر لە1.90 دۆلار لەڕۆژێکدا لەساڵی 2021، ئەمە دەکاتە نزیکەی 10% لەدانیشتوانی جیهان.
لەئێراقدا، ژمارەی فەرمییەکان لە ڕێژەی هەژاری راستەقینە ناتەواون، بەتایبەت ئەم ژمارانە لایەنی فەرمی حکومی ئیحراج دەکات. لەچوارچێوەی پێوەرەکانی ساڵی 2021 دا، وەزارەتی پلاندانانی ئێراق، دەڵێت، تێکڕای هەژاری گەشتوەتە 27% بەزیادەی 3% تێکڕای بنەڕەتی، دەرئەنجامی بڕیاری حکومەت بەدابەزاندنی بەهای دینار لەکۆتاییەکانی 2020دا.
بەڵام ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی(فاو) لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی وبەرنامەی خۆراکی جیهانی، دەڵێت، ڕێژەی هەژاری لەنێوان (7% بۆ 14%) زیاتر بووە لەدوای بڕیاری گۆڕینی بەهای دینارەوە.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە دەدات، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری، لەماوەی کورتدا دەبێتەهۆی زیادبوونی ژمارەی هەژاران لەوڵاتدا لەنێوان (2.7 ملیۆن کەس بۆ 5.5 ملیۆن کەس) ئەمە جگەلەوەی دەرئەنجامی کۆرۆناڤایرۆسیش ڕێژەکەی گەورەتر کردووە.
لەساڵی 2020دا، تێکرای هەژاری لەئێراقدا، گەورەتر بوو، بەشێوەیەک نزیکەی (%40) دانیشتوان کەژمارەیان (40) ملیۆن دەخەمڵێنرێت، بەهەژار ئەژمار دەکرێن بەپێ ی بانکی نێودەوڵەتی.
گەندەڵــــــی: گەندەڵی بەدیاردەیەکی ڕۆژگاری ئەمڕۆی حکومڕانانی دەوڵەتی ئێراق دادەنرێت، کەچەندین کاریگەری خراپی لەسەر ئابوری هەیە، لەهەمووی قورستر دەبێتە ڕێگر لەبەردەم پەرەپێدانی ئابوری، هەروەها دەبێتەهۆی زیادبونی ڕێژەی هەژاری و بەرزکردنەوەی تێکرای بێکاری.
گەندەڵی، کێشەکۆمەڵایەتییەکان زیاد دەکات و دەبێتەهۆی ناسەقامگیری سیاسی، ئەمەش لەئێراقدا ڕەنگیداوەتەوە. گەندەڵی، بەهەڵسوکەوتی دوور لەبنەما ئایینیەکان و بەهائەخلاقییەکان ئەژمار دەکرێت، دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە دەگەرێتەوە بۆ هۆکاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگا، لەوانەیە سەرچاوەکەی ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، ئەمەش کاریگەری خراپی هەیە لەسەر ژێرخانی ئابوری وکۆمەڵایەتی.
بەفیرۆدانی سامانی نیشتمانی لەئێراقدا، لەئاستێکی بەرزدایە، لەماوەی بیست ساڵی ڕابردودا بەسەدان ملیار دۆلار، بەفیرۆدراوە. گەندەڵی، لەسەرجەم ئاستەکانی حکومەتدا بڵاوبووەتەوە، لەساڵی 2021 بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار، ئاشکرای کرد، کەنزیکەی 150 ملیار دۆلار لەداهاتی نەوت، براوەتە دەرەوەی وڵات، لەمیانەی گرێبەستی گەندەڵ، لەدوای 2003ەوە.
لەماوەی ساڵی 2013 تا 2021، پێوەرەکانی گەندەڵی لەلایەن ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیەوە ئاشکرای کرد، کەکەرتی گشتی ئێراقی گەندەڵی بڵاوبووەتەوە بەشێوەیەکی مەترسیدار، لەپێوەری (0تا 100) ژمارەی خاڵەکانی ئێراق، کەلەنێوان (16 بۆ 23) خاڵدایە. ئەم خاڵانەش زۆر نزمن، ئەمەش مانای نەبوونی شەفافیەت دێت.
لەڕیزبەندی 180 وڵات، ئێراق پلەی 157 گرتوە، واتە لەخراپترینەکانە.
گەندەڵی لەئێراقدا، لەدیاردەی تاکەکەسیەوە دەرچووە و لەئێستادا دیاردەیەکی گشتیە، زۆربەی کوتلەپەرلەمانییەکان و لایەنەبەشداربووەکانی حکومەت، لەئاستی وەزیر و کاربەدەستان دەستیان بەگەندەڵییەوە گلاوە، بەشێوەیەک سیمای سەرەکی ئیدارەدانی دەوڵەتی ئێراقی، بەگەندەڵی دەناسرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک لەساڵی 2021 دا، کەلەلیژنەی دەستپاکییەوە دەرچووە، نزیکەی 52 وەزیر وپلەباڵا، یاداشتی ئاگادارکردنەوەیان بۆ دەرچووە، هەروەها نزیکەی 491 ئاگادارکردنەوە دەرکراوە لەدژی 329 لەگەورەبەرپرسان و پلەتایبەتەکان.
زەرەروزیانەکانی ئێراق، لەساڵی 2005 ەوە لەپرۆژە وەهمیەکان، نزیکەی 300 ملیار دۆلار بووە، بەشێوەیەکی کرداری لەگەنجینەی دارایی ئێراقەوە ڕاکێشراوە، زۆربەی ئەم پارانە چووەتە گیرفانی لایەنەسیاسیەکانەوە.
بەپێ ی ڕاپۆرتی وەزارەتی پلاندانان، نزیکەی 9 هەزار پرۆژەی وەهمی، لەجۆری گەورەو بچوک، بودجەی بۆ تەرخان کراوە. لەئێستادا خزمەتگوزارییەگشتییەکانی ئاوو کارەباو تەندروستی و ڕێگاوبان، لەنزمترین ئاستدایە و بەدەستهێنانی پێداویستیەکانی ژیان لەلای تاک و خێزانی ئێراقی بەگران دەست دەکەون، سەرەڕای بەرزی ئاستی گشتی نرخەکان.
ئەوەی تائێستا حکومەتی هێشتووەتەوە، بەرزی نرخی نەوتە، ئێراق ڕۆژانە زیاتر لە3 ملیۆن و چوار سەد هەزار بەرمیل هەناردە دەکات و بەو داهاتانە، خەرجییەگشتیەکانی دەوڵەت دابین دەکرێت، بەپێ ی داتاکان (90%) لەبودجەی خەمڵێنراو بۆ مووچەی فەرمانبەران وخەرجی وەزارەتەکان ودامەزراوەکان دەڕوات. لەساڵی 2021دا داهاتەکان بە101 ترلیۆن دینار و واتە نزیکەی 69 ملیار دۆلار بووە.
ئەوەی زیاتر بارودۆخی تاکی ئێڕاق بە ئاڕاستەی هەژاری بردوە، بەتایبەتیکردن (خصخصه) زۆربەی سێکتەرەکانی ژیانە وەک(کارەبا، ئاو، نان، سوتەمەنی، گواستنەوەو گەیاندن، تەندروستی، پەروەردەو فێرکردن و خوێندن بە هەموو قۆناغەکانییەوە، کشتوکاڵ، بازرگانی، نەوت وگاز…هتد بەبێ ئەوەی لانی کەمی بژێوی تاک مسۆگەر بکرێت و دڵنیایی تەندروستی بۆ تاک مسۆگەر بکرێت، هەموو چەمکەکانی ژیان ڕادەستی کەرتی تایبەت کراوە، بەسود وەرگرتن لەو چەترەی دەسەڵاتداران بۆ سەرمایەدارەکانیان مسۆگەر کردوە، سەرمایەدارەکان یاری بە سەروەت وسامانی خەڵک دەکەن.
بەشێوەک کەرتی تایبەت قەبە بووە، توانای دارایی لەحکومەت زیاترە، لەکاتێکدا دەسمایەی ئەم سەرمایەدارەقەبانە لەخاک و ئاووهەواو سەرزەوی و ژێرزەوی ئەم ووڵاتەوە سەرچاوەی گرتوە.
ئەم هۆکارانە و بەردەوامی کێشەسیاسیەکانی ناو لایەنەکان، ئایندەی دەوڵەتی ئێراق بەنادیاری و ناڕوونی دەهێڵێتەوە، بەجۆرێک پێشبینی باشی لێ بەدی ناکرێت.