مەرگی ئارەزوومەندانە، یەكێكە لە بابەتە مشتوومڕهەڵگرەكان لە كایەی پزیشكی، فەلسەفەی ئەخلاق، یاسا و فەلسەفەی یاسادا. دۆخێكە كە تێیدا كەسێك بە خواستی خۆی كۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، یان لە لایەن كەسانێكی دیكەوە كۆتایی بە ژیانی دەهێنرێت. ئەو كەسانەی دەكەونە ئەم دۆخە، زیاتر نەخۆشانی بێ چارەسەرن، ئەوانەی ئازارێكی تاقەتپڕوكێنی جەستەیی یان دەروونییان هەیە و خۆیان ڕاستەوخۆ، یان بە هاریكاری پزیشك و بە ڕەزامەندی كەسوكار،مردن هەڵدەبژێرن… لە ڕووی زمانەوانییەوە چەمكی( Euthanasia) لە دوو بەش پێك دێت: EU) ( كە بە مانای(ئاسان و چاك) و Thanasia))كە بە مانای (مردن)دێت. كەواتە دەكرێ لەگەڵ مەرگی ئارەزوومەندانە، هاوماناكانی وەك مەرگی خۆ-ویست، مەرگی بە بەزەییانە، ئاسان مردن و خۆ لەناوبردنی ماقوول، بەكار بێت.
“پێشینەی مێژوویی مەرگی ئارەزوومەندانە”
مەرگی ئارەزوومەندانە پێشینەیەكی مێژوویی دوور و درێژی هەیە و باسێك نییە بە تەنیا تایبەت بێ بە دونیای مۆدێرن و ناوەندە زانستییە پزیشكییەكان، بەڵكو دەتوانین بڵێین؛ لەگەڵ سەرهەڵدانی كۆمەڵگا مرۆییە سەرەتاییەكاندا ئەم باسەش بوونی هەبووە و قسەی لەسەر كراوە. لە سەردەمانی كۆندا و لە هەندێ كۆمەڵگاكاندا لەبەر سێ هۆكار نەخۆش لەناوبراوە:- لەبەر نەبوونی چارەسەر، بەزەیی پێداهاتنەوە و بیروباوەری خۆرافی. لە شاری “مارسی”لە ئەوروپا یاسایەكی تایبەت لەم بارەیەوە هەبووە و یاساكەش ئەوە بووە؛ هەر كەسێك بەڵگەی پێویستی پێشكەش بە ئەنجومەنی پیرانی شار بكردایە بەوەی مردنی پێ باشترە لە ژیان، ئەوا ژەهریان پێدەدا و دەمرد. هەندێ لە هۆزە كۆچەرییەكانیش گەر نەخۆشێكی بێ چارسەریان هەبووبا، دەستیان لێ بەردەدا یان بە رێگایەك لەناویان دەبرد. ئایینەكان و زۆرینەی ڕەوتە فەلسەفییەكان؛ خۆ لەناوبرن ڕەت دەكەنەوە فیساگۆرسییەكان، ئەفلاتۆنە نوێیەكان، ئەرستۆییەكان، بوودا، كانت، تۆماس ئەكویناس، ئۆگۆستین و هەندێكی دیكە لە ڕیزی ئەمانەدان.
ئەوانەی پێیان وایە خۆ-لەناوبردن لە دۆخگەلێكی دیاریكراودا ڕێپێدراوە؛ سەگئاساكان، ئەپیكۆرییەكان، ڕەواقییەكان، دەیڤید هیوم، كۆنفۆسیۆس، فرەنسس بەیكن، هەردوو فەیلەسوفی سوودگەرا “جێرمی بێنتام و جۆن ستیۆرات میڵ” وهەندێكی دیكە لە ریزی ئەمانەدان. ئەفلاتونیش لە كتێبی “كۆمار”دا بێزاری خۆی لەو باوكانە دەدردەبرێت كە كوڕی لاوازیان دەبێ و پێی وایە گەر هاتوو منداڵ بە ناكامیی و كەمئەندامیی لەدایك بوو، پێویستە لە شوێنێكی دوورەدەست و نادیار فرێ بدرێن، چونكە ئەمانە ناتوانن ببنە ئەندامی بەسوود و كارا لە كۆمارەكەیدا.
“جۆرەكانی مەرگی ئارەزوومەندانە”
مەرگی خۆویست-ئەكتیڤ/ كەسەكە، ئازارێكی جەستەیی قورس یان ڕەنجێكی دەروونیی تاقەتپڕوكێنی هەیە، بۆیە ئاگایانە و بە خواستی خۆی كۆتایی بە ژیانی دەهێنێ. گەر ئاگایی هەبوو،بەڵام بە هۆی پەككەوتەیی جەستەییەوە توانای نەبوو كۆتایی بە ژیانی بهێنێ، داوا لە كەسانی دەورووبەری دەكات كارەكەی بۆ ئەنجام بدەن. ئەمەش گرفتی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی و قانوونی لێ دەكەوێتەوە؛ ئایا لە ڕووی ئەخلاقیی و قانوونییەوە دەكرێ كەسانێك بریار لەسەر مردنی كەسێك بدەن كە خۆی نەتوانێ كۆتایی بە ژیانی بهێنێ؟ مەرگی خۆنەویست-پاسیڤ/ كەسەكە بە هۆی پەككەوتەیی جەستەیی و زەینییەوە، ئاگاییەكی ئەوتۆی نییە (بەڵام ژیان و زیندوویەتی تێدایە و دەشێ هەست بە ئازار و ڕەنجیش بكات) بەم پێیە توانای بریاردان و جێبەجێكردنی مردنەكەشی نییە، بۆیە لێژنەیەك لە (پزیشكان، ئەخلاقناسان و كەسووكار)، پاش هەڵسەنگاندنی دۆخی كەسەكە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی؛ ئایا لە بەرژوەندی كەسەكەیە كۆتایی بە ژیانی بهێنرێت یان نا، بریارەكە یەكلا دەكەنەوە. ئەمیش دیسانەوە گرفتی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی و قانوونی لێ دەكەوێتەوە، ئایا لە ڕووی ئەخلاقیی و قانوونییەوە دەكرێ كەسانێك بریار لەسەر مردنی كەسێك بدەن كە خۆی نەتوانێ كۆتایی بە ژیانی بهێنێ؟
“ڕێگاكانی جێبەجێكردنی مەرگی ئارەزوومەندانە”
ڕێگای ڕاستەوخۆ؛ لە ڕێی دەخالەتی ڕاستەوخۆی پزیشك و بە دیاریكراوی لە رێی پێدانی دەرمان،یان لێكردنەوەی ئەو ئامێرانەی پارێزەری ژیانی كەسەكەن،كردەكە ئەنجام دەدرێ.
ڕێگای نا-ڕاستەوخۆ؛ پێشەكییەكانی مردنەكە دەرەخسێنرێت، بۆ نمونە وەستاندنی پێدانی دەرمان بە نەخۆش،یان پێدانی دەرمان بە دۆزی بەرز لە پێناو خێراتركردنی پرۆسەی مردنەكە. مەرگی ئارەزوومەندانە لە كیشوەری ئەورووپا لە وڵاتانی (سویسرا، بەلجیكا، هۆڵندا و نیوزلەندا) قانوونییە. لە وڵاتانی (لۆگزامبۆرگ، كۆڵۆمبیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ویلایەتەكانی ئۆریگن، واشنتۆن، مۆنتانا، كالیفۆڕنیا، كۆلۆرادۆ و ڤێرمانت) بە شێوەی نا-ڕاستەوخۆ قانونییە. لە ئوسترالیا لە ویلایەتی (ڤیكتۆریا) قانونییە. لە ئیسپانیاش لە مانگی ئاداری 2021ـەوە قانوونییە. وەزیری تەندروستی ئیسپانیا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی وتی” ئەمڕۆ ڕۆژێكی گرنگە لە مێژووی وڵاتەكەماندا و ئێمە خەریكی بە فەرمییكردنی یەكێك لە بنەماكانی مافی مرۆڤین. ئێمە بەرەو كۆمەڵگایەكی مرۆییانەتر و دادپەروەرانەتر هەنگاو دەنێین”.
“ئامێری كۆتایی هێنان بە ژیان بە بێ ئازار”
پزیشكێكی ئوسترالی بە ناوی “فیلیپ نیچك” ئامێرێكی داهێناوە و ناسراوە بە “ساركۆ”. وا بڕیارە ئامێرەكە ساڵی داهاتوو، واتە ساڵی 2022 لە وڵاتی سویسرا بخرێتە ڕوو و بەكار بهێنرێ. ئامێرەكە لە شێوەی تابووتێكدایە و نەخۆش لە نێویدا ڕادەكشێ.بۆ دواین جار كۆمەڵێك پرسیاری جۆراوجۆر بە دەنگ لە كەسەكە دەكرێ و پاش وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و دڵنیابوونەوە لە بڕیارەكە، بە فشارخستنە سەر دوگمەیەك،ڕێژەی گازی هایدرۆجین لە نێو تابووتەكەدا زیاد دەكرێ و كەسەكە و ڕ و گێژ دەبێ و پاش 30 چركە كەسەكە بە بێ ئازار و بە بێ شۆك كۆتایی بە ژیانی دێ. بە پێی ئامارێك تەنیا لە ساڵی 2021 لە سویسرا 1300 هەزار و سێ سەد کەس، بە مەرگی ئارەزوومەندانە كۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.
“هەڵسەنگاندنی مەرگی ئارەزوومەندانە”
بابەتی مەرگی ئارەزوومەندانە دەمانباتەوە سەر پرسیارێكی بنەڕەتی، ئایا ژیان “ئەرك”ـێكە كە پێویستە لەئەستۆ بگیرێ سەرەڕای هەموو ئازار و ڕەنجەكانی؟ یان “ماف”ـێكە و مرۆڤ ئازادە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكات؟ یان هاوكات هەرووكیانە و ئەوە بارودۆخە جیاوازەكانن بریاری لەسەر ئەوە دەدەن كە ژیان ئەركە یان مافە؟ كاتێ دەوترێ مردنی ئارەزوومەندانە مافە، ئەمە بە مانای هاندانی خۆكووشتن نایەت، بەڵكو بەو مانایە دێت؛ كاتێ كەسێك ئاگایانە بڕیاری لەناوبردنی خۆی دا،پێویستە ڕێز لەم بڕیارەی بگیرێ.
“بەڵگە ئاینییەكانی نەیارانی مەرگی ئارەزوومەندانە و ڕەخنەكردنی بەڵگەكان بە كورتی(لە نێو كەوانەدا)”
1-ژیان دیاری خودایە و پێویستە لەسەرمان ئەم دیارییە بپارێزین. بە مانایەكی دیكە پێویستە ئەدەبی پاراستنی دیاری پەیڕەو بكەین. (ڕاستە كە دیارییەكمان پێ بەخشرا پێویستە بیپارێزین، بەڵام ناكرێ دوای كەسەكە بكەوین و بزانین چی لە دیارییەكە دەكات! واتە ئەدەبی دیاری بەخشین وا دەخوازێ بە شوێن كەسەكەدا نەچین و نەبێتە گرفت بۆمان چی لە دیارییەكە دەكات، پاشان ئەمە چ دیارییەكەیە كە هاوشانە لەگەڵ ئازار و ڕەنجی تاقەتپڕوكێن؟ گەر دیارییەكە ئازار و ڕەنجی لەگەڵ بێ، دەتوانم لە كۆڵ خۆمی بكەمەوە).
2-ژیان ئەمانەتە و ئەمانەتیش دەبێ بدرێتەوە بە خاوەنەكەی. (گەر ژیان ئەمانەت بێ و خودا پێی بەخشیبین،كەواتە عەقڵیش ئەمانەتە و هەر ئەم عەقڵەش پێمان دەڵێ پێویستە لە ڕهنج و ئازاری تاقەتپڕوكێن و نا-پێویست دوور بكەوینەوە ).
3-مەرگی ئارەزوومەندانە، یان خۆكوشتن دەخالەتە لە كاری خودا و بە دیاریكراوی دەخالەتە لە كاتی مردندا،كاتی مردنیش شتێكە تەنیا خودا دەتوانێ بریاری لەسەر بدات.(گەر وا بێ،دەبێ پزیشكان واز لە كارەكەیان بهێنن،چونكە بە پێی ئەم لۆجیكە بێ، كۆی كاری پزیشكیی دەخالەتە لە كاری خودا،چونكە بە چارەسەركردنی نەخۆش،كاتی مردن دوا دەخرێ).
4-مرۆڤ خاوەن كەرامەتە و مەرگی ئارەزوومەندانە یان خۆكوشتن، كەرامەتی مرۆڤ دەڕوشێنێ.(بۆچی مردن لە پێناو خودا (شەهیدبوون)لەبەرئەوەی بەرگ و ئامانجی دینی كراوە بەبەریدا، كەرامەتی مرۆیی ناڕووشێنێ،بەڵام كاتێ مردن و خۆكوشتن لە دەرەوەی ئامانجی دینی بێ،كەرامەتی مرۆڤ دەڕووشێ، جگە لەمە، بڕواداربوون بە ئایینێك و بە خودا، بەو مانایە نییە كە ناچارین ئازار و ڕەنجی بێهودە بكێشین).
5-با ڕەنج و ئازاری تاقەتپڕوكێنیشت هەبێ، بەڵام نابێ مەرگی ئارەزوومەندانە یان خۆكوشتن هەڵبژێرین، چونكە ڕەنج و ئازار بۆ پاكبوونەوەی گوناه بۆ ئیماندار پێویستە و بۆ بێ ئیمانیش پێویستە بۆ ئەوەی تەوبە بكات، (ئەم خاڵە تەنیا ئیمانێكی پێشوەختەیە و هیچ ئارگۆمێنتێكی ماقوولی نەخستووەتە ڕوو).
“بەڵگەكانی فەیلەسوفان و نەیارانی مەرگی ئارەزوومەندانە و ڕەخنەكردنی بەڵگەكان بە كورتی (لە نێو كەوانەدا)”
1-مەرگی ئارەزوومەندانە دژە لەگەڵ كەرامەتی مرۆیی و مرۆڤ نابێ وەك ئامڕاز تەماشا بكرێ و لەناو ببرێ، بەڵكو دەبێ لە خۆیدا ئامانج بێ”كانت”. (بەڵام لە هەندێ دۆخدا ژیانكردن و مانەوە كەرامەتی تێدا نییە،بەڵكو ڕۆیشتن و مردن كەرامەتی زیاتری تێدایە).
2-ئەرستۆ پێی وایە پێشوازیكردن لە مەرگ ترسنۆكییە و لە هیچ بارۆدۆخێكدا نابێ مردن هەڵبژێرین.(بەڵام هەندێ جار ترس لە مەرگ ترسنۆكییە و ئازایەتی و هەڵبژاردنی مردن، فەزیلەتە).
3-مەرگی ئارەزوومەندانە لێكدژە لەگەڵ یاسا سروشتییەكان و بە خۆكوشتن،یاسای سروشتی حەزكردن بە ژیان و مانەوە پێشێل دەكرێ.( بەڵام كاری پزیشكیش دەخالەتە لە یاسا سروشتییەكاندا، سواربوونی فڕۆكە و فڕین بە ئاسمانیشدا پێچەوانەی سرووشتی زەمینی مرۆڤە، دروستكردنی بەنداویش پێچەوانەی یاسا سرووشتییەكانی سرووشتە. كەواتە ئایا دەكرێ واز لە هەموو ئەمانە بهێنین بەو پاساوەی لەگەل ڕەوتی ژیانی سرووشتیی مرۆڤدا یەك ناگرنەوە؟).
4- مەرگی ئارەزوومەندانە لێكەوتەی خراپ و نەرێنی لێ دەكەوێتەوە و دەبێتە ئامرازێك بە دەست ڕژێمە سیاسییە تۆتالیتارەكانەوە و مەترسی كۆمەڵكوژیی مرۆڤەكان لە ئارادایە. (گەر لێكەوتەی خراپ و نەرێنی بكەینە پێوەر،ئەوا پێویستە بەكارهێنانی دەرمانیش قەدەغە بكرێ، چونكە ساڵانە ملیۆنان مرۆڤ بە هۆكاری لایەنی نەرێنی دەرمان دەمرن، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی قەدەغەكردنی بەكارهێنانی دەرمان بە یەكجاری. یان پێویستە چەقۆ قەدەغە بكرێ، چونكە لێكەوتەی خراپ و نەرێنی لێ دەكەوێتەوە! لە توێژینەوەیەكدا لە ویلایەتی “ئۆریگن”ـی ئەمریكا ئەوە دەركەوتووە كە بابەتی مەرگی ئارەزوومەندانە نەبووتە هۆی خراپ بەكارهێنان و كەڵكلێوەرگرتنی ئامانجدارانە و ئایدۆلۆژیانە).
5- كوشتن جیاوازە لە ڕێگەدان بە مردن.لە جەنگە جیهانییەكاندا ملیۆنان مرۆڤ كوژراون،بەڵام ئەم مردنانە مردن بوون لە پێناو حەقدا، چونكە لە پێناو بەرگریكردن لە خۆ و پاراستنی شكۆی نیشتیمان و ئایدۆلۆژیاكاندا بووە. (بەڵام ملیۆنان مرۆڤیش بە بی ئەوەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگدا هەبێ، یان ئاگایان لێ بووبێ، بێ ڕەحمانە كوژراون. بۆ نموونە ئەو فرۆكەوانەی شاری هیرۆشیمای ژاپۆنی بە بۆمبی ئەتۆم بۆردومان كرد و هەشتا هەزار مرۆڤی كوشت، خەڵاتكرا. دەبینین؛ مرۆڤایەتی گرفتی لە مردنی بەكۆمەڵی مرۆڤەكاندا نییە، ئەوكاتەی مردن یان كۆمەڵكوژییەكە بە كۆمەڵێك ناو و پیرۆزیی و دروشمی ئایدۆلۆجی ڕازێنرابێتەوە، بەڵام گرفتی لەگەڵ مردنی یەك كەسدا هەیە كە بە ویستی خۆی كۆتایی بە ژیانی دەهێنێ).
6-مەرگی ئارەزوومەندانە دژی بەڵێنی پزیشكانە. بەوەی بەڵێن دەدەن ژیانی خەڵكی بپارێزن. ( بێگومان پێویستە لەسەر پزیشك ئەوپەری هەوڵی خۆی بدات بۆ پاراستنی ژیانی خەڵكی، گەر نەشیتوانی، پێویستە لەسەری ئازار كەم بكاتەوە،گەر ئەمەش لە توانایدا نەبوو، پێویستە بە پێی كۆمەڵێك مەرج، یارمەتی نەخۆشەكە بدات كۆتایی بە ژیانی بھێنێ).
“بەڵگەكانی لایەنگرانی مەرگی ئارەزوومەندانە”
1-ڕێزگرتن لە ویست و ئازادی مرۆڤ یەكەمین و سەرەكیترین بەڵگەیە كە لایەنگرانی مەرگی ئارەزوومەندانە پشتی پێ دەبەستن. بە بڕوای ئەمان مرۆڤ بە درێژایی ژیانی زۆرینەی ویست و بریارەكانی لە لایەن ئەوانی دیكەوە قبوڵ دەكرێ، كەواتە بۆچی دەبێ سەبارەت بە مردن ئەم هەڵبژاردنەی نەبێ؟ گەر ژیان ماف بێ، ئەوا مەرگی ئارەزوومەندانەش مافە، بەو مەرجەی؛ كردەكە نەبێتە هۆی دروستبوونی ئازارێكی قەرەبوونەكراو بۆ دەوروزبەر و كەڵك لێوەرگرتنی خراپ لە كۆمەڵگادا. لێرەوەیە ڕەواقییەكان دەڵێن “گەر ڕۆژێك لە رێی عەقڵ و ویژدانی ئەخلاقییەوە بۆمان دەركەوت بەجێهێشتنی ژیان بەبەهاترە لە بەردەوامییدان بە ژیان، ئەوا خود-بەڕێوبەری-كە فەزیلەتێكە- ڕێگە دەدات بڕیار لەسەر كۆتایی هێنان بە ژیان بدەین و ئەم بریارەش نیشانەی زاڵبوونە بەسەر “خود” دا و بوێرییە”. یان دەڵێن ” باشترە بە دەستی خۆمان و بە شێوەیەكی شەرافەتمەندانە كۆتایی بە ژیانمان بهێنین،نەك لە لایەن سرووشت و بە شێوەیەكی نا-شەرافەتمەندانە”.
2-یاسای زێڕینی”ئەوەی بۆ خۆت پێت خۆشە،بۆ بەرامبەریش پێت خۆش بێ”.هەر كاتێك مرۆڤ مردنێكی ئارامی بۆ خۆی پێ خۆشبوو، دەبێ بۆ خەڵكانی دیكەش پێی خۆش بێت، چوونكە هەندێك كەس بۆ خۆیان مردنێكی ئارامیان دەوێت، بەڵام بۆ خەڵكانی دیكە ڕەتی دەكەنەوە.بۆ نمونە كەسێك لە ژێر ئۆتۆمبیلێكدا گیری كردووە و لە ئان و ساتدایە ئۆتۆمبیلەكە گڕ بگرێ و بسوتێ، تۆش ناتوانی كەسەكە ڕزگار بكەی. لێرەدا گەر كەسەكە داوای كرد بە گولە كۆتایی بەژیانی بهێنی، ماقوولترە كارەكە ئەنجام بدەی، چونكە گەر تۆش لە شوێنی ئەو بووبای هەمان داواكاریت دەكرد.واتە هەر كاتێك شایەتی ئازاركێشانی ناپێویستی كەسێك بووین و نە خۆی و نە ئێمەش نەمانتوانی ڕزگاری بكەین،باشترە و ماقوولترە ئازاركەی كەم بكەینەوە.
3-تیۆری سوودگەرایی، بە پێی ئەم تیۆرە، دووركەوتنەوە لە ئازار و گەیاندنی چێژ و شادیی ڕێسایەكی بنچینەیی ژیانە. “جێرمی بێنتام و جۆن ستیۆرات میڵ” لە گرنگترین كەسانی ناوداری ئەم قوتابخانەیەن (بەدەستهێنانی زۆرترین چێژ و خۆشبەختی بۆ زۆرترین ژمارەی مرۆڤ).
3- كەرامەتی مرۆیی ئەوە دەسەپێنێ، كە پێویستە خۆمان لە ڕەنجی ناپێویست و تاقەتپڕووكێن و چارەنەكراو ڕزگار بكەین.
4-ئازادیی و ڕەتكردنەوەی تووندوتیژیی و ئازار. بەهای ئازادی ئەوە دەكاتە مەرج كە پێویستە ڕێز لە ئازادیی ئەوانی تر بگرین، تەنانەت گەرئازادی مردنیش بێ. ڕەتكردنەوەی ئازار و تووندوتیژیش ئەوە پێویست دەكات كە رێگری لە هەرجۆرە تووندوتیژیی، ئازار و ڕەنجێكی نا-پێویست بكرێت.
5-تیۆری هاوسۆزیی، هاوسۆزیی بنەمایەكی ئەخلاقی گەردونییە. هاوسۆزیی جەخت لەوە دەكاتەوە پێویستە مردنێك لە سایەی عیزەتدا پێشكەش بە نەخۆش بكرێ، نەك لە تاو ئازاری بێهودە و ناپێویست بناڵێنێ. گەر نەخۆشێك لە پێناو ئازارنەچەشتنی زیاترپێویستی بە مردن بێ،ئیدی شتێكی ستەمكارانەیە بمانەوێ ژیانی درێژ بكەینەوە. بۆیە كۆتاییهێنان بە ژیانی كەسێكی وەها، سوز و میهرەبانیییە بەرامبەری.
“بۆچی هەڵەیە كەسێك بكوژرێ؟ لەبەر سێ هۆكاری سەرەكی”
1-چونكە كوشتنی كەسەكە پێچەوانەیە لەگەڵ بڕیاری ئاگایانەی كەسەكە بۆ بەردەوامیدان بە ژیان.
2-خودی ژیان بەهادارە، بەم پێیە ژیانی منیش بەهادارە، بۆیە كوشتنی كەسەكە ڕێگرە لە بەردەم ژیانكردنێكی بەهادار دا.
3-چونكە كووشتنی كەسەكە رێگرە لەبەردەم بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانی لە ئێستا و لە ژیاندا بە گشتی.
ئێستا؛ گەر كوالێتی ژیانی كەسێك هێندە دابەزی كە شیاوی بەرگەگرتن نەبوو و كەرامەتی مرۆیی تێدا نەپارێزرا، مردنی كەسەكە شیاوە و سێ خاڵەكەی سەرەوە هەڵدەوەشێتەوە.
جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدرێ نەخۆش یان ئەو كەسەی بڕیاری مەرگی ئارەزوومەندانە دەدات، گەر خود ئاگایی هەبوو، پێویستە چەندەها جار و لە چەندین بارودۆخی جیاوازدا ڕای خۆی دەربرێ و جەخت لە بریارەكەی بكاتەوە، بۆ ئەوەی بزانین؛
1- بڕیارەكەی دەرەنجامی هەڵچوون و دۆخێكی سایكۆلۆژی كتویڕ نییە.
2- بۆ ئەوەی بزانین كەسەكە بە گوشاری خزم و هاوڕێ و ئازاری ویژدانی خۆی، بڕیارەكەی نەداوە.
3-دواجار دانانی كاتێكی دیاریكراو بۆ نەخۆشەكە بۆ حاڵەتی پەشیمانبوونەوە. گەر كەسەكەش خودئاگایی نەبوو، وەك لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، بڕیارەكە دەسپێردرێ بە چەند لیژنەیەك لە پزیشكان، ئەخلاقناسان و كەسوكار و لەسەر بنەمای ئەوەی چی لە بەرژوەندی كەسەكەیە،بڕیاری لەسەر دەدرێ..
لە دونیای هونەر و سینەمادا كار لەسەر بابەتی مەرگی ئارەزوومەندانە كراوە.ئەم فلمانە ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ كاركردن بووە لەسەر ئەم بابەتە؛
1- Me before you
2- The sea inside
3- -million dollar baby
4- -you dont know jack
تێبینی/
1-ئەم بابەتە بە پلەی یەكەم باسكردنە لە مەرگی ئارەزوومەندانە،نەك خۆكوشتن.
2- سودم لە چەند نوسین و گفتۆگۆیەكی جیاواز وەرگرتوە…