شەڕ لە ئەفغانستان، ئەمارەتی ئیسلامی، یان کۆماری ئیسلامی؟
دوای ڕاگەیاندنی قۆناغەکانی کشانەوەی هێزەکانی “ئەمریکا” لە ئەفغانستان، گرووپی تاڵیبانیش، بەمەبەستی فشارخستنەسەر حکومەتی “ئەفغانستان” و هێرشکردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی “کابول”، سەرەتا هێرشە بچووکەکانی لە ویلایەتەکانی باشوور دەستپێکرد، بۆ گرتنی هەندێ لە شارۆچکەکان. ڕێککەوتننامەی دەوحە لەلایەکی ترەوە، مەرجێکی بۆ تاڵیبان فەراهەم کردبوو، کە دەستی کراوە کردبوو بۆ هێرشکردنە سەر هەندێ ناوچە و ڕووبەڕوبوونەوەی حکومەتی ئەفغانستان، ئەم بابەتە بەجۆرێک بەردەوام بوو؛ کە ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکی “ئەفغانستان” بڵاو بوویەوە، تاوەکو خەڵک ناچار بوون بژاردەی کۆچکردن هەڵبژێرن. ئەو ترس و تۆقاندنە بەردەوام سێبەرەکەی باڵی بەسەر پایتەختی ئەفغانستاندا کێشابوو، لەناکاو هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان لەگەڵ بەرگریکردنی هاوڵاتیانیش، لاپەڕەیان لە بەرژەوەندی دەوڵەتی “ئەفغانستان” هەڵدایەوە و ناوچە داگیرکراوەکانیان وەرگرتەوە. ئەم کورتەباسە دەتوانێت، هەندێک هۆکاری گرنگی ناوخۆیی، لە شەڕی ئەفغانستان ڕوون بکاتەوە.
چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و بیانییەکان لە ئەفغانستان؛ هەناسەیەکی تازەی دایەوە بە گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە و گرووپی تاڵیبان، تاوەکو بتوانن هەستن بە ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان، بە هاوکاری پێنج هەزار زیندانی کە لەلایەن دەوڵەتی ئەفغانستان وەکو نیەت پاکی دەوڵەت بۆ بەردەوامی دانوستاندنە ئاشتییەکان ئازاد کرابوون، وە ئامانجی سەرەکیش کە دەستبەسەرداگرتنی “کابول” بوو، لە بیر و هزری تاڵیباندا سەرهەڵبدات. بیرۆکەی دەستبەسەرداگرتنی کابول؛ ئەو بیرۆکەیە بوو تاڵیبان لەدوا ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان پێیان وابوو ئێستا ئیتر داگیرکاریی هێزەکانی ئەمریکا کۆتایی هاتووە و، دەوڵەتی ئەفغانستان بەبێ بوون و پاڵپشتی هێزە ئەمریکییەکان، توانای بەرگریکردنی لە ئەفغانستان نییە و بە ئاسانی دەتوانن دەست بەسەر کابولدا بگرن.
لە مانگی ئازاری ساڵی 2020 گرووپی تاڵیبان لە دەوحە، گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەچێت و پێویستە بۆ لەناوبردنی ڕژێمی دەسەڵاتدار لە “کابول” و ئەفغانستان، بژاردەی هێزی سەربازی بەکار بهێنن، تاوەکو بەو ڕێگهیە بتوانن ئەمارەتی ئیسلامی زیندوو بکەنەوە. ئەوان پێیان وابوو دەوڵەتی ئەفغانستانیش شیرازە و فەلسەفەی بوونییەتی خۆی لەدەستداوە و باشترین دەرفەتیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی “کابول” بۆ ڕەخساوە. چالاکییە تیرۆریستییەکانی تاڵیبان لەسەر زەوی، لەسەر دوو تاکتیک بەندە. تاکتیکی یەکەم؛ بریتییە لە هێرشکردنە سەر گوندەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە دەوڵەت کەمتر دەستی پێیان ڕاگەیشتووە، هەروەها تاکتیکی دووەم؛ بریتییە لە تیرۆرکردنی کارمەندانی دەوڵەت و میدیاکاران و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دانانی بۆمبە تەوقیتکراوەکان لە شارە گەورەکاندا. ئەو تەوژمە تاوەکو مانگی ئەیلولی ساڵی 2020 یش بەردەوام بوو، بەڵام هەوڵەکانی دەوڵەتی “ئەفغانستان” بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی تاڵیبان، بووە هۆی ئەوەی ئامانجی تاڵیبان بۆ گرتنی کابول ناکام بێت.
“کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا”
لەگەڵ دەستپێکردنی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، جارێکی تر “تاڵیبان” بیرۆکەی داگیرکارییەکانی خستەوە بەر تاقیکردنەوە، تاوەکو بتوانن ئەفغانستان بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. لە پاش دوایین ڕاگەیاندنی (جۆبایدن) سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، گرووپی تاڵیبان ستراتیژی خۆی گۆڕی و لەجیاتی ئەنجامدانی تیرۆر لە شارەکان و دەستبەسەرداگرتنی گوندەکانی دەوروبەری شارە گەورەکان، ستراتیژێکی تازەتریان گرتە بەر. ئەو ستراتیژەش؛ داگیرکردنی ناوچەکان و ئەنجامدانی ڕەشەکوژی و کۆمەڵکوژی بوو. سەرەڕای ئەوەش، گرووپی “تاڵیبان” هێرشیان دەکردە سەر ناوچە و شارۆچکە جیاوازەکان، تاوەکو کۆنترۆڵی بەشێکی ئەفغانستان بگرنە دەست و دهسەڵاتەکەیان فراوانتر بکەن. تاڵیبان هەوڵیاندا، هەمان ستراتیژی موجاهیدەکانی ساڵانی نەوەتەکان کە بۆ داگیرکردنی دەوڵەتی کۆمۆنیستی “نەجیبوڵا” گرتیانە بەر، ئەمانیش لەم سەردەمەدا پیادەی بکەن. هەروەها لەو تاکتیکانەی کە “تاڵیبان” لەدوای کشانەوە پیادەیان کرد بۆ داگیرکردنی دەوڵەتی ئەفغانستان، بڕینەوەی ستوونەکانی کارەبا و هەڵدانی ڕۆکێت بووە بۆ ناو شارە گەورەکان. ئامانجی “تاڵیبان” ئەوەبوو تاوەکو ناڕەزایەتی خەڵک لە شارە گەورەکان لە دژی دەوڵەت پەرە بسێنێت و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەرفراوان لە شارە گەورەکان، لە دژی دەوڵەت سەرهەڵبدات. دەوڵەتی ئەفغانستان بۆ لەناوبردنی شانە نهێنییەکانی گرووپی تاڵیبان و داعش (کە هاوکاری یەکدییان دەکرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو تاکتیکە) کەوتە جوڵە و ئاسایشی میللی ئەفغانستان، گرووپێکی چوار کەسیی دەستگیر کرد کە سەردەستەی ئەنجامدەرانی بڕینەوەی ستوونەکانی کارەبا بوون. لەلایەکی ترەوە، کۆمپانیای کارەبای “ئەفغانستان” بەهۆی زۆریی ژمارەی ستونە تەقێنراوەکان، شارەزایی تەواوی پەیداکردبوو لە چاککردنەوەی ستوونەکانی کارەبادا، هەر بۆیە ناڕەزایەتی هاوڵاتیان، لەجیاتی ئەوەی لە دژی دەوڵەتی ئەفغانستان بێت، لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان بوو. لەبەر ئەوەش بوو کە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێکی تایبەت، لە دژی دەوڵەتی ئەفغانستان ڕووینەدا. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، تاڵیبان چۆن توانییان شارۆچکە جیاجیاکان داگیر بکەن؟
“تاکتیکی گرتنی شارۆچکەکان-ولسوالییەکان”
یەکەمین شارۆچکە کە تاڵیبان توانی بیگرێت و، بۆ پڕوپاگەندە سوودی لێوەربگرێت، شارۆچکەی (ئەرز)ی ویلایەتی (لۆگەر) بوو لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان. دوای کەوتنی ئەو شارۆچکەیە، ڕایانگەیاند؛ دەستدەکەن بە گرتنی شارۆچکەکەکانی تر، بە ئامانجی گرتنی کابول. دوای شارۆچکەی ئەرز، دووەم شارۆچکە کەوت، شارۆچکەی (ئەلیشەنگ) لە ویلایەتی (لەغمان) بوو کە دەکەوێتە “باشووری ڕۆژهەڵاتی کابول”، پاشان شارۆچکەی (جەلریز) کە دەکەوێتە 40 کیلۆمەتری باشووری کابول، کەوت. دوای کەوتنی ئەو سێ شارۆچکە، زنجیرەی کەوتنی شارۆچکەکانی باکووری وڵات، زیادیکرد. بە بڕوای من؛ چەند هۆکارێکی سەرەکی و گرنگ هەیە لە کەوتنی شارۆچکەکان بەدەستی تاڵیبان؛
– هاوکاریکردنی ڕیش سپی و پیاوماقوڵانی ناوچەکە لەگەڵ تاڵیبان، بۆ هاندانی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان لە بنکە و پایەگا سەربازییەکان. ئەو هۆکارە، بووە هۆی ئەوەی ئەزموونی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان بۆ بەرگریکردن لە شارۆچکەکان، بگاتە نزمترین ئاستی خۆی و لەڕووی دەروونیشەوە بێ هیوا بوون، هەر بۆیە، بەبێ شەڕ و بەرگری، ئەو شارۆچکانە، بە هاوکاری ڕیش سپی و پیاوماقوڵانی ناوچەکە، دەکەوتنە دەستی تاڵیبان.
– هاوکاری هەندێ لە نوێنەرەکانی ئەنجومەن بۆ بەدەستەوەدانی هەندێ لە بنکە سەربازییەکان و ناوەندەکانی شارۆچکەکان بە تاڵیبان، هەندێ لە نوێنەرەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەفغانستان، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لەو دەوڵەتەی لە داهاتوودا کە ئەگەریان داناوە لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بنیات بنرێ، بە بەشداری نوێنەری پاکستان و تاڵیبان، دانوستاندنی نهێنییان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی هەندێ لە شارۆچکەکانیش،؛ بەبێ شەڕ ڕادەستی تاڵیبانیان بکەن. لەلایەکی ترەوە، نوێنەرەکانی ئەنجومەن، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی ناوچەییان هەیە، ئەوا بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان، گرووپی چەکدار و نافەرمییان هەیە کە بە پاڵپشتی دارایی دەوڵەتی ئەفغانستان بەڕێوە دەچن بۆ ئەوەی هەڕەشەکان دوور بخەنەوە. بەڵام ئەو هێزانە لەجیاتی ئەوەی بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی بەکار بهێنرێن و سوودیان لێوەربگیرێت، بۆ بەرژەوەندی شەخسی بەکار دەهاتن. لە نموونەی ئەو نوێنەرانە، نوێنەرێک بەناوی (نائیب زادە) هەبوو کە تۆمەتباربوو بە هاوکاریکردنی تاڵیبان، ئەو کەسە لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، تووشی دەمەقاڵێ بووبوون لەسەر ئەو بابەتە.
– شوێنپێ قایمکردنی دەوڵەتی “ئەفغانستان” لە حاڵەتی شەڕدا کە هێزەکانی “ئەمریکا” لە ئەفغانستان کشانەوە؛ کشانەوەی لەناکاوی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هێزەکانی دەوڵەتی ئەفغانستانی خستە دۆخێکی واوە کە هەڵسەنگاندن بۆ هێزەکانی بکات و شوێنپێی خۆی قایم بکات. دەوڵەتی ئەفغانستانیش لە غیابی هێزە بیانییەکان، نەیدەتوانی سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵیبان بێت، بەڵکو سەرەتا شوێنپێی خۆی قایم دەکرد، پاشان هەڵسەنگاندنی وردی لەسەر زەوی دەکرد تاوەکو بتوانێت، شارۆچکە داگیرکراوەکان وەربگرێتەوە. بەو شێوەیە؛ دەوڵەتی ئەفغانستان، سیاسەتی (پاشەکشەی تاکتیکی) بەکار هێنا تاوەکو بتوانێت، بە هێزێکی تۆکمەوە، بپەرژێتە سەر بەدەستهێنانەوەی شارۆچکە داگیرکراوەکان.
– نەبوونی پاڵپشتی لۆجستیکی و ئابووری بۆ هێزەکانی ئاسایش لە ناوچە دوورەدەستەکان؛ یەکێکی تر لە هۆکارەکانی کەوتنی شارۆچکەکان، نەبوونی پاڵپشتی لۆجستیکی و ئابووری بوو بۆ هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە دوورە دەستەکاندا، کە دەوڵەتی ئەفغانستان بەهۆی گیرۆدەبوونی بە کێشە سەرەکییەکان و شوێنپێ قایمکردنی، لەدوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ڕووبەڕووی بوویەوە.
“لەپاش کەوتن! سوودوەرگرتنی دەوڵەتی ئەفغانستان لە ئەزموونی پێشمەرگەکانی کورد”
دوای ئەوەی کەوتنی شارۆچکەکان ڕێڕەوی ستوونی وەرگرت، دەوڵەتی ئەفغانستانیش بە سوودوەرگرتن لە توانای هێزی هاوڵاتیان لەژێر چەتری هێزە ئەمنییەکان، هەلی ئەوەیان هەبوو شارۆچکە داگیرکراوەکان بەدەست بهێنێتەوە. وا پێدەچێ کە دەوڵەتی ئەفغانستان سوودی لە ئەزموونی “پێشمەرگەکانی کورد” لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە باکووری (ئێراق و سووریا)، وەرگرتبێت. لەبەر ئەوەی لەپاڵ ئەوەی هێزە ئەمنی و فەرمییەکانی دەوڵەتی ئەفغانستان، لەکاتی ڕووبەڕوبوونەوە بۆ گرتنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان لەلایەن تاڵیبانەوە، سوودی لە هێزە نافەرمییەکان و هاوڵاتیان وەرگرتن بەناوی (ڕاپەڕینی خەڵک)، بۆیە بە هاتنە ناوەوەی ڕاپەڕینەکانی خەڵک بۆ مەیدانی شەڕ، باڵانسی هێز بەقازانجی دەوڵەتی ئەفغانستان شکایەوە و پرۆسەی وەرگرتنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانیش دەستی پێکرد. ئەم بابەتەش خۆی بۆخۆی، متمانە و باوەڕی لای خەڵک دروست کرد و ترس و دڵەڕاوکەی خەڵکیش نەما.
بەڵام لە گۆشەنیگایەکی فراوانترەوە تەماشا بکەین؛ وا پێدەچێ دەوڵەتی ئەفغانستان هەمان ستراتیژی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ سەرکوتکردنی تاڵیبان بەکار هێنابێت. ئەم ستراتیژە، سێ ڕەگەزی سەرەکی هەیە کە ئێستا لە حاڵەتی جێبەجێکردندایە؛
– هێزە بژاردە و تایبەتەکان بۆ گرتنەوەی شارۆچکەکان و سوود وەرگرتن لە کەلوپەلی جەنگی مۆدێرن و پێشکەوتوو.
– سوودوەرگرتن لە هێزوتوانای هاوڵاتیان بەهۆی ئاشناییی ئەو خەڵکە لەگەڵ سرووشتی جوگرافی و دۆخی زەمینی.
– سوودوەرگرتن لە هێزە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنی لیزەری بە هاوکاری هێزە بژاردە و تایبەتەکان لە ئاسمان بۆ بۆردومانکردنی مۆڵگەکانی تاڵیبان.
“لە ئایندەدا چی ڕوودەدات؟”
وا پێدەچێ تروسکاییەکی ڕووناک لە دۆخی ئێستادا هەیە، بۆ گەیشتن بە ئاشتی. “تاڵیبان” سیاسەتی دووفاقی پەیڕەو دەکات، کە بە درێژایی ئەو سیاسەتە، بڕوای بە ڕێگاچارەی سیاسی بۆ دروست بووبێت، بەڵام لە ڕاستیدا، شەڕ و توندوتیژییەکانیان لە دژی دەوڵەتی ئەفغانستان، بەردەوامە. وادیارە “تاڵیبان” دەیەوێت خاڵی بەهێزی خۆی لەڕێگەی سەربازییەوە هەڵبسەنگێنێت و لەکاتی لاوازی و شکستدا؛ ڕێگاچارەی سیاسی و مێزی دانوستاندن هەڵبژێرێت. بەڵام ئەوەی ڕوونە، ئەوەیە کە خەڵکی “ئەفغانستان”، لەبەر ئەوەی ئەزموونیان لەگەڵ سەردەمی تاڵیباندا هەیە، خوازیاری گەڕانەوەی ئەمارەتی ئیسلامی نین. بەگشتی ڕقێکی زۆر لە تاڵیبان هەیە، لە لایەکی تریشەوە بۆ یەکەمین جارە لە وڵاتێکی یەکگرتوودا، ڕاوەستان لە تەک دەوڵەتدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵیبان و پارێزگاریکردن لە بەهاکانی بیست ساڵی ڕابردوودا، ڕوویداوە. هەر بۆیە؛ متمانە و پایەداریی دۆخی ئێستا، پەیوەستە بە ڕادەی هاوکاری و دەستباریی دەوڵەت و میللەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵیبان.
وەرگێڕانی/ ئەیمەن شێخ محەمەد