پەلامارە تیرۆرستییەکەی ڕۆژی سێ شەممە ١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ بۆسەر ئەمریکا، بووە دەستپێێک بۆهەڵگیرساندنی ئاگری درێژترین جەنگ لەمێژووی ئەمریکادا.دوابەدوای ئەوەی “ئوسامە بن لادن” سەرۆکی ڕێکخراوی “تیرۆرستی قاعیدە” بەرپرسیارییەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی لەئەستۆگرت، کەلەوکاتەدا لە “ئەفغانستان” و لەلایەن دەسەڵاتدارانی تاڵیبان-ەوە داڵده درابوو و ڕەتیان کردەوە ناوبراو ڕادەستی ئەمریکا بکەن. لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١ بەسەرکردایەتی ئەمریکا و بەبەشداری ٤٠ وڵات جەنگ لە “ئەفغانستان” دەستی پێکرد و لەکانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە دەسەڵاتی “مەلا عومەر” و بزووتنەوەی “تاڵیبان” لەئەفغانستان هێنرا. لێرە بەدواوە بزووتنەوەکە، ئەنجامدانی کردەوەی تووندو تیژی و هێرشی خوێناوی و خۆکوژی کردە ستراتیژی نویێ بەرەنگاریی و بەردەوام بوو لە خوڵقاندنی ئاڵنگاری ئەمنی و سیاسی لەو وڵاتە. لە ساڵی ٢٠١٤ ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕووی جەنگەوە کۆتایی پێهات، تەنیا لەژێر ناوی مەشق و ڕاهێنان بەهێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان لەو وڵاتانەوە، لەو کاتەوە؛ ئەمریکا ئەرکی جەنگی و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە و پێگەکانی تاڵیبان ئەنجام ئەدات. لە میانەی ئەم جەنگە ٢٠ ساڵییەدا، قەبارەی زیانە مرۆییەکانی “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا” بریتی بوو؛ لە کوژرانی زیاتر لە ٢٣٠٠ سەربازی ئەمریکی و بریندار بوونی نزیکەی ٢٠٦٦٠کەس. ئەمە وێڕای زیانی مرۆیی سووپای وڵاتانی هاوپەیمان لەلایەك و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان و هاوڵاتیانی سڤیل لەلایەکی تر کە بەدەیان هەزار کەس مەزندە دەکرێت. لەڕووی ئابوریشەوە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی براونی( brown ) ئەمریکی، هەتا ساڵی ٢٠٢٠ ویلایەتەیەگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی ٩٧٨ ملیار دۆلاری لەجەنگەکەدا خەرجکردووە.
بەردەوامی و درێژبوونەوەی جەنگ و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە ئەفغانستان وایکرد حکومەتی ئەمریکا خۆی لەبەردەم کۆمەڵێک فشاری فرەچەشن دا ببینیێتەوە و بیر لە ڕێگەیەکی تر بکاتەوە بۆ کۆتایی هێنان بەم خوێنبەربوونە ماددی و مرۆییەی کە گەل و حکومەتی ئەمریکای بەتەواوی ماندوو کردبوو، ئەویش ڕێگه چارەی دیبلۆماسی بوو. لەپێناوەدا ساڵی ٢٠١١ دانیشتنی نێوان دیبلۆماتە ئەمریکییەکان و نوێنەرانی بزوتنەوەی تاڵیبان دەستی پێ کرد لە وڵاتانی؛ قەتەر و ئەڵمانیا، بەمەبەستی هێنانەکایەی ئاشتی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەئەفغانستان، سەرەنجام لە دوای نۆ خولی دانوستان لەنێوان حکومەتی (ئەمریکا و تاڵیبان) لەقەتەڕ هەر دوولا گەیشتنە ڕێکكەوتن لەسەر کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی “ناتۆ” لەو وڵاتە لەماوەی ١٤ مانگدا. کشانەوەکە دەستی پێ کردو لەدواین پێشهاتدا “ئەمریکا” بنکەی ئاسمانی باگرامی ڕادەستی حکومەتی ئەفغانستان کرد، لای خۆیەوە “جۆبایدن” سەرۆکی “ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا” ڕۆژی یانزەی سێپتەمبەری ئەم ساڵی وەک دواین وادە بۆ کشانەوەی کۆتای هێزەکانیان لەئەفغانستان دیاریکرد.
بەڵام پێشێلکردنی ڕێکكەوتنەکە لەلایەن تاڵیبانەوە؛ بە دەست بەسەرداگرتنی ناوچەیەکی بەرفراوان لەو وڵاتە وایکردووە ئیدارەی بایدن، بکەوێتە نێوان دوو بژاردە؛ یان کشانەوەی هێزەکانیان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا،کەڕێخۆشکەر دەبێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەکی فراوانتر لەلایەن تاڵیبانەوە، یاخود مانەوە و هاوکاریکردنی سووپاو حکومەتی ئەفغانستان، لەپێناو بەردەوامی گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان تاڵیبان و حکومەت، کەئەمەش دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرش و پەلامارەکانی تاڵیبانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و درێژبوونەوەی جەنگەکەیە،کە ئەمەش بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکیەکانەوەیە و هەروەک بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئاشکرایان کردووە کە بڕیاری کشانەوەیان لەئەفغانستان بڕیارێکی حەتمییە. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەفغانستانی دوای کشانەوەی ئەمریکایە و ئەو ئەگەرانەی چاوەڕوان دەکرێت ڕووبدەن لەداهاتوو، بەڕای زۆرینەی چاودێران و بە پشت بەست بەپاشخانی ئایدۆلۆژی و مێژووی بزوتنەوەی تاڵیبان و بەتایبەت لەم کاتەدا، کە مەبهستی سەرکەوتنێکی هەم سیاسی و هەمیش سەربازی کەم وێنەیە، چاوەڕوان ناکرێت بزووتنەوەکە کێکی دەسەڵات لەگەڵ هیچ یەکێک لە لایەنە ناوخۆیەکانی تری وڵاتەکەی بەشبکات و بە حکومەتی شەرەکات قایل ببێت، بەڵکو ئەوەی چاوەڕوان دەکرێ هەڵگیرسانی جەنگێکی ناوخۆیی خوێناویە لەپێناو دەستبەسەرداگرتنی تەواوی وڵات لەلایەن تاڵیبان-ەوە و دووبارە بوونەوەی سیناریۆیی هاوشێوەی وڵاتی لیبیایە.