موحسین مه‌خمه‌ڵباف ده‌رهێنه‌ر و نوسه‌ر و چالاكوانێكی ئێرانییه . خاوه‌نی 27 چیرۆك ، 20 فیلمی ماوه‌درێژ و ، 4 فیلمی دۆكیومێنتاری ، 5 كورته فیلمه، له 10 وڵاتی جیاواز فیلمی به‌رهه‌مهێناوه، خاوه‌نی 50 خه‌ڵاتی جۆراوجۆره، له 15 فستیڤاڵ‌دا فیلمه‌كانی به‌شداری كردووه و له ساڵی 2005 ـه‌وه ئێرانی جێهێشتووه ، ئه‌مه به‌شێكی كورته له چاوپێكه‌وتنێكی درێژ له‌گه‌ڵ گۆڤاری “four by three”
• له ده‌ستپێكی نوسینتدا له زیندان دوای ته‌واوكردنی سزاكه‌ت ڕووتكرده درووستكردنی فیلم ، نهێنیی ئه‌وه چی بوو؟
مه‌خمه‌ڵباف: كه منداڵ بووم كاریگه‌ریی خێزانه‌كه‌مم له‌سه‌ر بوو. هه‌رگیز نه‌ده‌چووین بۆ سینه‌ما، باپیره‌م توندڕه‌وێكی ئاینی بوو ، وای ده‌زانی گه‌ر بچینه سینه‌ما ئه‌وا خودا ده‌مانخاته دۆزه‌خه‌وه، هۆكاری نه‌چوونم بۆ سینه‌ما ئه‌وه بوو. پاش ده‌رچوونم له زیندانی سیاسی، كتوپڕ هه‌لم بۆ گونجا بچمه سینه‌ما و ته‌ماشای فیلم بكه‌م، هه‌بوونی توانا و بینینی فیلم به ڕه‌نگاوڕه‌نگی په‌رچوو بوو. چونكه پێش زیندانیكردنم ته‌نها دوو فیلمم بینی بوو. به‌ڵام پاش شۆڕش ته‌مه‌نم بیست‌ودوو ساڵ بوو، سینه‌مام كه‌شفكرد و دركم به‌وه‌كرد باشترین ئامرازه بۆ چیرۆكه‌كانم و تاره‌كانم به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ده‌گاته كۆمه‌ڵگا. سینه‌ما له هه‌رشتێكی دیكه زیاتر بابه‌ته‌كان پیشانده‌دات، بۆ نمونه ئه‌ده‌ب یه‌ك شێوازی هونه‌ره به‌ڵام سینه‌ما تێكه‌ڵه‌یه‌كی هونه‌ره جیاوازه‌كانه، مۆسیقا، شانۆ، نواندن، وێنه‌گرتنی سینه‌مایی و فۆتۆگرافی دیكۆر و ئه‌ندازیاریی ده‌نگه .
70 فیلمی دیار له ئێران‌دا درووستكراوه پێش شۆڕش به‌ڵام دوایی شۆڕش فیلمی ئێرانی گه‌یشته هۆڵیوود. له ماوه‌ی شۆڕشدا سینه‌مای ئێرانی خێرا مرد، یه‌كه‌م شت هێرشی ئێرانییه‌كان بۆ سه‌ر سینه‌ما بوو، چه‌ند فیلمێكی كه‌میش هه‌بوون وه‌ك ئه‌وانه‌ی تاركۆڤسكی، شه‌پۆلی هه‌ندێك فیلمی فه‌ڕه‌نسی و فیلمه ڕیالیستییە ئیتالییه نوێیه‌كان. سینه‌مامان نه‌بوو ، پێویستمان به سینه‌ما بوو. بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێی هه‌ندێك بۆچوون و ئه‌و شێوازه‌ی ده‌توانین ببینه ئامرازێك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بگاته تاك به تاكی كۆمه‌ڵگا یاخو له‌ڕێگه‌ی ئه‌ده‌به‌وه له مه‌جالێكی فراواندا ، له‌به‌ر ئه‌وانه بڕیارم دا ببمه ده‌رهێنه‌ر .
• هه‌ندێك له فیلمه‌كانت ڕه‌گه‌زێكی چیرۆكی ژیانی خۆتی تێدایه، به تایبه‌ت له هه‌ردوو فیلمی(نون و گلدون) “A Moment of Innocence” و “Boycott” كه ئه‌م فیلمانه ده‌بینیت تێده‌گه‌یت ژیانی خۆتن. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه چۆن چیرۆكه‌كانی ژیانی خۆت فیلمیان لێ درووستده‌كه‌یت چۆن تیشك ده‌خه‌یته سه‌ری؟
• مه‌خمه‌ڵباف: نزیكه‌ی سی فیلمم به شێوه‌ی جیاواز و بابه‌تی جیاواز و له ده شاری جیاواز درووستكردووه، تۆ ڕاستده‌كه‌یت. كه‌مێك له فیلمه‌كانم به‌شێك له ژیانی خۆمی تێدایه كردوومه‌ته مه‌شهه‌دێكی هونه‌ری، یه‌كێك له‌وانه فیلمی “A Moment of Innocence” كه ئامۆژگاریی منه بۆ كۆمه‌ڵگا. هه‌میشه كه گه‌نج بووم ڕه‌خنه‌ی خۆمم كردووه به شێوه‌یه‌كی هاكه‌زایی و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ڕه‌خنەم له شۆڕش گرتووه، چونكه زۆر گرانه بتوانیت به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه له شۆڕش بگریت، له‌وێدا هه‌وڵمداوه چیرۆكی كه‌سێتیی ژیانی خۆم تێپه‌ڕێنم، و ڕووبكه‌مه گرفتێكی له‌وه گه‌وره‌تر كه ئه‌ویش توندوتیژی له شۆڕش دا ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه.
سینه‌ما به‌شێكی گه‌ورەی ژیانی منه، له‌گه‌ڵ ته‌واوی خێزانه‌كه‌م فیلم درووستده‌كه‌ین. سینه‌ما به‌شی ژیانی هه‌موو ڕۆژێكی منه، تاك تاكی بنه‌ماڵه‌كه‌م له سینه‌مادا كارده‌كه‌ن تۆ نا‌توانیت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ژیانه‌دا بژیت، ژیانی من دابه‌شبووه بۆ هه‌رسێ به‌شی ” سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و سینه‌ما”، هه‌رسێكیان پێكه‌وه له‌ناو سه‌رمدا به یه‌ك ئاراسته ده‌ڕۆن.
• به تایبه‌ت له هه‌ر سێینه‌ی فیلمه‌كانی “Once Upon A Time, Cinema, The Actor & Hello Cinema” سینه‌ما و كۆمه‌ڵگا ئه‌م به دوای یه‌كدا هاتنه چۆنه؟
مه‌خمه‌ڵباف: له‌و سێینه سینه‌ماییه‌دا و له “Hello Cinema” له بینه‌ر وردده‌بێته‌وه كه چه‌ند چینێكه، چینی یه‌كه‌م سینه‌ماییه و چینی دووه‌ه‌م سیاسییه، چونكه ته‌له‌فزیۆنه ئێرانییه‌كان درۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ڕاستییه‌كان به هاونیشتیمانیی ئێرانی ناڵێن و من به‌رپه‌رچی ئه‌مه‌م داوه‌ته‌وه به سینه‌ما و له‌ڕێی ته‌له‌فزیۆنه‌وه ئه‌و ڕاستیه بڵێم كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت و بده‌م له ناڕاستی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی ئێران. تیڤییه ئێرانییه‌كان وێنه‌ی ته‌نها خواپه‌رستی یان توندوتیژیی ئێرانییه‌كان ده‌گرن له‌كاتێكدا ئه‌وان له ماڵه‌كانی خۆیاندا، ده‌خۆنه‌وه و سه‌ماده‌كه‌ن و گۆرانی ده‌ڵێن و خه‌ون به ئازادبوونه‌وه ده‌بینن.
له فیلمی(سلام سینما) “Hello Cinema” بڕوانه ئه‌و دوو ئافره‌ته بچوكه به هێزه، هێزی ئه‌وان نیشانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌هێزی ژنان و ئافره‌تانی ئێرانه كه له‌ژێر فشاردا حه‌قیقه‌ت دەدركێنن. بۆیه قه‌ده‌غه‌كردنی سینه‌ما له ئێران قه‌ده‌غه‌كردنی ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی و ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌كانه له‌به‌ر ئه‌وه فیلمی “Hello Cinema” ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی و تامه‌زرۆیی خه‌ڵكی ئێرانه بۆ سینه‌ما فیلمێكه ده‌رباره‌ی حه‌قیقه‌تی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی هاونیشتیمانیانی ئێران . له فیلمی “The Actor” باسی هونه‌رمه‌ندان و بارودۆخیانم كردووه، ئه‌كته‌رێكمان هه‌یه ده‌یه‌وێت نواندنێكی داهێنه‌رانه بكات، به‌ڵام بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی وا ده‌كات ناپه‌سند بێت و له فیلمی “A Moment of Innocence” گفتوگۆیه ده‌رباره‌ی هونه‌ر و سیاسه‌ت.
• به بۆچوونی تۆ ئه‌رك و ڕۆڵی سینه‌ما چیه به شێوه‌یه‌كی گشتی؟
مه‌خمه‌ڵباف: پێموایه سینه‌ما توانای گۆڕینی كۆمه‌ڵگای هه‌یه، به‌تایبه‌ت له وڵاتێكی وه‌ك ئێران‌دا و گومان له‌وه‌شدا نیه ئەنته‌رنێت سینه‌مای كوشت و بینه‌ر كه‌متر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆڵه‌كانی سینه‌ما. هێشتا له ئێران‌دا خه‌ڵكانێكی زۆر ڕۆژانه ده‌چنه سینه‌ما ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ئێران سینه‌ماو هه‌ندێك فیلم قه‌ده‌غه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌یه ئێرانیه‌كان هونه‌ردۆست و سینه‌مادۆستن و هونه‌ریان خۆشده‌وێت، چونكه ئێمه وه‌ك ڕۆژاواییه‌كان هێنده زانستی نین و خاوه‌نی ته‌كنیكێكی به‌رز نین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی وایكردووه ڕووبكه‌ینه سینه‌ما، شیعر و فه‌لسه‌فه بووه.
• كه‌واته ڕۆڵی ده‌رهێنه‌ر یاخود هونه‌رمه‌ند ده‌رباره‌ی ئه‌وان ( پیاوان و ئافره‌تان ) چیه؟
مه‌خمه‌ڵباف : بێگومان حه‌زناكه‌م هونه‌ر ته‌نها له پێناو هونه‌ردا بێت چونكه ئێمه هێشتا له سه‌رده‌می جه‌نگدا ده‌ژین و ملیۆنان كه‌س له‌ژێر فشار و زۆرلێكردندا ده‌ژین، سه‌دان كه‌س ڕۆژانه كاره‌كانیان له ده‌ستده‌ده‌ن، له‌م دۆخه‌دا نابێت ئێمه ته‌نها له پێناو هونه‌ر و پاره و ناوبانگ ئه‌مانه بكه‌ینه فیلم، به‌ڵكو سینه‌ما ئامرازێكه وه‌ك چه‌كێك ده‌بێت به گژ ئه‌و دۆخانه‌دا بچێته‌وه، چه‌ك ده‌توانیت ئاراسته‌ی ته‌نها كه‌سێكی بكه‌یت به‌ڵام ده‌توانیت سینه‌ما ئاراسته‌ی ته‌واوی جیهانی بكه‌یت، له‌ڕێگه‌ی سینه‌ماوه ئه‌و زانین و مه‌عریفه‌یه ئاراسته‌ی من وه‌ك تاكه‌كه‌س و كۆمه‌ڵگا به ته‌واوی ده‌كه‌یت، سینه‌ما خۆشه‌ویستی و هونه‌ره، داهێنان و به‌رپرسیاریه‌تییه به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگا و مرۆڤ، بۆ نمونه ئه‌و جه‌نگه ببینه له سوریا كه له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا ملیۆنان كه‌س كوژران و ملیۆنانی دیكه‌یشیان بوونه په‌نابه‌ر و له نائارامییدا هه‌ڵهاتن ، من ده‌پرسم چه‌ند فیلم ده‌رباره‌ی جه‌نگ له سوریا به‌رهه‌مهات؟ چه‌ند فیلم كه ئه‌و بارودۆخه پیشانبدات، چاره‌سه‌ر پیشانبدات؟ ئه‌وه نه‌ك ته‌نها كێشه‌یه‌كی سیاسییه به‌ڵكو گرفتی ئێمه‌ی سینه‌ماكاره و لێی به‌رپرسیارین هه‌ر بۆیه سینه‌ما ئامرازێكی گرنگه بۆ پێشكه‌شكردنی شتێكی ڕاسته‌قینه‌تر و ڕاستگۆتر و گۆڕینی بارودۆخمان.
ئێمه زۆر كه‌ناڵمان هه‌یه كه ته‌نها هه‌واڵێك یاخود بابه‌تێك پێشكه‌شكده‌كات و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و باسه فه‌رامۆشده‌كات، بۆ نمونه له ساڵانانی ڕابردوودا ته‌نها بۆ چه‌ند مانگێكی كه‌م تیشك خرایه سه‌ر دواهه‌مین پێشهاته‌كانی ئه‌فغانستان و ئیدی باسی لێ نه‌كرایه‌وه، كه له‌ڕاستییدا تا ئێستاش ئه‌فغانستان زۆر گرفتی هه‌یه، سینه‌مایش ده‌توانێت شتێك پیشانبدات و ده‌یان شتی دیكه بشارێته‌وه. من له ساڵی 1999 خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنان و درووستكردنی فیلمی “قه‌نده‌هار” بووم، له ئه‌فغانستان كه تا ئه‌و كاته كه‌س ئه‌و وڵاته‌ی له بیر نه‌بوو كه‌س ده‌رباره‌ی قسه‌ی نه‌ده‌كرد و باسنه‌ده‌كرا و جیهان ئه‌فغانستانی له‌یادكردبوو، ئێمه به نهێنی له‌وێ بووین و به چاوی خۆم دیم 20 هه‌زار كه‌س له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا مردن و ته‌نانه‌ت ده‌نگوباسه‌كه‌یشم بڵاونه‌كرده‌وه خۆمان ده‌مانبینی و تووشی شۆك و سه‌رسوڕمان هاتبووین. خه‌ڵكی له برساندا ده‌مرن به‌ڵام ته‌له‌فزیۆنه‌كان زیاتر تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر هه‌واڵێكی وه‌ك مردنی ” مایكڵ جاكسن”، گه‌وره‌ی ده‌كه‌ن و بایه‌خی پێده‌ده‌ن. سینه‌ما توانای پیشاندانی شتگه‌لێكی هه‌یه كه ونبووه و فه‌رامۆشكراوه، كاتێك به قووڵی به شوێنی‌دا ده‌گه‌ڕێیت ده‌زانیت كه مانا و ڕاستی دیكه‌یشی هه‌یه، ئێمه پێویسته سینه‌ما به‌كاربهێنین به شێواز و رێگایه‌كی باشتر، خه‌ڵكی بۆ سینه‌ما نامرن به‌ڵام سینه‌ما ده‌توانێ بمرێت له‌پێناو مرۆڤایه‌تیدا و خۆی بكاته قوربانی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین گه‌نج ده‌بینم ته‌نها وه‌ك ناوبانگ سینه‌ما درووستده‌كه‌ن به‌ڵام ئه‌مه مه‌به‌سته ڕاسته‌قینه‌كه‌ی سینه‌ما نیه.
• به‌ده‌ر له سینه‌ما تۆ چالاكوانێكی چالاكی له بواری مافی مرۆڤدا و خاوه‌نی كۆمه‌لێك خه‌ڵاتیت، له فیلمی دۆكیۆمێنتاری “Afghan Alphapet” یاسا و ژیان و كاریگه‌رییه كۆمه‌ڵایه‌تییه ڕاسته‌قینه‌كانی ژیانی منداڵانی ئاواره‌ی ئه‌فغانی_ئێرانی پیشانده‌ده‌یت، چ په‌یوه‌ندییه‌ك ده‌بینیت له نێوان سیاسه‌ت و سینه‌ما؟
مه‌خمه‌ڵباف: من فیلمی هه‌مه‌جۆر به‌رهه‌مده‌هێنم بۆ نمونه فیلمه‌كانی وه‌ك “Gabbeh” و “Silence” ڕاسته باگراوەندێكی سیاسی‌یان هه‌یه به‌ڵام فیلمی فه‌لسه‌فییشم هه‌یه وه‌ك فیلمی ” سێكس و فه‌لسه‌فه” كه له‌وێدا باسی مرۆڤ و پاڵنه‌ره سێكسیه‌كان ده‌كات به تایبه‌تی. پێم خۆش بوو ئه‌وه پیشانبده‌م كه چۆن مرۆڤ، یه‌كتر به‌كارده‌هێنن یاخود به‌رهه‌ڵستی یه‌كتر ده‌كه‌ن له‌پێناو پێداویستییه فیسۆلۆژییەكانی (سێكسییه‌كانی)دا كه له‌كاتێكدا به ته‌نهان . هه‌ر چۆنێك ته‌ماشا بكه‌یت ده‌بینیت په‌یوه‌ندی بوونی هه‌یه له‌نێوان سینه‌ما و هونه‌ر ، سینه‌ما و سیاسه‌ت ، سینه‌ما و فه‌لسه‌فه ، سینه‌ما و كۆمه‌ڵگا ، كاتێك بارودۆخی سیاسی خراپه، فیلمی سیاسی درووستده‌كه‌م، به‌پێچه‌وانه‌وه كه بارودۆخی سیاسی باش بێت زیاتر ده‌رباره‌ی تاك و كۆمه‌ڵگا فیلم درووستده‌كه‌م.
• پێتوایه په‌یوه‌ندییه‌كی سرووشتی هه‌یه له‌نێوان سینه‌ما و فه‌لسه‌فه‌دا؟
مه‌خمه‌ڵباف: سینه‌ما چیه؟ سینه‌ما شتێك درووستده‌كات له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه و كۆمه‌ڵێك مرۆڤی تر خۆیانی تێدا ده‌بینن و به‌ناو ئه‌و شته‌دا نوێیه‌دا ده‌ڕۆن، هه‌ر شتێك له سینه‌ما یان له مرۆڤدا هه‌بێت دواجار نوێنه‌رایه‌تیی ژیان ده‌كه‌ن و بۆیه ئێمه شێوه جیاوازه‌كانی سینه‌مامان هه‌یه، به‌ڵام له هه‌ر به‌شێكیدا گیان و بارودۆخی مرۆڤ ده‌بینیت، له زانكۆ و ئه‌كادیمیاكاندا فه‌لسه‌فه بۆ قوتابیه‌كان سنوردار نیه و هه‌ر بۆیه په‌یوه‌سته به‌و ڕێگایه‌ی ئێمه پیایدا ده‌ڕۆین و ده‌یبنین و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی یه‌ك دادەنێین، چی ده‌بینین و پرسیار ده‌كه‌ین كه “بۆچی” ڕوویدا، چونكه هه‌ر ئه‌و “بۆچی”یه دێته‌وه سه‌ر ڕێگه‌كه و فه‌لسه‌فه له‌وێوه ده‌ستپێده‌كات. فیلم قووڵ تیشك ده‌خاته سه‌ر فره‌یم به فره‌یمی باسه‌كان هه‌تا دیاریكردنی شوێنه‌كانیش كه بۆ ده‌رهێنانی فیلمه‌كه ده‌ستنیشانده‌كرێت و … هتد. واتا به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو هونه‌ره‌كه ئاماژه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیین و واتایه‌كی فه‌لسەفییمان ده‌داتێ. پێموانیه جیاوازییه‌كی زۆر له نێوانیاندا هه‌بێت به‌ڵام .هه‌ندێ جار به هۆی سیاسه‌ته‌وه شته‌كان له ناو سینه‌مادا ونده‌بێت
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه؛ هێمن عوسمان عه‌بدولڵا