+ بەڕێز كیم ئێوە جارێك وتتان كە خاڵی دەستپێكی فیلمەكانت “ڕق” ە … ئەوە چ جۆرێكی ڕقە كە وا دەكات فیلمێكی نوێ بەرهەم بهێنیت؟
.
-ئەو وشەیەم لە كۆنتێكستێكی فراواندا بەكار هێناوە ، لە ڕاستیشدا پێم وانییە ئەو وشەیە لە دەرەوەی ئەو كۆنتێكستە بێت ، جۆری ئەو “ڕق” ە ی من لە بارەیەوە قسەم كردووە ، مەبەستم كەسێك یان شتێكی دیاریكراو نەبووە تا ئاراستەی ئەو كەسە بكرێت . لەجیاتی ئەوە با پێت بڵێم چۆن هەست بەو “ڕق” ە دەكەم من ڕۆژانە ژیان دەگوزەرێنم و شتگەلێك دەبینم و لێی تێ ناگەم ، ئەوەیە دەبێتە “ڕق” و فیلم دروست ئەكەم ، ئەی بۆچی فیلم بەرهەم ئەهێنم ؟ تاوەكو بتوانم تێ بگەم ، ئاوا باشترە قسە بكەین دەربارەی “ڕق” نەك بە هەڵە تێ بگەن .
+ ئەوە چییە كە تۆ ویستووتە لە جیهان تێبگەیت لە ڕێگای خەڵكانێكی ڕەفتار خراپەوە ؟
.
-زۆرجار هەوڵمداوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، هەرچەندە هەموومان وەك یەك لە دایك ئەبین یەكسانین لە ماف و لە سیفاتماندا ، لەگەڵ ئەوەشدا دابەشبووین بەسەر چەند شێوازێكدا ، ئایا داد پەروەرانەیە لەسەر شێوەی ڕوخسارمان و لەیەك چوون و لە یەك نەچوون و جوانی و ناشرینیمان بڕیارمان لەسەر بدرێت؟ بۆچی، بۆ ئێمە گرنگە باشبین یان ناشرین؟ پارەمان هەبێ یان نەمانبێ ؟ بە گوێرەی ئەو پێوەرانەیە كە لە دوایی لە دایكبونمان لەسەرمان ئەدرێ و دابەشمان ئەكات بەسەر چەند ڕیز و چینێكی كۆمەڵایەتی جیاوازدا، ئەوەش وا دەكات ناتوانین لەگەڵ هەندێكماندا هەڵبكەین . بۆیە ویستوومە پرسیار لە “مەحاڵ” بكەم دەربارەی ئەو چینە كۆمەڵایەتیەی وا دەكات تەنیا بین ، و ئەو چینانە لە تەواوی جیهاندا رێك بكەم.
+ وەڵامی پرسیارەكەی منت نەدایەوە ؟
.
-وەڵامەكەی من ئەوەیە ، هەر مرۆڤێك دەبێ جێگەی ڕێز بێ بۆ ئەوی دیكە، بێ گوێدانە چینی كۆمەڵایەتی، ئەوە وەڵامی منە. مەبەستم لە دروستكردنی فیلم ، ئاراستە كردنی ئەم پرسیارەیە بۆ خەڵكی و دڵنیام هەر یەكێك وەڵامێكی تایبەتی بۆ ئەمە هەیە
.
+ لە فیلمەكانتدا خەڵكێكی ڕەفتار خراپی تێدایە و بێ دەنگە ، كاراكتەرێكی بێ قسە ، توانای نییە گوزراشت لە هەستەكانی بكات . بەڵام لە ڕەفتاریشدا وا دەردەكەوێت توند و تیژە ، هۆكاری ئەم بێدەنگییە چییە ؟
.
-هۆكاری ئەوەی لە فیلمەكانی مندا خەڵكانێكی تێدایە قسە ناكەن ئەوەیە كە شتێك هەیە بە قوڵی برینداری كردوون ، متمانەیان بە كەسێك هەبووە و بەڵێنی نەبردووەتە سەر و وێرانی كردوون ، ئەوان وشەیەكی وەك ” خۆشم دەوێیت” یان پێ گوتراوە و لە ڕاستیشدا وا نەبووە و مەبەستی نەبووە خۆشی بوێ ، بۆیە بە جارێك بیر و باوەڕی لە دەستداوە و لە قسە كردن وەستاوە. هۆكاری ئەوەیشی توندوتیژ ئەبن ، من وا بە باشی ئەزانم بە زمانی جەستە لێی تێ بگەیت و بانگ بكرێ . حەز ئەكەم زیاتر بیر لە كاراكتەرەكانم بكەیتەوە ، تا ئەوەی بە دەربڕین شتت پێ بڵێت ، نەك ببێتە جۆرێكیش لە توندوتیژییەكەی نێگەتیف .
برین و جێگە برینەكان لە فیلمەكانی مندا نیشانەی بەسەرهاتگەلێكی زۆرن كە خەڵكانێكی گەنجی تێدایە و بە ناویدا ئەڕۆن و ناشتوانن وەڵام بدەنەوە، چونكە بە جۆرێك بەر زەبرێكی دەرەكی دەروونی كەوتوون . ئەوان ناتوانن پارێزگاری لە گیانی خۆیان بكەن لە هەر هەڵسوكەوتێكی خراپ بەرامبەریان ئەكرێ ، بۆنمونە ئەوان هەڵسوكەوتی خراپی دایك و باوكیان دەبینن یان قسەگەلێكی جەرگبڕ و ناخۆش دەبیستن لە كاتێكدا شەڕ ئەكەن ، یاخود كەسێك دەكێشێ بەسەریاندا ، تۆ بێ دەسەڵاتیت و هیچ شتێكت پێ ناكرێ بۆی ، ئەم چیرۆك و قسانە دەمێننەوە و دەبنە برین و ئازار و ، خەڵكانێكی پێ بریندار ئەبێ ، منیش لە ڕابردوودا ئەو ژیانەم هەبووە هەندێك گەنج لە من منداڵتر بوون ، بە هێزتریش بوون، لێیان داوم و نەمتوانیوە بەرگری بكەم ، هەركاتێك لەسەر كەشتی بووم سەربازی پلە بەرزی تێدابووە و لێی داوم ، ئەمانە و چەندانی دیكە وا ئەكات لە خۆم بپرسم بۆچی ئەمانە پێویستە؟
ئەم پرسیار و چیرۆك و نهێنیانە مانەوە تا من بوومە دەرهێنەر و ئێستا لە ڕێگەی فیلمەوە گوزراشتی لێ ئەكەم و ئەوە و هەر هەستێكی ترم هەبێ بە فیلم پیشانی ئەدەم .