.
.
گفتوگۆیه‌كی كورت له‌گه‌ڵ سۆسیۆلۆگ و فه‌یله‌سوفی پۆستمۆدێرنی فه‌ڕه‌نسی ” ژیل لیپۆڤیتسكی”، نووسه‌ری كتێبی (ئیمپراتۆریه‌تی مۆده؛ پۆشته‌كردنی دیموكراسی هاوچه‌رخ).
ئێمه؛ هه‌موومان به‌كاربه‌ری جوانیین، بازاڕێك مه‌به‌ست لێی ووروژاندنی ئێمه‌یه. ئێمه زیاتر له‌ناو ئه‌زموونی جوانیناسیدا ده‌ژین، كه خێرا و چالاك و ڕووكه‌شگه‌رایه، وه‌ك سمارت فۆن. ئه‌وه یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌كییه‌كانی جیهان.
•سه‌رمایه‌داری هونه‌ری، ده‌ربڕینێكه تۆ داتهێناوه بۆ وه‌سفكردنی ئه‌و شێوازه‌ی هونه‌ر ڕۆڵی خۆی له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گۆڕێ، كتومت مه‌به‌ستت له‌م ده‌ربڕینه چییه؟
ژیل لیپۆڤیتسكی:- “سه‌رمایه‌داری هونه‌ری” به‌رهه‌مهێنانی داهێنانه له چوارچێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئابووری و كولتووریدا، ئه‌م تێڕوانینه نوێیه ده‌بێته هۆی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له به‌های به‌كاربردن، ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامدا كه‌متر په‌یوه‌ندی به به‌رهه‌مه‌كانه‌وه هه‌یه و زیاتر په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندی به ئه‌زموونه‌وه هه‌یه، وه‌رگرتن و به‌ده‌ستخستنی ئه‌زموون ڕۆڵی ناوه‌ندێتی هه‌یه له كۆمه‌ڵگه‌دا. “ئابووری ئه‌زموونی” له سه‌رمایه‌داری هونه‌ریدا هه‌یه، كه به‌شوێن هه‌ست و سۆزه‌وه‌یه و له چیرۆكێكه‌وه ده‌ست پێده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له فیلمه‌كان و سه‌رشاشه‌ی تیڤییه‌كان ڕووده‌دات، یان له هه‌ڵبژاردنی فۆڕمێكی دیاریكراوه‌وه ده‌ست پێده‌كات و ڕێگه بۆ ئه‌و بابه‌ته خۆشده‌كات ئێمه له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا پێی ده‌ڵێین؛ جوانی. ئه‌م جۆره ئابوورییه له هه‌موو شوێنێكه، نه‌ك ته‌نیا له پیشه‌سازی كولتووری و ڕۆشنبیری یان په‌یوه‌ندییه‌كاندا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه پێشبینی ده‌كه‌ین، به‌ڵكو له‌ناو بچوكترین ئۆبێكته‌كانیشدا هه‌یه.
•ئایا مه‌ترسی و ده‌رفه‌ت، كامیان په‌یوه‌ستن به باڵاكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ست-ه؟
ژیل لیپۆڤیتسكی:- ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به “هونه‌ری سه‌رمایه‌داری”یه‌وه به‌ستراون، گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاویان كردووه له پیشه‌گه‌ر و داهێنه‌ر و هونه‌رمه‌ندان، پێی ده‌وترێ “هه‌وه‌سكاری” ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی به دیموكراسیبوونه‌وه دروست ده‌بێت، ده‌بێته هۆی ده‌ركه‌وتنی؛ دیزاینه‌ران، گۆرانیبێژ، سه‌ماكه‌ر، ئه‌كته‌ر و هونه‌رمه‌ندانی په‌یكه‌رساز و نیگاركێش و هه‌تا بێت زیاتریش ده‌بن. له‌وه‌ش سه‌رنجڕاكێشتر دیارده‌ی “سه‌رمایه‌داری هونه‌ری” شێوه‌ی چێژی وه‌رگرتووه، ئێمه‌یش به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی به‌كاربردنییه‌وه به دوای هه‌ست و سۆزی جوانیدا ده‌گه‌ڕێین.
•تایبه‌تمه‌ندی دواهه‌مین كتێبت ئه‌وه‌یه؛ به‌شێكت ته‌رخانكردووه بۆ ” سووك به‌ركه‌وتن” (ڕووكه‌شگه‌رایی له‌به‌ركه‌وتندا) شه‌ش به‌شی یه‌كه‌می یاداشتێكه بۆ هه‌زاره‌ی داهاتوو. له دیدی “ئیتالیۆ كالڤینۆ” سووك به‌ركه‌وتن وا پێناسه‌كراوه؛ به‌هایه‌ك زیاتر له خه‌وش و كه‌موكورتییه، سووك به‌ركه‌وتن بۆ تۆ چییه؟
ژیل لیپۆڤیتسكی:- من له ڕوانگه‌ی كالڤینۆ-وه كتێبه‌كه‌م دابه‌شی چه‌ند چاپته‌رێك كردووه، كه چۆن ئه‌مڕۆ “سووك به‌ركه‌وتن-ڕووكه‌شگه‌رایی” بارودۆخی ئه‌مڕۆمانی گۆڕیوه، خه‌وش و كه‌موكورتی سووك به‌ركه‌وتن هه‌میشه زیاتر به پیاوان ئاشنا بووه، وه‌ك مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گه‌مه‌كان و خه‌ونه‌كانیان، ئه‌وه‌ش ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌نثرۆپۆلۆجییه، له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا چیتر سووك به‌ركه‌وتن-ڕووكه‌شگه‌رایی په‌راوێز نییه، به‌ڵكو لۆژیكی خۆی له هه‌موو كایه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی ژیانماندا ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌گه‌ر ته‌نها بیر له ته‌كنه‌لۆژیا و ته‌كنه‌لۆژیای “نانۆ” بكه‌ینه‌وه، زیاتر وه‌زن-كێشێكی سووكمان پێشكه‌ش ده‌كات، به نزیكه‌یی كه‌ره‌سته‌كان نابینرێن، ئه‌و نمونانه‌مان پیشان ده‌دات كه چۆن سووك به‌ركه‌وتن-ڕووكه‌شگه‌رایی سه‌ر به‌خه‌یاڵ و ئه‌فسانه‌كان نییه و بووه‌ته واقیع، پێناسه‌ی ئه‌و جیهانه دیجیتاڵی و نا-ماددییه‌یه كه ئێمه تێیدا ده‌ژین.
و. لە ئینگلیزییه‌وه؛ هێمن عـوسمان عه‌بدولڵا