“چالاکیی کوردی و سەردەمی ڕیفۆرمخوازی”
قۆناغی سێهەمی جووڵاندن و جۆشدانی کورد سەردەمی چاکسازی (ڕیفۆرمخوازی) بوو، کە لەو ماوەیەدا کوردەکان دەرفەتێکی گەورەیان هەبوو بۆ گوزارش کردن لە مافە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان. ئەم ماوەیە، سەرەڕای کۆتوبەندەکانی، دەکرێ بە خاڵی وەرچەرخان دابنرێت لە بزووتنەوەی سیاسیی کورددا. گوتاری خاتەمی لەبارەی پەرەسەندنی سیاسی، حوکمی میللی، مافە مەدەنییەکان و ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتییە-سیاسییەکان مایەی سوپاسگوزاریی کوردەکان بوو. ڕیفۆرمخوازەکان زۆرینەیەکی بەرچاوی دەنگەکانی ناوچە کوردییەکانی بەدەستهێنا. لە پاش هەڵبژاردنی خاتەمی، گفتوگۆ لەبارەی مافی کەمینەکانەوە زۆر بەرفراوان بوو. سیاسەت و هەڵوێستی ڕیفۆرمخوازەکان زەمینە خۆشکەر بوو بۆ فۆرم و شێوە نەریتی و تەنانەت نائاساییەکانی بەشداربوونی سیاسیش، وەک چوونە ناو سیاسەتی پەرلەمانییەوە، گفتوگۆ کردن لەبارەی مافەکانی کوردەوە لە کایەی گشتیدا، دانوستان لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و کاندیدەکانیان، ڕێکخستنی کۆبوونەوە سیاسییەکان، نووسینی نامە و نووسراوی کراوە بۆ سکاڵا کردن لەبارەی دۆخی کوردەوە، ئیمزاکردنی سکاڵانامە، خۆپیشاندانی یاسایی و نایاسایی و کار و چالاکیی تری لەم چەشنە. ئەم چالاکییانە لە لایەن قوتابیان، ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، توێژەران، هونەرمەندان و گرووپێکی نوێی سیاسەتمەدارانی کورد ڕێکدەخران. چوار رەگەزی سەرەکی بووبوون بە مۆرک و خاسییەتی ماوەی نێوان ١٩٩٧ تا ٢٠٠٥، کەوا بریتی بوون لە جۆشدان و جووڵاندنی بەرز لە زانکۆکاندا، بەرفراوان بوونی ناڕەزایی و پرۆتێست بۆ گرووپی جۆراوجۆری زیاتر، پەرەسەندنی چالاکییە کولتوورییە جۆراوجۆرەکان و بەشداربوونی کورد لە ژیانی سیاسیی یاساییدا.
لە ماوەی حوکمی خاتەمیدا، کوردەکان هەندێ چاکبوونیان بە ژیانی سیاسیی خۆیانەوە بینی. لە ژێر کۆنترۆڵی توندی ئەنجومەنی چاودێریی دەستووردا، سیاسەتمەدارانی کورد هەڵبژێردران بۆ شەشەم پەرلەمان و چوونە ناو گرووپی پەرلەمانیی کوردەوە کە لە بیست نوێنەر پێکدەهات، کە لە ڕووی سیاسییەوە نزیکبوو لە جوولانەوەی ڕیفۆرمخوازییەوە. ئەوان هەرچەندە پێکهاتەیەکی حیزبی، ستراتیجییەتێک و ئامانجی سیاسیی درێژخایەنیان نەبوو بەڵام نوینەرە کوردەکان دەنگی گشتیی خۆیان بەکاردەهێنا بۆ ڕەخنەگرتن لە جیاکاریی دژ بە کورد و نەبوونی دەرفەت بۆ گەیشتنە دەسەڵات و سەرچاوەکان نەک تەنها لە ئێراندا بەڵکوو لە وڵاتانی تریشدا.
لەپاش چەندین ساڵی سەپاندنی کۆت و بەند بە سەر ژیانی کولتووریدا، زیادبوونێکی بەرچاو هاتە کایەوە لە چالاکیی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و کولتووری و لەنێویاندا بەرهەمهێنانی سینەمای کوردی، کۆمەڵە و ڕێکخراوی ئەدەبی، ئاهەنگ و کۆنسێرتی موزیک، کۆڕ و کۆنفرانسی ئەدەبی کوردی. دوابەدوای هەڵبژاردنی خاتەمی میدیا و ئەدەب و توێژینەوەی کوردی بووژایەوە و دە دوانزە بڵاوکراوەی کوردی و جووت زمانی (لەنێویاندا گۆڤاری هەفتانە و مانگانە و وەرزانە) ئیمتیازی چاپ و بلاوکردنەوەیان پێدرا. تا ساڵی ٢٠٠٠ ژمارەی چاپەمەنیی دەوریی کە بە کوردی و فارسی دەردەچوو گەیشتە حەوت، بە تێکڕا نزیکەی ١٤ هەزار کۆپییان لێ بڵاودەکرایەوە (تەوەکولی، ٢٠٠٤). بابەتە بڵاوکراوەکان بارودۆخی کوردیان شیدەکردەوە و باسی مێژوو، ئەدەب، موزیک و سیاسەت بە بەردەوامی لەم بڵاوکراوانەدا دەردەکەوتن.
لە کەش و هەوای دوادوایی ساڵانی ١٩٩٠کاندا، بزووتنەوەی قوتابیان زۆر کارا و چالاک بوو و هەوڵی دەدا کەرتەکانی تر جۆش بدات و ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە هۆشیار کردنەوەی شوناسی کۆمەڵگەی کوردیدا. فۆرم و شێوەی ئەو کارانەی قوتابیان بەکاریاندەهێنا لە جووڵاندن و جۆشداندا بەتەواوی نەریتی و ئاسایی بوو لە خۆپیشاندانەوە بۆ مافی مرۆڤ بۆ سکاڵانامە و کۆکردنەوەی ئیمزا. بزووتنەوەی قوتابیان دابەش بووبوو بە سەر دوو جەمسەردا لەنێوان هاوسۆزانی ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان و ئەوانەش هەروا بە سانایی تێکەڵ بە چالاکییە کولتوورییەکان بووبوون. لە ساڵی ٢٠٠٥دا یەکێتیی قوتابیانی دیموکراتییان دامەزراند. قوتابییەکان نزیکەی بیست گۆڤار و ڕۆژنامەی هەفتانە و مانگانەیان دەردەکرد و لە هەر یەکەیان چەند سەد دانەیەکیان دەردەکرد و دەبوو لە زانکۆکاندا بڵاو بکرانایەتەوە، بەڵام لەڕاستیدا، زیاد لە سێ هەزار لەم بڵاوکراوەی قوتابیانەدا لە شارە گەورە و سەرەکییەکانی کوردستاندا بڵاودەکرایەوە (بۆ نموونە، ڕاڤە و ڕۆژنامە).
هەرچەندە کوردەکان بەگەرمی بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سالی ١٩٩٧ و پەرلەمانیی شەشەمی ساڵی ٢٠٠٠یان کرد لە بەرژەوەندیی کاندیدە ڕیفۆرمخوازەکان، بەڵام خەڵکی کورد بەئاشکرا و بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد هەستیان بە نائومێدی و بێهوودەیی سیاسەتەکانی خاتەمی دەکرد. لە ماوەی ئەو خۆپیشاندانە گەورانەی کورددا کە لە نزیکەی چل شاری گەورەی ئێراندا بەڕێوەچوو، لە شوباتی ١٩٩٩دا، لە پاش دەسگیر کردنی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکە، لانی کەم ٤٠ کەس کوژران و ١٤٠ کەس بریندار بوون و ١٨٠٠ کەسیش گیران (ئینستیتیوتی کورد، ١٩٩٩: ٧). لێرەدا هەستی گشتیی خەڵکی کورد ئەوە بوو کە ڕیفۆرمخوازەکان بێدەنگییان لێکردووە و بێباک بوون لە بەرانبەرئەو ستەم و داپڵۆسینە دڕندانەیەی کوردەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە. لە پاش کەمتر لە ساڵێک ئەنجومەنی چاودێری دەستوورەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە شارە کوردییەکانی سەقز و بانە هەڵوەشاندەوە بە بێ هیچ ڕوونکردنەوە و پاساوێک. هەندێ لەو کوردانەی دانرابوون بۆ پۆستە فەرمییەکان دوورخرانەوە و بە کاربەدەستی غەیرە کورد جێگەیان پڕکرایەوە. بیجگە لەوەش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی شوباتی ٢٠٠٤دا گەلێ لە کاندیدە کوردەکان لەلایەن ئەنجومەنی چاودێری دەستوورەوە دورخرانەوە. هەڵبەت جێی سەرسوڕمان نەبوو کەوا بەشداریی دەنگدەران لە ئوستانە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٠١دا کەمیکرد، وەک لە نەخشەیەکیهاوپێچدا دەردەکەوێت.
بەهەرحاڵ، زۆربەی دەنگەکانی کورد دیسانەوە چوون بۆ خاتەمی (بۆ نموونە، ٨٧% لە ئوستانی کوردستاندا). نەخشەی 16.2 ئەوە پیشاندەدا کە ڕێژەی بەشداربوونی دەنگدەران لە ئوستانی کوردستاندا بەتەواوی دابەزیوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠٠٤دا. بەپێی تۆمارە فەرمییەکان، تەنها ٣٢%ی دانیشتووانی ئوستانی کوردستان بەشدار بوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی حەوتەمدا.
“لە ساڵی ٢٠٠٥ بەملاوە”
هەلبژاردنی مەحموود ئەحمەدینەژاد بە سەرکۆمار لە سالی ٢٠٠٥دا بە سەرەتای شەپۆلێکی نوێ دێت لە کردەوەی سیاسیی سەرکوتکەرانە لە کوردستاندا کەوا ئەو پێشکەوتنە کەم و لاوازەی لەناوبرد کە حکوومەتەکانی پێشتر بەدەستیانهێنابوو سەبارەت بە کرانەوەی سیاسی بەرانبەر بە کورد. لە سایەی حکوومەتەکەی ئەحمەدینەژاددا، چالاکییە کولتووری و سیاسییەکانی کورد هاتنە خوارەوە و ئیدارەی نوێ هەندێ لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانی داخست وەک ڕۆژهەڵات، پەیامی مەردم، ڕۆژنامە، ئاسۆ، ئاشتی، ئاوای وەخت، کازیوە، هاوار، سیروان و کەرەفتوو، هەروەها ڕۆژنامەنووسەکانیان ڕاوەدوو نران و بەندکران بە تۆمەتی “کارکردن دژ بە ئاسایش و ئارامیی نیشتمانی و بڵاوکردنەوە و برەودان بە مەسەلە ئیتنیکییەکان بە ئامانجی جیابوونەوە” (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، ٢٠٠٧، ٢٠٠٨). بێجگە لەوەش چەندین بڵاوکراوە ناچار کران دەسبەرداری چالاکییەکانیان بن بە پێی بەندی ١٦ی یاسای ڕۆژنامەگەریی ئێران و کەمیی ئامراز و پاڵپشت و هاوکاریی دارایی (ڕادیۆ فەردا، ٢٠١٥). ئەوجا داکۆکیکەران لە مافی مرۆڤ، کارمەندانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و چالاکوانان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دەسگیر کران. هەروەها چالاکیی قوتابیانیش کەمیکرد بە هۆی گرتنی بێ تۆمەت و گرتنی سیاسی و فڕاندن و حاڵەتەکانی ئەشکەنجەدانەوە.
لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە لە کەش و ژینگەی سیاسیدا، تێکهەڵکێش بوونی یاسایی-سیاسی لەلایەن ڕێکخراوەکانی وەک “ئەنجومەنی هەماهەنگیی ڕیفۆرمخوازە کوردەکانەوە” و “بەرەی یەکگرتووی کورد” (جەبهەیی موتتەحیدەی کورد)، کە دوو پێکهاتەی سیاسیین و داکۆکیی لە مافی کورد دەکەن لە چوارچێوەی ڕژێمی ئیسلامیدا، ئەمانیش دیسان چالاکییەکانیان هاتەخوارەوە. بەم ڕەنگە، کاریگەریی ڕیفۆرمخوازە کوردەکان کەمیکرد و تووشی دابەشبوونی ناوخۆیی هاتن. هەرچەندە هەموو دەستە و تاقمە سیاسییەکان و بەتایبەتی کاندیدە ڕیفۆرمخوازەکان، میر حوسەین مووسەوی و مەهدیی کەڕووبی، مەسەلەی کەمینەیان خستبووە بەرنامەی سیاسیی خۆیانەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی حوزێرانی ٢٠٠٩دا، بەڵام تەنها ٢٥%ی دەنگدەران لە ئوستانی کوردستان و ١.٣٧% لە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەگیان دابوو (٣.١٧% مەهاباد، ٩.١٩% بۆکان، ٩.١٩% پیرانشار). زۆربەی شارە کوردەکان بە بێدەنگی مانەوە لە ماوەی جموجووڵی سەوزی ئێرانیی سالی ٢٠٠٩ و پشێوی و نائارامیی دوای هەڵبژاردندا. ئەم دابڕانەی نێوان کورد و هێزەکانی بەرهەڵستکاری حکوومەتی ئەحمەدینەژاد تاڕادەیەک دەگەڕایەوە بۆ ناڕوونیی نیاز و مەبەستی ڕیفۆرمخوازەکان سەبارەت بە کێشەی کەمینەکان و هەروەها بەهۆی هەندێ گۆڕانکاریی سەرەکیی دواترەوە لە ڕێکخستن و سەروبەرگرتنی کۆمەڵایەتی-سیاسیی کورددا لەسەر ئاستەکانی ناوچەیی و هەرێمایەتیدا. هەرچەندە ناوچە کوردییەکان بە زۆرینەی ڕەها دەنگیان بە ڕۆحانی دا لە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٧دا، بەڵام ڕێژەی بەشداریی کورد، ئیلامی لێ بەدەر، کەمتر بوو لە ئاستی تێکڕای نیشتمانی. لەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بەڕێوەچوو زۆربەی ئەو نوێنەرە پەرلەمانییانەی کە هەڵبژێردران بە سیفەتی سەربەخۆ خۆیان کاندید کرد بێ هیچ وابەستەییەکی حیزبی.
پاش ئەوەی سەرۆک بوش ئێرانی خستە ناو جوغزی “بازنەی شەڕخوازییەوە” و لە پاش کەوتنی بەغدا لە نیسانی ٢٠٠٣دا، هیوای ڕێکخراوە چەکدارییە کوردییەکان زیادی کرد بۆ دابڕانی ڕژێمی ئێران لە ناوچەکەدا و تەنانەت ئەنجامدانی کردەوەیەکی سەربازیش دژ بە ئێران. هەندێک هەڵوێستی چاوەڕوانی و تەماشاکردنی وەرگرتبوو کە بوو بە هۆی سەردەمێکی ناکارایی و بە ناکۆکی و دابەشبوون کۆتایی هات. کۆمەڵە و حەدەکا دابەشبوون بە سەر چەندین حیزبدا و زۆربەی چالاکییەکانیان لە خەڵک وەرگرتن و پارە و کۆمەک کۆکردنەوە و لۆبی کردن و پرۆپاگەندەدا چڕبووبووەوە. دوای دوو دەیەی بێ ململانێی چەکداری، لە تەمووزی ٢٠١٦دا، دەستیکردەوە بە بە جموجووڵ و کەمپەینێک کەوا جارێکی تر بە خەباتی چەکداری شکایەوە (حەدەکا، ٢٠١٦). دوابەدوای ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیجییەتدا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەدا وردە وردە زیادی کرد. بەڵام لەپێش ئەوەدا پارتی ژیانێکی ئازادی کوردستان (پژاک)، کە پارتێکی دەستەخوشکە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پەکەکە)، ماوەی زیاد لە دە ساڵێك بوو کەوتبووە سووکە ململانێیەکی چەکدارانەوە لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٢ ڕووبەڕووبوونەوەی توند بەرپابوو لە نێوان گەریلاکانی پژاک و هێزەکانی حکوومەتدا.
لە ئێستادا نزیکەی دە ڕێکخراوی چەکداری ئیددیعای نوێنەرایەتی نوێنەرایەتی بەرگری لە گەلی کورد دەکەن لە ئێراندا. سەرەڕای جیاوازییان لە ڕێباز و ئایدیۆلۆجیا و قەبارە و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و کێشی سیاسیدا، حیزبە کوردییە سەرەکییەکان داوای بەدیموکراتی کردنی وڵات و ناسێنتراڵیی دەسەڵات و دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵی دەکەن. بەم دواییەش؛ هەموویان بە ئاستی جیاجیا، لە گوتاریاندا جەخت لەسەر گرنگیی گەنجان و ژنان و کرێکاران و گرووپەکانی کەمینەی ئاینی دەکەنەوە. کاریگەریی ئەم ڕێکخراوانە و توانایان بۆ جووڵاندن و جۆشدا بە پێی ناوچە و گرووپە کۆمەلایەتییەکان دەگۆڕێت و کەوتوونەتە ڕکابەرییەکی کراوە لەگەڵ یەکتر و بە جەختکردنەوە لەسەر جیاوازییە ئایدیۆلۆجییەکانیان، بەزۆری زەحمەتە بۆیان ئیدارەی جۆراوجۆرییەکانیان بدەن و هەماهەنگیی لەسەر کاری هاوبەش و ئەجێندای هاوبەش بکەن. هەر ڕێکخراوە و دەیەوێت خۆی لەوانی تر جیابکاتەوە لە ڕێگەی تیشک خستنەسەر مێژووی خەباتی و شەهید پێشکەش کردنیەوە، بێئەوەی بتوانێت ئەو پرۆژە و بەرنامە سیاسییانە پێشکەش بکات کە لە داهاتووی نزیکدا جێبەجێ بکرێن و جێی متمانە بن.
لە ئەنجامی ئەم پەرەسەندنانەدا بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا بەرەوڕووی بۆشاییەکی ڕوو لە زیاد بووەوە لەنێوان حیزبەکانی مەنفا و لایەنە بکەرەکانی ناو وڵاتدا. ئەم دۆخە گرژییەکی سیاسیی بەرپاکرد لە ناو کورددا، کەوا لە پاشەکشەی توانای جووڵاندن و جۆشدانی بزووتنەوەی کورد و بەشێوەیەکی گشتیتر لە هەڵکشانی نائومێدیی سیاسی و دابەزینی جەماوەریی ڕێکخراوە کوردییەکاندا ڕەنگدەداتەوە. لەلایەکی ترەوە، ئەم بێزارییە هەستپێکراوە، بەتایبەتی لە ناو نەوەی گەنجدا، هاوکارە لە لاوازکردنی فۆرمە ڕێکخراوەکانی چالاکیدا و لە لایەکی تریشەوە، وەک دژبەرێک پێدەچێت بەتوندی مەیلی بە لای ناڕەزایی و پرۆتێست کردنەوە بێت (شەریفی دریاز، ٢٠١٧). بەو پێیە، بزووتنەوەی کورد لە ئێستای ئێراندا پێکهاتەیەکی بچڕبچڕ و پلووراڵ و فرەڕووی هەیە لەگەڵ نۆرە کردنێکی قۆناخەکانی “چالاکی و متبووندا” (مێلووچی، ١٩٩٦: ١١٥). شایانی ئاماژە پێکردنیشە کەوا لە ماوەی قۆناخی متبووندا، فرەجار بزووتنەوەی کورد توانای هەبووە ڕادیکالییەت دەرببڕێت و وەرچەرخانی خێرا دەرببڕێت لە توانایدا بۆ وەرچەرخانی خێرا لە جووڵاندندا. ئەم ساتەوەختە تایبەتانەی خۆپیشاندان و جۆشدانی جەماوەر و مانگرتنانەدا گەلێ جار لە لە ڕووداوە گرنگەکاندا بەرپا دەبن، چەشنی ئیعدام کردنی چالاکوانە کوردەکان، ستەم و سەرکوتکردنی هێزە ئەمنییەکان، ئاهەنگگێڕانی کولتووری و سیاسی و داخستنی سنوور لە نێوان ئێران و ئێراقدا.
“فەزا و ئاسۆ نوێکانی کارکردن”
گۆڕانکارییە بونیادییە نوێکان بنەمایەکی نوێ دابین دەکەن بۆ پەرەسەندنی مۆد و شێوازە کۆمەڵایەتییە نوێکان، فەزا نوێکانی کارکردن، شوناسە نوێکان و ڕێگا نوێکانی ڕێکخستنی ململانێی کوردی. لە ئێستادا، دوو فاکتەر لە نێو ئەوانیتردا بەدیاریکراوی زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتنمان لە دینامیکەکانی کۆمەڵگە لە کوردستانی ئێراندا. یەکەمیان بریتییە لە پێکهینانی حکوومەتێکی هەرێمیی کوردی (واتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان) لە ساڵی ١٩٩١، بەڵام لە سەرووی هەمووشیەوە، یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوو لە ساڵی ٢٠٠٥دا. لەکاتێکدا کەوا کوردەکانی ئێران قەدەغە بوو بۆیان سەرۆکایەتیی هیچ وەزارەتێک، حوکمڕانیی پارێزگا یان ئوستانێک یان تەنانەت شارەوانییەک بکەن، لە ساڵی ٢٠٠٥دا، پەرلەمانی ئێراق جەلال تاڵەبانیی سەرکردەی کوردی وەک سەرۆکی وڵات سەلماند و دەستووری ئێراق دانی بە هەرێمی کوردستاندا نا وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و مەسعوود بارزانییش وەک سەرۆکی حکوومەتە هەرێمییەکە هەڵبژێردرا. لە هەر یەک لەم بۆنانەدا کوردەکانی ئێران دابەزیونەتە شەقامەکان بۆ ئاهەنگگێڕان و دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان. لە ڕاستیشدا زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێێن کەوا ئاهەنگگێڕان بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ئەیلوولی ٢٠١٧دا پڕ جۆش و خورۆشتر بوو لە کوردستانی ئێراندا وەک لە هەرێمی کوردستان. ژیانی کولتووری و سیاسی و تەنانەت ژیانی ئیکۆنۆمیی کوردە ئێرانییەکانیش زۆر بەتووندی کاریگەر بووە بەم پەرەسەندنانەی دوایی لە هەرێمی کوردستاندا. زۆرێک لە کوردەکانی ئێران ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەژین، کار دەکەن، دەخوێنن یان بەردەوام گەشتی بۆ دەکەن. پێشکەوتنی ژیانی ئابووریی کوردستان وایکردووە کە زۆرێک لە نووسەران نووسینەکانیان بڵاوبکەنەوە و فیلمسازان فیلمەکانیان بەرهەم بێنن و هونەرمەندان پێشانگاکانیان بکەنەوە لە “کوردستانی ئازاددا”. بەرنامەکانی کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی هەرێمی کوردستان پێدەچێت زۆرتر جەماوەری بێت لە لە ناو کورەکانی ئێراندا. شوناسی کورد و خولیاکانیان لە ئێراندا لە ئێستادا لە کارلێک و بەراورددا بنیاتنراوە لەگەڵ کوردی شوێنانی تردا، بەڵام بەتایبەتی لەگەڵ کوردستانی ئێراندا.
فاکتەری دووەم تەکنۆلۆجیای مۆدێرنی پەیوەندی و زانیارییە. تەشەنە کردنی تەلەفزیۆنی سەتەلایت و ئینتەرنێت ئاسانکارییان بۆ جۆری نوێی پەیوەندی کردووە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. کۆتایی سەردەمی خاتەمی هاوکات بوو لەگەڵ گەشەکردنی پەخشی کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی سەتەلایتی کوردی لە کوردستانی ئێراق و ئەوروپادا، کە تا دەهات دەبوو بە ئەڵتەرناتیڤی پەخشی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نیشتمانی. لە تەنها چەند ساڵێکی کەمدا ژمارەی کەناڵەکانی سەتەلایت بەخێرایی زیادی کرد. نزیکەی چل کەناڵی کوردی پەیوەندییان بە سەتەلایت و ئینتەرنێتەوە هەیە (شەریفی دریاز، ٢١٥: ٤٤٤). نزیکەی سێیەکی ئەم کەناڵانە لە ئەوروپاوە پەخش دەکەن. سەبارەت بە کەناڵەکانی تری سەتەلایت زۆربەیان لە کوردستانی ئێراقن. ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆردا تەلەفزیۆنێک یان زیاتریان هەبوو. ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکانی ئێران کەناڵی تیڤیی خۆیانیان دامەزراندبوو لە ٢٠٠٦ – ٢٠٠٧دا. بێجگە لەم شەپۆلە کەناڵەی سەتەلایت دەکرێ دە دوانزە پەخشی وێبتیڤی Web – TV و دە دوانزە ئێزگەی ڕادیۆ لە کوردستان و ئەوروپا هەن. لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠کاندا، تەلەفزیۆنی سەتەلایت بەخێرایی کەوتە گەلێ ماڵی کوردەوە. هەروەها زۆرێک لە ماڵە کوردەکان تەماشای تۆڕەکانی تیڤیی جیهانی دەکەن لە ڕێگەی سەحنی dish نایاسایی سەتەلایتەوە، بەڵام لە هەر لە زووەوە تا ئاستێکی زۆر قوبووڵکراو بووە. بە پێی ڕووماڵێکی کوردە ئێرانییەکان، نزیکەی ٧٢% باس لەوە دەکەن کەوا بە شێوەیەکی ئاسایی “میدیای ئیتنیکی” بەکاردێنن و ٢٧.٧% ڕایدەگەیەنن کە بە زۆری ئەم جۆرە میدیایە بەکارناهێنن (قادرزادە و محەممەدزادە، ٢٠١٨: ٣٥).
بێجگە لەوەش، زیادبوونی گەیشتنە ئینتەرنێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە بەستنەوەی ئێرانییەکان بە جیهانی دەرەوە. لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠کاندا، هێشتا ئینتەرنێت بۆ هەموو شوێنێکی کوردستان نەڕەخسابوو. لە ساڵی ٢٠٠١دا هەر سێ پاریزگای کوردستان و کرماشان و ئیلام ٢.١% (کە دەیکردە ٢٦٧٩٣) بەشداربووی تەلەفۆنی هەبوو لە ئێراندا. لە ساڵی ٢٠٠٧دا، تەنها ٦.٤%ی ماڵە کوردەکان تەلەفۆنی ئەرزییان هەبوو. دە ساڵ دواتر، ژمارەی بەشداربووانی مۆبایل لە ژمارەی دانیشتووانی کورد زیاتر بوو، کە دەیکردە (٤٢٦٧٨٧٩ بەشداربوو) لە ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام و کوردستان. لە ٢٠١٦دا، ٩٧.٨%ی ماڵی کورد بوون بە خاوەنی تەلەفۆنی ئەرزی، ٥١.٢% کۆمپیوتەریان هەبوو و ٤٧.٦% هێڵی ئینتەرنێتیان هەبوو لە ماڵەکانیاندا. هەمان ساڵ، زیاد لە سێیەکی (٣٧.٢%)ی دانیشتووانی کورد لە تەمەنی شەش ساڵ بۆ سەرەوە ئینتەرنێتیان بەکاردەهێنا، ٣٣.٧% یان بەشداربووی 3G بوون. تا ناوەڕاستی ٢٠٠٧، ژمارەی وێبسایتە کوردییەکان دەگەیشتە زیاتر لە ٢٥٠٠، کە زیادبوونێکی بەرچاو بوو لەو ژمارە کەمەی کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا هەبوو (شەیخولئیسلامی، ٢٠١١: ١٤٠). سەرباری هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بۆ ڕێگری کردن لە گەیشتنە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا ئەوان بە ئاستێکی بەربڵاو بەکاریدێنن لە کوردستاندا. بەکارهێنانی ئەپەکانی پەیام ناردن و وەرگرتن، بەتایبەتی تەلیگرام و تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیای وەک ئینستاگرام و فەیسبووک گەلێ دەرفەتیان دا بە گەنجە کوردەکان بۆ ئەوەی بگەنە جەماوەرێکی گەورەی خەڵک لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە کەسایەتیی سیاسی دەزگا و دامەزراوەکان.
کاریگەریی گۆڕانە تەکنۆلۆجییەکان لە سەر بزووتنەوەی کورد هێشتا تا ڕادەیەکی دیاریکراو نەدۆزرابووەوە. بەهەرحاڵ، شتێک هەیە کە بەتەواوی تەئکیید نەکراوە کە لە ناوجەرگەی چاودێری و سانسۆری تووند لەسەر ڕۆژنامەگەریی ئێرانی و پەرەسەندنی خێرای زانیاری و پەیوەندیی تەکنۆلۆجی ئاسانکاریی بۆ پەرەسەندنی میدیای سەربەخۆ کرد. کورد ئینتەرنێت بەکاردەهێنن بۆ ڕێکخستن و گەیاندنی زانیاری و ڕاسپاردە کەوا سەرکۆنەی نادادی و جیاکاری دەکات و بەکاریاندەهێنێت بۆ جۆشدان و کۆکردنەوەی کۆمەک و یارمەتی لە هەندێ بۆنەدا و وەک هۆکارێکیش بۆ برەودان بە کولتوور و مافەکانی کورد. سەرەڕای ئەوەش، ئەم فەزا سەربەخۆ نوێیە و بە بێگومان یارمەتیی بەهێزکردنی ئیزافیی دەنگی ئەو چالاکوانانە دەدات کە دەخوازن کۆمەڵگەی کورد مۆبیلیزە و جۆش بدەن لە دەوری مەسەلە و شوناسە نوێکانی وەک مافەکانی ئافرەتان و ژینگە. پەرەپێدانی تەکنۆلۆجییە نوێکان و بەکارهێنانی بەرفراوانی ئینتەرنێت بەردەوام دەبێت لەوەی کەوا کاریگەریی قووڵی هەبێت لە سەر بزووتنەوەی کورد و مەسەلە لەپێشینەکانی. کەواتە چ جۆرە کاریگەرییەک دەمێنێتەوە ببینرێت.
پەراوێز
١ لە سەرەتای سەدەی شانزەهەمدا، لە پاش شەڕی چاڵدیران، دەسەڵاتدارانی سەفەوی کەوتنە پەیڕەوی کردنی سیاسەتی ڕاگوێزانی زۆرەملێ بە ئامانجی کەمکردنەوەی چڕیی دانیشتووانی کورد لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوادا بۆ زەمانەت کردنی سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوایان. ڕاگواستنەوەکە لە ئاستێکی گەورەدا جێبەجێ کرا. “لە ماوەی ساڵانی ١٥٩٨ تا ١٦٠١ …. شاعەباس چل و پێنج هەزار خێزانی کوردی … بە زۆر گواستەوە بۆ خۆراسان (مادیح، ٢٠٠٧: ١٤).
٢ یەکەم سەرژمێریی لە ئێراندا لە ساڵی ١٩٥٦ دا بەڕێوەچوو لە لایەن فەرمانگەی گشتیی ئامارەوە ئەنجامدرا. حەوت سەرژمێریی تریش لە ساڵەکانی ١٩٦٦، ١٩٧٦، ١٩٩٦، ٢٠٠٦، ٢٠١١ و ٢٠١٦. ئەو ئامارانەی لەم باسەدا هاتوون لەو بڵاوکراوانە وەرگیران.
٣ تێکڕا کۆی هەشت ملیۆن مەزەندەکردنێکی گۆترەکارییە بە پێی بنەمای ژمێرەکردنی نووسەر لە ئاماری سەرژمێریی دانیشتووان لە ساڵی ٢٠١٦دا و ڕووماڵەکە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن وەزارەتی فەرهنگ و ئیرشادی ئیسلامییەوە جێبەجێ کراوە. بە خەمڵی ئەم وەزارەتە ئەمڕۆ بە لای کەمەوە ١٥٠١٢٠٣ کورد لە ئوستانی کوردستان، ١٨٢٨٧٢٥ لە کرماشان، ٤٩٩٩٦٦٠ لە ئیلام، ١٩٩٤١١٤ لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا، ٤١٨١٤٠ هەزار لە باکووری خۆراسان، ١٨٤٨٨٥ لە هەمەدان، ٨٧٣٧٥١ لە تاران، ١٩١٩٥٦ لە ئەلبورز، ٢٦٦٨٢٦ لە ڕەزاوی خۆراسان، ٤٣٧٥٠ لە قەزوێن و ١٧٥٣٠٩ کورد لە پارێزگا یان ئوستانەکانی تری ئێراندا دەژین.
٤ ڕیژەی سەدییەکە بۆ ئوستانی کرماشان بەرزتر بوو (٢٦.٣%). لە هەمان ساڵدا ٥.١٢%ی خەڵکی مهاباد لە شاردا دەژین.
٥ لە ئوستانی کرماشاندا ٣.٧٥%ی دانیشتووان لە ناوچە شارستانییەکاندا دەژین و لە ئیلامدا ١.٦٨% لە ناوچە شارستانییەکاندا دەژین.
٦ ٥.٢٧%ی هێزی کار لە کرماشان، ٥.٢٤% لە ئیلام، ٨.٣٢% لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ٤٠% لە باکووری خۆراسان لە بواری کشتوکاڵدا کار دەکەن.
٧ لە سەر ئاستی نیشتمانی، کەرتی پیشەسازی ٩.٣١%ی هێزی کار بەکاردێنێت.
٨ تێکڕا ٦٧٥ کان لە ساڵی ٢٠١٦ لە کوردستاندا لەکاردان.
٩ ئەم ڕێکخراوە لە ئابی ١٩٧٦دا دروستبووە لە لایەن ئیدریس و مەسعوود بارزانییەوە لەپاش شکستی ١٩٧٥.
سەرچاوە: کورد .. کتێبی کامبریج بۆ مێژووی کوردئامادەکردنی: حەمید بۆزئەرسلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی
چاپی یەکەم: ٢٠٢١
چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی کامبریج – لەندەن
ناوی باس: کەمینە و دەوڵەت و نەتەوە.. کۆمەڵگەی کورد لە ئێراندا لە پاش شۆڕش، ل ٤٠٧ – ٤٣٥
Minority, State and Nation
Kurdish Society in Iran in the Aftermath of the Revolution
Massoud Sharifi Dryaz
THE CAMBRIDGE HISTORY OF THE KURDS
- مەسعوود شەریفی دریاز Massoud Sharifi Dryaz
توێژەرێکی سۆسیۆلۆجییە و ئێستا پرۆفیسۆریکی هاوکارە لە زانکۆی سەربەخۆی بەرشەلۆنە لێکۆڵەرە لە CER – Migracions – Barcelona. لە ساڵی ٢٠١٧وە ئەندامە لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەی سۆسیۆلۆجیی کەتەلۆنیا. بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە لە سکووڵی خوێندنی باڵای سۆسیۆلۆجی لە پاریس. لێکۆڵینەوەکانی بایەخ بە سۆسیۆلۆجیی سیاسی و سیاسەتی کۆمەڵایەتی دەدا. وتار و باسەکانی لەبارەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، مەغریب و مەشریق، ئەنەدۆڵ، بڵاوکراوەی خانەی زانستی مرۆڤایەتی و گۆڤاری زانستی بۆ توێژینەوەی نێوان کولتوورەکانە.
نووسین: مەسعوود شەريفی درياز، توێژەرێکی سۆسیۆلۆجییە و پرۆفیسۆرە لە زانکۆی بەرشەلۆنە – ئیسپانیا
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق