ده‌راو
خه‌باتی دوورودرێژ و باجێكی قورس كه بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورد به درێژاییی سه‌ده‌كان بۆ ڕزگاری داویه‌تی، گه‌لێ جار تووشی هه‌ناسه‌سواریی كردووه و به‌داخه‌وه جاروبار له بێهیواییدا هه‌ندێ هیوای تراویلكهئاسای داتاشیون، كه دواجار هیوای ساخته تووشی نسكۆ و هه‌ڵدێری كردووه! شوێنگۆڕكێی “ڕزگاری” و “ئازادی” ده‌راوی شرۆڤه ده‌گۆڕێت و “كه‌توار”(واقعیت) بۆ وهئۆباڵخستن (فرافكنی) ده‌گوازێته‌وه و به‌م چه‌شنه به‌لاڕێداچوون، هێزێكی سیاسی تا ـ نه‌خوازه‌ڵا ـ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی خۆنه‌ویستانه ههڵدهخلیسكێنێ!
شیكردنه‌وه‌یه‌كی زمانه‌وانیی چه‌مكه‌كانی “ڕزگاری” و “ئازادی” وه‌ك ده‌راوی شرۆڤه، خۆی وه‌ك پێویستییه‌ك ده‌سه‌پێنێ. هه‌ربۆیه پێویسته پێشوه‌خته له شهنوكهوێكی ساده‌دا له‌م دوو چه‌مكه بدوێین.
هه‌میشه ده‌پرسین: “ڕزگاری” له چی؟ ڕزگاری له كێ؟
“ڕزگاری” ئاماژه‌ی په‌نامه‌كیی قوتاربوون له دۆخێكی داگیركارییه، هه‌ربۆیه ده‌گوترێ: “ڕزگاری له ده‌ستی…. ڕزگاربوون له…” ڕزگاری جێهێشتنی قۆناخێكه به یه‌كجاری. به بۆچوونی به‌نده ناتوانین “ڕزگاری” قۆناخبه‌ندی بكه‌ین. چونكه پاش ڕزگاری، باسكردن له ئازادی ده‌ست پێ ده‌كات!
به‌ڵام بابه‌تێكی سه‌رنجڕاكێش لێره‌دا زه‌ق ده‌بێته‌وه، هه‌میشه ده‌گوترێ له “زیندان ئازاد بوو!” ئه‌دی بۆچی ناگوترێ له “زیندان ڕزگار بوو؟!”
چه‌مكی “داڕنین” و “داماڵین”، وه‌ك دوو چه‌مكی یارمه‌تیده‌ر، باشتر ده‌توانن له تێگه‌یشتن له چه‌مكی “ڕزگاری” یاریده‌مان بده‌ن.
“داڕنین”، ده‌ربازكردن له هه‌ر زیاده‌یه‌كه، كه توانای جووڵه‌ی جه‌سته، ئه‌ندام، بوونه‌وه‌ر و گیانه‌وه‌رێكی گرتبێ. بۆ نموونه، هه‌ندێ له دره‌خته‌كان دادهڕنرێن. “میوه” به‌رپرسیارێتیی وه‌رزیی “دره‌خت”ه، كه لێی ده‌ڕنرێ. هه‌روه‌ها به‌رگێك كه ده‌بێ دابڕنرێ، تا پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بتوانێ خۆی بۆ به‌رگێكی دیكه ئاماده بكات. ئه‌مه جۆرێكه له “ڕزگاری”.
“داماڵین” به‌پێچه‌وانه‌ی “داڕنین”، لابردنی له‌مپه‌رێكه، كه به “ماڵین” لاده‌برێ، یان بۆ ده‌ركه‌وتنی “گه‌وهه‌ر”، “به‌ڵغ” (عرچ)ی لێ داده‌ماڵین.
هه‌میشه له‌به‌رانبه‌ر چه‌مكی “داگیركاری”، چه‌مكی “ڕزگاری” ده‌زێته زه‌ینمانه‌وه. ئه‌وه له كاتێكدایه له چه‌مكی “ئازادی”دا هه‌ست به هه‌نته‌ش (حچور)ی داگیركه‌ر ناكه‌ین، ڕه‌نگه هۆیه‌كه‌ش ئه‌وه بێت كه “ئازادی” به “جووڵه” و “ڕه‌فتار”ه‌وه به‌نده و به‌پێچه‌وانه‌ی “ڕزگاری” پێویستیی به “داڕنین” و “داماڵین” نییه. هه‌میشه خۆمان له بارێكی زیاده ڕزگار ده‌كه‌ین، له كاتێكدا “ئازادی” مانای ڕزگاربوون له “باركران” ناگه‌یه‌نێت. چونكه “ئازادی” مانای “هه‌ڵبژاردنی بار” ده‌گه‌یه‌نێت، نه‌ك “له كۆڵكردنهوه”.
ئازادی، به “هه‌ڵبژاردن”ه‌وه به‌نده، به‌ڵام ڕزگاری پێویستیی به “یاخیبوون”و “داڕنین” و “داماڵین”ه. “هه‌ڵبه‌ت ده‌كرێ ئه‌م بۆچوونه له چه‌ندین لاوه وه‌به‌ر تیرۆژی ڕه‌خنه بدرێت” به‌وه‌ی كه “ئازادی” ته‌نیا “ئه‌رێنی” (هه‌ڵبژاردن” / ایجابی) نییه، به‌ڵكو نه‌رێنی (داڕنین، داماڵین/ سلبی). له مانای هه‌ڵبژاردنی ئه‌رێنیدا “باركران” و “باركردن” هه‌یه، واته “وه‌ئه‌ستۆگرتن” و “وهئهستۆخستن”. به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی نه‌رێنی (داڕنین، داماڵین/سلبی)دا (له‌كۆڵكردنه‌وه، ڕاده‌ستكردنه‌وه و لێسه‌ندنه‌وه)ش به‌دی ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه به خاڵی هاوبه‌شی نێوان “ئازادی” و “ڕزگاری” بزانین، خاڵێكی جیاوازی گه‌وره هه‌یه، كه بارته‌قای هه‌موو خاڵه هاوبه‌شه‌كانه كه ئه‌ویش بریتییه له “ماف”.
ئازادی، مافه. به‌ڵام ڕزگاری ماف نییه. به‌و مانایه‌ی كه “ڕزگاری” له‌پێناو وه‌ده‌ستهێنانی مافی ئازادییه. هه‌ربۆیه له “ده‌ستوور، یاسای بنه‌ڕه‌تی”دا ئازادی وه‌ك ماف باسی لێوه ده‌كرێت و باس له “ڕزگاری” ناكرێت. ته‌نیا شتێك كه ده‌توانین به تیلنیشان (تلمیح)ی ڕزگاری له “ده‌ستوور” و “یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا” له‌قه‌ڵه‌می بده‌ین، “مافی دیاریكردنی چاره‌نووس”ه، كه ده‌توانین “ڕزگاری”ی لێ هه‌ڵێنجێنین. به‌گوێره‌ی “مافی دیاریكردنی چاره‌نووس” ده‌توانین “ڕزگاری” وه‌ك مافی “خۆده‌ربازكردن له داگیركاری” ڕاڤه بكه‌ین، به‌ڵام لێره‌شدا “ڕزگاری” وه‌ك پێشمه‌رجی “ئازادی” ـ وه‌ك ماف ـ خۆی نیشان ده‌دات، ئه‌گینا “ڕزگاری” ناتوانێ وه‌ك “ماف” له “ده‌ستوور”دا لێك بدرێته‌وه!
***
هه‌میشه بڕوام به‌وه هه‌بووه، كه ئێمه‌ی كورد له‌نێو “كه‌لێنی چه‌مكی”دا ده‌ژین. مانای وه‌ها بانگه‌شه‌یه‌ك مایه‌ی ڕاڤه‌كردنه. مه‌به‌ست له‌م ده‌ربڕینه ئه‌وه‌یه كه چه‌قین له مانای باوی لیكسیكۆنی و تێنه‌گه‌یشتن له زمانی چه‌مكی، به‌تایبه‌تی له باری “مافناسانه” و “ده‌ستووری”یه‌وه ده‌بێته مایه‌ی دروستبوونی “كه‌لێنی چه‌مكی”. ڕه‌نگه له ڕاڤه‌دا، به‌نده هیچكات نه‌توانم له جه‌غزی زمانخوازانه خۆم دهرهاوێژمه ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه، كه ئیدی ڕاڤه‌ی زمانخوازانه ناتوانێ وه‌ك ده‌راوی توێژینه‌وه‌گه‌لی په‌یوه‌ست به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و زانستی ڕامیاری به‌ده‌ر له بڕشت بێت. بڕشتی ئه‌م ڕاڤه‌یه له‌و كاته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئێمه بمانه‌وێت مانا سركهكانی “ئازادی” له “ده‌ستوور”دا چوارچێوه‌دار بكه‌ین. چوارچێوهداركردن له‌گه‌ڵ خۆیدا چه‌قی سه‌رنجی زمانه‌وانی ده‌هێنێت و یاسادانه‌ر، ده‌بێت ئاگاداری ڕاگرتنی مانا له كه‌وانه‌دا بێت. له‌و ده‌مه‌دا كه مانای وشه‌یه‌ك له به‌ستێنی سروشتخوازانهی خۆی ده‌ترازێ و بۆ كێڵگه‌یه‌كی سیاسی، فه‌لسه‌فی و مافناسانه و ده‌ستووری ده‌گوازرێته‌وه، ده‌بێ زۆر ئاگادار و وریا بین، كه نه‌كه‌وینه نێو “مه‌یدانی مینی ماناباركردن”ه‌وه. ئه‌گه‌ر ڕاشكاوانه‌تر بدوێم، له‌و باوه‌ڕه‌دام مه‌ودای نێوان مرۆڤی كورد و زمانه‌كه‌ی هه‌نده زۆره، كه ناتوانێ له‌و كێڵگه واتاییانه بدوێ، كه وشه‌كانی وه‌ك “ڕزگاری” و “ئازادی” له خاكی ئه‌و كێڵگانهدا چه‌كه‌ره و گه‌شه‌یان كردووه، ڕه‌نگه ئه‌مه بتوانێ ئاریشه‌ی “كه‌لێنی چه‌مكی” ڕوون بكاته‌وه. ئه‌وه‌ی ڕاڤه‌ی سیاسی و ده‌ستووریی چه‌مكێك ئاڵۆز ده‌كات، كێڵگه‌ی ماناییی وشه‌یه، نه‌ك مانای وشه‌نامه‌یی، كه به شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی له مانای سه‌ره‌كییه‌وه بۆ مانا لاوه‌كییه‌كان له جووڵه‌دایه. له ڕاڤه‌ی سیاسی‌دا هه‌ڵبژاردنی مانای خوازراو ده‌توانێ لۆژیكی جووڵه له مانای سه‌ره‌كی بۆ مانای لاوه‌كی له‌به‌رچاو نه‌گرێت، به‌ڵكو كاتێك باس له هه‌ڵبژاردنی مانای خوازراو ده‌كه‌ین، له مانایه‌كی دهسچنكراو ده‌دوێین، كه به‌نده به “نیاز” و “جیهانبینی”ی سیاسه‌توانه‌وه، كه ده‌یهه‌وێت “جیهانی سیاسی”ی خۆی له چهمكسازییهكی ده‌ستووریدا زه‌ق و زۆپ بكاته‌وه، لێكی ده‌ده‌مه‌وه.
گوته‌ی به‌ناوبانگی “كورد له جه‌نگدا ده‌یباته‌وه و له‌سه‌ر مێزی دانوستان ده‌یدۆڕێنێ” پێوه‌ندیی به “پێوار (غیاب)ی هوَشیاریی به ئاماژه په‌نامه‌كییه‌كانی چه‌مك له باری سیاسی و ده‌ستوورییه‌وه هه‌یه، كه هه‌روه‌ك پێشتر باسم كرد، نیشانه‌ی “كه‌لێنی چه‌مكی”یه، كه ئه‌ویش به‌ره‌نجامی مه‌ودای وه‌رگێڕانی نێوان چه‌مكه‌كانه، به‌و مانایه‌ی كه دانوستاندن له مه‌یدانێكی گه‌وره‌ی ماناییدا ڕوو ده‌دات، كه وه‌رگێڕانی چه‌مكه‌كان به‌رپرسیارێتیی سیاسیی و ده‌ستووری له‌ته‌ك خۆیدا ده‌هێنێت، كه پێی ده‌گوترێ ته‌ڵه، یان مینی نێو كێڵگه‌ی ده‌ستوور (یاسای بنه‌ڕه‌تی).
ڕزگاری:
داگیركاری، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ڕووبه‌رێكه كه هه‌م داگیركه‌ر و هه‌م داگیركراو به‌ته‌واوه‌تی له دۆخی خۆیان تێده‌گه‌ن. “داگیركه‌ر” به هه‌ر پاساوێكیش بێت، له‌و شته‌ی كه وه‌ده‌ستی هێناوه و به زه‌بری هێز دایچڕیوه تێده‌گات. به‌ڵام پێویستیی به وه‌ده‌ستهێنانی “ڕه‌وایی”یه. “ڕه‌وایی”، تاكه شتێكه “داگیركه‌ر” ده‌توانێ له ڕێگه‌یه‌وه باڵاده‌ستبوونی خۆی به‌سه‌ر داگیركراودا درێژه بدات. ئه‌م هه‌وڵه‌ی “داگیركه‌ر” كاردانه‌وه‌ی”داگیركراو”ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و لێره به‌دواوه زنجیره‌یه‌ك له پێوه‌ندیی ئاڵۆزكاوی شه‌ڕ، ئاشتی، دانوستان، نه شه‌ڕ و نه ئاشتی له نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا چێ ده‌بێ، كه به‌گوێره‌ی لۆژیكی هێز “داله‌نگاندن (تقلیل)”ی ماف له‌پێناو به‌هێزبوونی پێگه‌ی “داگیركراو”ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و فۆرمه‌كانی”خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری (ئۆتۆنۆمی)، فیدراڵی و… هتد ده‌سمایه‌ی به‌هێزكردنی پێگه‌ی داگیركراون و هه‌ڵپه‌ساردنی نیازی سه‌ره‌كییه، كه هه‌ڵبه‌ت داگیركه‌ریش به‌گوێره‌ی ئه‌زموونی به‌ریه‌ككه‌وتن له‌ته‌ك داگیركراودا، به‌گوێره‌ی هێز وێستگه‌كانی داواكاری پێشبینی ده‌كات و ڕێگه‌ی پێشگیرانه بۆ ڕزگاری، كه هه‌مان “سه‌ربه‌خۆیی”یه ده‌گرێته به‌ر، كه ئه‌م ڕێگایانه له “ده‌ستوور”دا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
شێوازه‌كانی داگیركه‌ر بۆ به‌رده‌وامیدان به داگیركاری گه‌لێ زۆرن و داگیركه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانێ به به‌رده‌وامی هێزی سه‌خت، یان توندوتیژی به دژی داگیركراو به‌كار بهێنێ و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه داگیركراو له ڕه‌وتی ململانێ له‌ته‌ك داگیركه‌ردا به‌ئه‌زموونتر و خاراوتر ده‌بێت، ڕێگه‌كانی به‌رخودان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزی سه‌خت ده‌دۆزێته‌وه و ئه‌مه‌ش تێچووی مانه‌وه‌ی داگیركه‌ر له زه‌وییه داگیركراوه‌كاندا زیاتر ده‌كات. هه‌ركات داگیركه‌رمان ناچار به دانوستان كرد، ئه‌و، بیر له شێوازه‌كانی دیكه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی داگیركاری ده‌كاته‌وه.
هه‌ربۆیه پێم وایه فۆرمه جیاجیاكانی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له وڵاتێكدا كه به‌ده‌ست داگیركه‌ره‌وه به‌ڕێوه ده‌چێ، ته‌نیا له‌پێناو درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی داگیركهردان. له‌م سۆنگه‌وه داگیركه‌ر به داننان به هه‌رێمێكی نه‌ته‌وه‌یی، یان ئیتنیكیدا، ناچار ده‌بێت كۆمه‌ڵه مافێك بۆ نه‌ته‌وه و ئیتنیكه داگیركراو و بنده‌سته‌كان پێشنیار بكات و به‌رگێكی دیمۆكراتیك به باڵای ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ببڕێ. بۆیه له‌و باوه‌ڕه‌دام فۆرمه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری (ئوتۆنۆمی)، فیدراڵی، یان هه‌ر جۆرێكی دیكه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌پێناو هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داگیركهردایه، كه یارمه‌تیی ده‌دات تا بتوانێ له ڕێگه‌ی “نه‌ته‌وه‌سازیی ساخته”وه شوناسێك بۆ جوگرافیایه‌كی قووتدراو له جوگرافیایه‌كی دیكه‌دا ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌بێ داننان به “فره‌یی”دا ناتوانێ هاوسۆزیی ژێرده‌سته‌كان بۆ خۆی ڕابكێشێ و ئه‌مه به‌تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌دا ڕوو ده‌دات، كه “بێگانه‌كان” خاكی “خۆوڵاتییه‌كان” داگیر ده‌كه‌ن و پاشان له كڵێشه‌یه‌كی دیمۆكراتیكدا كۆمه‌ڵه مافێكیان بۆ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و له چوارچێوه‌ی “ده‌ستوور”دا وه‌ها پێناسه‌یان ده‌كه‌ن، وه‌ك بڵێی ئه‌وان میوانن و ئه‌مان خانه‌خوێ. واته مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه شوێنگۆڕكێی پێگه‌كان و پێناسه‌ی پێگه‌كان و سیاسه‌تی فێڵبازانه‌ی “دڵدانه‌وه” له چوارچێوه‌ی “مافی هاووڵاتیبوون”دا به‌ره‌به‌ره هاوسۆزیی داگیركراو بۆ داگیركه‌ر ده‌وروژێنێ و ئیدی له‌وه‌لا خه‌ونی دروستكردنه‌وه‌ی نیشتمان و خاك و جوگرافیای نه‌ته‌وه ڕه‌سه‌نه‌كانی وڵاتانی داگیركراو له گۆڕ ده‌نرێ و وه‌كو “هاووڵاتییانی سه‌رگه‌ردان” له جوگرافیایه‌كی نوێ‌دا تاهه‌تایه به نامۆیی ده‌ژین به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانن بۆ ڕابردوویان بگه‌ڕێنه‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی بشتوانن له‌ته‌ك مرۆڤه بێگانه‌كاندا كه ئێسته له ده‌وروبه‌ری ئه‌واندا دێن و ده‌چن و بوونه‌ته خاوه‌نماڵ هه‌ڵبكات و ناچاره دوو مێژووی نامۆ له جوگرافیایه‌كدا پێكه‌وه بنووسێنێ، كه ده‌بنه جووتۆكهیهكی نایه‌كسانی نایهكانگیر، به‌ڵام دانپیانراو. هه‌ر بۆ نموونه، با سه‌یرێكی دۆخی سوورپێسته‌كان، ئامازیخی و قیبتی و به‌شێكی زۆر له خۆوڵاتیانی ئافریقا و ئوسترالیا و، هه‌روه‌ها نه‌ته‌وه تواوه به‌عه‌ره‌بكراوه‌كانی سووریا و لوبنان و… هتد بكه‌ین، كه وه‌ڕاستگه‌ڕاو (مصداق)ی دیاری داوهرییهكهی ئێمه‌ن.
هه‌ربۆیه به بوێرییه‌وه ده‌ڵێم كه هه‌موو فۆرمه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و فیدراڵی و… هتد، شێوازه‌كانی به‌رده‌وامیدان به داگیركارین ــ به‌تایبه‌تی له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا.
“كورد” كه‌توارێكی سه‌رزه‌مینییه. له ئهلهندی مێژووه‌وه هه‌تا ئه‌م ڕۆژگاره له‌سه‌ر خاكی مێژووییی خۆی ده‌ژی و “زمان” و “خاك” تا ئێسته‌ش یه‌كدییان له ده‌ست نه‌داوه و جیاوازیی دۆخی به‌شێكی زۆری نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه و كورد ڕه‌نگه له‌وه‌دا بێت، كه ئێمه هێشتا له چه‌قی ململانێ ژیۆپۆلهتیكییهكاندا هه‌ین، ئه‌گه‌رچی ههبوونهكهشمان گه‌لێ به‌ئازاره، به‌ڵام ئه‌م هه‌بوونه به‌ئازاره نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه “كورد” ته‌نیا بوونه‌وه‌رێكی فه‌رهه‌نگی نییه، به‌ڵكو هه‌بوویه‌كی سیاسییه و جه‌سته‌یه‌كی زیندووه، كه له‌سه‌ر خاكێكی داگیركراوی پڕململانێدا ده‌ژی، كه هێشتا داگیركه‌ر نه‌یتوانیوه شوناسه‌كه‌ی لێ بستێنێته‌وه و ئێمه به هه‌ر نرخێك بێت، ده‌بێ ئه‌م كه‌تواره سه‌رزه‌مینییه بپارێزین. “كوردستان” وه‌ك پارووی له قوڕگگیراوی دوژمنان نیشانه‌ی ویستی “كورد”ه بۆ مانه‌وه و پاراستنی كه‌تواری سه‌رزه‌مینیی خۆی. ئه‌م ویسته، ویستێكی سیاسییه له‌سه‌ر بنه‌مای مافی دیاریكردنی چاره‌نووس، كه ڕه‌وایی به “بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورد” ده‌دات، تا ڕزگاریی خۆی له “سه‌ربه‌خۆیی”دا په‌یجۆر بكات، چونكه به‌بێ سه‌ربه‌خۆیی، “ئازادی” وه‌ك “مافی سروشتیی مرۆڤ” وه‌دی نایه‌ت. هه‌روه‌ك گوتم، كه‌تواری سه‌رزه‌مینیی كورد چه‌شنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك تێكڕای مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوهنسهروهریی پێ ڕه‌وا ده‌بینرێت. هه‌ربۆیه ده‌بێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ینه‌وه دۆخی كورد له دۆخی گه‌لانی بێخاك جیاوازه و ئێمه نابێ له ڕوانگه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆماندا دۆخی خۆمان بۆ دۆخی داله‌نگاوی گه‌لانی بێسهرزهمین دابلهنگێنین.
دروشمی ڕیالیستیی “ئێمه نوێنه‌ری نه‌وه‌ی خۆمانین، نه‌ك نوێنه‌ری نه‌وه‌كانی داهاتوو” ـ له سۆنگه‌ی ڕزگاریخوازییه‌وه ـ بۆ كورد گونجاوترین دروشمی تاكتیكی بووه، كه ده‌كرێ وه‌ك دروشمێكی ستراتیژیك، كه ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆییی نه‌وه‌كانی داهاتوو ڕووناك ده‌كاته‌وه له‌قه‌ڵه‌می بده‌ین. له‌م سۆنگه‌وه ململانێی داگیركه‌رانی كوردستان و كورد وه‌ك داگیركراو، تا ئه‌م سه‌ده‌ی بیستویه‌كه به‌رده‌وامه و ڕه‌نگه تا نیوه‌ی سه‌ده‌ی بیستویه‌ك “كورد بتوانێ یه‌كێك له جۆره‌كانی مافی سیاسی”، وه‌ك ئوتۆنۆمی” و “فیدراڵی” له سێ به‌شی كوردستاندا، یان ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تێك بۆ “كورد” ده‌سته‌به‌ر بكات. به‌ڵام ده‌بێ له بیرمان نه‌چێت، “داگیركه‌ر” له‌به‌رانبه‌ر “داگیركراو”دا، هه‌ندێ ئه‌ركی له‌سه‌ر شانه، كه ده‌بێ جێبه‌جێیان بكات. ئێمه‌ی كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاره‌زاییه‌كی ته‌واومان له یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نییه، له‌وه بێئاگاین، كه ئه‌و مافانه‌ی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ردا داوای ده‌كه‌ین، ئه‌وانه ئه‌ركی داگیركهرن، كه ده‌بێ جێبه‌جێیان بكات و ئێمه هێشتا له ململانێ له‌ته‌ك داگیركه‌ردا داوای كۆمه‌ڵێك مافمان كردوون، كه له ڕاستیدا ئه‌ركێكی جێبه‌جێنه‌كراوه. چونكه هه‌روه‌ك گوتم مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی داگیركراوی وه‌كو كورد كه كه‌توارێكی سه‌رزه‌مینییه، ته‌نیا به ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت، چونكه هه‌ركام له شێوازه‌كانی “ئوتۆنۆمی” و “فێدراڵیزم” ڕێكاره‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی “سته‌مكاری” و “چه‌وساندنه‌وه”ن، نه‌ك ڕزگاری. كه وابوو ئه‌وه‌ی كه ئێمه داوای ده‌كه‌ین كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی “سته‌مكاری” و ” چه‌وساندنه‌وه”یه و نابێ وه‌ك “ڕزگاری” لێی بدوێین. ئه‌گه‌ر پهیكاڵكردن (تگبیق)ی هه‌ركام له‌و شێوازانه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتێكی داگیركه‌ر به وه‌ده‌ستهێنانی “ڕزگاری” و پاشان”ئازادی” له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین، وه‌ك ئه‌وه وایه كه بێژین: وازمان له كه‌تواری سه‌رزه‌مینی هێناوه، كه ده‌بێ له ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا وه‌دی بێت و ئه‌مه له باری زه‌ینییه‌وه خه‌ونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌سڕێته‌وه. ئه‌مه “كه‌لێنی چه‌مكی”یه، كه ده‌بێته مایه‌ی “شوێنگۆڕكێی مانایی”. چونكه هه‌ڵه هه‌میشه به زه‌قی و له یه‌ك جۆر به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی لۆژیكیدا خۆی ده‌رناخات. “شوێنگۆڕكێی مانایی” ده‌بێته مایه‌ی هه‌ڵه‌ی لۆژیكی و له بواری “سیاسی” و “ده‌ستووریدا” هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه.
له پێوه‌ندی له‌ته‌ك “داگیركه‌ر” و “داگیركراو”دا، به‌داخه‌وه هیچكام له داگیركه‌رانی كوردستان دان به “داگیركه‌ری”ی خۆیاندا نانێن، هه‌ربۆیه ئه‌ركی خۆیشیان له‌هه‌مبه‌ر “داگیركه‌ر”دا جێبه‌جێ ناكه‌ن.
ده‌توانم بێژم له‌به‌ر دوو هۆكار، داگیركه‌رانی كوردستان دان به “داگیركاریی” خۆیاندا نانێن:
1. ئه‌وان بڕوایان به‌وه نییه كه “كورد” خاوه‌نی “كه‌تواری سه‌رزه‌مینی”یه.
2. “دوژمنایه‌تی”ی نه‌ژادی، به‌رده‌وام سروشتی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م داگیركارییهیه.
به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هه‌ردووك هۆكاره‌كه‌ش ته‌واوكه‌ری یه‌كدین، به‌و مانایه‌ی كه نكۆڵی‌كردن له “كه‌تواری سه‌رزه‌مینی”ی كورد، نكۆڵی له داگیركاریشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. له‌م سۆنگه‌وه‌یه كه ده‌توانین له تۆمه‌تی “جوداخوازی” تێبگه‌ین. تۆمه‌تی “جوداخوازی” به‌دوای خۆیدا تاوانی دژایه‌تیی یه‌كپارچه‌ییی خاكێك به‌سه‌رماندا ساخ ده‌كاته‌وه، كه “داگیركه‌ر” خۆی كردووه به خاوه‌نی، ئیدی له‌وه‌ش تێ ده‌په‌ڕێ، كه ئێمه بتوانین له چوارچێوه‌ی “كۆڵۆنیالیزم”دا دوژمنه‌كانمان پێناسه بكه‌ین. هۆیه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه لانیكه‌م له “كۆڵۆنیالیزم”دا مافی “سایه‌سایی (قیمومت، انتداب) هه‌یه و كۆڵۆنیالیسته ئه‌وروپاییه‌كان ئه‌ركێكیان له‌سه‌ر شانی خۆیان داناوه و خۆیشیان وه‌ك “داگیركه‌ر” به‌فه‌رمی ناساندووه. هه‌روه‌ك باسمان كرد داننان به “داگیركاری”دا، واته ده‌ستگرتن به‌سه‌ر خاك و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا كه خاوه‌نی “كه‌تواری سه‌رزه‌مینییه” و ته‌نیا پاساوی “داگیركه‌ر” ئه‌وه‌یه كه تا ئه‌وكاته‌ی “نه‌ته‌وه‌ی داگیركراو” خۆی ده‌رۆستی به‌ڕێوه‌بردنی خۆی بێت، ده‌بێ یارمه‌تیی بدرێت. دیار و ئاشكرایه “داگیركه‌ر” هیچكات له دۆخێكی ئاسایی‌دا دان به‌وه‌دا نانێت، كه “نه‌ته‌وه‌ی داگیركراو” كاتی ڕزگاربوونی هاتووه! به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت، دان به‌وه‌دا نراوه، كه خاكێكی داگیر كردووه و به یاسای “سایه‌سایی” هه‌تا بتوانێ درێژه به داگیركارییه‌كه‌ی ده‌دات و پاش كۆتاییهاتنی “سایه‌سایی” و پاش سه‌ربه‌خۆییش “كۆڵۆنیال” به ڕێگه‌ی جۆربه‌جۆر به “كۆڵۆنیالیست” ده‌به‌سترێته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی وڵاتانی داگیركه‌ری”فه‌ره‌نسا” و “بریتانیا” و ئسپانیا” و… هتد بكه‌ین، ئێسته‌ش به‌رتاو (نفوژ)یان له وڵاتانی داگیركراوی پێشوویاندا به زه‌قی ده‌بینرێت.
هه‌ربۆیه دۆخی داگیركاریی كوردستان ناكرێ له‌ته‌ك سروشتی كۆڵۆنیالیستیی وڵاتانی ئه‌وروپایی به‌راورد بكرێت. چونكه داگیركه‌رانی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پێناسانه هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن. خاڵی هه‌ره‌گرنگی جیاوازیی داگیركه‌ری ئه‌وروپایی و داگیركه‌رانی كوردستان له‌وه‌دایه كه نه بڕوایان به “كه‌تواری سه‌رزه‌مینی”ی كورد هه‌یه و نه په‌یڕه‌وی له سیاسه‌تی”سایه‌سایی”ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر بنه‌مای ئه‌م به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یه به‌هه‌ند وه‌ربگرین، ناكۆكییه‌كی گه‌وره له كرۆكی پێناسه‌كه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌دات و ده‌بێته مایه‌ی گۆڕانی چه‌قی سه‌رنج و چه‌قی ڕوانگه له ڕه‌وتی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌دا.
پرسیارێك لێره‌دا دێته ئاراوه: كه‌وابوو سروشتی داگیركه‌رانی كوردستان چۆن ده‌ستنیشان ده‌كرێت؟
فارسه‌كان، توركه‌كان و عه‌ره‌به‌كان میراتگری ئیمپراتۆرییهكانن. كاتێك باس له میراتی ئیمپراتۆری ده‌كه‌ین، ئیدی جوگرافیای نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیكی له ئارادا نابێت. گه‌ڕانه‌وه بۆ بنیادنانه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی شكۆی سه‌ده له‌ده‌ستچووه‌كان هیوای نه‌وه مهزنیخوازهكان ده‌گه‌شێنێته‌وه و به‌ره‌و پاوانخوازی ڕایان ده‌نێ. ئه‌م سێ نه‌ته‌وه‌یه به‌پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌كانیان به‌ته‌واوه‌تی پێیان نه‌ناوه‌ته نێو مودێڕنیته‌ی سیاسییه‌وه و له مێژووی حیكایهتهكانیان دانه‌بڕاون و له جیهانی مودێڕنیشدا شوێنپه‌نجه‌یان دیار نییه و ته‌نیا خۆیان له فۆرمێكی مودێڕنیزاسیۆن ئاڵاندووه و به‌م پێیه ده‌توانین بێژین سروشتی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی ئه‌وروپایی به‌سه‌ریاندا ساخ نابێته‌وه.
پاشه‌كشه‌ی ئیمپراتۆرییه‌كانی خۆرهه‌ڵات و كشانی كۆڵۆنیالیزمی ئه‌وروپایی و تێكهوهپێچرانی ئیمپراتۆرییه‌كانی تورك و فارس له‌م ناوچه‌یه‌دا، نه‌بووه مایه‌ی دابڕان له چیرۆكه مه‌زنه‌كانی ئیمپراتۆری و پاشماوه‌ی ئه‌م ئیمپراتۆرییانه دیسان به شێوه‌یه‌كی دیكه هه‌وڵی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕابردووه مه‌زنه‌یان داوه، كه به زه‌قی له ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی ئه‌م سێ نه‌ته‌وه‌یه و له چوارچێوه‌ی پان‌ئێرانیزم (پانفارسیزم) و پانتوركیزم و پانعه‌ره‌بیزمدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و له گه‌لێ ڕووه‌وه ئه‌دگاریان له ناسیونالیزمی ئه‌وروپایی و خۆرئاوایی جیاوازه.
تێزی “پانناسیونالیزم” بۆ مێژوو، خاوه‌ندارێتیی خاك نییه، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتدارێتییه به‌سه‌ر خاكدا. له‌م بیروباوه‌ڕه‌دا “ده‌سه‌ڵات”ی مێژووییی ئیمپراتۆرییه‌ك به‌سه‌ر جوگرافیایه‌كدا ده‌بێته مایه‌ی خاوه‌ندارێتیی ئه‌و خاكه و ئیدی باسكردن له‌وه كه ئه‌م خاكه كێی له‌سه‌ر ژیاوه و له قه‌واڵه‌ی كام نه‌ته‌وه‌دایه هیچ سوودێكی نییه.كاتێك ده‌گوترێ: یه‌كپارچه‌ییی خاكی ئێران، توركیا، عێراق و سووریا، هیچ پرسیارێك له‌وه ناكرێت كه كێ له‌سه‌ر ئه‌و خاكه ده‌ژی و كێ خاوه‌نیه‌تی و ئه‌و كه‌سه‌ش پارچه‌ی ده‌كات، یان جیای ده‌كاته‌وه، له چی جیا ده‌بێته‌وه؟! له‌م لۆژیكه‌دا “سنووری نه‌ته‌وایه‌تی”ده‌به‌سترێته‌وه به “سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر” به‌سه‌ر خاكێكدا، كه مۆركی زمانی و نه‌ژادیی ئه‌وی پێوه دیار نییه. لێره‌دا به‌كارهێنانی وشه‌ی “داگیركه‌ر” بۆ وه‌ها “ده‌سه‌ڵات”ێك هیچ دانپیانانێكی لێ ناكه‌وێته‌وه، چونكه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه جوگرافیای نه‌ته‌وایه‌تی به‌ستراوه‌ته‌وه به حیكایه‌تی ده‌سه‌ڵات، نه‌ك “نه‌ته‌وه”وه. له‌و سۆنگه‌وه”ئێران” وڵاتێكی پاشماوه‌ی ئیمپراتۆرییهكانه، كه مێژووی ده‌سه‌ڵاتی خاوه‌نده‌سه‌ڵات ده‌گێڕێته‌وه، نه‌ك خاوه‌ندارێتیی ئه‌و. ده‌سه‌ڵات چ وه‌ك هێزی سه‌خت، یان وێژمان. خۆ ئه‌گه‌ر له سۆنگه‌ی ڕه‌واییی پاوانكردنهوه سه‌یری مه‌سه‌له‌كه بكه‌ین، خاكێكی یه‌كپارچه هه‌یه، كه له پاوانی فهرمانڕهواییدایه و فه‌رمانڕه‌وا به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌كی بانمێژوویی و بانجوگرافی، “ئێران” پێناسه ده‌كات، كه خاكێكی پیرۆزه و، لێره‌وه هیچ ڕێزێك بۆ “كه‌تواری سه‌رزه‌مینی”ی گه‌لانی په‌ستێنراو له‌م جوگرافیایه‌دا دانانرێت.
ڕه‌واییی خاوه‌ندارێتیی خاكێكی ئه‌مڕۆیی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه، كه پێگه‌ی فه‌رمانڕه‌واییی ڕابردوویه‌كی ئیمپراتۆری بووه، ڕێگه‌ی دانپیانان به داگیركاری داده‌خات و له‌م سۆنگه‌وه هه‌رچه‌شنه داواكارییه‌كی “داگیركراو” بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتیی خۆی به “جوداخوازی” له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ. كه وابوو جه‌سته‌ی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی ئێرانی، یان توركی، یان عه‌ره‌بی، ئه‌وه‌نده قاچی له‌نێو مێژوو و یاده‌وه‌ریی ئیمپراتۆریدا هه‌یه، هه‌نده له‌و مێژووه دانه‌بڕاوه، بۆیه مێژووی جێ هێشتووه، به‌ڵام له مێژوو تێ نه‌په‌ڕیوه، واته ڕێنێسانسی به‌خۆوه نه‌دیوه. هاوكێشه‌كه ڕوونه، ئه‌وه‌ی كه به‌جێی ده‌هێڵی، هه‌ر ناچاری بۆی بگه‌ڕێیه‌وه، ئه‌وه‌ش كه لێی تێ ده‌په‌ڕی، ئیدی بۆی ناگه‌ڕێیه‌وه. قه‌یرانی نه‌ته‌وه مێژووییه‌كان له‌وه‌دایه كه بۆ ده‌سته‌به‌ری داهاتوویان به‌رده‌وام ناچارن بۆ مێژوو بگه‌ڕێنه‌وه و “مێژوو” ده‌وڵه‌ت ده‌پارێزێ و ده‌وڵه‌تیش مێژوو.
به‌م پێوه‌ره، نه‌ته‌وه مێژووییه‌كان زیاتر له نه‌ته‌وه نوێیه‌كان پێویستییان به ده‌وڵه‌ته. به‌ڵام ئاریشه‌كه له‌وه‌دایه كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك جوگرافیا وه‌ك ڕووبه‌ری فه‌رمانڕه‌وایی پێناسه بكات و قه‌ڵه‌مڕه‌وی سمی ئه‌سپه‌كان به نیشتمان و وڵاتی خۆی بزانێت و به هیچ شێوه‌یه‌ك “كه‌تواری سه‌رزه‌مینی”ی نه‌ته‌وه‌كان له‌به‌رچاو نه‌گرێت. ئێمه ڕه‌خنه‌مان له مافی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ “فارس” و “تورك” و “عه‌ره‌ب” نییه، ڕه‌خنه‌كه له‌وه‌دایه كه ئه‌وان ڕابردووی ئیمپراتۆریی خۆیان، كه مێژووی داگیركاریی خاكه، به مێژووی نیشتمان و وڵاتی خۆیان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، له كاتێكدا له‌و ڕووبه‌ری خاكه‌ی كه داگیریان كردووه، یان نیشته‌جێ نین، یان كه‌مینه‌یه‌كی ئێجگار كه‌من!
ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه به سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كان ده‌زانن، وا دیاره له سروشتی جیاوازی “ناسیونالیزم” و “پانناسیونالیزم” تێ ناگه‌ن، یان خۆیان له باسه‌كه ده‌بوێرن. ئاریشه‌ی سه‌ره‌كیی كه‌سانێك كه هه‌میشه له كۆتوبه‌ندی مێژووی پڕشكۆدا گینگڵ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆیان فڕێ ده‌ده‌نه نێو مودێڕنیتهوه، به‌ڵام مێژوویه‌كی ئه‌فسانه‌ییی تژی له فه‌ڕی ئیزه‌دی تێكه‌ڵ به جیهانی مودێڕنیته ده‌كه‌ن و به بیانووی خۆگونجاندن له‌ته‌ك جیهانی مودێڕن، به جوگرافیای نه‌ته‌وایه‌تیی خۆیان و به سنووره‌كانی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی خۆیان ڕازی نابن. ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی “پان‌ئێرانیزم” و “پانتوركیزم” بكه‌ن، هه‌میشه چاویان له جوگرافیای مێژووییی ئیمپراتۆرییهكانیانه. چه‌شنی “خه‌ونی هه‌خامه‌نشی، ساسانی” یان “عوسمانیی نوێ”!
هه‌موو ئه‌م درێژدادڕییه بۆ ئه‌وه بوو كه ئێمه‌ی كورد بزانین، له چ دۆخێكی سه‌ختی داگیركاریداین و “بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورد” به‌ره‌وڕووی چ جۆره داگیركارییه‌كه، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ته‌ك دۆخی كۆڵۆنیالیزم به پێناسه ئهوروپاییهكهی تێك ناكاته‌وه. چونكه ئێمه له‌ته‌ك گێڕانه‌وه‌یه‌كی “بانمێژوویی” و “بانجوگرافی”دا به‌ره‌وڕووین، كه ته‌نیا تێكشاندنی ژیۆپۆلیتكی ناوچه‌كه ده‌توانێ “كورد” به ڕزگاریی خۆی بگه‌یه‌نێت. بۆیه هه‌میشه ده‌بینین هه‌ركات درزێكی ژیوپۆلیتك له ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌بێت، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان دێته ئاراوه و “كورد” وه‌ك فاكته‌ری هێز قوت ده‌بێته‌وه و ئه‌گه‌ر “داعش” وه‌ك درزێكی ژیۆپۆلیتیك بزانین ـ له‌پاڵ زیانه‌كانی بۆ كورد ـ سه‌نگی كوردی له ناوچه‌كه‌دا زیاتر زه‌ق كردووه‌ته‌وه.
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مافه‌كانی ئێمه له چوارچێوه‌ی “ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر”دا ـ كه پێشتر به كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی “سته‌مكاری” و “چه‌وساندنه‌وه” ناوم لێ نا ـ ده‌بێ به وریاییه‌وه داوه‌ری بكه‌ین. به‌ده‌ستهێنانی”ئوتۆنۆمی” و “فێدراڵی” له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ردا، پهیمانێكه، كه مه‌رجه‌كه‌ی “پاراستنی یه‌كپارچه‌ییی وڵات”ێكه، كه خودی وڵاته‌كه له لایه‌ن مهرجدانهرهوه داگیر كراوه.
كاتێك دوو به‌ره‌ی جه‌نگ له‌به‌ر هاوسه‌نگیی هێز مل به دانوستان ده‌ده‌ن، ده‌بێ به‌گوێره‌ی ئاست و ڕاده‌ی هێز، دانوستاندن به‌ڕێوه ببرێ و له ڕه‌وتی دانوستاندا هه‌میشه هێزی كار و كاردانه‌وه نیشان بدرێت، كارته‌كانی”هێز” بۆ دروستكردنی”هه‌رامه‌ی كه‌توار”(امر واقع/دیفاكتۆ) گه‌لێ گرنگن. ئه‌زموونی ئێمه‌ی كورد له دانوستاندا سه‌لماندوویه‌تی هه‌ركات هێزی سه‌خت (پێشمه‌رگه) تواناییی به‌رزه‌فتی خاك و جوگرافیای هه‌بووبێت، توانیویه‌تی پاشه‌كشه به ملهوڕییه‌كانی داگیركه‌ر بكات. به‌ڵام داگیركه‌ریش بۆ “خۆبه‌هێزكردن” دانوستانه‌كه‌ی بۆ كڕینی كات درێژتر كردووه‌ته‌وه. له وه‌ها دۆخێك‌دا هێزی سه‌ختی ئێمه‌ی كورد به به‌رده‌وامی تواناییی به‌رزه‌فتی خاك و جوگرافیای هه‌بێت، ئه‌مه وا ده‌كات پارامێتره‌كان به قازانجی ئێمه بن.
ئێمه له‌گه‌ڵ “داگیركه‌ر”ێكدا به‌ره‌وڕووین، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك بڕوای به “دیمۆكراسی” نییه. له وڵاتێكی وه‌ك “ئسپانیا”، یان “بریتانیا” له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رچۆنێك بێت، جۆرێك له ڕه‌فتاری دیمۆكراتیك به‌گوێره‌ی بنه‌واشه (پره‌نسیپ)ه‌كان هه‌یه، ده‌وڵه‌ته‌كان به‌رده‌وام پێڕستێك له مافه‌كان و ئۆنۆمۆمیی زیاتر پێشنیار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كان “سه‌ربه‌خۆیی”ی خۆیان دوا بخه‌ن. كه‌وابوو به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ئێمه، نه‌ك هیچ پێڕستێك له مافه‌كانی ئاماده نه‌كردووه، به‌ڵكو هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه بڕوای به‌وه نییه كه ئێمه جوگرافیایه‌كی جیاین له‌نێو جوگرافیایه‌كی دیكه‌دا. واته ئه‌و شته‌ی كه به‌نده به “كه‌تواری سه‌رزه‌مینی” ناوم هێنا. هه‌رچه‌شنه وهدهستهێنانێكی ماف، ته‌نیا پێوه‌ندیی به ڕاده‌ی هێزی ئێمه‌وه هه‌یه، كه ناتوانین پێشبینیی ئه‌وه بكه‌ین ئاخۆ تا كه‌ی ده‌توانین “هاوسه‌نگیی هێز” بپارێزین. بۆیه هه‌میشه هه‌ركات “ناوه‌ند” لاواز بووبێت، ئێمه توانیومانه به‌هێز ببین و هه‌ناسه‌یه‌ك بده‌ین. وه‌ها دۆخێك له‌مه‌ڕ دانوستان له‌باره‌ی”ئوتۆنۆمی”، یان “فێدراڵی” له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سێنتراڵیستیی وه‌ك ئێران‌دا، هه‌میشه له كاتی لاوازیی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بووه و به‌م دۆخه ده‌گوترێ “ئاشتیی خۆپڕچه‌ككردن”(صلح مسلح)!
دۆخی”ئاشتیی خۆپڕچه‌ككردن” زیاتر له ئاگربه‌ست ده‌چێ، تا ئاشتی! ئه‌وه‌ی كه جۆرێك له ئاشتیی هێناوه‌ته كایه‌وه، لاسه‌نگیی هێزی ناوه‌نده به‌رانبه‌ر به په‌راوێز و، هه‌ركات كه “ناوه‌ند” هێزی جارانی وه‌ده‌ست هێنایه‌وه، په‌راوێز ده‌خاته‌وه ژێر ڕكێفی خۆی!
یه‌كێك له فێڵه‌كانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به‌رانبه‌ر یه‌كه “ئۆتۆنۆمیخوازهكان” خهریككردنیانه به دانوستانی دوورودرێژ له‌سه‌ر بنه‌مای مادده و به‌ندێكی ده‌ستووریی ناكارا كه هه‌میشه له كاتی “قه‌یران”دا كارا ده‌كرێته‌وه! هه‌ر بۆ نموونه، مادده‌ی 15ی ده‌ستووری كۆماری ئیسلامی (مافی خوێندنی “ئه‌قوام” به زمانی دایك) كه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه مادده‌یه‌كی له‌كاركه‌وتووه، هه‌میشه له كاتی فشار بۆ ناوه‌ند ده‌خرێته‌وه به‌ر باس، ئه‌م باسوخواسه بۆ ئه‌وه‌یه كه “بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورد” له نێوخۆوه تووشی دڕدۆنگی و مقۆمقۆ بكات! هه‌ر ئه‌وه‌نده ڕێژیم ده‌رفه‌تێكی ساخته بخاته ڕۆژه‌ڤی سیاسیی هێزه سیاسییه‌كانی كورده‌وه! توانیویه‌تی نێوه‌ندی بڕیاری ئه‌م هێزانه بشڵه‌قێنێ و ئه‌م ڕۆژه‌ڤه ساخته‌یه ناوی “ڕیفۆرم”ی لێ ده‌نرێت!
وێنای “ئازادی” له قۆناخی پێش “ڕزگاری”دا هه‌میشه خه‌وشداره! ئێمه ناتوانین به‌بێ “سه‌ربه‌خۆیی”، مه‌شقی ئازادی بكه‌ین. “ئازادی” به‌بێ لابردنی “سته‌م” نایه‌ته دی، نه‌مانی “سته‌م” خۆبه‌خۆ به واتای ڕزگاربوونه له شتێك كه هه‌روه‌ك باسم كرد پێشمه‌رجی ئازادییه. هه‌ر بۆ نموونه: پێشنیاركردنی كۆمه‌ڵه ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌یه‌ك له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه، كه خۆی به‌شێكه له كێشه‌كه، به مانای”ئازادی” نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مافی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له بژارده‌كان به ئێمه بدرێت ـ ئه‌گه‌ر یه‌كێك له بژارده‌كان سه‌ربه‌خۆیی نه‌بێت ـ دیسان به‌و مانایه نییه كه ئێمه ئازادین. ئه‌مه دیدێكی ئایدیال نییه، به‌ڵكو دیدێكی كهتوارهكی (واقعی، ڕیالیستی)یه، به‌ڵام ده‌كرێ بێژین دیدێكی ئه‌وپه‌ڕگر (حداكپری)ه، دیاره ده‌بێ له دانوستاندا هه‌میشه ئه‌م دیده له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌گینا تووشی داله‌نگاندنی چه‌مكی (تقلیل مفهومی) ده‌بین، كه به‌نده له سه‌ره‌تای ئه‌م بابه‌ته‌وه به “كه‌لێنی چه‌مكی” ناوم هێنا و داله‌نگاندنی چه‌مكی، یه‌كێك له لێكه‌وته‌كانی “كه‌لێنی چه‌مكی”یه ـ یان به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه.
له دۆخێك‌دا كه كوردستان، وه‌ك وڵاتێكی داگیركراو له لایه‌ن ئه‌و ڕێژیمانه‌ی كه خۆیان به داگیركه‌ر نازانن، وڵاتێكی خنكێنراوه، داواكردنی هه‌ر مافێك له چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌توانین ـ ئه‌گه‌ر دانوستاندنێك هاته ئاراوه ـ ئێمه‌ی كورد له چ ڕێگه‌یه‌كه‌وه و چۆن سروشتی داواكارییه‌كانمان بخه‌ینه ڕوو. هه‌ندێ كه‌س ده‌راوی گفتوگۆ له‌ته‌ك “ده‌سه‌ڵاتی نێوه‌ندی” به “ئێرانی‌بوون” له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن ده‌بێ مه‌رجی ئێرانی‌بوون له گفتوگۆكاندا له‌به‌رچاو بگرین بۆ ئه‌وه‌ی “نێوه‌ند” پێشمه‌رجی “شوناسی ئێرانی” نه‌كات به گرێی دانوستان. ئه‌وه له كاتێكدایه كه هه‌مووان ده‌زانن په‌سندكردنی وه‌ها پێشمه‌رجێك ده‌بێته مایه‌ی داماڵینی به‌رگی داگیركه‌ر له “دوژمن”. ئێمه ئه‌گه‌ر له هه‌لومه‌رجێكی له‌باردا له‌ته‌ك ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بكه‌وینه دانوستانه‌وه، با”شوناسی ئێرانی‌بوون” به شێوه‌یه‌كی دیكه بخه‌ینه ڕوو. “ئێرانی‌بوون” ئه‌گه‌ر به مانای ئه‌و جوگرافیا سیاسییه بێت كه ئێمه‌ی كورد تێی پهستێنراوین و خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م جوگرافیا سیاسییه ببێته بنه‌مای “شوناسی ئێرانیی كورد”، ئه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه “مافی دیاریكردنی چاره‌نووس”مان له نه‌وه‌كانی داهاتوو سه‌ندووه‌ته‌وه و نابێ ئه‌و شوناسه به‌سه‌رماندا بسه‌پێنرێ. شوناسی مێژووییی ئێرانی، شوناسێك نییه كه به نه‌خشه‌ی جوگرافیای سیاسیی ئێرانی ئێستاییه‌وه به‌سترابێته‌وه و په‌سندكردنی شوناسه مێژووییه‌كه‌ی ئێران، هاوپشكیی ژیاریی كوردیشی تێدایه و زیان به “مافی دیاریكردنی چاره‌نووس” ناگه‌یه‌نێت، چونكه نامانكات به نوێنه‌ری نه‌وه‌كانی داهاتوو. دانوستانكهری باش بریتییه له‌و كه‌سه‌ی كه خۆی وه‌ك نوێنه‌ری قۆناخه‌كه‌ی بناسێنێ، نه‌ك به نوێنه‌ری داواكارییه پێشبینینهكراوهكانی داهاتوویه‌كی نادیار.
تیرێكی ئاوقهكراو:
هه‌روه‌ك پێشتر هێمام بۆ كرد، “ئازادی” بۆ كورد چه‌مكێكه هێشتا به شێوه‌یه‌كی “به‌رهه‌سته‌كی” نه‌هاتووه‌ته دی و تێكڕای وێناكانی “ئازادی” بۆ ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی “بژارده‌كان”دا “سه‌رپشك” نین، نابێ تووشی ساویر (توهم)ی سه‌مه‌ره ببین. هه‌ر بۆ نموونه، داواكاری، یان پشتیوانی له “ڕیفۆرم” له وڵاتێكی داگیركراودا له چوارچێوه‌ی ده‌ستوورێكی نادیمۆكراتیكدا، كه له نێوه‌رۆكدا ڕه‌نگه ته‌نیا هه‌ندێ كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی به‌دوای خۆیدا بهێنێت و كرانهوهكهش بۆ فه‌رهه‌نگ و زمانی سه‌رده‌ست بێت، ده‌كرێ وه‌ها لێك بدرێته‌وه لایه‌نی پشتیوانیكهر وازی له دروشمی ڕووخاندن هێناوه و خۆی بۆ هه‌ندێ “ئه‌گه‌ری هه‌لپه‌رستانه” ئاماده كردووه و وه‌های پێشبینی كردووه كه ڕه‌نگه بكرێت به نزیكبوونه‌وه له “نێوه‌ند”، خۆی ده‌كات به لایه‌نی سه‌ره‌كیی دانوستان و له داهاتووی وڵات‌دا پشك و پێگه‌یه‌كی سه‌قامگیر په‌یدا ده‌كات. له ڕاستیدا، هه‌رچه‌ند به بۆچوونی به‌نده ئه‌مه له باری ڕه‌وشتی سیاسییه‌وه نه‌باو و ناپه‌سنده، به‌ڵام به‌گوێره‌ی سیاسه‌تی پراگماتیستیش بۆ ئێمه‌ی كورد هیچ ده‌سكه‌وتێكی نییه، چونكه سیاسه‌تی پراگماتیستی بۆ به‌هێزه‌كان باشه، كه تواناییی وهرسووڕاندنی ڕووداوه‌كان و ئاراسته‌دانی سیاسه‌ت و مه‌یدانی ململانێ‌یان هه‌یه كه ئێمه‌ی كورد له ده‌ستنیشانی پارامێترهكاندا یه‌كلاكه‌ره‌وه نین و ته‌نیا ده‌توانین له به‌ره‌یه‌كی هاوئاراستهدا خۆمان ڕێك بخه‌ین. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، به‌شداری له پرۆسه‌یه‌كی لێڵی ڕیفۆرمخوازی له چوارچێوه‌ی ده‌ستوورێكی دواكه‌وتووی نێوهندخواز، كه بڕوای به هیچ كه‌توارێكی سه‌رزه‌مینی بۆ په‌راوێزه‌كانی خۆیشی نییه، به‌ره‌نجامه‌كه‌ی به‌وه ده‌گات كه ئیدی واز له پێناسه‌ی دوژمن، وه‌ك “داگیركه‌ر” بهێنین و به‌م چه‌شنه به‌فه‌رمی له خانه‌ی “كورد”، وه‌ك “كه‌تواری سه‌رزه‌مینی”ی جیاواز وازمان هێناوه و دانمان به ڕه‌واییی كه‌تواری سه‌رزه‌مینیی خاكی وڵاتێكی داگیركه‌ری پاشماوه‌ی ئیمپراتۆری هێناوه. ئه‌مه به مانای وازهێنان له دانوستان و به‌شداری له سیاسه‌تكردن، وه‌ك ڕێكاری كه‌مكردنه‌وه‌ی سته‌م و وه‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وت نییه. به بۆچوونی به‌نده، پشتیوانی له ڕیفۆرم و گۆڕان له چوارچێوه‌ی وڵاتێكی داگیركه‌ردا، كه به‌ره‌نگاری ده‌بینه‌وه و هه‌نووكه هیچ پێوه‌ندییه‌كی فه‌رمی و پێشزهمینهیهكمان بۆ مافه‌كانمان نییه، به‌شدارییه له پرۆسه‌یه‌كدا كه ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی كرانه‌وه‌یه‌كه بۆ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، كه سروشتی كێشه‌كان و داخوازییه‌كانی، پێوه‌ندیی به كورده‌وه نییه.
خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سانێك پێمان بڵێن هه‌رجۆره كرانه‌وه‌یه‌كی نێوه‌ند قازانجی بۆ په‌راوێزه‌كانیش هه‌یه، وڵامه‌كه ڕوونه:
یه‌كه‌م، نێوه‌ند به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان “ماف” و “ئه‌رك”ی به‌سه‌ر هه‌موو جوگرافیای ئێران‌دا دابه‌ش نه‌كردووه.
دووه‌م، له “ده‌ستوور” و “یاساكان”دا هه‌ڵاواردن له پله‌ی هاووڵاتیبووندا به زه‌قی وه‌به‌رچاو ده‌كه‌وێت و سه‌رباری سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ڵاواردنی ئایینی و ئایینزایی هه‌یه و به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتدا ته‌نیا له نوێنه‌رایه‌تییه‌كی گاڵته‌جاڕانه‌ی پڕوَپاگهنداییدایه.
سێیه‌م، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئێمه گیرۆده‌ی وڵاتێكین، كه تێیدا خاوه‌نده‌سه‌ڵات، یاساكانی خۆیشی جێیه‌جێ ناكات و وڵات به ڕێنمایی به‌ڕێوه ده‌چێ و ڕێنماییه‌كانیش باری ته‌ناهییان هه‌یه. له‌و سۆنگه‌شه‌وه، كرانه‌وه‌كان “تاكتیكی”، كورتخایه‌ن، توێژتهوهر و سڕكهرن و له ده‌ستووردا هیچ چاكسازییه‌ك په‌سند ناكرێت و ته‌نیا بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یران سوودیان لێ وه‌رده‌گیرێت.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه، ئامانج له ڕیفۆرم له وه‌ها وڵاتێكدا پاشه‌كشه‌یه‌كی تاكتیكی و كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره‌كان و خۆنۆژهنكردنهوهیه و له‌مه‌ڕ بارودۆخی كورده‌وه، هیچ سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر كورد كه‌م ناكاته‌وه.