ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک دەکەوێتە ٢١ی شوباتی ھەموو ساڵێک. ئامانج لەم ڕۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرامبەر فرەزمانی و فرەفەرهەنگی لە جیھاندا. ئەم ڕۆژە یەکەم جار لە ١٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا.
ساڵی ٢٠٠٨یش ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیە کگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشان دا و ساڵی٢٠٠٨یشی کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان. ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک لە رۆژی بزاڤی زمانی ساڵی ١٩٥٢ی بەنگلادیش (ڕۆژھەڵاتی ئەوسای پاکستان بەر لە سەربەخۆیی)ەوە سەرچاوەی گرتووە. ساڵی ١٩٥٢ ژمارەیەک قوتابیی زانکۆی (داکا) کە دژی سیاسەتی زمانیی دەوڵەتی پاکستان ناڕەزایییان دەردەبڕی، بەدەستی ھێزەکانیپۆلیس و سوپای پاکستان کوژران.
لە ئەمڕۆی پێشکەوتوودا، لە سەردەمی بوونی هەزاران فەرهەنگی زمانی کوردی پاک و پەتیدا، لەگەڵ بوونی سەدان پەڕەو پێگەی راستەوخۆو دۆزینەوەی سەرچاوەو وشەسازی و مانازانی وشەزانی و هەزاران وشەی شێوەزارەکان، لە کوردستاندا کۆمەڵێک یان هەندێک مامۆستا، نوسەر، وێژەدۆست، بێژەن، هۆزانڤان، هونەرمەند، رۆژنامەنوس، راگەیاندنکار، وتەبیژو رۆشنبیرو بریکار، لەباتی پاراستنی زمانی شیرینی کوردی پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی وشەگەلی چاوزەقی بیانی، بەتایبەتی عەرەبی و ئینگلیزی!
ئەگەر بەوردی گوێ لە ئاخافتن و لێدوان، چاوپێکەوتن، گۆرانی، هۆنراوە، کۆڕو بڵاوکراوە دەنگی و رەنگیەکانیان بگری، بەزەییت بە زمانی کوردیدا دێتەوە. لەوەش نەنگیتر، ئەگەر سەیری دەق ، نوسین، چاپ، بڵاوکراوەکان بکەین، ئەوە هەر بەڕونی زمانی کوردی لە هەڵدێرو کەوتن و خنکاندندا دەبینیتەوە.
ئێستاش لای هەندێک لەو کەس و لایەنانەی سەرەوە باسکران، زمانی کوردی لە سەدەی نۆزدەو سەرەتای بیستدایە، یان بەناوی بەجیهانیبوونەوە بەتەواوەتی هەوڵی شیواندنی زمانی کوردی دراوە. هەروەها ناوی بازاڕو شوێنی کارکرن و خواردنگاو میوانخانەو شوێنە گەشتیارییەکان بەتەواوەتی لەناوی کوردی چۆڕاونەتەوە بەڕێژەیەکی کەم ناوی کوردی شیرین و پەتی ئەبینرێت. لێرەشدا وەزارەتی رۆشنبیری و بەشی مۆڵەتدانی کارکردن کەمتەرخەمن و پێویست ئەکات مۆڵەت بەو کەس و شوێنانە نەدرێت کە ناوی بیانی بەکاردەهێنن. بۆیە تکایە وەک نابنە هۆکاری پێشکەوتن و پەرەپێدان و پاڵپشتی زمانی کوردی شیرین، مەیخنکێنن، مەیشێوێنن، بەناوی کرانەوە بەڕووی جیهاندا.
زمانی کوردی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین زمانەکانی جیهان، ئەگەر مەبەستمان بێت بەڕاستی بەکاری بهێنین، پێویستمان بە یەک وشەی بیانی، بێگانە نابێت لە هەموو جۆرەکانی کاروباری ژیاندا.
زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە رەسەن و گرنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لقێکی گەورەیە لە خێزانی زمانە هیندۆئەوروپیەکان، زۆرینەی نەتەوەی کورد پێی ئەدوێن، بەڵام هیشتا زمانی وێژەیی فەڕمی یەکگرتوومان نیە، بەڵکو شێوەزاری فەڕمیمان هەیە، هەزاران هەزار پەرتوکی پێ چاپکراوە، وەک کوردی ناوەند کە شێوە زارێکی فەڕمیە بە ئەلفوبێی کوردی دەنووسن. هەروەها کوردی باکوری بە ئەلفوبێێ لاتینی دەنوسن.
بەشێوەیەکی گشتی زمانی کوردی وەک زمانیکی گرنگ لە چوار شێوە زاری سەرەکی یان شێوە زاری فەڕمی پێکهاتووە:یەکەم/ شێوەزاری باکور.دووەم / ناوەند، ناوەڕاست.سێیەم/ باشور.چوارەم/ گۆرانی/زازایی.
لێرەدا هەوڵ ئەدەین بۆ راستکردەنەوەی هەندێ هەڵە لە شێوازی بەکارهێنانی هەندێک (ناو- وشە- زاراوە) کە رۆژانە بەکاریان دێنین لە زمانی کوردیدا:
– ئایە بەکارهێنانی ووشە/ناوی (کوردەکان) راستە؟ یان تەنیا (کورد ) بەکار بهێنین؟
زۆر بەداخەوە هەندێک کەسایەتی کورد لە پەرتووک و رۆژنامەو گۆڤارو ماڵپەڕو (سایت، فەیسبووک، تیڤی)و لێدوانەکانیاندا وشەی (کوردەکان) زۆر بەکاردەهێنن، ئەوەش هەڵەیەکی گەورەیەو پێویستە راست بکرێتەوە.
لە راستیدا کورد یەک کوردە، ئەوە بێگانەکان ئەو ناوە بەکاردینن و دەڵێن کوردەکان، بەتایبەت عەرەب و ئینگلیز. یان زۆرجار بەناو نوسەرو رۆشنبیری کورد لە کەناڵە عەرەبیەکانەو دەڵێن (الاکراد)! بەراستی نەزانییە بۆ نوسەرو هەندێ خەڵکی بەناو پێشەنگ ئەو وشانە بەکاردەهێنن و چەندین جاریش دوبارەی دەکەنەوە کە هەڵەیەکی یەکجار گەورەیە.
هەروەها لەوەش وێرانتر دەڵێن (کوردی کۆن و کوردی نوێ و کوردی ناوەراست و کوردی هاوچەرخ)!بەکارهینانی ئەمانە هەڵەی گەورەن، دەبێ ئاوەڵناوەکان وەک (کۆن، ناوەراست، نوێ، هاوچەرخ) بخرێتە پێش ناوەکەوە کە کوردە. وەک مێژووی کۆنی کورد،، یان مێژووی دێرینی کوردستان، یان مێژوی کورد/کوردستان لە سەدەکانی ناوەراستدا، یان مێژوی نوێی کورد، هاوچەرخی کورد. لێرەشدا یەک کورد هەیە نەک کوردی کۆن و تازە.
من لە بەرگی یەکەمی کتێبی (مێژووی دێرینی کوردستان)دا ئەو بابەتەم بەکورتی ئاماژە پێداوە، لێرەدا دووبارە بایەخی پێ دەدەینەوەو بەکورتی باسی دەکەین، بۆ نموونە بۆ مێژووی کوردستان: چاخه مێژووییهكاندهكرێن به چوار بهشی سهرهكیهوه، وهك:
١/ مێژووی دێرینی كوردستان (3000پ.ز-650زاینی): له دهركهوتنی نوسینهوه تا رووخانی دهوڵهتی ساسانی و هاتنی ئیسلام دهگرێتهوه، ههر لهم ماوهیهدا چاخهكانی پێش مێژووش له ناوهندكانی خوێندندا دهخوێندرێت، لهبهر گرنگی بابهتهكه، سهرهڕای زانستی شوێنهوارناسی كه بایهخی تهواوهتی پێدراوه له كوردستاندا. بهداخهوه له زۆر شوێن و زانكۆكانی كوردستان دهڵین (میژووی كوردی كۆن) ئهمهش ههڵهیهكی زانستی گهورهیه كه ههندێک كهس بهناو مامۆستاو زانا بهكاری دێنن. له راستیدا ئهوه تهنها شوێنكهوتهی عهرهب و وهرگێڕانی عهرهبیهكهیهتی و هیچی تر، لهكاتێكدا دهبێت ئهوه بزانین كورد یهك كورده، نهك كوردی كۆن و كوردی ناوهراست و كوردی نوێ و كوردی هاوچهرخ، بهڵكو دهبێت ئاوهڵناوهكانی (كۆن و ناوهراست و نوێ و هاوچهرخ)، له پێش وشهی كورد یان كوردستان دابنێیین. وهك مێژووی دێرینی كوردستان و مێژووی سهدهكانی ناوهراست و نوێ و هاوچهرخی كوردستان. دهبێت مێژوو دابهش بكهین بۆ چهند قۆناغێك نهك كورد و كوردستان یان دهتوانیین بهم شێوهیهی خوارهوهش بینوسین.
٢/ مێژووی كوردستان له سهدهكانی ناوهراستدا (650ز-1500ز): ( مێژووی سهدهكانی ناوهڕاست له كوردستاندا) واته بههاتنی ئیسلام تا دهركهوتنی دهوڵهتی عوسمانی و سهفهوی و داگیركاریهكانیان له كوردستاندا دهخایهنێت، تا (شهڕی چاڵدێران 1514ز).
٣/ مێژووی نوێی كوردستان:(1500-1914ز): له (شهڕی چاڵدێران 1514ز)، له دهركهوتن و بههێزبوونی دهوڵهتی عوسمانی و سهفهوی و داگیركاریهكانیان له كوردستاندا تا دهستپێكردنی جهنگی یهكهمی جیهانی 1914ز دهخایهنێت.
٤/ مێژووی هاوچهرخی كوردستان (1914ز تا 1970ز): له جهنگی یهكهمی جیهانی 1914 تا 1970. بهپێی رێبازی فهلسهفهی مێژوویی(١).
– ئایا بەکارهێنانی وشەی (کوردەکان) کوردی ئێراق، کوردی ئێران، کوردی تورکیا، کوردی سوریا راستە؟ یان کوردستانی عێراق، کوردستانی ئێران، کوردستانی تورکیا، کوردستانی سوریا راستە؟ یاخود تەنیا (ئاراستەکان) بەکاربهێنین، وەک باکور، باشور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا؟
زۆر بەداخەوە جارێکی تریش ئەوە ئەڵێین هەندێ کەسایەتی کورد لە کتێب و رۆژنامەو گۆڤارو ماڵپەڕو (سایت، فەیسبووک، تیڤی)و لێدوانەکانیاندا وشەی (کوردەکانی)/ کوردی ئێراق، کوردی ئێران، کوردی تورکیا، کوردی سوریا زۆر بەکاردەهێنن، ئەوەش دیسان هەڵەیەکی گەورەیەو پێویستە راست بکرێتەوە. یان زۆر جار لە چاوپێکەوتنی میوانەکاندا خودی پێشکەشکارو میوانەکەش دەکەونە ئەو هەڵەیەوە.
لە راستیدا کورد یەک نەتەوەیە، تەنیا پێی دەوترێت کورد و یەک نیشتیمانی هەیە ئەوەش پێێ ئەوتریت کوردستان.
لێرەدا دەکرێت ئاراستەکان بەکار بهێنرێت وەک باکور یان باکوری، باشور، باشوری/ رۆژهەڵات، رۆژئاوا، بەڵام بە شێوەی دروست وەک باشوری کوردسان، رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، باکوری کوردستان.
زۆر جار دەڵێن بێژەن، نوسەر، هونەرمەندێکی بەناوبانگی کوردی باشور، کوردستانی باکور!
ئەوە شێوازە هەڵەکەی بەکارهێنانێتی، چونکە ئەگەر ئێمە بڵێین کوردستانی باشور واتە رازین بەو دابەشکارییەی کوردستان. راستتر ئەوەیە بڵێن باشوری کوردستان، باکوری کوردستان یان ڕۆژھەڵاتی کوردستان یان ڕۆژئاوای کوردستان، لەبەرئەوەی ئێمە یەک خاک و نیشتیمان و یەک کوردستانمان ھەیە، ئەویش کورستانی گەورەیە. هەروەها زۆرێک لە کەناڵ و واڵ و ماڵپەرە گەورەکانی خۆمان و جیهان ئەو شێوازە هەڵەیە بەکاردێنن.
لەلایەکی ترەوە دەکرێت بۆ ئەو سنورانەی دەرەوەی کوردسانی گەورە ئەمە بەکاربهێنین، بۆ نمونە بڵێین کوردی دەرەوەی کوردستان، وەک کورد لە ئەفغانستان، پاکستان، ئەرمینیا، ئازەربایجان، جۆرجیا، لیبیا، سودان، ئەردەن، میسر، لوبنان، ئیسرائیل، یان کورد لە تاراوگە. هەروەها نمونەیەکی ترمان هەیە کە تا ماوەیەک یان تا ئەمرۆش جێی مشتومڕە، خاک وڵاتێکی کوردییە، بەڵام تارادەیەک دابڕاو لە کوردستانی گەورە، ئەویش کوردسانی سورە وەک ناوچەیەکی خۆسەری-ئۆتۆنۆمی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتی پێشودا لە ساڵی ١٩٢٣ تا ١٩٢٩. زمانی سەرەکی کوردی زاراوەی کرمانجی بوو. پایتەختەکەشی شاری لاچین بووە. ئەو ناوچەیە دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی کوردستانی گەورە. بە گوێرەی نەخشەی ئێستا دەکەوێتە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان کە تاوەکو ئێستاش کێشەیەکی زۆری لە سەرە (٢).
– ئایە بەکارهێنانی وشەی (کوردەکان) کوردی شەبەک، کوردی ئێزیدی، کوردی یارسانی، کوردی فەیلی، کوردی زازایی دروستە؟
زۆر جار گوێبیستی ئەوە ئەبین کوردی شەبەک، کوردی ئێزیدی، کوردی یارسانی، کوردی فەیلی، کوردی زازای…..تاد. ئەوەش هەڵەیەکی ترە بە بۆ چونی ئێمە، چونکە هەورامی، لوڕی، یەزیدی، کاکەیی، شەبەک، یارسانی، فەیلی، زازای و …تاد، بەشێکی گەورەی پێکهێنانی کوردن، ئەشێ لە رووی ئاین و شێوە زارو ئاخافتنی ناوچەیی و کلتورو ناوچەوە تایبەتمەندی خۆیان هەبێت، بەڵام هەرگیز جیا نین لە بەشە گەورەکەی جەستەی نەتەوەی کورد. ئەوە هێزە داگیرکەرەکانی کوردستانن ئەیانەویت بەناوی جیاوازی شێوەزارو رەنگ و ئاینەوە ئەوانە لە کورد دابڕن و لە رێژەو ژمارەی دانیشتوانی کورد کەم بکەنەوە.
ئەکرێت بوترێت ئاینە رەسەنەکانی تری کوردستان وەک ئاینی ئێزدی، یارسانی و کاکەیی، بەڵام ناکرێت بڵێن کوردی ئێزدی، کوردی شەبەک، کوردی یارسانی، کوردی فەیلی، کوردی زازای. لە ڕاستیدا ناکرێت لە رووی ئایینیشیەوە ئەو جیاوازیە بکرێت، چونکە دواجار بەشێکی سەرەکی کلتورو شارستانی کوردستان پێکدێنن.
– ئایا بەکارهێنانی زاراوە، یان وشەی کرمانجی، سۆرانی، بادینی، کەڵهوڕی، درووستە؟
لە خاڵەکانی پێشووتردا روونکردنەوەمان دەربارەی هەندێ ناو خستەڕوو:لە خاڵی یەکەمدا باسمان لە ناوی ( کوردەکان) کردو وتمان بەکارهێنانی هەڵەیە. هەروەها بەکارهێنانی ئاوەڵناوەکان وەک (کۆن، ناوەراست، نوێ، هاوچەرخ) بخرێتە پێش ناوەکەوە کە کوردە. وەک مێژووی کۆنی کورد. یان مێژووی دێرینی کوردستان، یان مێژوی کورد/کوردستان لە سەدەکانی ناوەراستدا، یان مێژوی نوێی کورد، هاوچەرخی کورد. نەک کوردی کۆن و کوردی ناوەڕاست. هەروەها لە خاڵی دووەمدا باسمان لە وشەی (کوردەکان) کوردی ئێراق، کوردی ئێران، کوردی تورکیا، کوردی سوریا کرد. یان کوردستانی عێراق، کوردستانی ئێران، کوردستانی تورکیا، کوردستانی سوریا کرد؟ ئەوەمان روونکردەوە کە بەکارهێنانی تەنیا (ئاراستەکان) دروستە، وەک باکور، باشور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا.
هەروەها لە خاڵی سێیەمی بابەتەکەماندا، ئەوەمان باسکرد، ئایە بەکارهێنانی وشەی (کوردەکان) کوردی شەبەک، کوردی ئێزیدی، کوردی یارسانی، کوردی فەیلی، کوردی زازایی دروستە؟
لە خاڵی چوارەمدا باس لە شێوە زارەکانی زمانی کوردی دەکەین، کە زۆر جار بە هەڵە لقێکی کراوە بەناوی سەرەکی شیوەزارەکە، وەک بەکارهێنانی زاراوەی کرمانجی بۆ کوردی باکوری، سۆرانی بۆ کوردی ناوەند، بادینی بۆ کوردی باکوری بەتایبەتی لای خەڵکی ناوچەکانی کوردی ناوەند. با بزانین زمانی کوردی وردەکاری شێوە زارەکانی چین؟
زمانی کوردی: وەکو پێشتر باسکرا یەکێکە لە زمانە رەسەن و گرنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لقێکی گەورەیە لە خێزانی زمانە هیندۆئەوروپەیەکان، زۆرینەی نەتەوەی کورد قسەی پێدەکەن، بەڵام هیشتا زمانی وێژەی فەڕمی یەکگرتوومان نیە، بەڵکو شێوەزاری فەڕمیمان هەیە، هەزاران هەزار پەرتوکی پێ چاپکراوە، وەک کوردی ناوەند کە شێوەزاریکی فەڕمیە بە ئەلفوبێی کوردی دەنووسن. هەروەها کوردی باکوری بە ئەلفوبێێ لاتینی دەنوسن.
بەشێوەیەکی گشتی زمانی کوردی لە چوار شێوەزاری سەرەکی، یان شێوەزاری فەڕمی پێکهاتووە:
یەکەم/ شێوەزاری باکوری: لە باکوری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، ناوچەکانی شەنگال لە باشوری کوردستان قسەی پێدەکەن. ئەمەش لە چەند لقێک درووست بووە، گرنگترینیان کرمانجی و بادینیە. لێرەدا بە هەڵە ناوی کرمانجی کراوەتە ناوی سەرەکی شێوە زارەکە بۆ هەموو لقەکانی باکور.
لە راستیدا بەکارهێنانی وشەی کرمانجی خۆی هەڵەیە. کورمانجی دەستەواژەیەکی ئەدەبی، رامیارییە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، لەلایەن میرەکانی کوردەوە بەو هۆزانەی کورد وترا کە ئامادە نەبوون ناوو نەتەوەی خۆیان بگۆڕن و بیکەن بە تورک یان تورکمان لە شوێنی خۆیان مانەوە، وشەکەش (کورمانجی) لەوەوە هاتوە (کوردێن مان جیھێ)، واتە ئەو کوردانەی مانەوە لەجێی خۆیان.
هەروەها هەڵەیەکی تر ئەوەیە لە ناوچەکانی سنوری شێوەزاری ناوەند، بە هەڵە بە شێوەزاری باکوری لە ناوچەکانی دهۆک ئەڵێین بادینی، لە کاتێکدا بادینی خۆی لقێکە لە شێوەزاری باکوری.
دووەم/ شێوەزاری ناوەند- ناوەڕاست: ئەم شێوەزارە، شێوەزارێکی فەڕمیە لە چەند لقێک درووست بووە، وەک: (کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، گەرمیان، راپەڕین، بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک سنە، ورمێ، کرماشان، ناوچەی موکریان…تاد).
زۆر جارو لە زۆر شوێندا لقێکی شێوە زارێک کراوە بە ناوی سەرەکی شێوەزارەکە، لەراستیدا ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە. بۆ نموونە بە شێوەزاری ناوەڕاست-ناوەند دەوترێت (سۆرانی)، لە کاتێکدا سۆرانی لقێکە لە لقەکانی پێکهێنانی شیوەزاری ناوەڕاست. هەروەها بڕبڕەی پشت و هێڵی راستی شێوەزاری ناوەڕاست، هێڵێکی راستە کە کەرکوک، سلێمانی، سنەیە، پاشان بە لای چەپ و راستدا گەرمیان و سۆران و هەولێر دێت.
ئەم شێوەزارەی ناوەڕاست هەزاران هەزار پەرتوک، گۆڤار، رۆژنامەو بڵاوکراوەی پێ نوسراوەتەوە. لەکاتێکدا هۆزانڤان و ئەدیبەکانی سەردەمی بابان وەک: نالی، سالم، کوردی …هتد رچەشکێنی ئەو رێبازەی نوسینە بوون کە بووە بناخەی بەکارهێنانی ئەو ئەلفوبێیەی ئێستا پێی دەوترێت شێوەزاری ناوەڕاست.
دواتر بە ناوچەکانی تردا بڵاوبووەتەوە. هەروەها سەردەمی میرنیشینی بابان و ئەردەڵان (کەرکوک، سلێمانی، سنە) زۆرترین جموجوڵی ئەدەبی و رۆنشبیری تیا بووە، زۆرترین نووسەرو بێژەن لەم هێڵەدا بوون، لەچاو ناوچەی سۆران، یان میرنشینی سۆران.
لیرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: بۆچی ناوی سۆران بڕاوە بە بەر ئەو شێوەزارەدا کە زیاتر لە حەوت لقە؟ ئەی بۆ ئەردەڵان یان بابان نەبوو؟ ئەی بۆ سلێمانی، سنە، کەرکوک نەبوو؟
لە ئێستاشدا زۆرترین کەناڵی راگەیاندن (تیڤی و ساییت)، رێکخراوەکان، وەرگێڕەکان وشەی سۆرانی بەکاردەهێنن بۆ شیوزاری ناوەند لەکاتێکدا ئەوە خۆی هەڵەیەکی گەورەیەو (سۆران/سۆرانی) خۆی لقیکە لە شێوەزای ناوەندی.
سێیەم/ شێوازری باشوری: یەکێکی ترە لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی لە ناوچەکانی ئیلام، کرماشان، لورستان، وەک لەک، کەڵهوڕ، بەشێکی زۆر لە کورد لە بەدرەو جەسان لە پارێزگای کوت و بەعدا قسەی پێدەکەن، لە نوسیندا لەگەڵ شێوەزاری کوردی ناوەنددا یەکدەگرنەوە. لێرەشدا بە هەڵە کەڵهوڕی کە لقێکی ئەم شێوەزارەیە بەکاردەهێنن بۆ لە شێوەزاری باشوور، واتە دەڵێن شێوەزاری کەڵهوڕی، لوڕی لەکاتێکدا شێوەزاری باشوری دروستە.
چوارەم: شێوەزاری گۆرانی/ زازایی: شێوە زارێکی تری زمانی کوردییە، لە چەند لقی سەرەکی پێکهاتووە، زازا لە باکوری کوردستان بەتایبەت لە هەرێمی دەرسیم.
هەروەها گۆرانی و باجەڵانی، شەبەک و هەورامی. ئەم شێوەزارە سنوری جوگرافی بەیەکیانەوە نابەستێت، بەڵکو نزیکی شێوازی ئاخافتن و هەڤپەڤینیان لێکەوە زۆر نزیکە. هەردوو رێنوسەکەش بەکاردەهێنن، زازا لە باکور لاتینی، هەورامی لە رۆژهەڵات و باشوور ئەلفوبێی کوردی بەکاردەهێنن.
پەراوێزەکان:(١) فاتیح عەبدوڵڵا محمد: مێژووی دێرینی کوردستان، کورتەیەک لە مێژووی شارستانیەتی دێرینی کوردستان، لێکۆڵینەوەیەکی مێژووی رامیاری شارستانییە، ب١،چ١، سلێمانی، ٢٠١٦، ل٤٣-٤٨(٢) فوئاد حمه خورشید: كورد، كورته لێكۆڵینهوهیهكی زانستی یه، و. صالح سعید دلۆیی، سلێمانی، 2000، ل24-28(٣) كهمال مهزههر: مێژوو، چ2،2007،ل166- دواتر.- فۆاد حمه خورشید، كورد، كورته لێكۆڵینهوهیهكی زانستی یه ،.ل26-28(٤) شەڕێکی گەورە لە سەر ئەم ناوچەیەدا دروست بوولەنێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان.بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی ١٩٢٦ لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە ژمارەی دانیشتوانی کوردستانی سۆر (٥١٢٠٠) کەس بووە. ڕێژەی دانیشتووانی کورد ڕێژەی (٧٣٪) بووەو ڕێژەی (%٢٦، ٣) ئازەربایجانی بووە.