ئەمڕۆ٣/١٥ لە بەشەکەی پێرێ، واتە؛ دوو ڕۆژ لەمەو پێش بەڵێنم دابوونێ کە دێمەوە لاتان، ئەوا دیسان بە توورەگەی پڕەوە هاتمەوە، توورەگەی پڕ، لە هەڵەوپەڵەی نووسەر و زمانزانەکانی ئاخر زەمان.
لە فێسبووک دەبینی چەندان کەس دەڵێن؛ ئەرێ ئەم وشەیە بە کوردی چی پێ دەڵێن؟ ئەوانە بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە هیچ زمانێک لە دنیادا نییە وشەی بێگانەی تێدا نەبێ، هەر وەک ڕەگەز و نەژادی ئادەمیزاد بە هۆی ژن و ژنخوازییەوە تێکەل بە یەک بوون و، ناتوانی بڵێی گەلێکی پاک هەیە ئەو تێکەڵاوییەی تێ نەکەوتبێ، هەروەها زمانیش وایە؛ پێ بەخشین و لێک وەرگرتنە، بەڵام هەیە زۆرە و هەشە کەمە، هەندێک وا دەزانن ئەگەر زمانی کوردی وشەی بێگانەی تێدا نەبوو، ئەوا دەبێتە زمانێکی پاک و جوان، بەڕای ئەگەر وامان کرد، ئەوا زمانێکی زۆر سەیر دروست دەکەین و ئەو کارەش هەر لەکردن نایە، هەر بۆ نمونە ئێمە ناوی بەشەکانی گەمی (کەشتی) نازانین، چونکە ئێمە لەسەر دەریا نین و گەمیمان نیی، بە ئەنقەست ناوی (گەمی) م هێنا، چونکە لە حیکایەتی جاران هاتووە و دەیانگوت گەمی نەک کەشــتی. هەروەها دەیانگوت “ئای فەلەک، لە خەڵکی وەردەگەڕێن گەمی و کەڵەک، لەمنیش بزر دەبێ دوو چاوی بەڵەک.
زمانی کوردی لەچاو زمانی میللەتانی دراوسێمان لە هەموویان پاکتر و ڕەوانترە، بە تایبەتی فارسی و تورکی. جارێ فارسی ئەوە هەر باسی مەکە، ئەگەر لە چوار بەش سێ بەشی عەرەبی نەبێ، سوێندێ بخۆ و بڵێ نیوەی عەڕەبییە سوێندەکەت لێ ناکەوێ. تەنیا یەک دوو نمونە دەهێنمەوە؛ لە فەرمانگەو مەکینەی کارەبای خانە نووسرابوو ( ورود أشخاص متفرقە أکیدا ممنوع است )، ئەم ڕستەیە تەنیا (أست) فارسییە و ئەوانی دیکە هەموویان عەرهبین، لەسەر ئۆتۆموبیلێکی حکوومەتی نووسرابوو (إستفادە إختصاصی أکیدا ممنوع است). ئەمەشیان تەنیا (أست) فارسییە. ئەگەر نمونەتان بۆ بێنمەوە، ئەوەندە زۆرە لەبن نمونان دەخنکێن، من تورکی باش نازانم، بەڵام گەلێک وشەی عەرەبیم لە زمانی تورکیش دیووە، بۆ نمونە ڕۆژنامەی (میللیەت) (جمهوریەت)، بەجومعە دەڵێن (جومە)، جارێکیان دەچووم بۆ هەولێر، لە پێشەوە لە تەنیشت کوڕێک دانیشتبووم، تەنکەرێکی پەمەیی سپیپات لە پێشمانەوە دەڕۆیشت. بە کوڕەکەم گوت؛ پێم وایە شوفێری ئەو تانکەرە کوردە، گوتی؛ چوزانی؟ گوتم؛ بە لاتینی نووسراوە (گولا سۆر)، دوای ئەوە سەیرم کرد بە لاتینی نووسرابوو (دیککەت تەهلوکەلی ماددە) و هەرسێ وشەکە عەرەبین، واتە وریابە ماددەیەکی کوشندەیە .
ڕاگەیەنکار و نووسەرانی بەڕێز، وەکو لەسەرەوە گوتم؛ زمانی کوردی لە زۆربەی زمانەکانی دراوسێ پاکترە و هەر ئەو زمانە پاکەشە لەگەڵ چیاکانمان ئێمەیان لە لەنێوچوون پاراستووە و تکایە بە ناهەق عەیب و کەموکووڕیی لێ مەدۆزنەوە و بەناوی ئەکادیمی و مۆدێرن کردن ناشیرینی مەکەن و، وشەی سەیرو ناشیرینی بۆ دامەتاشن. ئەم زمانە لە چلەکان بەولاوە کە نەک ئێوە، بەڵکو باوکیشتان لەدایک نەبووە و ئێوەی خاوەن بەکالۆریۆس لە هیچ کونێکەوە دیار نەبوون و کەسانی پلەی خوێندنی باڵامان بە خەونیش نەدیوە و، خەڵکێکی زۆر پێیەوە ماندوو بوون ڕێنووسێکی ڕێک و پێکیان بە چەند قۆناغێک بۆ داناوه، ئینجا ڕێزمانێکی پوختە و مەبەستگەیەنیان بۆ داناوە، کە بە داخەوە ئێوەی خاوەن بڕوانامە بە ناوی بە مۆدێرنکردنی زمانی کوردی هەموویتان تێکدا، چونکە خاوەنی بڕوانامەن، فیرعەون ئاسا گوێ لەکەس ناگرن و خۆتان پێ لە هەموو کەس خوێندەوارترە، جارێکیان کوڕێک لەبارەی ڕێنووسەوە شتێکی نووسیبوو، پەیوەندیم پێوە کرد و گوتم برا تۆ بۆ چوویتە بەشی کوردی و نەچوویتە کۆلێجی پزیشکی یان ئەندازە یان کۆلێجێکی باڵا؟ گوتی؛ ئاخر نمرەکەم کەم بوو. گوتم؛ لەبەر نمرە کەمی چوویتە بەشی کوردی و ئەگەر نمرەکەت زۆر بوایە دەچوویتە کۆلێجێکی باڵا؟ گوتی هەرچەندە یەکەم جار حەزم لێ نەبوو، بەڵام ئێستا حەزم لێیەتی. گوتم؛ دە بەو خوایە ئێستاش هەر حەزت لێی نییە، بەڵام ناچاری هەر وەک ئەو کچەی بە نا-بەدڵ بە مێردی دەدەن، هەندێک دۆست پێم دەڵێن؛ تۆ لەختوخۆڕایی خۆت ماندوو دەکەیت و کەس گوێت لێ ناگرێ. دەڵێم؛ خۆ من دەزانم هەڵەکان زۆرن و من بە تەنیا دەرەقەت نایەم و ئەوەی من دەیکەم (وەکو ئەوە وایە پووش لە کا یە ببژێرم ) ئەمانیش وەکو حکوومەتی هەرێم بێ باکن، بەڵام چەندی دەکەم خۆم بۆ ناگیرێ کە قسە و گوتەی ناڕێک دەبینم بەدەست خۆم نییە و خۆت بە بەرپرس دەزانم دەبێ هەڵبدەمێ .
بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی (جۆرج قەرداحی) هەبوو زۆر بە هەڕمێن بوو، خەڵک بە تاسەوە سەیریان دەکرد. کردبوویان کوردی. سوبحانەڵلا حەیای بە هەزار ساڵی ناو و ناوەڕۆکەکەیان بردبوو، ناوی بەرنامەکەیان به کوردی کردبوو بە (بەخشەر چاکەکارە)، پێش ئەوەی ناوی بەرنامەکە بڵێم؛ تکام وایە ئەو کوردییە بکەنەوە بەناوە عەرەبییەکەی، باشە با من ناوەکەیتان پێ بڵێم ( المسامح کریم)، جارێ هەمووتان دەزانن کە کورد بە کەسی خاوەن بەخشین ناڵێ (بەخشەر و دەڵێ بەخشندە)، ئەی ئە وە نییە پێرەمێرد دەڵێ؛
ئەبێ بەخشندە مل کەچ کا لە عاستی مووچەخۆری خۆی
ئەو برادەرەی ئەمەی کردووە بە کوردی زمانزان نەبووە،(مسامح لێبوردەیە و، کریم بە مانای گەورە و بەخشندە دێت)و دەبوایە بڵێ (لێبوردە بەخشندەیە یان گەورەیە).
هەندێک وشە هەن لە زمانی عەرەبیدا وەک هەموو زمانێکی دیکە دوو مانا دەدەن، یەکێک لەوانە وشەی (صحة)یە، یەکێکیان مانای لەشساغی دەدا کە تەندروستیان خستۆتە پاڵی، تەن، واتە لەش و دروست واتە چاک و باش، جاران دەمانگوت لەشساغ و دوایی تەندروستییان هێنا کایەوە و، دیارە بۆ مەبەستی لەشساغی بەکاردێـت، لە زمانی عەرەبیدا (صحة) بۆ تەندروستی و بۆ ڕاستیی قسەو کرداریش بەکاردێت، برادەران وەکو عەرەبییەکە وشەی تەندروست بەکار دێنن و دەڵێن (کارێکی تەندروست، هەنگاوی تەندروست، ئابووریی تەندروست و گەلێکی دیکە. برا خۆ کار و هەنگاو و ئابووری نەخۆش نین و دەبێ کارێکی ڕاست و هەنگاوی ڕاست و چاک و ئابووری دروست و باش.
چەندان وشەی دیکەی عەرەبی دوو واتایان هەیە، بۆ نمونە (قرن) واتە؛ سەت ساڵ و هەروەها قۆچ و خۆ ناکرێ، بڵێی؛ ئەوە قۆچێکە کوردستان بە ئیراقەوە لکێنراوە و، یان (تغطیه) کە دوو واتای پێچەوانەی یەکدیکەی هەیە، دەڵێ(قامت الام بتغطیه طفلها ) وانە دایکەکە مناڵەکەی خۆی داپۆشی، بەڵام لە هەمان کاتدا یەکێکی دیکە دەڵێ(قامت الجریدة بتغطیه مشروع الشارع الجدید) واتە؛ ڕۆژنامەکە ڕووماڵی پڕۆژەی شەقامە تازەکەی کرد، ئەویش یەکەمیان شاردنەوە و داپۆشینە و، ئەوی دووەمیان ئاشکراکردن و دەرخستنە. هەروەها (غریب) بە مانای (نامۆ) و سەیر و ناباو دێت.
وەکو جارێکی دیکە ئاماژەم پێ کردووە؛ هەڵەیەکی زۆر گەورە هەیە ئەو خەمخۆرانەی زمانی کوردی ئاگایان لێی نییە و نازانم بۆ تا ئێستا ڕاستیان نەکردۆتەوه ( مستشار) بە عەرەبی ئەو کەسەیە کە ڕاوێژی پێ دەکرێ، کەچی بە کوردی کراوە بە ڕاوێژکار و لە ڕاوێژ پێ کراوەوە بووە بەو کەسەی ڕاوێژ دەکا و ئەو زمانزانانە ئەوە زیاتر لە چل پەنجا ساڵە هەستیان بەو هەڵەیە نەکردووە.
لە کاتی وەرگێڕاندا خۆیان بە دەقە عەڕەبییەکەوە دەبەستنەوە کوردییان بیر دەچێتەوە و، هەر وەکو مامۆستا هێمنی خوا لێ خۆشبوو دەیگوت؛ کوردی ئێڕاقی بە کوردی دەنووسن، بەڵام بە عەرەبی بیردەکەنەوە، ئەگەر لە عەرەبییەکە بڵێ ( العام الماضي)، ئەم لێرە دەڵێ ساڵی ڕابردوو، لە کاتێکدا ئێمە وشەی (پار) مان بۆ ساڵی ڕابوردوو، بۆ دووساڵ پێرار و، بۆ سێ ساڵ بەسر پێرارمان هەیە.
مامۆستا هێمن گوتی؛ ڕۆژێک لە مەهاباد لە دوکانی بەرگدرووییەک دانیشتبووین، کوڕێکی ئەفسەریش دانیشتبوو، ئەو پییاوە بەشی زۆری ژیانی لە تاران و، ناوچە فارس-نشینەکان بەسەر بردبوو، تا ڕ ادەیەک کاریگەریی زمانی فارسیی پێوە دیار بوو. جگە لەوەش ئێسکی سووک نەبوو و خوا خوامان بوو هەستێ و بڕوا، بەڵام قوونی بە کورسییەکەیەوە نووسابوو، بە بەرگدرووەکەی گوت؛ بیستوومە خانووت کردووە، بەرگدرووەکە گوتی؛ ئەی برا من چەند ساڵە کار و کاسبی دەکەم و ئەو کولبەیەم بۆ منداڵەکانم پێکەوە ناوە، بۆ ئەوەی ئەگەر مردم خاوەن خانوو شڕوشیتاڵیان فڕێ نەداتە کۆڵانێ. ئەویش بە ئەفسەرەکەی گوت؛ بیستوومە تۆش ژنت هێناوە. ئەفســەرەکە یەکســەر ئەو زاراوە فارســییەی کرد بە کوردی(أز زن چ بر میخیزد)، ئەمە ئەگەر وەک مانا بکەی بە کوردی، دەڵێ؛ ئینجا ژن بە کەڵکی چی دێت. بەڵام ئەو دەقاودەقی فارسییەکەی کرد بە کوردی گوتی؛ ئینجا ژن چی لێ دەستێ. مامۆستا هێمنیش دەڵێ گوتم؛ دیارە چی لێ هەڵدەست، ئەو شتەکەی گوت؛ بەڵام من نایڵێم ئێوە خۆتان هەڵیبێنن.
دیسان دەیڵێمەوە؛ کە هەموو زمانێک وشەی بێگانەی تێ کەوتووە (هەندێک دەڵێن بیانی و پێیان شەرمە بڵێن بێگانە. بێگانە کوردییە و هیچ شەرم شوورەییەکی تێدا نییە و سەبارەت بەو کەسانەی خزم و دۆست نین و تاسەر لەگەڵت نابن کورد دەڵێ (بێگانە یەک مەیدانە) تەنانەت لە قورئانیش وەک لە گوگل سەیرم کرد١٢١ وشەی تێدایە کە عەرهبی نین (سندس، إستبرق، أباریق، سراب، تنور، المسک، مقالید) فارسین، إبلعی هندیه معربه ،أب مغربیە معربه، أخلد عبریە، ألیمو البعیر عبرانیە.
بێگومان من ناڵێم؛ وەکو “تایەربەگی جاف” بکەین لەو شیعرەی کە لە ستایشی پێغەمبەر (د.خ) گوتوویەتی؛
مطلعی صبح و سعادت مظهری علم الیقین
ئەی سوپاسالاری فەجی أنبیاو و مرسلین
ئەم دێڕە شیعرە تەنیا سووپا سالارەکەی کوردییە
بەڵام تۆ بێی زمانی کوردی لە وشەی بێگانە پاککەیتەوە، هەر وەکو لەسەرەوە گوتوومە؛ زمانێکی مردوو دروست دەکەی، وەک ئەو کەسە دوورەپەرێزە کەنار گرتووەت لێ دێ کە تێکەڵ بە خەڵک نابێ، جارێکیان گووتارێکم لە گۆڤاری (العربی) ی کوێتی خوێندەوە بە ناوی ( الإقتراض فی اللغة) ڕەخنەی لە زمانی عەرەبی دەگرت، کە پیتی نا-عەرەبی دەگۆڕێ و بۆ نمونە (گرینلەند دەکەن بە جرینلەند، یان غرینلەند لە کاتێکدا ئەو پێتی( طافة) لە گەلێک وڵاتی عەرەبی بەکاردێت، کە قاف دەکەنە گاف و لەجیاتی یقول دەڵێن یگول و، بە قادر دەڵێن؛ گادر و گەلێکی دیکەش. ئینجا دەڵێ؛ لێک خواستنەوە و قەرزکردن لە هەموو زمانێک هەیە و، تەنانەت زمانی ئینگلیزی، کە بڵاوترین زمانی دنیایە ئەگەر وشی لاتینی و نۆڕمەندی و گریکی لێ دەربێنین تەنیا چواریەکێکی زمانی ئینگلیزی دەمێنێتەوە. بۆیە دەڵێم؛ کە کەس لەم جیهانەدا نییە بتوانێ بە تەنیا بژی و تێکەڵی خەڵک نەبێ .
ئینجا با باسی شتێکی بە پێکەنینتان بۆ بکەم، کاتی خۆی ناوی هەندێک ئامێر کران بە عەرەبی، تێرمۆ مەتریان کرد بە (محرار) و ڕادیۆ بە (مذیاع) و تەلەفزیۆن بە (مشواف)، باڕۆمەتریش کە بۆ پاڵەپەستۆی کەشوهەوا بەکار دێت، ناوەکەیان کرد بە (مضغاط) واتە (الة قیاس الضغط الجوي)، بەڵام ئەو وشەیە کە گەیشتە “مووسڵ” مرد و گاڵتەی پێ کرا، چونکە مووسڵاوی پیتی (ر) دەکەن بە ( غ) و بە (روح دەڵێن غوح و حجر دەکەن بە حجغ …هتد ). لە “مووسل” ئەم زاراوە تازەیە لە جیاتی ئەوەی ببێ بە (اله قیاس الضغط) لای ئەوان ئەوان بوو بە (الة قیاس الضرطة) چونکە ئەوان بە “ضرطة” دەڵێن؛ ضغطة، واتە؛ لە جیاتی پاڵەپەستۆپێو بوو بە (تڕپێو).
ئێستا هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان بۆ نوێژ و بانگی “مغرب” دەڵێن؛ بانگی ئێوارە، لە کاتێکدا “کورد” بە نوێژ و بانگی “مغرب” دەڵێ؛ بانگی یان نوێژی شێوان(شیوان)، کە لە هەولێر بووم یەکێک لە تەلەفزیۆنەکان دەینووسی؛ ئێستا کاتی بانگی خۆرئاوا بوونە بە کاتی هەولێر، گوتارێکم نووسی و گوتبووم؛ کورد دەڵێ نوێژی شێوان، ئەی ئەوە نییە نالی دەڵێ (لە دوگمەی سینە دوێنێ نوێژی شێوان ـــ بەیانی دا سپێدەی باخی سێوان)، ماوەیەکی پێچوو هەر بەردەوام بوون، منیش تەلەفۆنم بۆ بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنەکە کرد و گوتم؛ شتێکم لەسەر ئێوە نووسیوە نەتخوێندۆتەوە؟ بە سەرسوڕمانەوە گوتی؛ چیت نووسیوە؟ گوتم؛ کاکە ئێوە ڕاگەیاندنن و دەبێ هەموو ئەو شتانە بخوێننەوە کە لەبارەی ئێوەوە دەنووسرێ، ئینجا شتەکەم بۆ باس کرد، گووتی؛ ئێمە لە خەڵکمان پرسیوە و ئەوەی ئێمە ڕاستە و لەسەر قسەکەی خۆی سوور بوو، ئینجا من گوتارێکی دیکەم نووسی بە ناوی “بشفڕێ هەر بزنە”.
جارێکیان دوو کەس بە ڕێگایەکدا دەڕۆیشتن و خەریک بوو دنیا تاریک دادەهات، شتێکی ڕەشیان بینی، یەکەم گوتی؛ ئەوە قەلە؛ دووەم گوتی نەخێر بزنە، کاتێک کە نزیک بوونەوە قەل بوو و فڕی، یەکەم گوتی؛ نەمگوت قەلە، دووەم گوتی؛ واللهی بشفڕێ هەر بزنە، وا تێبگەم لێرە بەجێتان دەهێڵم؛ بۆ بەشێکی دیکە کە دوای دوو سێ ڕۆژ دێمەوە خزمەتتان، تا بەیەک دەگەینەوە ئەوسا و هەموو کاتێک خوای پەروەردگار پشت و پەناتان بێ .