کوردستان لە رووی فەرهەنگییەوە وەک بوونێکی جیاواز له ناوەندی “ئێران” گوزارشتی لێ دەکرێ و تەنیا به لە بەر چاوگرتنی ئەم بابەتە و رەگە مێژووییەکانی دەتوانرێ پرسەکە روون بکرێتەوە.
“دۆخی خوێندەواری”
کۆی رێژەی خوێندواری لە پارێزگای سنه لە ساڵی ١٣٦٥.ه – ١٩٨٦.ز ٣٩% بووە. رێژەی خوێندەواری له پیاواندا ٥٤% و لە ژناندا ٢٣% بووە، بەڵام دوای ئەوە به هۆی به گشتیکردنی خوێندن و پەرەسەندنی بزووتنەوەی به خوێندەوار کردن و کردنەوەی خوێندنگە لە گوندەکان و پەرەسەندنی خزمەتگوزاری خوێندن ئامارەکە گۆڕا. به پێی داتاکانی ساڵی ١٣٩٥. ه – ٢٠١٦. ز رێژەی خوێندەواری بۆ ٥/٨١ بەرز بووەتەوە. رێژەی خوێندەواری لە پیاواندا بۆ ٥/٨٧ و لە ژناندا بۆ ٧٥% بەرز بووەتەوە. به پێی ئامارە گشتییەکان رێژەی خوێندەواری لە شاری سنه ٩/٨٤ و لە پلەی یەکەمدا بووە و لە سەوڵاوا ٥/٧٠ و لە دوایین پلەدا بووە. هەروەها لە شاری سنه لە رووی خوێندەوارییەوە، پیاوان به رێژەی ١/٩٠ لە پلەی یەکەم و لە “شاری سنه” به رێژەی ٨/٧٧ لە دوایین پلەدا بوون. بەڵام به شێوەیێکی گشتی لە هەموو شارەکانی پارێزگای سنه رێژەی خوێندەواری لە شار و گوندەکان رووی لە بەرزبوونەوە بووە کە ئەمە خۆی دەتوانێ بنەمایێکی گونجاو بێ بۆ پەرەسەندنی فەرهەنگی. لە بواری خوێندنی باڵایشدا ئاماری پەرەسەندن و دەرچووان لە رووی چەندایەتییەوە گەشەی زۆری به خۆیەوە بینیەوە. لە ئێستادا زیاتر لە ٤٠ ناوەندی خوێندنی باڵا له پارێزگای سنەدا چالاکن کە نزیک لە ٦٠% یان لە شاری سنەدان. ئەو ناوەندانە ساڵانە دەتوانن زیاتر لە ١٩٠٠٠ خوێندکار بۆ زیاتر لە ١١٠ بوار وەربگرن. پێویسته ئەوەمان لە بەر چاو بێت که لە پرۆسەی پەرەپێدانی دەرفەتەکانی خوێندنی باڵادا، بوار و تایبەتمەندییه سەرەکییەکانی پارێزگاکە بە شێوەیێکی ئەوتۆ لە بەر چاو نەگیراون و کەمتر لە نیوەی دەرفەتەکانی خوێندن، پێوەندییان به بوار و کار و کەسابەتی ناوخۆی پارێزگاکەوە هەیە. بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە زیاتر لە ٦٠% خوێندکارانی ناوەندەکانی خوێندنی باڵای “پارێزگای سنە” خەڵکی ناوچەکەن، دوای دەرچوونیان به هۆی ئەوەی لە چوارچێوەی ئابوریی پارێزگاکەدا هەڵی کاریان بۆ ناڕەخسێت، کۆچ دەکەن و دەچنە دەرەوەی پارێزگاکەی خۆیان.
“مۆسیقا”
پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی ئامێرەکانی مۆسیقا لە “پارێزگای سنە” و بەرەوپێشچوونی پیشەسازی دار به هۆی بوونی داری چاک له دارستانەکانیدا، هەروەها بوونی بەهرەیێکی زۆر لە بواری فێرکردن و فێربوونی مۆسیقا، بوونەتە هۆی ئەوەی که “پارێزگای سنه” ببێتە یەکێک لە ناوچەکانی بەرهەمهێنەری ئامێری مۆسیقا و بە تایبەت ئامێری مۆسیقای نەریتی، وەکوو دەف، دیوان، تار، سێتار، ڤییۆلۆن، قانون و سەنتوور. ئێستا “شاری سنه” ناوەندی سەرەکی بەرهەمهێنانی ئامێری مۆسیقای کوردییە و لەو رووەوە زۆر به ناوبانگه. ئەو ئامێرانەی لە مۆسیقای کوردیدا زۆر بە کار دەهێندرێن، بریتین له؛ دەف، نەی، زۆڕنا، باڵەبان، دەهۆڵ، تەپڵ، تەموورە، سەنتوور و کەمانچه. مۆسیقا وەک بەشێک له ژیانی رۆژانەی دانیشتووانی پارێزگای سنه، له بۆنە ئایینییەکان، زەماوەند، ئاهەنگه نەریتی و نەتەوەییەکان، ئاهەنگەکانی سوپاسگوزاری، پرسه، شەڕ و بۆنەی هاوشێوەی دیکەدا ئامادەیی هەبووە. مۆسیقای کوردی یەکێک لە دەوڵەمەندترین مۆسیقاکانە کە بابەتە سەرەکییەکانی بریتین لە نۆستالۆژیا، خۆڕاگری و بەرگری، ژن، سرووشت، ناسنامه، خوشەویستی نیشتمان، دنیا پەرێزی، ملدان به چارەنووس، نەریت، سۆزداری، واتای حەماسی و مێژوویی، مردن و ژیان، ناڕەزایەتی دەربڕین، گەرم و گوڕبوونی عەشق و دڵداری، پەژارە و کورد و کوردستان. مۆسیقای کوردی لە رووی جۆرەوە دابەش بووە به سەر بەیت یا بالۆره، لاوک، سیاچەمانە، حەیران، هۆره، موور، چەمەری و چەپڵه کە هەر کام لەوانە شێواز و مێژووی تایبەت به خۆیان هەیە و لە ناوچەی جۆراوجۆر گەشەیان کردووە.
بەشێوەیێکی گشتی مۆسیقا یەکێک لەو هونەرانەیە کە هەڵسەنگاندنی کارێکی جۆرییە و رەنگە هەر لە بنەمادا نەتوانرێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. لە “پارێزگای سنه” ئاماری ئەلبومە بڵاو کراوەکانی مۆسیقا یا پەرەسەندنی گشتگیری مۆسیقا دەست ناکەوێت. تەنیا ئاماری ئەو شانۆ و کۆنسێرتانە لە بەر دەستە کە ساڵی (١٣٩٥.ه – ٢٠١٦.ز) لە هۆڵەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری پێشکەش کراون و بریتییه؛ لە ٧٤٢ چالاکی. هەروەها به هۆی ئەوەی کە مۆسیقای کوردی به شێوەیێکی جدی کۆ نەکراوەتەوە، پێوەرێک لە ئارادا نییە مۆسیقای لە نامۆسیقا پێ جیا بکرێتەوە. وەک “ماکس وێبێر” دەڵێت “ئەم مۆسیقایە هێشتا به تەواوەتی نەبووەتە عەقڵانی”. واتە گۆرانی و چڕدراوە جۆراوجۆر و پەرتەوازەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان هێشتا نەکراون به نۆت و چڕینیان دڵخوازانەیە. هەر چەند گۆرانیبێژه خاوەن شێوازەکانی وەکوو عەلی مەردان، تاهیر تۆفیق و حەسەن زیرەک لە رابردوودا و مەزهەر خالقی، عەباس کەمەندی و گرووپی کامکارەکان بەمدواییە، هەوڵیان داوە گۆرانییە کوردییەکان لە مەقامی تایبەت بۆ خۆیاندا رێک بخەن و لە چوارچێوەی مۆسیقایێکی پێناسەکراودا پێشکەشیان بکەن، بەڵام هێشتا وەکوو پێویست نییە، چونکه لە راستیدا بەشێکی بەرچاوی مۆسیقای کوردی به سرووشتی خۆی، بە نۆت ناکرێت، بە تایبەت سیاچەمانه، حەیران و هۆرە، کە بە بێ ژەنینی هیچ مۆسیقایێک و تەنیا به زیر و بەمی درێژکراوەی دەنگی گۆرانیبێژەکان پێشکەش دەکرێن. دەکرێ ئەم بابەتە وەک کۆسپێک لە بەردەم پێگەیشتنی مۆسیقای کوردیدا ببینرێت، دەیشکرێ وەک جۆرێکی جیاوازی مۆسیقا ببینرێت و هۆگر پەیدا بکات.
بە پێی ئەو خوێندنەوەی بۆ بوارە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگ لە “پارێزگای سنه” کردمان، ئێستا دەتوانین وێنایێکی گشتی لە پەرەسەندنی فەرهەنگی لەو پارێزگایه بە دەستەوە بدین. بە کورتی دەتوانین بڵێین؛ سەرباری بوونی توانایێکی بەرزی فەرهەنگی لە “پارێزگای سنه”، پەرەسەندنی فەرهەنگی لەو پارێزگایه رووینەداوە. هەر چەند لە بواری تایبەتی وەکوو سینەما، پارێزگای سنە بەراورد به پارێزگاکانی دیکە، لە دۆخێکی باشتردایه، بەڵام ئەم بەراوردکردنە خۆی بنەمایێکی راستی نییە. لەم حاڵەتانەدا پێویستە هەر ناوچەیێک لە سەر بنەمای دەرفەتە فەرهەنگییە تایبەتەکانی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. لەم رووەوە، بوونی دەرفەتی گەورە بۆ گەشە کردن و پەرەسەندنی بواری فەرهەنگی وەکوو سینەما لە پارێزگای سنە، هاوکاری، بودجه، ئامراز و ئازادی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی بێتە دی. لەم خشتەیەدا کۆبەندی گرنگترین ئێندێکسه فەرهەنگییەکانی پارێزگای سنه لە سەر بنەمای داتاکانی دوایین ئاماری ساڵی (١٣٩٥. ه – ٢٠١٦ . ز) دەبینین.